سەرکردەیەکى حەماس لەهێرشەکە بەسەختى برینداربووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ رۆژنامەى ئەشەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە  لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دوو سەرکردەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە برینداربوون و یەکێک لەوان باری تەندروستی "ناجێگیرە".

ئەو سەرچاوانە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە ئەندامانی برینداری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە "لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لەژێر ئاسایشی تونددا چارەسەر وەردەگرن". بەڵام ئامادە نەبوون ناوی سەرکردە بریندارەکان لەم کاتەدا ئاشکرا بکەن.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگەیەکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەی ئەلقاتیفیە لە پایتەختی قەتەر پێنج فەلەستینی کوژران، لەوانە هومام ئەلحەیای کوڕی خەلیل ئەلحەیا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە؛ بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی، جیهاد لاباد؛ سێ لە هاوەڵەکانی؛ و ئەفسەرێکی ئەمنی قەتەری.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو شوێنانەى کە کراوەتە ئامانج، فەرمانگە و ماڵەکانی تێدایە کە سەرجەمیان هی سەرکردە و بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانەکانیانن. لەنێویاندا ڤێلایەکی قەبارە مامناوەندی سەر بە خەلیل ئەلحەیە، کە ئۆفیسێکی تایبەتی تێدایە و ئامانجی سەرەکی توندترین هێرش بووە، لە نزیکەی چوار هێرش.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "هەندێک لەو بۆمبانەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە لە شوێنەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، شوێنەکانی دیکەی ناو کۆمپلێکسەکەشیان بەرکەوتووە"، لەنێویاندا ئۆفیسی پێشووی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی کۆچکردووی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، کە ئیسرائیل لە 31ی تەمموزی 2024 لە تاران تیرۆری کرد.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە نووسینگەی هەنیە بەڕێوەچووە کە تەنیشت ماڵی ئەلحەیەیە و "نزیکەی بەشێکە لە ماڵی هەنیە". ئاماژەیان بەوەشکردووە، یەکێک لە بۆمبەکان گۆشەیەکی ئۆفیسە گەورە و فراوانەکەی هەنیە کەوتووە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی "کە لە گۆشەیەکی دیکە دانیشتبوون، کە تاڕادەیەک دوورە لە شوێنی بەرکەوتنی بۆمبەکە".
 
هێرشەکەی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی بێدەنگی شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەکاتێکدا بوو بەرپرسانی باڵای حەماس کۆببوونەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پلانی نوێی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن تیمی ئیدارەی ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو. بەرپرسانی ئەمریکاش چاوەڕوانی وەڵامی حەماس بوون، بەڵام هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل، بەرپرسان و راوێژکارانی ئیدارەی ترەمپ تووڕە دەکات.

شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سی ئێن ئێن وتى: قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، وەڵامدانەوه بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل لەدۆحەوە دەبێت، وەڵامدانەوە له ئێستادا له گفتوگۆیه لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە.

دوای ڕۆژێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو چاوپێکەوتنەى ئەنجامداوەو بە توندی هێرشی کردوەتە سەر نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی. 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە دەبات". هەروەها تۆمەتباری کردووە بە  "کاتی قەتەر لە نێوەندگیریدا بەفیڕۆ داوە". 

وتیشى: ئێمە هەڕەشەکانی نەتانیاهۆ قبوڵ ناکەین بەو پێیەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و خەڵکی غەززە برسی دەکات. ناتانیاهۆ دەبێت دادگایی بکرێت و لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، نەتانیاهۆ هەوڵی وتاری یاسایی دەدات، بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار