سودانى: وڵاتێک ئاهەنگی دیموکراسی بگێڕێت، ئەوە عێراقە
.jpg)
2 هەفتە لەمەوپێش
سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەڵێت: عێراق نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ناوازەی دیموکراسی دەکات، دیموکراسی لە عێراق سەرکەوتوو بووە، هەموو وڵاتانی جیهان دانیان پێدا ناوە.
لە میانى كۆنفرانسی چاودێری دیموكراسی لە بەغدا، محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وتارێکى پێشکەشکردو وتى: عێراق سەدان هەزار شەهیدی پێشکەش کردووە، ئەمە جگە لە تەسفیەکردنی چەندین کەسایەتی دیار و باجی شەڕە بێماناکانی داوە". جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەگەر وڵاتێک هەبێت شایەنی ئاهەنگی دیموکراسی بێت، ئەوا عێراقە".
ناوبراو ئەوەشى باسکرد کە هیچ بەدیلێک بۆ رێبازی دەستووری نییە، ناشگەڕینەوە بۆ دواوە. وازهێنان لە دەنگی هەڵبژاردن واتە بوونی جێگرەوەیەكی گەندەڵ، رێگای دیموکراسی هەمیشە پێویستی بە کاری زیاتر دەبێت.
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختى کردەوە کە ئەگەر وڵاتێک هەبێت مافی ئەوە هەبێت ئاهەنگی دیموکراسی بگێڕێت، ئەوە عێراقەو سەدان هەزار شەهیدی پێشکەش کردووە، هاوشانی لەناوچونی چەندین کەسایەتی دیار و باجی گەورە شەڕە بێهودەكانی داوە.
سودانى وتیشى: حکومەتەکەمان کاری کردووە بۆ پشتگیریکردنی هەموو ئەو ئازادییانەی دەستور گەرەنتی کردووە، هەڵبژاردن میکانیزمی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراسیەو لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و پاڵپشتی تەواومان پێشکەش کردووە.
