ئەمریكا چوار گروپی تری شیعەی عێراقی خستە لیستی تیرۆرەوە

2 هەفتە لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی واشنتۆندا "بۆ روبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، سنورداركردنی هەڕەشەی ئەو گروپە چەكدارانەی لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەكرێن دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، ژمارەیەك گروپی عێراق خرانە ناو لیستی تیرۆرەوە".
ئەوانەی خراونەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریكاوە بریتین لە گروپەكانی:
_ بزوتنەوەی نوجەبا
_ كەتیبەكانی ئیمام عەلی
_ كەتیبەكانی سيد الشهداء
_ بزوتنەوەی أنصار الله الأوفياء
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ: ئەم گروپانە بەشدارییان كردووە لە كردەوەی تیرۆرستی كە هەڕەشە بووە لە ئاسایشی هێزەكانی ئەمریكاو هاوبەشەكانیان لە ناوچەكە، هەروەها لەگەڵ (فەیلەقی قودس)ی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران كاردەكەن، كە ئەویش لە لیستی تیرۆردا دانراوە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ژمارەیەك گروپی تری عێراقی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە لەوانە (كەتیبەكانی حزوبوڵا) كە ساڵی 2009 ناوی خراوەتە لیستەكەوە، هەروەها (عەسائیبی ئەهلی حەق) كە لە 2020وە خراوەتە لیستی تیرۆر، هەردووكیشیان لەلایەن واشنتۆنەوە تاوانباركراون بەوەی پاڵپشتی دارایی و سەربازیی لە ئێران وەردەگرن و بەشدارییان لە هێرشە خوێناوییەكاندا كرددووە دژ بە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەمە بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.
لەبەرانبەر ئەوەدا کەتیبەکانی سەیدولشوهەداى عێراق لەبارەی بڕیاری ئەمریکا بۆ بە "تیرۆریست" ناساندنی گرووپەکەیان رایگەیاند، ئەو بڕیارە "چاوەڕوانکراو بووە"، بەڵام کاریگەری لەسەریان نابێت.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا راگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا لە دژی گرووپەکەی چاوەڕوانکراو بووە و پێشتریش هەنگاوی لەو جۆرەیان ناوە.
کازم فەرتووسی گوتی: "ئەو جۆرە بڕیارانەی ئەمریکا پێوانەکردنە بە دوو پێوەری جیاواز"، لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەی واشنتن، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند: "هیچ چالاکییەکمان لە دەرەوەی عێراق نییە، تاوەکو ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەرمان هەبێت".
