یسرائیل بۆ عەبدولمەلیک حوسی: نۆرەی ئێوەیە

2 هەفتە لەمەوپێش
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی، هەڕەشەی لە عەبدولمەلیک حوسی، رابەڕی حوسییەکانی یەمەن كردو وتی: نۆرەی تۆش دێت.
کاتز راشیگەیاند: ئاڵای ئیسرائیل بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا دەشەكێتنەوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە سەكۆی "ئێكس" نوسیوتی: ئاڵای حوسییەکان بە ئاڵای شین و سپی ئیسرائیل دەگۆڕدرێت، کە بەسەر پایتەختی یەمەندا دەشەكێتەوە.
راشیگەیاندووە: عەبدولمەلیک حوسی، نۆرەی تۆش دێت، دەنێردرێیت بۆ دیداری تەواوی ئەندامی حکومەتەکەت و هەموو ئەو ئەندامە شکستخواردوانەی بەرەی شەڕانگێز کە لە تاریكایی دۆزەخدا چاوەڕوانن.
سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکان چڕتر کردۆتەوە و هەفتەی ڕابردوو بە دەیان کەس لە شاری سەنعای پایتەخت کوژران، ئەمەش دوای تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانیان و نۆ وەزیر و بەرپرسی دیکەی حکومەت لە مانگی ئابدا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، حوسییەکان هێرشەکانیان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە، هەروەها هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیوەندییان پێوە هەیە لە کەناراوەکانی یەمەن، چڕتر کردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە مووشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، ڕێگریان کردووە، هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان شاری ئیلاتی داوە. حوسییەکان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنیان لەدژی ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە.
سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزی ئاسمانی ڕێگری لە "مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە هاویشتووە و لە چەند ناوچەیەک زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێکەوتەوە".
ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە دوای ئەوە هات کە پۆلیسی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی "شوێنی کاریگەری" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل هەڵدرابوو و ڕووی لە دەریای سوور کردووە.
لە بەیاننامەیەکی جیادا، سوپا ڕایگەیاندووە، "تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لەو ناوچەیە کاردەکەن کە ڕاپۆرتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان پێگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی ئاسمانی ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دووەمی کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت.
