ئەمڕۆ ترەمپ لەنەتەوە یەکگرتووەکان وتارى هەیە

یەک هەفتە لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی چەند وڵاتێکی زۆرینەی موسڵمان کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بارودۆخی کەرتی غەززە کە لەژێر پەرەسەندنی هێرشی ئیسرائیلدایە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ترامپ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وڵاتانی سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، میسر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان ئەنجام دەدات. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی غەززە دەکرێت.
پێشتر ماڵپەرى ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ترەمپ پێشنیارێک بۆ ئاشتی و داهاتووی حوکمڕانی لە غەززە لە دوای جەنگ پێشکەش بە سەرکردەکانی ئەم کۆمەڵە وڵاتە دەکات .
جگە لە ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەکسیۆس پێشبینی دەکات ترەمپ بنەماکانی کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی و داهاتووی حوکمڕانی لەوێ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، بەبێ بەشداریکردنی حەماس تاوتوێ بکات.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش ڕێکبکەون لەسەر ناردنی هێزی سەربازی بۆ غەززە بۆ هاوکاریکردنی کشانەوەی ئیسرائیل و دابینکردنی بودجەی عەرەبی و ئیسلامی بۆ قۆناغی ئینتقالی و ئاوەدانکردنەوە.
لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترامپ ئەمرؤ سێشەممە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتار دەدات، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی دەیان سەرکردەی جیهان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتێکی فەلەستین. ئەمەش گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسی مێژووییە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە شەڕی غەززە، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێتەوە.
ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاند کە چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بەڵام ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە "داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی پاداشتێکە بۆ توندڕەوی".
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٥ هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و برسێتی لێکەوتووەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی مافی مرۆڤ و توێژەران و لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەم هێرشە دەگاتە "جینۆساید".
ترەمپ بەڵێنیدا بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت، بەڵام دوای هەشت مانگ لە دەستبەکاربوونی، چارەسەرێک بە زەحمەت ماوەتەوە.
ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ بە ئاگربەستی دوو مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، کە بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ١٨ی ئازاردا ٤٠٠ فەلەستینی کوژران، لەم دواییانەدا وێنەی فەلەستینییە برسیەکان، لەنێویاندا منداڵان، توڕەیی جیهانیی لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لێکەوتەوە.
