لەپەرلەمانەوە داواى گۆڕینى فەتوایەکى خامنەیی دەکرێت

یەک هەفتە لەمەوپێش
لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسانی سێ لقی حکومەت، ٧١ ئەندامی پەرلەمانی ئێران خوازیاری "پێداچوونەوە بە سیستمى بەرگری" و گۆڕانکاری لە فەتوای خامنەیی دەکەن سەبارەت بە بەدەستهێنانى چەکی ئەتۆمی، لەکاتێکدا تاران و مۆسکۆ ڕێکەوتنێکیان بۆ دروستکردنی هەشت وێستگەی ئەتۆمی واژۆکرد.
ئەو ئەندامانەى پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری کۆمارى ئیسلامی ئێران و سێ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان بە پێویستى دەزانن، خامنەیی پێداچوونەوە بە فەتوایەکی دا بکات بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2010 دەریکردووە.
لە نامەی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە "فەتوای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ قەدەغەکردنی دروستکردن و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆم، لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەیانتوانی تاڕادەیەک، هەڕەشە و پەلامارەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکەن. بەڵام ئێستە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و ئیسرائیل سنووری هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە، دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەرکێکی نیشتمانی شەرعییە."
سەرەڕای چەندان کۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هێشتا دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر نەکراوە و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا هەڕەشەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکەن. داخوازیی ئەم پەرلەمانتارانەی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم، لەوانەیە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ئێران توندتر بکات.
لە ساڵانی رابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە چەندین وتاردا چەکی ئەتۆمی بە حەرام ناو بردووە و رایگەیاندبوو کە بەکارهێنانی ئەو چەکە بە ڕێگەپێدراو نازانێت.
ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە نامەکەیاندا نووسیویانە "گۆڕینی فەتواکان بە گوێرەی هەلومەرج لە فیقهی شیعەدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە حوکمدا، لە کاتێکدا بەرژەوەندی پاراستنی ئێرانی ئیسلامی یەکێکە لەو ئەرکە گرنگانەی کە دەتوانێت حوکمی قەدەغەکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بگۆڕێت".
عەلی خامنەیی چەندین لێدوانی سەبارەت بە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ لەوانەش چەکی ئەتۆمی داوە، لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دەڵێت "هەرچەندە دەمانتوانی ئەم ڕێگایە [بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی] بگرینە بەر، بەڵام بە پێی حوکمی ئیسلامی خۆشەویست، بەکارهێنانی ئەم چەکەمان بە ڕەها حەرام ڕاگەیاندووە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ بەرهەمهێنان و پاراستنی چەکێک کە بەکارهێنانی بەتەواوی قەدەغەیە”.
لە وتارێکی دیکەدا خامنەیی دەڵێت "ئێمە پێمان وایە چەکی ئەتۆمی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و نابێت بەرهەم بهێنرێت، هەرچی بۆمبی ئەتۆمە لە جیهاندا دەبێت لەناوببرێت و ئەمە باوەڕی ئێمەیە".
