ناتانیاهۆ: سوپا لەزۆربەی ناوچەکانی غەززە دەمێنێتەوە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕازی نین بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە لە ڕێککەوتنەکەدا نەنووسراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەى وتووێژەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام بڵاویکردووەتەوەو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ئەو بە دامەزرانی دەوڵەتی فەلەستین ڕازی نەبووە.
هەروەها وتی: "نەخێر، بە هیچ شێوەیەک، ئەوە لە ڕێککەوتنەکەدا نەبوو، ئێمە زۆر بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئێمە بە توندی دژایەتی دەوڵەتی فەلەستینی دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بارمتەکانمان بە زیندووی و تەندروستی باش وەریدەگرینەوە، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززە دەمێنێتەوە.
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا پلانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی کەرتی غەززە خستەڕوو. چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان کشانەوەی وردە وردەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە و هەڵوەشاندنەوەی چەکەکانی حەماس بوو. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕگەکانی پلانەکەی پەسەند کرد.
ترەمپ ڕاگەیاندنەکەی بە "رۆژێکی مێژوویی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" زانی، جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەستەوە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، ئاماژەی بە "پاڵپشتییە گەورەکە" کرد کە پلانەکە لەلایەن سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەریگرتووە.
ترامپ ستایشی ئەو پاڵپشتییەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەکانی ئەوروپای کرد بۆ کۆتاییهێنان بە مردن و وێرانکاری و دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێی ئاسایش و ئاشتی و خۆشگوزەرانی و سڵاوی خۆی ئاراستەی سعودیە و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میسر و ئوردن و تورکیا و هەروەها ئەندەنوسیا و پاکستان کرد.
