مالیکی داوا لە هاوڵاتیان دەکات كارتی دەنگدان نەفرۆشن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، داوای پاراستنی پاكێتی هەڵبژاردنەکان و بەكارنەهێنانی سەر سامانی گشتی دەكات.
شەوى ڕابردوو بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستپێکرد.
مالیکی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، ئەمەش رۆژێکی گەورەیە لە پێشبڕکێی کارکردن و کێبڕکێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین کاندیدەکان، وەک وەفایەک بۆ ئەو کەسانەی لە پێناوی ئەزمونێکی سیاسی و دیموکراسیدا قوربانییان دا.
داواشی لە تەواوی لیست و کاندیدەکان كرد کێبڕکی ئەرێنی بكەن، دوور لە خستنى يەكترو دڕاندنی پۆستەرەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پابەندبون بە پەیڕەوی برایەتی نیشتمانی و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
جەختیشكرد لە پێویستی پاراستنی پاكێتی هەڵبژاردنەکان و خراپ بەکارنەهێنانی سامان و تواناكانی دەوڵەت.
داواشی لە هاوڵاتیان كرد وەك ئەرك بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، هەڵوێستی توندیشيان هەبێت هەبێت بەرامبەر هەر هەوڵێكی كڕینی ئیرادەیان.
بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 7900 کاندید ناوی خۆیان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن تۆمارکردووە.
