ناتانیاهۆ پرۆسەی داگیركردنی غەززەی راگرت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ شەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلی راسپارد پرۆسەی داگیرکاری شاری غەززە رابگرن، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد.

ئێزگەی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: سەرکردایەتی سیاسی، سوپای ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە کە هێرشەكانی لە غەززە کەمبکەنەوەو بگۆڕدرێن بۆ دۆخی بەرگری، هاوكات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل داگیرکردنی شاری غەززە رادەگرێت.

لای خۆیەوە، نوسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند: ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ دەستبەجێ جێبەجێكردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە کە ئازادکردنی سەرجەم زیندانییەکان لەخۆدەگرێت، جەختیشكردووە لە  هەماهەنگی بەردەوامی لەگەڵ واشنتۆن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی ئیسرائیل داناوە كە لەگەڵ دیدگای سەرۆکی ئەمریکا یەکدەگرێتەوە.

هاوكات سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند: سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر رێنماییە سیاسییەکان، فەرمانیكردووە بە ئامادەکاریكردن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

بزوتنەوەى حەماس وەڵامی خۆی بۆ پلانەکەی  دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا پێشکەشی نێوەندگران کردووە.

بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان حەماس ڕەزامەندە لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو مردووەکان بەپێی پێشنیازی ترەمپ.

هاوکات ئەوەشیان خستوەتەڕوو ئێمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی فەلەستین، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی ئۆرگانێکی سەربەخۆی فەلەستینی دەکەین.

لەبەشێکى دیکەى وەڵامەکەیدا حەماس دەڵێن: ئامادەین دەستبەجێ لەڕێگەی نێوەندگرانەوە بچینە ناو دانوستانەکانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ترەمپ دواهۆشدارى توندى دایە حەماس بۆ ئەوەى بەزووی وەڵام بداتەوە.

 بزووتنەوەی  حەماس وەڵامی خۆی پێشکەشی نێوەندگران کردووە سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و هێنانی ئەوەی کە ترەمپ بە "ئاشتی" وەسفی کردووە بۆ ناوچەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار