موچە لەپەرلەمانتارە غیابەکان نابڕدرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى مەداى عێراقى، لیژنەی یاسایی پەرلەمان دووپاتی کردەوەتەوە کە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان ڕێگرن لە جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە تێیدا سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەکاندا ئامادەنەبوون بە بڕینی مووچە یان دەرکردنیان لە ئەگەری تێپەڕاندنی سنووری ڕێگەپێدراو بۆ ئامادەنەبوون.

محەمەد ئەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە رێککەوتنە سیاسییەکان ڕێگرن لە جێبەجێکردنی یاساکە و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن، ئەمەش بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی دیاردەی ئامادەنەبوون و ڕاگرتنی ئەو یاسایانەی کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی هاووڵاتیان هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕینی ملیۆن و نیوێک دینار لە مووچەی هەر پەرلەمانتارێکی غیابی و بڵاوکردنەوەی ناویان بۆ ڕای گشتی و دەرکردنی ئەو پەرلەمانتارەی کە پێنج دانیشتنی یەک لە دوای یەک بەبێ بیانووی شەرعی لە کارەکەی دووردەخاتەوە، دیاریکراوە. 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی "لایەنگری سیاسی" لەنێوان فراکسیۆنەکاندا  ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێنەکراون.

محەمەد ئەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەوەشى خستەڕوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2024 میکانیزمێکی نوێی دانابوو کە بریتییە لە لێبڕینی یەک ملیۆن دینار بۆ هەر خولێکی غیابی و 500 هەزار دینار بۆ ئامادەنەبوون لەکۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

پێشتر هاوپەیمانییەکی پەرلەمانی بوونی نزیکەی 80 پەرلەمانتاری "بن دیوارو وەهم"ی لەناو پەرلەمان ئاشکراکرد، ئەوەش دووپاتی کردەوە کە لە سەرەتای خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە تا ئێستا بەتەواوی لە دانیشتنەکانی ئەنجومەن ئامادەنەبوون، بەبێ ئەوەی هیچ وێنە و ژیاننامەیەکیان لەناو پەرلەماندا هەبێت.

دیاردەی دواخستنی دانیشتنەکان بەهۆی نەبوونی پەرلەمانتاران بووەتە یەکێک لە بەربەستە دیارەکانی بەردەم پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەی زۆرجار لەکاتی تاوتوێکردنی ئەو یاسایانەی کە بە "گرنگ" وەسف دەکرێن، شکست دەهێنێت لە تەواوکردنی نیسابی یاسایی خۆی. چاودێران پێیان وایە سەرقاڵی پەرلەمانتاران بە بانگەشەی هەڵبژاردن و دڵسۆزی سیاسی فرەیییان بەشداری کردووە لە لاوازکردنی ڕۆڵی یاسادانانی ئەنجومەنەکە و بووەتە هۆی کۆبوونەوەی مەلەفی یاسادانانی دواخراو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار