حەماس دەنگۆی چەکدانان ڕەتدەکاتەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



بزووتنەونەی حەماس دەنگۆی چەکدانانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم هەواڵانە بێ بنەمان و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە شێواندنی دۆخەکە و سەرلێشێواندنی ڕای گشتی بووە.

مەحمود مەرداوی، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانە ڕەتدەکەینەوە کە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی ئاگربەست حەماس چەک دادەنێت."

مەحمود مەرداوی گوتیشی: ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بێ بنەمایە و ئامانج لێی شێواندنی دۆخەکە و سەرلێشێواندنی ڕای گشتی بووە.

سەرکردەی بزووتنەوەەکە داواشی لە میدیاکان کرد لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان وردبین بن و بە دەنگۆ و سەرچاوەی بێناو هەواڵەکان بڵاو نەکەنەوە، بەڵکو زانیارییەکان لە پلاتفۆرمە فەرمیەکانی بزووتنەوەکە وەربگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەر، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندێکی بزووتنەوەی حەماس بەسەرۆکایەتی خەلیل حەییە بۆ دانوستان و ڕاگرتنی شەڕی غەززە گەیشتنە میسر. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چوونی شاندەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر میکانیزمی چۆنیەتی ڕاگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانییەکان.

حەماس لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ماوەی گەشتی شاندەکە و وردەکاریی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ڕوون نەکردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو شاندی دانوستانکاریی حەماس و ئیسرائیل لەمیسر کۆدەبنەوە و بەگوێرەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، گفتوگۆ لەسەر گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانییەکان دەکەن. 

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەمیانەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو شاند باس لەدۆخی غەززە و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زایندانییە فەڵەستینییەکان و بەگوێرەی پێشنیازەکەی ترەمپ دەکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە 29ـی ئەیلوولی پێشنیازێکی 20 خاڵی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە ڕاگەیاند، کە ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل، ڕاگرتنی شەڕ و چەکدانانی حەماس لە خۆدەگرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، 48 بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە ماون، کە ڕەنگە 20یان بەزیندوویی مابنەوە، هەروەها 11 هەزار و 100 فەڵەستینی لەزیندانەکانی ئیسرائیلن، کە بەدەست ئازار و برسیەتی و دۆخی ناتەندروست گرفتارن. 

لە دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و پڕی کردە سەر غەززە و کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتیانی مەدەنی کرد، کە تاوەکوو ئێستا 67 هەزار و 139 کەس کوژراون و 169 هەزار و 583 کەسیش بریندار بوون کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها 459 کەسیش بەهۆی برسیەتیەوە مردوون کە 154یان منداڵن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار