ئیسرائیل: دواى گەڕانەوەى بارمتەکان تونێلەکان دەڕوخێنین

5 كاتژمێر لەمەوپێش



یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند کە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئیسرائیل دوای قۆناغی گەڕاندنەوەی بارمتەکان، وێرانکردنی تەواوی تونێلە تیرۆریستییەکانی حەماسە لە غەززە.

بەپێی پلانی ترەمپ، لەگەڵ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە شارەکانی غەززە، هێزێکی فرەنەتەوە لە میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات جێگەی دەگرێتەوە، کە لەلایەن ناوەندێکی فەرماندەیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکاوە لە ئیسرائیل هاوئاهەنگیی بۆ دەکرێت.

کاتز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کارە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە رێگەی میکانیزمێکی نێودەوڵەتییەوە کە بە سەرۆکایەتی و چاودێری ئەمریکا دادەمەزرێت.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە واتای سەرەکی جێبەجێکردنی بنەمای بێچەککردنی غەززە و پووچەڵکردنەوەی چەکەکانی حەماسە.

کاتز راشیگەیاند: "رێنماییم بە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە ئامادە بکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکە بەیانیی رۆژی دووشەممە دەست بە ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکات، کە لە غەززە دەستبەسەرن، ئەمەش پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی پلانی ئاشتییەکەی بۆ ناوچەکە لە میسر بکات.

وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئیسرائیل دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات. 

ئوسامە حەمدان، بەرپرسی حەماس رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکە، بڕیارە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەیانیی رۆژی دووشەممە وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە دەستپێبکات".

سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور، سەرپەرشتیی لووتکەی زیاتر لە 20 وڵات دەکەن.
 
رۆژی شەممە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەیرید کوشنەر، زاوای ترەمپ، سەردانی غەززەیان کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار