مەسرور بارزانى: پارتی داکۆکیکاری مافی خەڵکی کوردستان دەبێت لە بەغدا

10 كاتژمێر لەمەوپێش



بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، لە وتارێکدا بارزانی وتی، دەمانەوێت گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنین.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: بە پشتیوانی خودا، بەپشتیوانی پێشمەرگە و کادیرانی ڕاستگۆی پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئێمە دڵیاین ئەم جارەش سەردەکەوین، بەڵام دەمانەوێت گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستیی عێراق بەدەست بهێنین.

مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە، هەموو هەڵبژاردن گرنگە، بەڵام ئەمجارە ئێمە ئەم هەڵبژراندەمان بۆ ئەوەی کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بنێرینە بەغدا، تاوەکوو لەوێ داکۆکی لە مافی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەن.

جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کاندیدانەی هەڵبژێردراون خوشک و برای ئێوەنە، من باوەڕم وایە بە باشترین شێوە پارێزگاریی لە مافی خەلكی کوردستان دەکەن، هیوادارم سەرکەوتوو بن.

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، لایەنی دیکە هەوڵدەدەن لە جیاتی پارتی بچن پۆستی گرنگی حکوومەت یان پەرلەمان وەربگرن، ئێمەش بینیمان چەندین جار ئەگەر پارتی لەجێگایەک حزووری نەبێت و هەندێکی دیکە بچنە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، ئەوە مافی خەڵکی کوردستان پیشەل کراوە. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە نوێنەری خەڵکی کوردستان ئەوانەی کاندیدی پارتین سەرکەون، بۆیە گرنگە ئێوە بەشداریی کارای هەڵبژاردن بکەن.

مەسرور بارزانی گوتیشی: دوێنێ سەرۆک بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد، پێویستە ئێمە لەسەر ڕێنمایی ئەو بەردەوام بین، کە لەسەرخۆ بانگەشە دەستپێبکەین، کە بەئاستێکی بەرز، ڕەوشتیی بەرزی پارتایەتی و ڕێبازی بارزانی کە شایەنی ئێوەیە.

ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی دوو پەیامی هەبوو دەمەوێت دووبارەی بکەمەوە، پەیامی یەکەمی ئەوەیە پێویستە هەر پارتییەکی دڵسۆز دەبێت بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان، پەیامی دووەم ئەوەیە پارێزگاریی لە مافی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەن. بۆیە پێویستە پارتی پارێزگاری لە مافی خەڵکی کوردستان بکات.

 دەشڵیت: پەیامی دووەمی سەرۆک بارزانی بۆ ناحەزانی پارتی بوو، بەسە خۆمادیکردن چونکە پارتی بە ئێوە ناشکێت.

ڕاشیگەیاند، ئێمەش باوەڕمان وایە پارتی ناشکێت، چونکە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئێمەیە، ڕێبازی ئێمە پڕە لە قوربانیدان و ماندووبوونی پێشمەرگەی قارەمان خوێنی شەهیدان، کە کوردستانیان گەیاندە ئەم قۆناغە، بۆیە تاوەکوو ڕۆحی شەهیدان و دوعای بنەماڵەی شەهیدان و ئەو جەماوەرە لەگەڵ ئێمە بێت پارتی ناشکێت.

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، ئەو هەڵبژاردنە بۆیە گرنگە چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە بینیمان لە ماوەکانی رابردوو چەند ئاستەنگمان هاتە پێش، چەندین پلانیان بەرانبەر هەرێمی کوردستان گێڕا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو نەبین، سەرەڕای ئەو هەموو پلانە و قەیرانانە، نەک نەوەستاین بەڵکو بەرەو پێشەوە چووین. بەڵام گرنگە لەو شوێنەی شەڕی کوردستان دەکرێت، ئێمە شەڕی خۆمان ببەینە ئەو گۆڕەپانە.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: خەڵکی دیکە شانزی بەوەدەکەن کە نەیانهێشتووە بەرنامەی حکوومەت بەرەو پێشەوە بچێت، ئێمەش شانازی بەوەدەکەین کە لگۆڕەپانی هەرێمی کوردستان هەموو کات لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دابین و هیچ کات سازشمان لەسەر مافی میللەتی خۆمان نەکردووە. 

جێگریی سەرۆکی پارتی جەختیشی کردەوە، پێویستە ئێمە بەشدارییەکی بەهێزمان لەو جێگەیە هەبێت کە بەرگریی لە مافی دەستووری دەکرێت، تاوەکوو نەهێڵێن هیچ کەس کە هەربیروباوەڕێکی هەبێت نەتوانێت پلانەکانی خۆیان دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەوان پلانیانژ هەبووبێت دژایەتیمان بکەن، ئێمەش توانای ئەوەمان هەبووە، کە تواناکانمان بەشێک بووە بۆ زمەتی ئێوە، بەشەکەی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوان، ئەگەر لەوێندەر ئێمە بەهێز بین، بێگومان هەموو هێز و توانای ئێمە خزمەتکردنی کوردستان و  کە تاوەکوو ئێستا چەند پێشکەوتووە دوو ئەوەدەنی دیکە پێشکەوێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار