بەرپرسێکی حکومەتی عێراق: چاوەڕوانین سودانی واژۆى ناردنى پارەکە بکات

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەوتەى بەرپرسێکى باڵا پێشبینى دەکرێت، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشت بدرێت و سوودانی بەڵێنەکەی بکاتە کردار.
هەفتەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوی کەوت بە وەزیرە کوردەکان و بەشێوەی زارەکی بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی پێدان، ئەمە لە کاتێکدایە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی سبەیدا نییە بەڵام ئەو بابەتە گرفت نییە و هاوشێوەی جارەکانی ڕابردووە.
محەممەد شیاع سوودانی ئێستا لە شەرمشێخی میسرە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی لووتکەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێککەوتننامەنی ئیسرائیل و حەماسی تیادا واژۆ دەکرێت، دەگەڕێتەوە و سبەی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بەمأپەرى ئاڤای وتووە: سوودانی بەڵێنی ناردنی مووچەی داوە، چاوەڕوانین سبەی بەڵێنەکەی بکاتە بڕیار و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارە بنێردرێت.
- لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بنێرێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان دەڵێت، 120 ملیارەکە ئامادەیە، تەنانەت 120 ملیاری مانگی نۆش ئامادەیە، بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێت بە چەند کاتژمێرێک دەتوانین پارە بە کاش بە لقی هەولێری بانقی ناوەندی بدەین.

