دڵشاد شەهاب ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان دەخاتەڕوو

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی رۆژی پێنجشەممە 9-10-2025ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە کاتێکی گرنگ و هەستیاردا بوو.
دڵشاد شەهاب ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
دڵشاد شەهاب وتی: "پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لەو پرسانەی کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. پرۆسەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوا پرسێکی گرنگە کە دەوڵەتی تورکیا کاریگەری بەسەر پرسەکانەوە هەیە. بابەتی پەیوەندیی دووقۆڵی ئێمەش بابەتێکی بەردەوامە؛ سنوورێکی بەرفراوانمان هەیە، پەیوەندیی ئابووریمان هەیە، پەیوەندیی دیپلۆماسیمان هەیە، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە. هەموو ئەم پرسانە بابەتی گەرمی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ئەردۆغان بوون".
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە "پێشنیاز"ی بۆ بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوە بووە کە "لە دیمەشق بن و چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کەس فەرموویان لێبکات"؛ گوتیشی، "سووریا وڵاتێکە لەزۆر رووەوە لێکچوونی لەگەڵ عێراق هەیە؛ وڵاتێکی فرە ئایینە، فرە نەتەوەیە، فرە ئایینزایە، فرە پێکهاتەیە و بۆیە دەبێت ئەوان دەستپێشخەربن لەوەی کە دەرفەتی یەکسانبوون یان بوونی هەمووان لەوێ فەراهەم بکرێ. ئەمە سیاسەتی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسەی بەم ئاراستەیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا باسکردووە. ئەوانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت، سووریای ئێستا و ئایندە جێگەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا ببێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی براکانی ئێمەیە لە رۆژئاوا".
دڵشاد شەهاب لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە لایەن تورکیایشەوە قسەی کرد و رایگەیاند، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە "هەوڵێکی بەردەوام و خەمێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. بڕیارەکە دراوە، ئەوی دیکە هەمووی بابەتی تەکنیکین".
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت بۆ دواکەوت؟ هیچ کێشەیەک هەیە؟ دڵشاد شەهاب ئەوەى خستەڕوو پێش چەند رۆژێک باسمان کرد، بەداخەوە ئێمە هێندەی لە تواناماندا بووە چووینەتە پێش، ئێمە لەسەر دیدگەیەکی هاوبەش بۆ حوکمڕانیی کوردستان کە هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە ژیانی سیاسی، یاسایی، ئابووری، کارگێڕی، پەیوەندییەکان، ئەمنی، هاوبەشییەکی راستەقینە، هاوبەشبوون لە بڕیاردان، هەموو ئەمانە لەو رێککەوتنە سیاسییەدا یان ئەو دیدگە هاوبەشەدا هەن. باوەڕی ئێمە وابوو کە ئەوە گرنگە، بناخەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناخی ئایندە، ئەم هەموو بەرچاوڕوونییە تێیدا خراوەتەڕوو،.
هەروەها وتیشى: بەڵام ئیدی برادەران نەهاتنە پێش لەگەڵمان. لای پارتی هیچ کات نە دەرگەی گفتوگۆ دادەخرێ، نە دەرگەی گەیشتن بە ئەنجام دادەخرێت، دواجار ئێمە بەرپرسیارێتیمان لەم وڵاتە هەیە، هەموو رێگەیەکی دروستی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین، بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و شەرعییەت تازەکردنەوە.
