شێخ عوبەیدوڵای نەهری سەرکردەیەکی رووناکبیری ئایینی و مرۆڤایەتی بوللللروونامرۆڤایەتی ھیواساعدی

6 كاتژمێر لەمەوپێش
شێخ عوبەیدوڵڵا سەرکردەیەکی رووناکبیری ئایینی و مرۆڤایەتی بووە کە هەڵگری فەلسەفەی یەکسانی و ئازادی و سەربەخۆیی بووە.
شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە ساڵی ١٨٢٧-١٨٢٦ زایینی لە گوندی نەهری لە قەزای شەمزینان لە دایک بووە و لە ساڵی ١٨٨٣ لە شاری مەککەی حيجاز کۆچی دوایی کردووە.
شێخ عوبەیدوڵڵا لە نەوەکانی حەزرەتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ناسراو بە (حەزرەتی غوث) بنیاتنەری تەریقەتی قادرییە.لە ماوەی ژیانی دا سەرکردایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی ناوچەکەی کردووە و سەرکردایەتیی شۆرشی نەهری کردووە کە لە ماوەی ساڵانی ١٨٧٩ تا ١٨٨٠ ویلایەتەکانی نێوان دەریاچەی وان و دریاچەی ورمیەی لە بن دەسەڵاتی هێزەکانی دا بووە. شێخ عوبەیدوڵڵا كوڕی سەید تەهای نەهری كوڕی شێخ ئەحمەد شیهابەددینە و لە گوندی نەهری لە ناوچەی شەمزینان لە ساڵی ١٨٣٠ لەدایكبووە. سەید تەهای نەهری توانی شێخنشینییەك لە نەهری دابمەزرێنێت، پاش مردنی ئەو، شێخ عوبەیدوڵڵا جێگەی باوكی گرتەوە و بووە ڕێبەری تەریقەتی نەقشبەندی و سەروەت و سامانێكی زۆری بە میرات بۆ ماوەتەوە.
لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لە نێوان ڕووسیا و عوسمانیدا یارمەتی سوپای عوسمانی داوە، چونكە چاوەڕوانیی ئەوەی كردووە كە سوود لە ئەنجامەكانی شەڕ وەربگرێت و هەوڵ بدات لەو شەڕەدا ببێ بە سەركردەی ئەو كوردانەی كە بە ناوی «غەزا»وە كۆبوونەتەوە، هەتا بتوانێت لە كاتی پێویستدا ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندیی كورد بەكار بهێنێت. بەشداریكردنی شێخ عوبەیدوڵڵا لەو شەڕەدا هۆشیاریی سیاسیی قوڵتر كرد و لە راستی و سروشتی دینی دەوڵەت و رواڵەتەكەی و مەبەست و غەزا جیهادییەكەی عوسمانییەكان گەیشتووە، لەگەڵ كوردانی تردا زۆرتر ئاشنایەتیی پەیدا كرد و هەر لەو شەڕەدا هەندێ چەكیشی دەست كەوت.
لەو ساتەدا خەڵك لەژێر باری نەبوونی و ناهەمواریی ژیاندا بوون، بۆیە پەنایان بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا برد، چونكە وەك رابەرێكی ئاینی و رزگاریدەر تەماشایان كردووە، ئەویش لەسەر داوای خەڵك نوێنەری خۆی نارد بۆ ئەستەمبوڵ، تا سنورێك بۆ ئەو ناڕەواییانە دابنێنن، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئاكام بوون.
جگە لەوەش شێخ گومان و ترسی هەبوو لە پەیمانی بەرلین، كە دەرەنجامی شكستی عوسمانییەكان بوو لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لەگەڵ ڕووسدا، بەپێی مادەی ٦ی ئەو پەیمانە هەموو دەوڵەتانی ئەوروپی بەیەكەوە داوای پاراستنی مافی كۆمەڵی ئەرمەنییان كردبوو. شێخ بەسەرسوڕمانەوە لە كاربەدەستێكی توركی پرسیبوو «چیم گوێ لێ دەبێ؟ ئەرمەنییەكان وڵاتێكی سەربەخۆ لە وان دروست دەكەن و نەستورییەكان ئاڵای بەریتانیا لەسەر ماڵەكانیان هەڵدەكەن.»
بۆیە شێخ عوبەیدوڵڵا كەوتە یەكخستنی خێڵەكان بۆ ئەنجام گەیاندنی ئامانجەكانی و نوێنەری نارد بۆ لای شەریفی مەككە و خدیۆی میسر، هەروەها بۆ لای كونسوڵەكانی ڕووس لە وان و ئەرزڕووم تا بزانێت دەوڵەتی ڕووس هەستی بەرامبەر بە كورد چییە. هەوڵیشی دا خۆی لە ئینگلیزەكان نزیك بكاتەوە و نامەیەكی ناردووە بۆ دكتۆر كوهران.
شێخ پێیوابوو تاقە دەرمانی چارەسەركردنی كێشەی كورد دامەزراندنی كوردستانێكی گەورەیە، ئەویش بە یەكخستنی هەر دوو پارچەی داگیرکراوی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تورک و فارسدابوون ، لە یەكەمین بەیاننامەی نووسراوی شێخدا، بە یەكێك لە نوێنەرانی هێزە رۆژاواییەكان دەڵێت: «میران و سەرانی كوردستانیی هەر هەموویان رایان وایە ناكرێ بەم جۆرە لەگەڵ دوو حكومەتدا هەڵبكرێ، دەبێ كارێك بكرێت كە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دۆزەكە ئاگادار بن و لەم بارەیەوە لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن كە خەڵكی كورد نەتەوەیەكی جیایە، ئێمە دەخوازین كاروباری خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت».
بەم جۆرە و دوای ئەوەی بۆی روونبۆوە كە پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجانەدا هەنگاوی پێوست هەڵبگیرێت، شۆڕشی هەڵگیرساند، شۆڕشی چەكدارانەی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ئۆکتۆبەری ١٨٨٠ دەست پێ کرد و هێزەكانی خۆی دابەشكرد بەسەر چەند بەرەیەكدا.
دوای چەندین شەڕ و سەركەوتن، دواجار سوپای عوسمانی و ئێرانیی و بەشێك لە خێڵە كوردە خۆفرۆشەكان، توانیان شۆڕشەكە دامركێننەوەو نەیهڵێن و شێخ عوبەیدوڵڵاش بۆ ئەوەی خوێنی تر نەڕژێت، ناچار خۆی بەدەستەوە دا. ئەوە بوو گرتیان و نەفییان كرد بۆ شاری مەككە. لە ئۆکتۆبەری ١٨٨٣دا بەنەفیكراوی لەوێ كۆچی دوایی كرد.
♦ ستراتیجیی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لەدامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆدا:
شۆڕشەكەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری یەكێكە لەو شۆڕشە مەزنانەی كورد كە پێویستە نەتەوەی كورد گرنگی ئەم شۆڕشە لەبەرچاوبگرێت، ئەم شۆڕشە یەكێكە لەو شۆڕشانەی كە لە باكووری كوردستان سەریهەڵدا و دواتر رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە.
شێخ عوبەیدوڵڵا یەکێک بووە لەو شۆڕشگێرە گەورانەی كورد كە وڵاتە زلهێزەكان حیسابیان بۆكردووە و نامەی بۆ زۆربەی سەركردەكانی عەرەب ناردووە بەتایبەتی شەریفی مەككە و خدێوی ئیسماعیل بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی. شێخ توانی كوردەكان لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و رێز لە ئازادیی بیروڕای نەتەوەكانی تریش بگرێت و سابیان بۆبكات.
شێخ سەرەتا لەسەر رێبازی قادری بووە دواتر بووە بە سۆفی لەسەر رێبازی نەقشبەندی، (200) گوندی هەبووە كە وڵاتە زلهێزەكان حیسابیان بۆكردووە و رێزیانلێگرتووە، سەروەری نەتەوەكانی بەهەموو ئایدیا و مەزهەبەكانەوە پاراستووە. شێخ عوبەیدوڵڵا لای سەرۆكخێڵەكانی كورد گوێ بۆ قسەكانی دەگیرا. شێخ كەوتە یەكخستنی خێڵەكان و دەسەڵاتی ئایینی و رێز و شكۆی خۆی لەم سەروبەندەدا سیمای سەركردایەتی و دانایی پێوەدیاربوو، وەك دادپەروەریی و بەخشندەیی و ئازایەتی و جوامێری و فریادڕەسی لێقەوماوان و دیوەخانەكەشی هەمیشە پڕمیوان بووە
شێخ عوبەیدوڵڵا وەڵامێكی توندی ئەو سەرکردانەی دایەوە کە هەوڵیاندەدا ئاراستەی كوردەكان بگۆڕن بۆ شەڕكردن لە دژی ئەرمەنییەكان. بۆیە لە یەكەمین بەیاننامەی نووسراوی ناسیۆنالیزمی كوردیدا، شێخ بە یەكێك لە نوێنەرانی هێزە رۆژاواییەكانی كە دۆستایەتیی لەگەڵدا هەبووە. دەڵێ: میران و سەرانی كوردستان چ لە توركیا و چ لە ئێران هەر هەموویان رایانوایە كە ناكرێ بەمجۆرە لەگەڵ ئەم دوو حكومەدا هەڵكرێ، دەبێ كارێك بكرێت كە دەوڵەتانی ئەوروپایی لە دۆزەكە ئاگاداربن و لەمبارەیەوە لێكۆڵینەوە ئەنجامبدەن، خەڵكی كورد نەتەوەی جیایە، ئێمە دەخوازین كاروباری خۆمان لەدەستی خۆماندا بێت.
لە روانگەی زۆربەی مێژوونووساندەوە شێخ عوبەیدوڵڵا یەكەمین و دیارترین ناسیۆنالیستی گەورەی كوردە.
ئامانجەكانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا و دروشم و ستراتیجییەتی
ئامانجەكانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا زۆر و ئاشكرابوون ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەگكرتوو بووە كە رێوبانی بازرگانی و مافەكانی مەسیحی و كەمینەكان دابینبكات. شێخ هەوڵیدا مەسەلەی كورد لە قاوغی ناوچەكە بباتەدەرەوە و دیدێكی نەتەوەیی هەبوو بۆ دیاردەكە، چونكە بە یەكچاو سەیری نەتەوەی كوردی دەكرد لە ژێر دەسەڵاتی دوو دەوڵەتی داگیرکەردابوو. لە ساڵی 1880 دوو كۆنفرانسی بۆ سەرانی خێڵەكانی كورد گرێدا و كۆمەڵەی كوردی دروستكرد.رەنگە ئەمە سەرەتای پێكەوەنانی رێكخستن و كۆمەڵەی سیاسی بێت لەنێو كورد، پاشان لەشكرێكی دامەزراند و رێكیخست و بەهەر بەشێك ئەركێكی تایبەتی سپارد و لاپەڕەیەكی پاكی پەیوەندی نێوان مسوڵمانانی كورد و تایفییە ئایینییەكانی تری كردەوە، شۆڕشەكەی شێخ گوزارشتی لە حەز و ئارەزووی نەتەوەی كورد دەكرد كە دەیەویست بار و ژیانی چاك بێت و كوردستان سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت.
چونكە كورد یەك ئامانجی هەیە كە سەربەخۆیی و رزگاربوونە لە دەسەڵات و سەروەریی سیاسیی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە لەسەر نیشتمانەکەی. هۆكارە سیاسییە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ ئەم شۆڕشانە هۆكاری یامەتیدەر بوون، چونكە شۆڕشەكە لەلایەن خدێوی میسر و شەریفی مەككە پشتیوانی لێدەكرا. شێخ كەوتە نووسین بۆ ژمارەیەك لێپرسراوی دەوڵەتانی ناوچەكە و نوێنەرانی هەندێ لە دەوڵەتە ئەوروپییەكان و ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ روونكردونەتەوە كە كورد لەسەر دەستی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانیدا چەشتوویەتی،داوای لەو لێپرسراوانە كرد كە ئەم كێشەیە بۆ بەرپرسەكانیان باسبكەن و ئەوە بە گەلانیان بناسێن كە نەتەوەیێک هەیە بەناوی نەتەوەی كورد كە هەوڵدەدات ئامانجەكانی خۆی بەدیبهێنێت. لەم سەروبەندەدا شێخ چەند هەنگاوێكی نا بۆ یەكپارچەكردنی كورد و یەكخستنی یەكهەڵوێستییان و لەم بوارەدا كۆمەڵەی كوردی پێكهات.
شێخ عوبەیدوڵلا ئامانجی كوردستانێكی سەربەخۆ بوو. لە قووڵایی دڵییەوە زانی كە تەنیا هۆ بۆ بەدبەختی و چارەڕەشی كوردان ئەوەیە كە وڵاتیان یەكپارچە نییە و دووبەشكراوە.
شێخ ئەو ئامانجەی گرتبووەبەر، یەكیەتی و یەكڕیزی و برایەتی سەرۆكە كوردەكانی دەستپێكرد و سەرەتا هەستا بە یەكخستنی خێڵەكان. مەرجی هەرە گەورەی سەركەوتن و بەئامانجگەیشتن تەنیا لەڕێگەی یەكیەتییەكی راستەقینەی كوردەكانەوە، خۆئامادەكردنێكی پتەو و قایم بۆ پێكهێنانی راپەڕینێك دەهاتەدی. بۆ ئەم مەبەستە شێخ لەوە گەیشتبوو كە تا سەرۆكە كوردەكان یەكنەگرن، ئەوا سەربەخۆیی بەخۆوەنابینێت.
