ئەمریکا: پارەی ئاوەدانکردنەوەى غەززە نادرێتە دەست حەماس

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى ڕاوێژکاری باڵای حکومەتى ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، پارەی ئاوەدانکردنەوە ناچێتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ دەستێوەردانێک ناکات لەو پارەیەدا، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەرنامەیەکیان هەیە پاداشت بدەنە ئەو کەسانەى کە هاوکارن لە دۆزینەوەو ناسینەوەى تەرمى ئیسرائیلییەکان لەکەرتى غەززەدا.
ڕاوێژکاری باڵاکەى ئەمریکا ئەوەشى باسکردووە، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەڕۆن، وتیشى: ئێمە چووینە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززەوە، گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی کاریگەرانەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە.
هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئاژانسى رۆیتەرزدا، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، پێکهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستیپێکردوەو دۆخەکە دوای دوو ساڵ لە شەڕی غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر هەستیار ماوەتەوە، وتیشى: هیچ کەسێک لە غەززە ناچار نابێت بچێتە دەرەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری لە غەززە دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەندەنوسیا.
