گەمارۆ لەسەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی شاری حەلەب هەڵدەگیرێت
2 مانگ لەمەوپێش
دوای زیاتر لە 15 ڕۆژ، دووبارە ئەو ڕێگایانە کرانەوە کە دەچنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردنشین لە پارێزگای حەلەب، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" داخرابوون.
تەلەڤزیۆنی سووریا ئەمڕۆڕایگەیاند، ئەو ڕێگایانەی دەچنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دووبارە کراونەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەربەستەکانی دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکەیان لابردووە و ڕێگاکانیان بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەدا کردووەتەوە.
لە 6ـی تشرینی یەکەمدا، پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی "هەسەدە" لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە سەریهەڵدا، کە تووندترین پێکدادان بوو لە دوای واژۆکردنی "ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری" ڕابردوو.
تەلەڤزیۆنی سووریا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی "ئاسایش" خاڵێکی پشکنینی هاوبەشیان لە نێوان هەردوو ناوچەکەدا داناوە، ئاماژەی بەوەشدا کە دوای گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە، هاتووچۆ و جموجۆڵی هاتووچۆ ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئاسایی گەڕاوەتەوە.
کردنەوەی ڕێگاکان، تەنیا ڕۆژێک دوای سەردانیکردنی شاندێکی سەرکردایەتی ئاسایشی ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دێت، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو گەڕەکە بۆ تاوتوێکردنی تەواوکردنی ڕێککەوتنی نیسانی ڕابردوو.
