تۆم باراک: گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق بە باشی بەڕێوە دەچن
24 كاتژمێر لەمەوپێش
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق بە باشی بەڕێوە دەچن؛ هاوکات جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا ڕوو نادات، دەشڵێت: لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە
شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان لەنێواندا هەیە، گفتوگۆکانی نێوانیان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئامانجیان ڕێککەوتنە.
تۆم باراک، ئاماژەشی دا، لە 10 مانگی ڕابردوو سەرەڕای ئاڵنگارییەکان ئەحمەد شەرع،سەرۆکی سووریا کاری باشی کردووە، ئامانجی ئەمەریکاش ئەوەیە گەلی سووریا بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەیان بژین.
تۆم باراک، کە باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: ئاگربەستی غەززە بەبێ تورکیا ڕووی نەدەدا، چونکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەماس یارمەتیدەر بوو بۆ فشارخستنە سەر ئەو بزووتنەوەیە بۆ ڕازیبوون، بە ئاگربەستەکە.
دەشڵێت: ئیسرائیل لە ڕۆڵی تورکیا لە بەشداریکردن لە هێزی ئاشتیپارێز لە غەززە نیگەرانە، بەهۆی ئەو لێدوانە توندانەی لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هەن. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە بەردەوام بێت و تیمەکان لە غەززە پێشکەوتن بەدەستبهێنن، بەم زووانە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دەبێت، جەختیشی کردەوە، ئەو دوو وڵاتە بە هیچ شێوەیەک شەڕ لەگەڵ یەکتر ناکەن.
هەروەها تۆم باراک لە پاڵ ئەرکەکانی دیکەی، وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ لوبنان کار دەکات و باسی لەوە کرد، لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە، بانکی ناوەندی نییە سیستەمی بانکی داڕماوە، کارەبا نییە، خەڵک پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن، خزمەتگوزاری ئاو و بواری پەروەردە بۆ باشترکردنی پێویستی بە کەرتی تایبەت هەیە.
گوتیشی: دەوڵەت لە دەستی حزبوڵڵا دایە، بە شێوەیەک لە باشووری وڵات، ئاو و پەروەردە دابین دەکات؛ هاوکات حزبوڵڵا 40،000 سەربازییان هەیە، بەڵام سوپای لوبنان 60،000ـی هەیە، سەربازانی حزبوڵڵا مانگانە 2،200 دۆلار وەردەگرن، لە هەمانکاتدا سەربازانی سوپای لوبنان 275 دۆلار وەردەگرن. ئاماژەشی دا، حزبوڵڵا 15 بۆ 20 هەزار مووشەک و ڕۆکێتی هەیە؛ سەربازانی سوپای لوبنان و کڵاشینکۆفی (AK-47s) هەیە.
تۆم باراک لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەحمەد شەرع، لەم مانگە بە مەبەستی بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش سەردانی واشنتن بکات.
