ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە
14 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، سێی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانیی هێڵی تورکش ئێرلاین دەگاتە پارێزگای سلێمانی و هەفتانە چوار رۆژ گەشتیان دەبێت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمڕؤ یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، دوای هەڵگرتنی قەدەخەکە، بڕیارە کاژێر 01:10ی بەرەبەیانی 3ی مانگ یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکیش ئێرلاین بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی."
بە گوتەی دانا محەممەد، هەفتانە چوار رۆژ گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا بەپێی پلانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین بەڕێوەدەچن.
پێشنیاز کرا بوو ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندی داوە. لەبارەی رێکارەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەممەد گوتی: "هەموو رێکارەکان لە عێراق تەواو بوون، بەڵام هەندێک رێکاری نێودەوڵەتی ماوە؛ دوای تەواوبوونی رێکارە نێودەوڵەتییەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێت."
یەکەمجار تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
