رۆژاڤا نە کەوت و نە سەرکەوت
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
تەنها دە ڕۆژ ماون بۆ دوا مۆڵەتی جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتننامە ٨ خاڵیەی کە لە ١٠ی ئازاردا لەنێوان ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و جۆلانیدا واژۆ کرا.
جگە لە خاڵی سێیەمی رێککەوتنەکە، کە وەستانی شەڕە، هیچ کام لەو هەشت بەندە جێبەجێ نەکراون.
تەنانەت بەندی سێیەمیش، لە ئاگربەستێک زیاتر نەبووە و تارمایی شەڕ بەردەوام ئاسمانی رۆژاڤادا دێت و دەچێت و شەڕی بەوەکالەت لەڕێی داعشەوە بەردەوام بووە.
بەندی ٨، تەکەس لەسەر ئەوە دەکات کە لیژنە پەیوەستدارەکان هەوڵ دەدەن رێککەوتنەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت.
بەڵام، نە ئەو بەندە و نە کۆی رێککەوتننامەکە باس لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و پابەندبوونی دولایەنەکە ناکەن، وە نە ئاماژەش بە بەدیل یان سزا، لە ئەگەری جێبەجێنەکردن و پابەند نەبووندا، دراوە.
بەڵام بە درێژایی ئەم نۆ مانگە، هەم عاڕەبە سورەکیەکان (ئەو عاڕەبە سوریانەی لەم ١٠ ساڵەدا تورکێندراون و تورکانە سیاسەت دەکەن و بیردەکەنەوە)، وە هەم پیاوەکانی جۆلانی و کۆنە بەعسیەکان بەردەوام و بێوەستان، لە میدیا و سۆشیال میدیا هەم ئیفتیزازی ئیدارەی رۆژاڤا و هەم بانگەشەی شەڕ و داگیرکاریان کردووە.
سورەکیەکان و جۆلانیەکان و کۆنە بەعسییەکان بەردەوام تەئکیدیان لە دوانەی تەسلیمبوون یان شەڕکردن کردوە و لەهەردوو بارەکەشدا بە کەمتر لە نەمان و کۆتایی ئیدارەی رۆژاڤا رازی نین.
بەقسەی ئەوان، بە ئاشتی یان بەشەڕ دەبوایە ئێستا باندەکانی جۆلانی حوکمی حەسەکە و رەققە و قامیشلۆ و کۆبانێیان بکردایە.
هێندە دڵنیابوون لە نەمانی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا، زۆرجار گرەویان لەسەر تاشینی سمێڵ یان ریش و سەری پیاوسالارانەیان دەکرد و دەیانگۆت کۆتایی ساڵ کۆتایی رۆژاڤایە.
لەم دڵنیایی بوونەدا، سورەکی و کۆنە بەعسی و جۆلانیەکان تەنیا نەبوون. کەم نەبوون لە نوخبە و رۆشنبیرەکانی باشور، جا چ لە دڵسۆزی بووبێت یان موخەنەتی و مەوالیەت و کوردەبۆرەیی، هەمان چاوەڕوانیان بۆ چارەنووسی رۆژاڤا هەبوو.
هەندێک لە مەوالیەکان نوقڵانەی نەمانی ئەو کیانە کافر و مولحید و مارکسیەکان دەدا و هەندێکیش لە رووی دڵسۆزی و خەمخۆریەوە، بەڵام لەکورت بینییەوە، فاتیحا و پرسەی پێشوەختەیان بۆ نەمانی رۆژاڤا دەگێڕا.
هەڵبەت، بەدیوەکەی دیکەشدا، خەڵکانێکی زێدە گەشبین هەبوون کە پێداگریان لەسەر لەخەم رەخسانی رۆژاڤا و چەسپان و جێگیری ئەزموونەکە و دەرچونی لە قاڵبی دیفاکتۆ بوونی بە ستاتۆیەکی شەرعی و دەستوری دەکرد.
بەڵام، نە خەیاڵە شەیتانیەکانی سورەکی و کۆنەبەعسی و جۆلانیەکان و کوردەبۆرە مەوالیەکانی باشور هاتە دی وە نە خوێندنەوە ئارەزوومەندە خۆشخەیاڵیەکانی دڵسۆزان.
رۆژاڤا وەک خۆی مایەوە… نە زیاتر و نەکەمتر…
بە دیوێکدا، مانەوەی رۆژاڤا وەک خۆی سەرکەوتنێکە بۆ تورکەکان و جۆلانیەکان و کۆنە بەعسیەکان، باشترە بڵێم بەرەی داگیرکەران.
بەرەی داگیرکەر گەرچی نەیتوانی رۆژاڤا داگیر بکات و کۆتایی بەخەونی کوردی بۆ خۆسەری و فیدڕاڵی بێنن، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە، نەیانهێشت یان ملیان نەدا بە دانپێدانانی دەستوری و شەرعییەت دان بە ستاتۆی خۆسەری رۆژاڤا.
بەرەی داگیرکەر زۆر باش دەزانن، ئەو رۆڵە مێژوویەی شەڕڤانانی کورد لە شەڕی داعشدا هەیان بوو، هەر نەتەوەیەکی دی، لە هەر گۆشەیەکی دیکەی ئەم دونیایە، ئەم سەرمایە مەزنەی هەبوایە، لانی کەم کۆنفیدڕاڵی مسۆگەر دەکرد.
گەلەکۆمەکێی ئەوان بەرهەمی خۆی هەبوو و ئەوە ئەوان بوون کە وایانکرد کورد بە دەستی بەتاڵ لە سوریای دوای ئەسەد بێتە دەر یان وەک قەزافی جارێک لەجاران گۆتی “وخرج الاکراد من المولد بلا حمص.”
بەدیوەکەی دیکەشدا، مانەوەی رۆژاڤا وەک خۆی سەرکەوتنێکە بۆ کورد، سەرکەوتنێکی گەورەش.
لە یەک ساڵی رابردوودا ، ئەو فشارەی لەسەر رۆژاڤا بووە، لەسەر کێوێکیش بوایە هەرەسی دێنا، بەڵام رۆژاڤا بەهێزەوە لەسەر پێ مایەوە.
بۆ ئەوەی ئەم سەرکەوتنەی کورد ببینین، دەبێت ئەم
راستیانە بخەینە بەرچاو:
یەکەم،
بەشێکی بەرچاوی وزە و چالاکی و جوڵە و سات و سەودا دیبلۆماسی، موخابەراتی و میدیایی و سەربازییەکان ئەم یەک ساڵەی تورکەکان بۆ هەرەسپێهێنانی رۆژاڤا بووە.
تورکەکان هێزێکن نادیدە ناکرێن.
ئەوان لە ئازەربایجان، سۆماڵ، سودان و لیبیا و تەنانەت ئۆکڕانیا هاوکێشەی هێزیان گۆڕی، بەڵام لە ئاست رۆژاڤا تا ئێستا شکستیان هێناوە، ئەمەش جەوهەری سەرکەوتنی رۆژاڤایە.
دووەم،
ئیدارەی رۆژاڤا خراپترین ئەزموونی دیموگرافیا و دابەشبوونی ئەتنیکی لە مێژووی دەسەڵاتە دیفاکتۆکاندا هەیە.
هەموو ستاتۆ و ئەزموونە دیفاکتۆکانی دونیا، لەوانەش ئەبخازیا، فەلەستین، قوبرسی تورکەکان و هەرێمی کوردستانیش تا پێش تەعریبکردنی لە دە ساڵی رابردوودا، هەر هەموویان لەسەر بنەمای هاو ئەتنیکی دروست بوون و مانەوەیان پەیوەستە بە یەک رەنگی و هاوئەتنیکییان. رۆژاڤا، رێک بە پێچەوانەوە…
زۆرینەیەکی عاڕەبی و کەمینەیەکی کوردی، ئەمە لە پێکهاتە و تەرکیبەی هەسەدە و ئیدارەی رۆژاڤاداشدا رەنگی داوەتەوە.
جگە لە قامیشلۆ و عامودا و کۆبانێ، کورد لە هیچ کام لە شارەکاندا، زۆرینە نین، تەنانەت لەم شارۆچکانەش زۆرینەی رەها نین.
لە رەققە و شەدادی و تەبقە و گوندەواری دێرەزۆردا کورد هەر بوونی نییە و لە حەسەکەش رێژەی کورد و عاڕەب لەیەک نزیکن.
بێننە پێش چاو ئیدارەیەکی دیفاکتۆی کوردیت لەباشوردا هەبێت کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک دوز و داقوق و توزخورماتوو و قەرەتەپە و خانەقین پێک هاتبێت و حوکمی تکریت و حەویجە و فەلوجە و سامەڕاش بکات… چەندە قورس و سەخت و لەرزۆک دەبێت ئەو ستاتۆ دیفاکتۆیە…؟
رۆژاڤاش بە هەمان شێوە. لەگەڵ جیاوازییەکی کەمتر، سەرەڕای هەموو فاشیستیەکیان، عاڕەبەکانی حەویجە و فەلوجە و تکریت لە ئەوانەی دێرەزۆر و رەققە و حەسەکە میانڕەوتر و لێبوردەترن بەرامبەر کورد.
لە یەک ساڵی رابردوودا، تورکەکان و باندەکەی جۆلانی هەموو قورساییەکیان خستبووە سەر پەیوەندی کردن و هەڵگێڕانەوە و کودەتای ئەو عاڕەبانە ی کە لە شەسیەکانەوە بڕبڕە پشتی حیزبی بەعسی سورییان پێک هێنابوو و دواتریش هی داعش.
دەبێت ئەم دۆخە بێنینە پێش چاو، ئەوسا لە بەرخۆدانی بێوێنەی یەک ساڵی رابردووی کوردانی رۆژاڤا و توانای پاراستنی ئیدارەی سەربەخۆیان لەو ژینگە لێوانلێو لە فاشیزم و دوژمنکاریدا تێدەگەین.
سێیەم،
راستە لە کۆتایی ئازار تا ئێستا تورکەکان و چەتە سوریەکان شەڕی راستەوخۆیان وەستاندووە، بەڵام شەڕی بەوەکالەتیان لە رێگەی داعشەوە بەردەوام بووە.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ٢٠٢٥ داعش زیاتر لە ٢٥٠ هێرش و چالاکی تیرۆریستی دژی ئیدارەی رۆژاڤا و هێزەکانی هەسەدە کردووە، واتە بە تێکڕایی هەفتەی پێنج چالاکی تیرۆریستی.
ئەم شەڕە بەوەکالەتە هەم هەڕەشەیەکی جدی بووە بۆ سەر رۆژاڤا و هەم مایەی ناسەقامگیری و ئیستینزافی بەردەوام.
چوارەم؛
سەرەتای ئەمساڵ و جگە لە هەموو ئەو فشار و هەڕەشانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، هاوکاتیش بوو لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
بێمۆڕاڵی و بێموبالاتی ترەمپ لەلایەک و دەست تێکەڵییەکانی لەگەڵ حەردۆغان و تورکەکان و پێشوازیەکانی لە جۆلانی و تەسلیمکردنی مەلەفی سوریا بە هاوشيوەیەکی خۆی، وە پەراوێز خستنی ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، هەموویان بەسەریەکەوە سەرچاوەی ئاماژە و سیگناڵی بێئومێدکەر و وزەبڕ و بێمتمانەیی بووە بە هاوپەیمانی ئەمریکی.
ئەم دۆخە نوێیە لە بێ مۆڕاڵی هاوپەیمانە ئەمریکیەکان، کاریگەری قووڵی هەبووە لەسەر هەڵکشانی ئیستیفزاز و هەڕەشەی تورکەکان و باندەکانی جۆلانی لەلایەک و بۆتە مایەی گۆشەگیر بوونی کورد و و زیادبوونی گومان و بێمتمانەییان بە ئیدارەی ترەمپ لەلایەکی دی.
سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە و فەشەلهێنانی لەوەی ببێتە ستاتۆیەکی دانپێدانراوی دەستوری، رۆژاڤا نەکەوت و لەجاران بەهێزتر لەسەر پێ وەستاوە.
