نێچیرڤان بارزانی: هێزمان لە یەکترقبووڵکردن و پێكه‌وه‌ژياندايە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ پیرۆزبایی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە دەڵێت: ساڵی نوێی زایينی، به‌ گه‌رمى له‌ كوردستانييانى خۆشه‌ويست به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، له‌ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزە ئەمنییەکان و تەواوی گەلانی عێراق و جیهان پيرۆز دەکەم.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو  هیوادارم ساڵی، کۆتاییهاتنی قەیرانەکان و کردنەوەی دەرگای خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکى پەیامەکەیدا بۆ هاوڵاتیان دەڵێت، "با بە ئومێد و گەشبینییەوە له‌ داهاتوو بڕوانين. دڵنیاتان دەکەینەوە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان بێت. ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گه‌لى كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر".
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
ساڵی نوێی زایينی (2026)، به‌ گه‌رمى له‌ كوردستانييانى خۆشه‌ويست به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، له‌ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزە ئەمنییەکان و تەواوی گەلانی عێراق و جیهان پيرۆز دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهاتنی هیواکان، کۆتاییهاتنی قەیرانەکان و کردنەوەی دەرگای خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.
 
با هاتنی ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە تيایدا ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەکڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێكهاته‌كاندا باڵادەست بێت. هێزمان لە یەکترقبووڵکردن و پێكه‌وه‌ژيان و پێکەوەکارکردندايە كه‌ تاکە گه‌ره‌نتيى پاراستنی دەستکەوتەکانمان و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانمانه‌.
 
لەسەر ئاستی عێراقيش هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن. وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ هه‌ر كوێى جيهان بێت به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پشتگيرى له‌ ئاشتى ده‌كات.
 
كوردستانییانی خۆشەویست،
 
با بە ئومێد و گەشبینییەوە له‌ داهاتوو بڕوانين. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان بێت. ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گه‌لى كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر.
 
ساڵی نوێ لە هەمووتان پیرۆز بێت،
هەر شاد و سەرفراز بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار