قەرەسوو: هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە
3 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە بەشی دووەمی دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، دەڵێت: لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست.
وتیشى: کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە.
بەشی دووەمی هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیە:
وەک تەڤگەر کە هەم بەشێکی ئۆپۆزسیۆنین و هەمیش ئاوێتە بە بەشەکانی کۆمەڵگەن دیوێکی ئەرێنییە، لەم پێگەیەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت جەهەپە لە پرۆسەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لە هەموو جێگەیەکی ئەم جیهانەدا پشتیوانی کۆمەڵایەتی لە چارەسەرکردنی شەڕدا بابەتێکی گرنگە. دەسەڵاتێک کە ئیرادەی چارەسەری هەبێت، بە دواداچوون بۆ سیاسەتێک دەکات کە دەبنە هۆکاری پشتیوانی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەمەش ئەو هەوڵانە تایبەتن کە هەموو بەشەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە چارەسەرکردنی شەڕ دەکەن. بێگومان وەک تەڤگەرێک کە دەیان ساڵە بە دوای چارەسەرییەوە، بە ڕوانگەی زیادکردنی پشتگیری کۆمەڵایەتییەوە دەجوڵیینەوە و پشتگیری هێزە دیموکراتیکخوازەکان بە گرنگ دەبینین. بۆیە چارەسەکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوون وەک دوانەیەکی تەواوکەر دەبینین و ئامانجمانە هەموو بەشە کۆمەڵایەتییەکان ببنە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە.
چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە
ڕۆڵی جەهەپە لە چارەسەکردنی پرسی کورد و هەوڵی دیموکراتیزەبوون گرنگە و پارتی دامەزرێنەری تورکیایە و نزیکی ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە. بۆیە سیاسەتەکانی جەهەپە بەشدارن لە پرسی کورددا. بۆیە جگە لە چەپ-سۆسیالیستەکانی تورکیا، ڕۆڵی لایەنەکانی دیکە هیچ جیاوازییەک لە سیاسەتیاندا بەرانبەر و ئافراندنی پرسی کورددا نەبووە. بۆیە لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست.
بەو هۆیەی جەهەپە ساڵانێک پارتی زۆرینە بوو، مەیلگەلی سیاسی زۆری لە خۆدا کۆکردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارتێکە کە لە ژێر کاریگەری مۆدێرنێتەی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە. لە لایەکەوە ئەم هەڵوێستە سیاسییەی بووەتەهۆکاری دبڕانی لە کۆمەڵگە، لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری هەندێک تایبەتمەندی ئەرێنی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە. پارتی داد کە درێژکراوەی پارتی دیموکراتیکە و لە ساڵی ١٩٥٠دا دەسەڵاتداری وەرگرت، وەک ڕاستڕە لێکدرانەوە و ئەمەش هەندێک ناکۆکی لە نێوان جەهەپە و ئەواندا درووست کرد. بە تایبەت هەڵوێستی نەرێنی پارتی داد لە بەرانبەر گەنجانی شۆڕشگێڕی نەوەی ٦٨ و ڕۆڵی بەرچاویان لە لەسێدارەدانی دەنیزەکان دا، لە دوای ١٢ـی ئادار دۆخێکی وەک پشتگیری چەپەکان بۆ جەهەپە هێنایە ئارا. لە ژینگەی شەڕی ساڵای ١٩٧٠دا ڕیتۆریکی چەپگەرایی جەهەپە دەمارێکی دیموکراسیانەی لە ناو جەهەپەدا هێنایە ئاراوە.
نزیکبوونەوەی گەلی کورد لە جەهەپە بە ئامانجی ناچارکردنی جەهەپە بە خواستی دیموکراسیی بوو
هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد بە مامەڵەی هاندانی جەهەپە بە دیموکراتیک بوون نزیکی دۆخەکە بوونەوە. جەهەپەش لەم دوایانەدا بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری گەلی و کورد هێزە دیموکراسیخوازەکان، پرسی هەبوون و چارەسەکردنی پرسی کوردی هێنایە ناو گوتارییەوە، بەڵام کاتێک هەڵوێستی ڕوون لە چارەسەرکردنی پرسی کورد هاتە ئاراوە، مەیلێکی دژ کوردانە و دووچارکردنیان بە کۆمەڵکوژی لە ناو جەهەپەدا سەری هەڵدا. لە دژی ڕاستینەی گەلی کورد کە بە زمان، ناسنامە و چاندییەوە گەلێکی جیاوازە، کەوتە ناو هەڵوێستێکی پاشڤەڕۆوە. باڵی نكۆڵیکردنی تەقلیدیانەی سەرکوتکردنی کورد لە تورکیا خۆیان سەپاند و کۆتاییان بە مەیلە دیموکراسیخوازییەکەی ناو جەهەپە هێنا. هەرچەندە هەندێک کەس ئەم دۆخە بە دژایەتیکردنی ئاکەپە ڕاڤە دەکەن، لە بنەڕەتیترین پرسی تورکیادا ڕاڤەکردنێکی ئاوا جێگەی قبوڵ کردن نییە. ئەمە جگە لە ئارگۆمێنتێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پاشڤەڕۆییەی ناو جەهەپە هیچی دیکە هەڵناگرێ.
هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە
بێگومان ئێمە دەڵێین دەسەڵاتداری ئاکەپە بۆ کۆمەڵایەتیبوونی پرۆسەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ ناکات، بەڵام بە پاساوکردنی ئاکەپە لە لایەن جەهەپەوە پاساو نییە بۆ ئەم هەڵوێستەیان. هەڵبەتە گەر لە پرسی کورددا هەڵوێستێکی درووست و چالاکی بگرتایە، بەم نزیکایەتییەوە لەسەر بابەتی بنەڕەتی دیموکراتیکبوون کاریگەرییەکانی لە ناو کۆمەڵگەدا زیاد دەبوو کە خواستی دیموکراسییە و دەبووە جێگرەوەیەکی ڕاستی دەسەڵاتداریی. دوای قۆناغی یەک-پارتیی، هەموو ئەو پارتانەی هاتنەسەر دەسەڵات سەرنجیان خستەسەر بابەتی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئاکەپەش بەدەر نییە لەمە. بۆیە هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە. گەر لە داهاتوودا جەهەپە ڕۆڵی ئەرێنی نەگێڕێت ئەوا بەهەموو شێوەیەک گوتاری دیموکراسی و ئازادیخوازییەکانی بەتەواوەتی بێ مانا دەکەوێتەوە و هیچ بایەخێکی نامێنێت.
لەم پرۆسەیەدا دەرکەوت هەندێک لایەن بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نیگەرانن و بە دوای بەردەنگی دیکەدا دەگەرێن، هۆکاری ئەمە چییە و ئامانجی ئەو کەسانە چییە کە مشتومڕێکی لەم شێوەیەدان؟
ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە بەردەنگ وەرنەگرێت دژی کورد و چارەسەرییە
ئەوانەی بە بەردەنگگرتنی ڕێبەر ئاپۆییان بە دڵ نییە و مامەڵەیان بۆ بە بەردەنگگرتنی کوردێکی دیکەیە، هیچ نییە جگە لە خواستییان بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و دووژمنی کوردانن و نایانەوێت کورد وەک ئیرادەیەکی سیاسی ببینین. بە دوای بەردەنگێکدا ناگەڕێن کە دان بە ئیرادەی سیاسیی کورددا بنێت. باسکردنی هەندێک ناو تەنها بۆ ئاژاوەگێڕییە لە ناو کورداندا. ئەم کەسانە لە دژی هەموو کوردێک و خواستە سیاسییەکانی کوردن.
جا بۆیە نیگەرانی ئەو کەسانە بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکو لە بەردەنگ وەرگرتنی کەسێکە کە پارێزگاری لە ژیانی ئازاد و دیموکراتیکانەی کوردان دەکات. کاتێک مرۆڤ تەماشانی مامەڵەی ئەو کەسانە لە ئاست پرسی کورددا دەکات، بۆی دەردەکەوێت ئەو کەسانە بە بەردەنگگرتنی کوردێکی بە ئیرادە و ئەوەی کە خواست و پارێزەری مافە دیموکراتیکییە بنەڕەتییەکانی کورد قبوڵ ناکەن.
ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لە سیاسەتی سەدساڵە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەرییەکی مێژوویی کورد-تورک دێتە دی
ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی هەزارساڵەی کورد و تورک و دەڵێت: "ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەمڕۆدا زۆر تەنک بووەتەوە، دووبارە لە ڕوحی خوشک-برایەتیدا ڕێکی بخەینەوە." لەم زەمینەیەدا بێگومان ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و دەوڵەت. لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا دابینکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە چۆن ڕێی تێدەچێت؟ ڕێسانامەی نوێی کۆمەڵایەتی لەسەر کام بنەمایە دەتوانرێت برەوی پێ بدرێت؟ بڕیاردانی پێشوەختە و ئاستەنگییەکان بە چ جۆرە تێکۆشانێک دەشێت تێپەڕێنرێن؟
خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵ وەکو دراوسێ ژیاون. هەرخۆی بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکان، خەڵک لەژێر سەروەریی سیاسیی بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا دەژیان. کوردیش ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئێرانییەکان، ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییە عەرەبییەکاندا، و دواتریش لەژێر سەروەریی سیاسیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ژیاوە. قبووڵکردنی سەروەریی سیاسی، بۆ ئیمپراتۆرییەتەکان بەس بوو. هەر گەلێک لەناو ئیمپراتۆرییەتدا، دەیتوانی بە زمان، کەلتوور و ناسمانەی خۆیەوە بژی. لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا، دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش قبووڵدەکران.
کورد لە ساڵی ١٠٧١ـەوە لەگەڵ تورکدا دەژی. لەناو میرنشین یاخود ئیمپراتۆرییەتەکداندا، بە پاراستنی ناسنامەیانەوە، درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. پەیوەندییەکانی کورد و تورک سەدان ساڵ بەبێ کێشەیەکی جددی درێژەیان هەبووە. بۆ نموونە تاوەکو سەرەتای سەدەی ١٩ ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی نەبوونەتەوە. لەناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا پێگەی کورد لە هەموو ڕووێکەوە بەهێز و ستراتیژی بووە. بەرفراوانبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەرەو ناوچە عەرەبنشینەکان و ئەورووپاش دەرئەنجامی پەیوەندیی باش بوو لەگەڵ کورددا. بەو پشتیوانییەی کە کوردەکان لە کۆنگرەکانی ئەرزرۆم و سیواس دەریان بڕی، ئاناتۆڵیا ڕزگاری بوو و تورکەکان درێژەیان بە بوونی خۆیاندا لەگەڵ تورکیای نوێ.
کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە. ئەگەر ئەم مێژووە بەجددی وەربگیرێت و پشتی پێ ببەسترێت، پەیوەندییەکی بەهێزی کورد و تورک سەرلەنوێ دێتە بوون. هەم کورد و هەم تورک سوود لەمە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێی ئەم زیهنییەتەوە هەوڵدەدات وا بکات چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک قبووڵ بکرێت. کورد بۆ چارەسەرییەکی لەم شێوەیە ئامادەیە. ئەگەر دەوڵەتی تورک و هێزە سیاسییەکانیش چارەسەرییەکی لەم شێوەیە لەسەر بنەمای ڕاستیی مێژوویی قبووڵ بکەن، ئەوا ئەم چارەسەرییە دێتە دی. لە ڕاستیدا گەلی تورک هیچ دژبەری و دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ کورد نییە. بەڵام سیاسەتی سەدساڵە لەناو گەلی تورکدا برەوی بە دوژمنایەتی کورد دا و داخوازییەکانی ئازادیی کورد وەکو دژبەریی تورک نیشاندرا. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لەم سیاسەتە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەریی مێژوویی کورد و تورک دێتە دی؛ تەنانەت لە هی ڕابردوو بەهێزتر. هەربۆیە لە ئێستادا کورد لە هەموو شوێنێکی تورکیا جێگیر بوون. بێگومان ئەگەر هەموو ئاستەنگییەکانی بەردەم ژیانی ئازادی کورد، زمان، ناسنامە و کەلتووری لاببرێن!
ئەگەر وەڵامی یاسایی و سیاسیی هەنگاوەکانمان نەدرێتەوە، پرۆسەکە دەگاتە بنبەست
لە دیداری ڕێبەر ئاپۆدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و لەو پەیامەدا کە بۆ ڕای گشتی نارد، تیشک دەخاتە سەر چوونە قۆناغی دووەم. قۆناغی دووەم لە بنەڕەتدا چی لەخۆدەگرێت؟ نوێنەرانی دەسەڵاتیش لەم چوارچێوەیەدا لێدوان دەدەن، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕووینەدا. دەوڵەت بۆچی تاوەکو ئێستا وەڵامی چاوەڕوانییەکانی نەداوەتەوە؟ وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی زۆر بەرچاوتان ناوە بەڵام بۆچی لایەنی بەرامبەرتان هەنگاو نانێت؟
وەکو ڕای گشتی دەزانێت، ئێمە هەنگاوی زۆر گرنگ و ڕادیکاڵمان ناوە. بڕیاری کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریمان دا، هێزەکانی گەریلامان لەو ناوچانە کە مەترسیی شەڕیان لێ هەبوو و لەسەر هێڵە سنوورییەکان کشاندەوە. چیتر پێویستە تورکیا ئەم پرۆسەیە بەرێتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی. پێویستە وەڵامێکی یاسایی و سیاسی بۆ ئەم هەنگاوانەی ئێمە هەبن. هەمیشەییبوونی ئاشتی بەم شێوەیە دێتە دی. ئەگەر دۆخی یاسایی گەریلا و کادرانی پەکەکە ڕوون نەبێت کە کۆتاییان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە هێناوە و ئەو یاسایانە دەرنەکرێن کە هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیکی ئازاد دەڕەخسێنن، ئەم پرۆسەیە لە ئاستێکدا کۆتایی پێ دێت. لەبەرئەوە ڕێبەر ئاپۆ داوایکردووە کە بچێتە قۆناغی دووەم.
ئەم قۆناغە پرۆسەیەکە کە هەم پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، هەم ئەوانەی کە چەکەکانیان داناوە و هەم کوردیش دەخرێنە چوارچێوەیەکی یاساییەوە. بۆ بەڕێوەچوونی تەندروستی قۆناغی دووەم، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بێت. پرسی کورد بەشی تریشی هەن. پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵیاندا دیدار بکات و بیانهێنێتە ناو پرۆسەی چارەسەرییەوە. دووبارە، گرنگە کە زۆر بەش لە تورکیاش ببنە بەشێک لەم پرۆسەیە. بۆ ئەم مەبەستەش دیداری ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئەم لایەن و کەسانەدا و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونیان دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی چارەسەری.
نەچوونی دەسەڵات بەرەو قۆناغی دووەم لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە ناومانن، بەناچاری لە مژاری نیاز و ئامانجەکانی دەسەڵاتدا گومان دروستدەکات. کردنە بیانووی هێزە بەرهەڵستکارەکانی پرۆسەکەش لەلایەن دەسەڵاتەوە، دووبارە جێی باوەڕ نییە. لە ڕاستیدا ئەوانەی کە بەئاشکرا دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، لاوەکین. لەبری ئەوانە، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت زیاد بکرێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لەم مژارەدا مامەڵەی پێویستی سیاسی نیشان نادات. لەبەرئەوە نیشاندانی ئەو کەموکوڕییانەی کە سیاسەتەکەی ئەو لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی وەکو بیانوو، ڕاست نییە.
لە پەیامەکانی ساڵی نوێدا دەڵێن کە ئەوان پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن. لەم پرۆسەیەدا کاتێک زۆر شت هەن کە پێویستە دەسەڵات بیانکات بەڵام نایانکات، ئەمە لەگەڵ قسەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە یەکناگرێتەوە. دەوڵەت باخچەلی خۆشی گوتی کە ئەم پرۆسەیە بە لایەک بەڕێوەناچێت. گوتی، فڕین بە باڵێک ناکرێت. لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵات بە دەرکردنی یاسای ڕیالیست و بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە پەرلەمان، متمانەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە تەواوی کۆمەڵگەدا زیاد بکات.
ئەگەر بڕیارە ئەم پرسە بنەڕەتییە لەگەڵ بەردەنگ چارەسەر بکرێت، ئەوا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ دەستی بگاتە هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد. لە پاڵ ئەمەشدا، بابەتی 'مافی هیوا' کە دەوڵەت باخچەلی بەڵێنی دابوو، پێویستە بخرێتە کارنامەی کارەوە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپاش خوازیاری جێبەجێکردنی مافی هیوان. ئەم جۆرە بڕیارانە، بەگوێرەی دەستووری تورکیا، بڕیاری یاسایین کە پابەندبوون و جێبەجێکردنیان ناچارییە.
پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەبێ دەرکردنی یاساش دەتوانرێت چارەسەر بکرێت
گەلی کورد مەراقی ئەوە دەکات ئایا پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە قۆناغی دووەمدا لە کارنامەی پەرلەماندا دەبێت، بەڵام لە ڕاگەیاندراوەکانی شاندی دەم پارتی تێدەگەین کە هیچ باشتربوونێک لە پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا لەئارا نییە. هۆکاری ئەمە چییە؟
پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاستیدا پرسێکە بەبێ دەرکردنی یاساش لە پەرلەماندا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. هەربۆیە دوای ٢٥ ساڵ مافی هیوا لە کارنامەدایە. ڕێبەر ئاپۆ ٢٧ ساڵە لە هەلومەرجی دیلگرتندایە. بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەورووپا، دەتوانرێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە بەناویەوە دەکرێن، بڕیاری بێچەکبوون دراوە. ئەم دۆخە بۆ هەموو ئەندامانی پەکەکە و گەریلا یاسایەکی تایبەتی پێویستە. ئەم یاسایە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ڕێبەر ئاپۆوە هەیە. ئەو یاسایەی کە دەبێت دەربکرێت، دەبێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە. دەبێت ئەو یاسایەی دەردەکرێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە؛ یاسایەک دەربچێت و بەڕێوەبەریی پەکەکە و گەریلا بگرێتەوە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ بخرێتە دەرەوەی ئەم یاسایە، جێی قبووڵکردن نییە. ئاخر دابەشکردنی بەڕێوەبەریی و کادرانی پەکەکە، شەڕڤانان بەپێی کاتیگۆرییەکان، پرۆسەکە خاو دەکاتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەو یاسا تایبەتەی کە بڕیارە دەربکرێت یان یاسای ڕاگوزەر بەپێی ڕۆحی پڕۆسەکە بێت و تایبەتمەندییەکی هەبێت کە سەرکەوتنی پڕۆسەکە مسۆگەر بکات. کەواتە ئەگەر مرۆڤ سەیری هاوار و گلەیی ئەو کەسانە بکات کە دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، دوژمنایەتی ئەو کەسانەی کە پارتەکەیان کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە لە ژێر ناوییدا دەکرێت و کۆتاییان بە تێکۆشانی چەکداریی هێناوە و بڕیار دەدەن، ئەوا چۆن ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت؟ پێمان وایە پەرلەمان کە گوێ لە هەموو ئەو لایەن و ئەکتەرانە دەگرێت کە خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە دەکەن، دەبێت بە عەقڵانی نزیک ببنەوە و ئیرادەیەک بۆ بڕیاردانی درووست نیشان بدەن.
لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت.
مەهەپە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی خۆی ئامادە کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی پارتەکانی دیکە ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش دەکەن، ئەو پرسانەی کۆمیسیۆن لەسەری ڕێککەوتوون دەخرێنە کارنامەی پەرلەمانەوە. وەک ئەوەی بە ڕای گشتی ڕاگەیەندراوە، هەندێک پێشنیاری یاسایی، دادوەری، ئیداری و سیاسی و ڕێسای یاسایی پێشنیار دەکرێن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەلایەن پەرلەمانەوە دەدرێت. داواکاری تایبەتتان هەیە سەبارەت بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکردنی یاسای سیاسەت و ئازادییە دیموکراتیکەکان. دەبێت پەرلەمان لەم قۆناغەدا چ ڕۆڵێک لەئەستۆ بگرێت؟
هەر پارتێک ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی پەرلەمان کردووە. سەرۆکی پەرلەمان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، یاسایەک پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت. بێگومان گەیشتن بە قۆناغی خستنەڕووی یاسا بۆ پەرلەمان گرنگە. شتە سەرەکییەکە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە کە چۆن دەبێت.
ڕێبەر ئاپۆ دەیان ساڵە هەمیشە ویستویەتی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت، کۆمیسیۆنێک لەناو پەرلەمان دابمەزرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە. جەهەپە و پارتەکانی تریش ویستوویانە ئەم پرسە ببەنە پەرلەمان. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت و لە ئەنجامدا کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا. دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بوو. هەرچەندە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام کاری گرنگی ئەنجامداوە. ئێستا چاوەڕوانییەکان ئەوەیە بەپێی ئەم کارکردنە یاسایەک دەربکرێت.
بێگومان چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە ئەو هەنگاوانەی ناومان ناوە، پێگەیەکی یاسایی بەدەست بهێنین و ئازادی سیاسەتی دیموکراتیک بەبێ هیچ "ئەگەر" و "بەڵام"ـێک مسۆگەر بکرێت. سری سورەیا ئۆندەر دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات ڕایگەیاند، بۆ بەدیهێنانی ئەمانە پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن. مادام بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە و هەموو کەسێکەوە وەک شتێکی ئەرێنی سەیر کراوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، ئەو پێویستییە یاسایی و سیاسیانەی کە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات مسۆگەر دەکەن، لەلایەن پەرلەمانەوە جێبەجێ بکرێن.
پەرلەمان تا ئێستا تەنها ڕۆڵێکی نەرێنی لە پرسی کورددا گێڕاوە. یاساگەلێک کە نکۆڵیکردن لە کورد و تورککردنی کوردی کردووە، دەرکردووە. لەو قۆناغەی پێی گەیشتووین، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت. بەبێ ئەم ڕۆڵە نە پارتەکان دەبنە ئۆرگانێک کە بە مانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت بکەن، نە پەرلەمان دەبێتە شوێنێک کە پرسەکان چارەسەر بکات. هەربۆیە ئەم قۆناغە وەک قۆناغێک دەبینین کە سیاسەت و پەرلەمان گەورەیی خۆیان دەسەلمێنن. ئەگەر ئەم ڕۆڵە نەگێڕن، سیاسەت و پەرلەمان دەبنە دامەزراوەگەلێک کە کۆمەڵگە فریو دەدەن. بەوپێیەی دەستیان نەخستۆتە سەر پرسە بنەڕەتییەکانی تورکیا، لە تورکیا متمانە بە پارتەکان و سیاسەتمەداران زۆر کەمبووەتەوە.
