بەلجیکا: ئێمە بەرانبەر هەڕەشەکانی ترەمپ هیچ دەسەڵاتێکمان نییە

دوێنێ



تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، دەربارەی دۆخی ڤەنزوێلا و گرینلاند، ڕایگەیاند: بەڵێ، یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون، ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمە.

پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەم 2026، ڕۆژنامەی 'ستاندارد'ی بەلجیکی بڵاوی کردەوە "دوێنێ چوارشەممە، تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگری، لە بەردەم لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی بەلجیکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دۆخی ڤەنزەوێلا و گرینلاند گوتی: من کەسێکی دووڕوو نیم، بەڵێ یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشیل کراون. ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەخت و بە ئازارداین کە دەبێ هاوار بکەین: بابە گیان، فریامان بکەوە!"

فرانکلین، گوتیشی: کردەی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا و ڕفاندنی سەرۆکەکەی و هەڕەشەکانی بۆ سەر گرینلاند، بێگومان پێشێلکردنی  یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمەی ئەورووپایی؛ ئاشکرایە لەمەو دوا 'هێزی ڕەق' واتە توانای سەربازی،  پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەڕێژێت. 

وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە بڕوای من، دەبێت لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی گرینلاند، بە جددی وەربگیرێن، چونکە کاریگەرییان لەسەر بنەماکانی پێکهاتەی ئەمنیمان و پەیوەندییەکانیمان لەگەڵ ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە هەیە."

فرانکێن، لایوایە، تەنها لەبەر ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنانی کەم لەو "هێزی ڕەق"ـە و توانای سەربازیماندا کراوە، ئێستا ئەورووپا پەراوێز کەوتووە و تەنیا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت. ئەو گوتی: ئێمە لە جیهانێکدا بەئاگا دێینەوە کە جارێکی دیکە بە ئاشکرا لەلایەن هێز و توانای سەربازییەوە دیاری دەکرێت. جیهانێک، کە تێیدا تێڕوانین و باوەڕی ئێمە بە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی، بەهەند وەرناگیرێت.

 وەزیری بەرگریی بەلجیکا،  ڕەخنەی توندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە بەردەوام ڕەخنە لە ئەمەریکا و ڕەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەربازی دەستەودامانی دەبن. 

فرانکلین، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرکردایەتییە لاوازەکەی ئەورووپا و بەلجیکا لە دەیەکانی ڕابردوودا ئێمەی خستووەتە چ پێگەیەکەوە؟ لە پێگەیەکدا کە بەڕاستی دەبێت بە ئاغاکەی واشنتن بڵێن: بابە، بابە گیان، تکایە بەزەیت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە! ئەمە بەئازارە، ئەمە خۆش نییە، بەڵام چیمان لە دەست دێت؟

بە بۆچوونی وەزیری بەرگریی بەلجیکا، ئەورووپا دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە یەکپارچەیی خاک و دڵسۆزی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا جێگەی گفتوگۆ نین. بەڵام ئێستا ئەورووپا لە ڕووی سەربازییەوە زۆر لە دواوەیە و ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمەریکا ببێتەوە. 

فرانکلین، هەروا گوتی: ئەم دۆخە تەنیا بۆ بەلجیکا نییە، بەڵکوو زۆر وڵاتی ئەورووپایی دیکە هەن کە بە تەواوەتی ڕادەستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بوونە.. 

وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریمان بەردەوامە، بەڵام ئەمە کارێکی درێژخایەنە و کاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە؛ دەبێت خۆشمان لەو لێدوانانە بپارێزێن کە خاڵە لاوازەکانمان دەردەخەن و زیان بە ئاسایشیی وڵات و ئەورووپا دەگەیەنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار