جەنگ و قەیرانی دیاریکردنی جێنشینی خامنەیی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ساڵانێکە پرسی هەڵبژاردنی جێنشینی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک چرکەساتێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە لێکدەدرێتەوە. زۆرینەی شارەزایانی کاروباری ئێران پێیان وابووە، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییوە چیتر ئێران ئێرانی پێشوو نابێت.
ئەم تێڕوانینە لەسەر بنەمای ئەو میکانیزمە بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری پێکردووە. بەشێوەیەک رابەی باڵا (عەلی خامنەیی) بڕیاردەری یەکەمی بڕیارە ستراتیجی و گرنگەکانی وڵات بووە. هەر بۆیە نەمانی ئەم پایە گرنگەی کۆمارەکە وەک بوومەلەرزەیەک تەماشا کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی فارسی، مەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی هەر لە سەرەتاکانی جەنگەکەوە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە هەردوو وڵات دەیانەوێت لە رێگەی لەنێوبردنی رابەری باڵاوە سیستمە مەرکەزییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی بوومەلزەیەک بکەن کە چیتر نەتوانێت خۆی بە پێوە رابگرێت.
بەڵام پێدەچێت هاوکێشەکە بە جۆرێکی دیکە بێت، بی بی سی دەڵێت، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییەوە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی لەگەڵ نەمانی عەلی خامنەییدا خۆی بگونجێنێت و بە توانایەکی زۆرەوە بەردەوام بێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکە و ئیسرائیل. لێرەوەیە ئاڵۆزیی رژێمەکە ئاشکرا دەبێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، لە کاتێکدا عەلی خامنەیی بەشێوەیەکی تاکڕەوانە رژێمەکەی بەڕێوەدەبر، کۆمەڵێک دامەزراوەی بیناکردبوو، ئێستا لە غیابی ئەودا درێژە بە پاراستنی سیستمەکە دەدەن. ئەو سیستمە تاکڕەهەندەی کە ساڵانێکە هۆکاری داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئێستا ئەم دامەزراوانە بوونەتە فریادڕەسی.
ئایا ئەم خۆڕاگرییە رژێمی کۆماری ئیسلامیی بەربەستی جدی بۆ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دروست دەکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ئێستادا ئەستەمە. پێدەچێت چاوەڕوانییەکانی واشنتن و تەلئەبیب بۆ ئەم خۆڕاگرییە رژێم لە دوای نەمانی خامنەییەوە کورتبینانە بووبێت. هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەشی زۆری بنکە و سەکۆ مووشەکییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، زیانی زۆری بە توانای رژێمەکە گەیاندووە، بەڵا بۆ بردنەوەی گرەوەکە رەنگە واشنتن و تەلئەبیب ناچاربن هێزێکی زیاتر و توانایەکی زیاتر بخەنە کار بۆ بردنەوەی گرەوەکە و هەڵوەشندنەوەی پلانەکانی خامنەیی بۆ دوای نەمانی خۆی.
