پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن

دوێنێ



شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە؛ تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان وەڵامی یەکێتی بوو بۆ پەیامی هۆشیار زێباری بۆ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدایە بەرلەوەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق یەکلایی بکرێتەوە لەناوخۆ بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەم یەکلایی بکرێتەوە، مەرجی سەرەکیی پارتیش بۆ پشتیوانیکردنی کاندیدی یەکێتی لە بەغدا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەوەیە: دەبێت پێش 28ـی ئەم مانگە (کە دوا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە)، پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕابسپێردرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەگای مەکتەب سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤا میدیا کەوتووە، هەردوولا لەسەر کارنامەی هاوبەشی حکومەت هاوڕان کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون، هاوکات لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی کوردستان و مەسەلەی سەرۆککۆمار بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.

ئاڤا زانیویەتی کۆبوونەوەی ئەمجارە بەراورد بە کۆبوونەوەی پێشتر باشتر بووە، لە هەندێک شت لێکتێگەیشتن هەبووە، بەڵام لە پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

زانیاریی زیاتر: هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تر بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار