ڕژێمی شەرع و تورکیا، هەلیان بۆ هەڵکەوتووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



شاسوار هەرشەمی

سەرەڕای ئەمەش کە هێشتا ڕێکەوتنی نێوان سوریا و ئیسرائیل، ڕووخسار و وردەکارییەکانی دیار نیە، بەڵام ئەگەر تەنیا گفتی پەسەند کردنی داواکارییەکانی ئیسرائیلیشیان دابێت، کە ئەمەش لەگەڵ قسە تازەکەی ئەردۆگان دێتەوە، کە گوتی، ئێمە و سوریا و ئیسرائیل، دەتوانین بەیەکەوە، بەهێزترین هاوپەیمانیەتی سێ لایەنە دروست بکەین.

کەواتە ئەوان ئەمڕۆ، هەر ئەمڕۆ نەوەک بەیانیی، باشترین هەلیان بۆ هەڵکەوتووە، تا پەلاماری لاوازترین خاڵی کورد بدەن، کە دوو گەڕەکی سێزدە ساڵ گەمارۆدراوی ناو حەلەبن. کوردانی ئەو دوو گەڕەکە ئابڵۆقەدراوەی حەلەب، هەرچەندە قارەمان و سوپەڕمانیش بن، شەڕ لە شوێنێکی بێ پشتیوانیی و گەمارۆدراو، لە کۆتاییدا، شەڕی خۆتڕێنە.
 
ئا ئێستا و هەر لەم کاتەدا، ئەگەر هێزە تەکفیرییە سوریی و بیانییەکانی سەر بە تورکیا بێنە ناو دوو گەڕەکەکەش و کوشتاری خەڵکەکەش بکەن، دڵنیا بن نە ئەمەریکا و نە هیچ دەوڵەتێکی دیش نوزەیان لێوە نایەت، مەگەر هەر سەرکۆنەکردنێکی لابەلا، چونکە ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن، کە ئاخۆ دەستەڵاتی شەرع و ئەردۆگان، بەمزوانە چی بۆ ئیسرائیل دەکەن.

لەبەر ئەم هۆیانەیە، کە ئەگەر شەڕیش لە حەلەب ڕابگیرێت، ئەوا کاتییە و 
 زوو بێت یان درەنگ، دیسان هەڵدەگیرسێتەوە. ئێرە خاڵی لاوازی قەسەدەیە و تواناکانیشی لەوێ بەفیڕۆ دەچێت.

ئەگەر زەماوەندی نێوان سوریا و ئیسڕئیل درێژە بکێشێت و تورکیاش ببێتە بەربووکی زەماوەندەکە، ئەوا بە دڵنیایی، دوای شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، پەلاماری بەنداوی تەبقە و کۆبانی و دێرەزوور و تا شوێنەکانی دیش دەدەن و سود لەو هەلە وەردەگرن، کە بە ڕازی کردنی ئیسرائیل دەستەبەریان کردووە.

من کاتی خۆی و لە سەرەتای شەڕەکانی عفرین، هەر لەم دیوارەدا نووسیم، کە (ئەوکات) یەپەگە، باشترین شتێک بیکات، ڕاگواستنی نیو ملیۆن دانیشتوانی شار و گوندەکانی عفرینە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فرات و لەوێ زەوی و زاری چۆل، یەکجار زۆر و فراوانە و دەتوانن ئاوەدانی بکەنەوە. نەیانکرد و نیو ملیۆن لە کەس و کاری خۆیان، بەناو تورکیا و سوریادا بڵاوکرانەوە و دواتر وەک ئاردی ناو دڕکیان لێهات و لەدەست چوون. 

کاتێک کە هێزەکانیشیان لەو دوو گەڕەکەی حەلەب بردە دەرێ، هەلێکی گونجاو بوو، تا خەڵکی دوو گەڕەکەکەیان هاندابووایە لەگەڵیان بپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی فرات. 
سنوری دەوڵەتانی ساوا، ئاوا دروست دەبێت و خاک گۆڕینەوەی ناچاریی دێتە بەردەم پڕۆسەکە، کە پرۆسەیەکی دوو لایەنەیە. واتا قازانج و زیانیشی هەیە.

دەزانم هەندێک خەون بە گەیشتنە سەر دەریا و خەیاڵپڵاوی دەست بەرنەدان لەخاک دێننە گۆڕێ. گوێبگرن، خاکێک کە نەتوانیت بیپارێزیت، بە بەرنامە چۆلی بکەیت و خەڵکەکەی سەری لە دەست نەدەیت، زۆر لەوە باشترە کە لە عفرین ڕوویدا و خاک و خەڵکمان لەدەستدا.
 
هەروەک قەسەدە، لە باشترین حاڵدا، گەر دەستەڵاتی دیمەشق لەگەڵ ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا ناتەبا بێت، ئەوا بە حاڵ دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی پان و بەرینی ڕووباری فرات بپارێزێت. 

کوا ئەگەر نیو ملیۆنەکەی عفرینیش ئێستا لە پاراستنی ئەو ناوچانە بەشدار بوونایە. 
کوا دانیشتوانی ئەم دوو گەڕەکە، بیانتوانیبوایە، بیست گوندی تازە، لە حەسەکە و دەشتایی ڕەققە دروست بکەن و بە چەکی خۆیان ماڵەکانیان بپارێزن!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار