ئیسلام و کورد و برا ساختەچییەکانمان!
دوێنێ
عەبدوڵا مەلانوری
بە بڕوای ئێمە دەستپێکی ئایین-ڕزگاری، سەبارەت بە داگیرکەران و دووژمنانی گەلەکەمان، لەو گۆشەیەوە کە بۆ ئێمەی هەناردە دەکەن، لەو دەقە قورئانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دەفەرموێت: "وإذا سألك عبادي عني فإني قريب." واتە هەر کاتێک بەندەکانم لەبارەی منەوە پرسیاریان کرد؛ ئەوا من نزیکم.
کەواتە بۆ ئەوەی ئێمەی کورد بگەین بە خودا، بۆ ئەوەی لە پەیام و ئایینەکەی تێبگەین، هیچ پێویستمان بە ئایینی لەقووتوونراو و هێنراوی ئەودیو سنوورەکان نییە (واتە تورکی، قەتەری، سعودی، ئێرانی…هتد)؛ بەڵکو خۆمان لە هەر کەس باشتر دەتوانین لێی تێبگەین.
هەر کەس و گروپێکی کوردیش، بە هەر هۆکارێک خۆی گرێدراوی ئایینی لەقووتوونراو بکات، دەبێت بە چاوی (میرزا غوڵام)ەوە تەماشای بکەین و وەک خۆرکە و مۆرانە، هێڵی سووریان بە چواردەوردا بكێشرێت، تا گەلەکەمان بە باشی بیانناسن.
هەروەک لە ئاست ئەو دەوڵەت و ڕێکخراو و لایەنە غەیرە کوردییانەدا، کە بانگەشەی هاوئایینی و برایەتی لەنێوان خۆیان و ئێمەدا دەکەن، یەک پێورەمان هەیە؛ ئەویش گەڕانەوەیە بۆ دەقی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر موحەمەد (د.خ)،کە دەڵێت: "لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه".
واتە: هیچکام لە ئێوە ئیماندار نییە، هەتا ئەو کاتەی پێیخۆش دەبێت بۆ براکەی، ئەو شتەی، کە بۆ خۆی پێیخۆشە.
لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر بە دیقەتەوە، وشەی برا-کەی پێش وشەی خۆ-ی خستووە. واتە نەهاتووە بڵێت: ئەوەی بۆ خۆت پێتخۆشە بۆ برا-کەشت پێت خۆشبێت، بە پێچەوانەوە گوتوویەتی: "بۆ برا-کەت ئەوەت پێخۆشبێت، کە بۆ خۆ-ت پێتخۆشە!"
بەڵام داگیرکەرانی قوڕمساخی گوایە-هاوئایینی ئێمە، ڕێك بە پێچەوانەی ئەو فەرموودەیەوە، هاتوون پەیڕەویی لەو پەندە کوردییە دەکەن، کە دەڵێت: "ئەوەی خۆم دەخۆم، ئەوەی تۆش هەر دەخۆم!" واتە داگیرمان دەکەن، قسەش بکەین کۆمەڵکوژمان دەکەن، بەرگری بکەین دەمانکەن بە تیرۆریستی-بێئایین، گەر بڵێین: ئێمەش موسڵمانین خوا قبووڵناکات؛ پێماندەڵێن: دەمتان دابخەن، ئایینەکەی باوباپیرنتان، ئایینەکەی شێخ سەعید و قازی موحەمەد و مەلای گەورە و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس...هتد، تەواونییە، بەڵکو ئەو ئایینە لە قووتوونراوە تەواوە، کە لە بازاڕەکانتاندا، بریکارەکانمان بازرگانی پێوەدەکەن.
لەم ڕووەوە بۆچوونی ڕاشکاوی ئێمە ئەمەیە: ئەوانەی لەم سەرزەمینەدا بانگەشەی موسڵمانبوونی خۆیان دەکەن، لە وڵاتانی دەوروبەرمانەوە تا دەگاتە ئەو پەڕی دوونیا، وەک پێغەمبەر موحەمەد فەرموویەتی؛ دەبێت بۆ ئێمەی کورد پێیان خۆشبێت، هەر شتێک، کە بۆ خۆیان پێیانخۆشە.
واتە ئەگەر بۆ خۆیان ئازادی و دیموکراسی و ئاوەدانی و کلتوور و زمان و سوپا و پێشکەوتن و ئەتۆم و سەربەخۆیی و دەوڵەتیان پێخۆشە؛ ئەوا دەبێت هەموو ئەوانەشیان بۆ ئێمە پێخۆشبێت و لە هەوڵی بەدەستهێنانیاندا پشتگیریمان بکەن، نەک بمانکوژن.
بە مانایەکی دیکە ئەگەر دەرحەق بە خۆیان نادادی و داگیرکاری و ستەمکارییان پێناخۆشە، ئەوا نابێتداگیرکەری یەک بست لە خاک و نیشتیمانی ئێمەش بن.
بەڵام ئەوی بەناو برا و بەناو ئیماندار بیەوێت ئایین بەکاربهێنێت بۆ داگیرکردنی نیشتیمانەکەم و کۆیلەکردنی گەلەکەم؛ ئەوا با هەر بڵێت موسڵمانم، نەک هەر برا نییە، بەڵکو دووژمنە. دەبێت گەلی ئێمە بە یەکدەنگی، بەناو برا درۆزن و ستەمکارەکانی ڕەتبکاتەوە و بە دەنگی بەرز بڵێین: دروشمى فریودەرانە و بەتاڵى ئایینىی، هیچ کەس ناکات بە برامان، بەڵکو برای ئێمە هەر کەس و لایەنێکە، لە باوەڕدارێکەوە تا دەگات بە بێباوەڕێک، کە سەربەستی و ژیان و ئاشتی و ئازادی و ئاوەدانی بۆ گەل و نەتەوە ونیشتیمانەکەی منیش دەوێت.
بۆ گەلی بێدەرەتانی ئێمە، ئەمەیە خودتیماری-ئایینی.
چەند پەرەگرافێک لە کتێبی #مەشخەڵی_ژیانەوە ،
