ئاشتی سەپێنراو

24 كاتژمێر لەمەوپێش



هۆزان قادر

جیهان بەسەرکردایەتی ترامپ بەرەو سیستمی نیۆڕیالیزم هەنگاوی گەورەی ناوە. یەکێک لە چەمکە باوەکانی ئەم ڕۆژانە بریتیە لە چەمکی “ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە” ئەمە لەگوتاردا ئەمریکا خاوەنداری دەکات، بەڵام لەواقعدا دونیای ئەمڕۆ بەم تیۆرە دەڕوات بەڕێوە.

هەموو زلهێزانی دونیا تەنانەت چین و ڕووسیاش کار بەم تیۆرە دەکەن، لانیکەم لەدوای دەستبەکاربوونی ترامپ.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل ڕابەرایەتی ئەم تیۆرە دەکات و تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە، بەتایبەت لە دەریای عەرەب و بابلمەندەب لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەنگاوی گەورەی ناوە لە دابەشکرنی سۆماڵ و هەنگاونان بۆ لەتکردنی باشوری یەمەن. ئەمە جگە لە جەنگی غەززە و تواندنەوەی حیزبوڵا و شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و گۆڕینی ڕژێمی سوریا.

لەم دۆخەدا کە زلهێزە ناوچەیی و جیهانیەکان هەوڵی پراکتیزەکردنی ئەم تیۆرە دەدەن لاوازەکان یاخود ئەوانەی خاوەن دەوڵەت نین چیبکەن؟

مانگی ٩ی ساڵی ڕابردوو بڕیار وابوو ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنێکی ئەمنی و ستراتیجی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات لە نیوۆرک، بەڵام گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و ڕوبەڕوبوونەوەی عەلەویەکان و ڕژێمی سوریا لە تەرتوس و لازقیە ڕێککەوتنەکەی دواخست.

دواجار لەم ڕۆژانە ڕێککەوتنەکە کە هەماهەنگی نێوان ئیسرائیل و سوریایە بەتایبەت لە بەشی باشوری ئەو وڵاتە لە پاریس جێبەجێ کرا. لەدوای ئەم ڕێکەوتنە سوریا و تورکیا لەئاستێکی باڵای هەواڵگری و سەربازی کۆبوونەوە، دەرئەنجام هێزەکانی شەرع بڕیاری شەڕیان دا و لەم ساتەدا توندترین ڕوبەڕوبوونەوەی هەسەدە و حکومەتەکەی شەرع لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەردەوامە.

ئایا لەڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سوریادا باس لەم هێرشە کراوە؟
  
زۆر گرنگە کورد وەڵامی ئەم پرسیارە بزانێت. ئەگەر شەرع بۆ ئەم هێرشە ئۆکەی ئیسرائیل و ئەمریکای هەبێت مەترسیدارە و هەنگاوی دواتر ناوچەکانی تری ڕۆژئاوایە.
لە وەها بارودۆخێکدا گرنگترین هەنگاو ئەمانەن:

١-لەم دۆخەدا پێویستە دروستکردنی لۆبی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە لە ئەولەویەتی هەسەدە بێت، پاشان گەشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بە نێوەندگیری ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا.

٢- ئەگەر حکومەتی سوریا لەپێناو دروستکردنی دیفاکتۆیەکی نوێدا لە حەلەب ئەم شەڕەی لەلایەن تورکیاوە پێبکرێت ئەوا دوشەشی کوردە و دەشێت وەک دەستکەوتێکی گرنگ هەسەدە سەرمایەگوزاری پێوە بکات و بە لۆژیکی “ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە” مامەڵە بە دۆخەکەوە بکات و لەڕوی سەربازیەوە خۆی بسەلمێنێت لەپێناو گەڕانەوەی ئاشتی. ئەم هەنگاوە دەکرێت بەجۆرێک سەرمایەگوزاری پێوە بکرێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئیسرائیل و سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار