ناتانیاهۆ و ڕوبیۆ تاوتوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکەن
3 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرچاوەکان باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەو دوو بەرپرسە لە پەیوەندییەکدا باسیان لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کردووە، لەوانە دۆخی ئێران. بە گوێرەی فۆکس نیوز ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە "ئامادەباشییەکی بەرزدا" بووە.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران پێیان ناوە هەفتەی سێیەمی خۆیانەوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە کە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە دۆخی غەززە، پێشهاتەکانی سوریا و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێران.
هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە کە ناوەکانیان نەهاتووە، ناتانیاهۆ و ڕوبیۆ، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە باسیان لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران، دۆخی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە غەززە کردووە.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ناتانیاهۆ و ڕوبیو هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستوەردانی ئەمەریکایان لە ئێران تاوتوێ کردووە.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە ئامادەی گفتوگۆکە بووە، ئەمەی پشتڕاستکردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمەریکایی تەنها پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئامادەنەبوو وردەکارییەکان بخاتەڕوو.
هاوکات باراک ڕاڤید، سەرپەرشتیاری ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پەیوەندییە گفتوگۆیەکی ڕۆتینی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی نائارامییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی زیاتر بووەتەوە.
ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڕژێم پەنا بۆ توندوتیژیی بەربڵاو ببات، ئەمەریکا وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەداتەوە.
