کەجەکە: هێرش بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات ئاگربەست دەخاتە ژێر گومانەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
کەجەکە بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە هێرش بۆ سەر حەلەب گرت و ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر حەلەب شكاندنی ئاگربەست بوو، پێویستە هەنگاو و کردارە تێکدەرەکان لە پڕۆسەکە دووربخرێنەوە.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر دوو گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە پرۆسەکەدا ڕاگەیاندراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، ئامانجی هێرشەکانی سەر حەلەب لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە و ئەم هێرشانە بۆ شکاندنی پرۆسەی ئاگربەست بوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لەو ڕێباز و سیاسەتانە کراوەتەوە کە پرۆسەکە تێکدەدەن و کەجەکە دەڵێت: بەبێ دوودڵی و بە بوێرییەوە بەرپرسیارێتی خۆمان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا جێبەجێکردووە؛ داوا لە حکومەت و بەرپرسانی دەوڵەتیی ئاکەپە و مەهەپە دەکەین کە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێویستە گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک تێکۆشانیان بەهێزتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک کە پرۆسەکە لەناودەبات ڕاوەستێندرێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەمشێوەیەیە:
“ئامانج لە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب نەهێشتنی کوردان بوو لەو ناوچانە. ئەو کەسانەی کە دوای ڕێککەوتنی ١ـی نیسانی ٢٠٢٥ لە نیوان حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەرپرسیارێتی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکەیان لەسەر شان بوو شەهیدکران. ئامانج ئەوەبوو کە ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک نەهێڵن. ئەم هێرشانە کە لەسەر بنەمای دژایەتی کوردان کران، ئامانجیان ئەوەبوو کە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک نەهێڵن کە گەلی کورد شانبەشانی عەرەب و سریانی و گەلانی دیکەی سووریا دایانمەزراندووە. ئەم هێرشە درێژەپێدەر و بەشێکە لە زنجیرە هێرشێک دژی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا دەژێت.
کاتێک چەتەکان بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک دەستیان بە هێرشەکان کرد، هێزەکانی ئاسایشی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەش دەستیان بە بەرخۆدانی خۆپاراستن کرد. خۆپاراستن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە ئامانج لێی لەناوبردنی کورد و نەهێشتنیەتی مافێکی ڕەوایە. ئەنجوومەنی گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و گەلەکەیان بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ١ـی نیسان بۆ پاراستنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکیان بەشدارییان لە بەرخۆدان کرد. بەڵام بۆ ئەوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کە لە سووریا سیستەمیكی دیموکراتیکی بونیادناوە نەهێڵن، ئەو هێزانەی سووریا کە دژە دیموکراتین هێرشیان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستپێکرد. ئێمە بە ڕێز و سوپاسەوە ئەو کەسە قارەمانانەی کە دژی هێرشەکان بەرخۆدانیان کرد و شەهیدبوون بەبیر دەهێنینەوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ شەڕڤانانی ئاسایش کە برینداربوو دەخوازین. هەروەها داوا لەو کەسانە دەکەین کە لە گەڕەکەکانیان دوورخراونەتەوە بۆ ئەوەی “لە کوردان دوور بن” لە زۆر ناوچەدا پەرش و بڵاوبوونەتەوە وەک مافێکی ڕەوای خۆیان بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان. ئاواتی شەهیدان و ئەوانەی قوربانییان داوە لە سووریایەکی دیموکراتیک و ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەردا دەژین.
بێگومان ئەم هێرشانە دوای کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، ئیدارەی دیمەشق و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوویانداوە. هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب لە هەمان ڕۆژدا ڕوویدا کە ڕێککەوتنێک کرا بۆ ڕادەستکردنی باشووری دیمەشق بە ئیسرائیل. ڕاستینەی بە ئامانجگرتنی گەڕەکەکان دوای ڕێککەوتنی دیمەشق دەرخەری ئەوەیە کە ڕەزامەندی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمەکە وەرگیراوە، یان سوود لە بێدەنگییان وەرگیراوە. هەروەک ئاشکرایە کە ئەمریکا و فەڕەنسا نێودەندگیرییان لە نێوان دیمەشق و شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە.
دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتاوە دەستی لە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب هەبووە. لێدوانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە ڕوونی ئەمەیان بەدەرخستووە. ڕاگەیاندن و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ڕێبازێکیان گرتووەتەبەر وەک ئەوەی سوپای دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ لە شەڕدایە. لە ڕاستیدا فەرماندەیی قەسەدە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانکی دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا بەشدار بوون. تەنانەت ئاماژەیان بەوە کرد کە بەشێک لە ئەفسەرانی دەوڵەتی تورک بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی ئەم شەڕەدا کردووە. سیاسەتی دەوڵەتی تورک، کە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی قەسەدەیە، بە تەواوی دژە کوردە. ئەوان درێژەیان بەو قسە و هێرشانە داوە کە دژی کورد و تەڤگەری ئازادیی کورد، کە پێش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پرۆسەی هەڵمەتی “بێ کوردکردن” لە حەلەب ئەنجامیان داوە.
لە کاتێکدا کە پەکەکە کۆتایی بە چالاکییەکانی لەژێر ئەو ناوەدا هێناوە و لە ١ـی ئازاری ٢٠٢٥ـەوە ئاگربەست لە ئارادایە، ئەم هێرشانە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان، کە بە بەردەوامی ئاماژە بە پەکەکە دەکەن، هێرشکردنە بۆسەر تەڤگەری ئازادیی و هەوڵدانە بۆ پەکخستنی ئاگربەست کە بە وردی جێبەجێ کراوە. چۆن دەکرێت باس لە پڕۆسەیەک بکرێت لە کاتێکدا تەڤگەری ئازادییمان لایەنێکی ئەم پرۆسەیەیە و بە بەردەوامی هێرشی دەکرێتەسەر؟ بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای ئاگربەست و دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەکداری دامەزراو بێت، چۆن بەم ڕێبازە بەردەوام دەبێت؟ لە ژێر ناوی تیرۆر و تیرۆریستان هێرش دەکرێتە سەر کورد، لە هەمان کاتدا باس لە برایەتی کورد-تورک دەکرێت! ڕوونە کە ئەمە جێی باوەڕی نییە بۆ کورد.
هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و نزیکبوونەوە و هەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەت بەرامبەر بە تەڤگەرەکەمان هەوڵێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەم هێرشە لە کاتێکدابوو کە دانووستان لە نێوان ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتی دیمەشق بەڕێوەدەچوو. ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵا ئۆجالان) داوای کرد کە ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار بەبێ ململانێ جێبەجێ بکرێت و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت. پەیامی خۆی سەبارەت بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان و چەندین بابەتی دیکە گەیاندە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کورد هانی ئەو هەنگاوانە و دروستکردنی کەشێکی متمانەمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەم هێرشە لەم قۆناغەدا کە دەستپێشخەری و هەنگاوی لەم شێوەیە دەگیرێنەبەر، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە داخوازی بۆ چارەسەریی نییە. ڕوونە کە ئامانجیان گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە.
ڕاگەیاندنی دەوڵەتی تورک و عومەر چەلیک، وتەبێژی دەوڵەت بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە ئەم هێرشانە تەنها لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب سنووردار نابن. بەکارهێنانی دەستەواژەی “تورکیا بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر” لەلایەن عومەر چەلیکەوە ئەوە دەردەخات کە ئەم هێرشانە بڵاودەبێتەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و تەواوی ئەو ناوچانەیە کورد تێیاندا نیشتەجێیە. لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی کورد بۆ ئازادیی و دیموکراسی بە تیرۆر ناوزەند دەکەن. هەروەها دەیانەوێت سیستەمی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی هەڵوەشێننەوە. بە کورتی دوژمنایەتی بەرامبەر کورد یەکسانە بە دوژمنایەتییە بەرامبەر دیموکراسی لە هەموو وڵاتێکدا کە کورد تێیدا دەژی.
هێزە نێودەوڵەتییەکانیش پاڵپشتی ئەم دوژمنایەتییه دەکەن کە بەرامبەر دیموکراسی له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێت. ئەم پشتگیرییە لە هەمان کاتدا بە مانای پشتگیرییکردنی سیاسەتی قڕکردنە دژی کوردان. بە ڕاستی کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کورد، ئەو هێرشانە پەسەند دەکرێن یان بێدەنگ دەکرێن. ئەم ڕاستییە لە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیشدا بینرا.
هەروەها هێرش بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکان بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات ئاگربەستی نێوان تەڤگەرکەمان و دەوڵەتی تورک و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئەو ئاگربەستە دەخاتە ژێر گومانەوە. هێرشەکان کە ڕاستەوخۆ لەم پرۆسەیەدا تەڤگەرەکەمان دەکەنە ئامانج، ئەوە دەردەخەن کە یاسای تایبەتی ڕاگوزەر کە دەوترێت ئامادەکراوە، هەنگاوێک نابێت بەرەو چارەسەری. بەو هەموو هێرشانەی کە لە دژی تەڤگەرکەمان ئەنجام دەدرێت و هێرش دەکرێتە سەر ئیرادەی دیموکراتیکی کوردان، پێدەچێت زەحمەت بێت ئەم یاسایە کەشێکی سیاسیی دیموکراتیک بۆ تەڤگەرەکەمان و کورد بکاتەوە. ئایا دەکرێت یاسایەکی قبوڵنەکراو دەربکرێت بۆ دەستپێکردنی شەڕ؟ ئەو سیاسەت و پراکتیکانەی کە ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێکدەدەن، نیشاندەری ئەمەن.
بەرپرسانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە بەرپرسیارەکان پێویستە سیاسەت و نزیکایەتییەک بگرنەبەر کە لەگەڵ ڕۆح و ئامانجی پرۆسەی ئێستادا بگونجێت و خۆیان لە هەنگاو و کردەوە تێکدەرەکان بپارێزن.
ئێمە بەبێ دوودڵی و بە بوێرییەوە بەرپرسیارێتی خۆمان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا جێبەجێ کردووە؛ داوا لە حکومەت و بەرپرسانی دەوڵەتیی ئاکەپە و مەهەپە دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بنێن.
هەروەها پێویستە گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک تێکۆشانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕاگرتنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک کە خەریکی تێکدانی پرۆسەکەن.”
