مەلا بەختیار لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دوورخرایەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پەرلەمانی عێراق وردەکاریی نوێی لەبارەی کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرا کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی زیاتر لە 80 کەس کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبوو، 70ـیان بەهۆی مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانەوە دوورخراونەتەوە و ئێستا تەنیا 11 کاندید لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە.
هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە، زۆرینەی ئەو 11 کاندیدەی کە لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە، کوردن. لەنێو دیارترین ئەو ناوانەی کە پەسەندکراون بریتین لە:
- فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی: هەردووکیان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
- نزار ئامێدی: کاندیدی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- لەتیف ڕەشید: سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، کە بۆ جاری دووەم کاندیدبوونی پەسەند کراوە.
سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لەو کەسانەی دوورخراوەتەوە "مەلا بەختیار"ـە، کە هۆکارەکەی بۆ پەسەندنەکردنی بڕوانامەکەی دەگەڕێتەوە.
پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە بەڕێوەچووە، کە تێیدا ڕەچاوی مەرجگەلێکی وەک پێشینەی تاوان و بڕوانامەی خوێندن کراوە.
پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو. بەپێی یاسا، پەرلەمانی عێراق دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی، سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت.
