لە 48 کاتژمێری داهاتوو ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار پەسەند دەکرێت
9 كاتژمێر لەمەوپێش
پرۆسەی وردبینیکردنی کردن لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق لە پەرلەمان گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو ناو کاندیدە پەسەندکراوەکان بڵاودەکاتەوە.
کێبڕکێی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆککۆمار لە قۆناغەکانی کۆتاییە، بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، لە کۆی 81 کاندید تا ئێستا 23 کاندید ماون، تەنیا نۆیان کوردن.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پەرلەمانی عێراق، بە ئاڤا میدیای وت: "پرۆسەی وردبینکردنی ناوی کاندیدانی سەرۆککۆمار لەلایەنە پەیوەندارەکان گەڕاوەتەوە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و لە کۆی 81 کاندید 23 کاندید ماون کە 12یان جێگرکراون."
٠ نۆ کورد و 11 کاندیدی دیکە، لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت، بەشێک لەم 11ـیە کوردن، ئێستا پەرلەمان عێراق، چاوەڕێی گەڕانەوەی بڕوانامەکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات.
ئەو نۆ کاندیدە کوردەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە، ئەمانەن:
٠ نەوزاد هادی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.
٠ فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.
٠ نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
٠ لەتیف ڕەشید، سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
٠ موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
٠ سەردار عەبدوڵڵا، سەربەخۆ.
٠ شوان داوودی، سەربەخۆ.
٠ عەبدوڵڵا عالیەوایی، سەربەخۆ.
٠ حوسێن تەها حەسەن سنجاری، سەربەخۆ.
دوورخستنەوەی کاندیدەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە وەکو؛ نەبوونی ئەزموونی سیاسی، دەستپاکی و نەبوونی بڕوانامە، هاوکات بەشێکیان بەر ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کەوتوون کە پەیوەستە بە ڕیشەكێشكردنی بەرپرس و ئەندامانی حیزبی بەعس.
تەواوی پرۆسەی وردبینیکردن لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانەوە تەواو دەکرێن، دواتر بە فەرمی ناوی کاندیدەکان ڕادەگەیێنرێت، کاندیدە دوورخراوەکانیش ماوەی سێ ڕۆژیان لە بەردەمە بۆ ئەوەی لە دادگای فیدراڵ سکاڵا تۆمار بکەن.
دادگا، لە ماوەی سێ ڕۆژ وەڵامی سکاڵاکان دەداتەوە، دواتر پەرلەمانیش لە ماوەی سێ ڕۆژ لیستی کۆتایی کاندیدە پەسەند کراوەکان ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، پێویستە لە 29 مانگ هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بکرێت و پڕۆسەکە کۆتایی بێت، ئینجا پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکوەزیران عێراق دەست پێ دەکات.
