سبەینێ مەزڵوم عەبدی و تۆم باراک لە هەولێر کۆدەبنەوە
7 كاتژمێر لەمەوپێش
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بڕیارە ڕۆژی شەممە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە شاری هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاند: سبەی لە شاری هەولێر، هەر یەکە لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوانیان بە نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و ڕێگەگرتنە لە پەرەسەندنی گرژیی زیاتر لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
