سینەم محەممەد: ئەمەریکا هەڵوێستی بەرانبەر دیمەشق گۆڕی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سووریا و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە.
سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وردەکاریی جموجۆڵە نوێیەکانی واشنتنی بۆ کەناڵی کوردستان24 خستەڕوو.
نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەولێر کۆبێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی مەیدانی جەنگ و دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەمریکی بۆ ناوچەی دێرحافر، نوێنەرەکەی مەسەدە ڕوونیکردەوە: "دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، سوپای عەرەبیی سووریا پلانی هەبووە درێژە بە هێرشەکانی بدات و ناوچەی دێر حافر بکاتە ئامانج."
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە چوونی شاندی ئەمریکا بۆ ئەو ناوچەیە هەنگاوێکی کرداری بووە بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە لە نزیکەوە و ڕاگرتنی هەر هێرشێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سینەم محەممەد باسی لە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا کرد بەرانبەر بە دۆخەکە و گوتی: "ڕاستە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، بەڵام ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە و هاتوونەتە سەر هێڵ.
لە کۆتاییدا، نوێنەری مەسەدە جەختی کردەوە کە لە گفتوگۆکانیاندا پەیامێکی ڕوونیان داوەتە ئیدارەی ئەمریکا و پێیان ڕاگەیاندوون: "پاراستنی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، پرسێکی هەستیار و زۆر گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت."
