دەیان گەنج لە هەرێمەوە دەچنە ڕۆژئاواى کوردستان
21 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازی ڕێپێوانی فراوانی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و داوا لە گەل و هەموو حزبەکان دەکەن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری و پشتیوانی ڕێپێوانەکە بکەن.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازییەکی بەپەلەی سەبارەت بە ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی بەشداریی لە هەڵمەتی سەفەربەریی گشتیی دژی هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە: لەم چرکەساتە مێژووییەدا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی و پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژیدایە، لەم سۆنگەیەوە و لەژێر درووشمی “یان بەیەکەوە دەژین، یان بەیەکەوە دەمرین” داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەین، لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەدابڕاوەکان خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرەو رۆژئاوا.
ئەنجوومەنەکە داواش لە هەموو حزبەکان دەکات بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە شێوەیەکی فراوان بەشدار و پشتیوانی چالاکییەکە بن، هەروەها داوا لە میدیاکان دەکات لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ببنە بەشێک لەم چالاکییە جەماوەرییە.
هەر لە بانگەوازەکەدا ئەنجوومەنەکە داوا لە ڕەوەندی کوردی دەکات، بکەونە ناو چالاکیی جۆراوجۆری جەماوەری و دیپلۆماسی و سیاسیی بەردەوام، لە پێناو پاراستی گیانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا.
سەبارەت بە کات و شوێنی خۆپیشاندانەکەش ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سبەینێ کات و شوێنەکەی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.
