بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت مایەی قبوڵ نییە
9 كاتژمێر لەمەوپێش
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکی تونددا، ئیدانەی ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و بە "کردەوەی بەربەریانە" ناویان دەبات، هاوکات داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەوەی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت مایەی قبوڵ نییە و دەبێت بوەستێنرێت. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە بەربەرییانەیە بەرامبەر بە گەلی کورد دەکەین." هەروەها هۆشداریشیدا و وتی: "گەلی کورد بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی ناکات."
بافڵ تاڵەبانی یادی قوربانیدانی گەلی کوردی لە ڕۆژئاوا کردەوە و وتی: "رۆژئاوا هەزاران کوڕ و کچی خۆی لەدەستدا لە شەڕی دژی داعشدا، بەرگری لە جیهان کرد و لە بەرامبەردا باجێکی گەورەیدا. ئەوان شایەنی ڕێز و کەرامەت و پاراستنی ڕاستەقینەن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: "داوا لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلی ئەمریکا دەکەم بەبێ دوودڵی و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەرقەرارکردنی سەقامگیری."
