مەزلوم عەبدی: دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەدایەوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی سێشەممە 20-01-2026 رایگەیاند، ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن.
مەزڵووم عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سڵاوی بۆ بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی هێرشی "دڕندانە و کوشتنی سیستماتیکی کورد" بوونەتەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی راگرتنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە شەدادی و کەمپی هۆل بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیانکردووە.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کەمپی هۆل لە شەوی رابردووەوە رووبەڕووی هێرشی تووند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بە زەبری هێز بووەوە و پاسەوانانی کەمپەکەش دوای رووبەڕووبوونەوەی کاروانە سەربازییەکان و تانک و زرێپۆشەکانی سوپای سووریا، ناچار بوون پاشەکشە بکەن.
چەند پەیامێکی بەپەلە لە مەزڵووم عەبدییەوە
- سڵاو دەکەین لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیک دەبنەوە دژ بە کورد.
- هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر بنکەکانی ڕاگرتنی چەکداران و خێزانەکانی داعش لە شەدادی و کەمپی هۆڵ زیادیان کردووە.
- کەمپی هۆڵ لە دوێنێ ئێوارەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی هەڵکوتانە سەر و کۆنترۆڵکردنی بە هێز دەبێتەوە.
- پاسەوانانی کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی هێرشی کاروانی سەربازی و زریپۆش و تانک بوونەتەوە و لەبەر ئەوە ناچار بوون بکشێنەوە.
- : حکومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانێ.
- مەزڵووم عەبدی: دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون.
- کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و پاراستنیان هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان درێخی ناکەین.
- داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی بنکەکانی ڕاگرتنی چەکدارانی داعش.
- داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین هێرشەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ
