چی دەزانینت دەربارەی ئەو مووشەکەی بۆ کوشتنی خامنەیی بەکارهاتووە؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، جۆری ئەو مووشەکەیان ئاشکرا کردووە، کە ئیسرائیل بۆ كوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بەکاری هێناوە و بە مووشەکێکی تایبەتمەندی بالیستی ناساندوویانە.
ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل مووشەکێکی پێشکەوتووی بالیستیکی بە ناوی "بلو سپارۆ" واتە (رمی شین) لەو هێرشەدا بەکارهێناوە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانیان لە تارانی پایتەخت پێکردە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، مووشەکەکە توانای فڕین و وەستانی لە دەرەوەی بەرگەهەوادا هەیەو پێش ئەوەی بە خێراییەكی زۆر بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی بالیستی خۆی، ئەمەش وایکردووە پێكانی لە لایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی كارێكی ئەستەم بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە قۆناغی دووبارە چوونە ناوەوەی بەرگە هەواو واتە (قۆناغی نیشتنەوە)، مووشەکەکە بە خێراییەك جوڵە دەكات چەند هێندەی خێرایی دەنگ زیاترە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو ماوەیە کەمدەکاتەوە کە سیستمی بەرگری ئاسمانی بتوانێت ئاشكرای بكات و بی پێكێت.
ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی باسی لەوەشكردووە، پاشماوەی مووشەکەکە لە ڕۆژئاوای عێراق دۆزراوەتەوە و پێدەچێت لەکاتی هەڵدانی بەرەو خاکی ئێران بەشێكی لێ كەوتبێتەوە خوارەوە.
بە پێی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامە بەریتانییە، درێژی مووشەکەکە نزیکەی شەش مەترو نیو دەبێت و کێشی نزیکەی ١.٩ تۆنە و مەودای دوریشی بە دوو هەزار کیلۆمەتر مەزەندە دەکرێت.
(دەیلی تەلەگراف) دەڵێت، لە سەرەتادا ئەم مووشەکە وەک ئامانجێکی بالیستی بۆ لێدان لە سیستمی بەرگری ئاسمانی تاقیکراوەتەوە، بەڵام دواتر پەرەی پێدراوە بۆ ئەرکی هێرشبەری.
