ئافره‌تانى زاگروس

23 كاتژمێر لەمەوپێش



سمیر میرانى 
لە ژێر سێبەری مێژووی زاگروسدا، ئافره‌ت هەرگیز تەنها بینەری ڕووداوەکان نەبووە، بەڵکوو هێزێکی نهێنی بووە لە دروستکردنیان.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆرجار چیرۆکەکان بە دەنگی شمشێرەکان گێڕدرانەوە، لە کاتێکدا هێزە هێمنەکان لە بێدەنگییەکی قووڵدا تێدەپەڕن، بەڵام شارستانیەتەکان تەنها لە دەنگ و هەرا دروست نابن، بەڵکوو لە بیرەوەری، لە دانایییەک کە لەنێوان نەوەکاندا دەگوازرێتەوە، و لەو ڕۆحانەی کە مانای ژیان دەپارێزن، لەم قوڵاییە نهێنییەدا ئافره‌ت، لە سەرەتاکانی مێژووەوە بوونیەکی هەبووە کە هێزی کەمتر نەبووە لە پاشاکان و شەڕڤانان.

لە چیاکانی کۆنی زاگروسدا، لەو شوێنانەی کە گەلانی میدی و میتانی و لولوبی ژیان، ناوی هەندێک ئافره‌ت وەک بڕقەیەک لە شەوی کاتە دوورەکان دەردەکەوێت، بڕقەکانێک کە یاد دەکەنەوە مێژوو هەرگیز تەنها چیرۆکی پیاوان نەبووە، ئەمیتیس، کچی چیاکان، لە دڵیدا وێنەی سرووشتی یەکەم هەڵگرتبوو، دەگوترێت حەسرەتی بۆ زێدی خۆی هێندە بەهێز بوو کە باخچەیەکی تەواو ـ وەک باخچە هەڵواسراوەکانی بابڵ ـ دروستکرا بۆ ئەوەی غەریبییەکەی ناو کۆشکەکان کەم بکاتەوە، لە چیرۆکەکەیدا حەسرەت خۆی دەبێتە هێزێکی نهێنی،  هێزێک کە دەتوانێت شێوەی شارەکان بگۆڕێت.

لە هەمان بێدەنگیی مێژوودا ماندانە دەردەکەوێت، ئافره‌تێك کە شمشێری هەڵنه‌گرت، بەڵام داهاتوویەکی لەدایک کرد،  لە باوەشی ئەودا سەرکردەیەک دەرچوو کە ئاراستەی جیهانی کۆن دەگۆڕێت، وەک ئەوەی مێژوو، پێش ئەوەی لە مەیدانەکانی دەسەڵات بنووسرێت، هەندێکجار لە باوەشی دایکێک دەستپێدەکات.

لەلایەکی ترەوە تادوخیبا، شازادەی میتانی، جۆرێکی تر لە هێز نیشان دا، هێزی دانایی و پەیوەستکردنی جیهانەکان، لە سەردەمێکدا کە پاشایەتییەکان بە زمانی شەڕ قسەیان دەکرد، نامە و هاوپەیمانی زمانی تری چارەنووس بوون، لەو بێدەنگییەدا ئافره‌ت بەشێک بوو لەو دیپلۆماسییە هێمنەی کە مێژوو لە پشت پەردەکەوە دەجوڵێنێت.

بەڵام کاتێک پاراستنی خاک بگاتە ئاستی پێویستی، کەسایەتییەکانێک وەک تۆمیرس دەردەکەون، شاژنێک کە بە ئازایەتییەکی نەکەمتر لە سەرکردە گەورەکان ڕووبەڕووی ئیمپراتۆرییەکی مەزن بووەوە، لە چیرۆکەکەیدا ڕوون دەبێتەوە کە ئازایەتی تایبەتمەندیی ڕەگەزێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو هەڵوێستێکی مرۆڤانەیە کاتێک مێژوو دەگاتە ساتی چارەنوسساز.

لە نزیک ئەم وێنەیەدا زەرینایا (زارینا) دەردەکەوێت، شاژنێک کە ڕوایەتە کۆنەکان وەک ئافره‌تیك دەناسێنن کە جوانی و دانایی و هێزی سەرکردایەتی لە یەک کەسایەتیدا کۆبوونەتەوە،  لە ئەودا حکومڕانی وەک هونەرێکی مرۆڤانە دەردەکەوێت، جێگەیەک کە هێز بە توانای سەرکردە پێوانە دەکرێت لە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری خۆی، نەک لە سەرکوتکردنیان.

کاتێک ئەم ناوانە پێکەوە دەخەین ـ ئەمیتیس، ماندانە، تادوخیبا، تۆمیرس، زەرینایا ـ دەزانین کە مێژوو وەک ڕووبارێکی مەزنە، شەپۆلەکانی لە سەر ڕووەکەی دەبن بەدەنگ، بەڵام قوڵایی ڕاستەقینەی لە ئاراستەی ئاوی هێمن دروست دەبێت کە بە ئاسانی نابینرێن. و لەوانەیە ئافره‌ت یەکێک بووبێت لەو ئاراستە قووڵانە،  بوونی هەمیشە لە پەڕە یەکەمەکانی کتێبەکانی مێژوو نەبووە، بەڵام لەو ساتانەدا هەبووە کە چارەنووسی گەلان تێدا شێوە دەگرت.

بۆیە کاتێک ٨ی مارس ـ ڕۆژی جیهانی ئافره‌ت ـ دێت، تەنها وەک ڕێزلێنانێکی سادە بۆ ڕۆژێک لە ساڵنامە نابینرێت، بەڵکوو وەک یادخستنەوەی بیرەوەرییەکی زۆر کۆنتر دەردەکەوێت، بیرەوەرییەک کە دەڵێت ئافره‌ت بە دواوە نەهاتە ناو مێژوو، بەڵکوو لە سەرەتاکانیەوە هاوبەشی نووسینەوەی بووە.

کات دەتوانێت پاشایەتی و سنوورەکان بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت شوێنەواری ئەوانە بسڕێتەوە کە بە قوڵایی لە ڕووباری مێژوودا ژیاون، و ئافره ت، لە سەرەتاکانەوە، یەکێک بوو لەوانە.. مێژوو بە بێدەنگی دەنووسێت، بەڵام بە هەمیشەیی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار