هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ   ترامەکانی ئیستەنبووڵ دوای 100 ساڵ لە کارکردن لادەبرێن و بە جۆرێک ترامی مۆدێرن جێگەیان دەگیرێتەوە. هەوڵدراوە ترامە نوێیەکان شێوەیان بچێتەوە سەر ئەوانی پێشوو. ترامەکانی ئیستەنبووڵ لە شەقامی تەقسیم بووەتە رەمزی شارەکە و ئەوانەی دەچنە ئیستەنبووڵ سەردانی دەکەن. لە ساڵی 1914 خراوەتە کار و تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو شەقامە ماوە. لە ترامە نوێیەکاندا دوو کامێرا لە پێشەوەی دانراوە کە شێوەکەی بە تەواوەتی گۆڕاوە بەراورد بەوانەی پێشوو. ئەمەش تاوەکو شۆفێرەکە باشتر کۆنترۆڵی بکات. بە گوێرەی شارەوانی ئیستەنبووڵ، تەواوی ترامە کۆنەکان لەو شارەدا لادەبرێن و بە ترامی نوێ شوێنیان دەگیرێتەوە. ترامە کۆنەکانیش دەکرێنە مۆزەخانەی هاتووچۆی ئیستەنبووڵەوە کە تاوەکو ئێستا لە بنیاتناندایە. ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکشارەوانی ئیستەنبووڵ دەڵێت، هۆکاری گۆڕانکاری لە ترامەکان رێگریکردنە لە بەهەردانی وزەیەکی زۆر و ترامە نوێیەکان کەمتر وزەیان دەوێت و زیاتر دەتوانن لەکاردابن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە میسر 10 ژن بەیەکەوە لە ناو مینی پاسێکدا گیانیان لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی مینی پاسەکە کەوتە ناو رووباری نیلەوە. رۆژی سێشەممە 21-5-2024، حوسام عەبدولغەفار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی میسر رایگەیاند، مینی پاسێک لە نزیک گوندی ئەبو غالب کە دەکەوێت دووری 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای قاهیرە، کەوتووەتە ناو رووباری نیلەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە 10 کەسن و 9 کەسیش رزگارکراون. سەرجەم سەرنشینەکان ژن بوون؛ بە گوێرەی میدیای میسر، شۆفێرەکە دەمەقاڵێی لەگەڵ یەکێک لە سەرنشینەکانی پاسەکە کردووە و لە دواتردا هاند برێکی پاسەکەی لابردووە و کەوتووەتە ئاوەکەوە. دوای ئەوەی ویستوێتی هەڵبێت، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. حەسەن شەحاتە، وەزیری کاری میسر دەڵێت، پاسەکە ژمارەیەک کچ و ژنی بۆ کێڵگەیەک بۆ کارکردن گواستووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە منداڵی تێدابووە یان نا. وەزارەتی هاوخەمی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، وەک هاوخەمییەک بۆ خێزانەکانیان، حکومەت قەرەبووی خێزانی برینداران و ئەوانەش گیانیان لەدەستداوە دەکاتەوە. داواکاریی گشتی تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی لە رووداوەکە و دۆزینەوەی هۆکاری روودانی راسپاردووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ داواکاری دادگەی تاوانی نێودوڵەتی داوا لە دادوەرانی دەکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و سێ سەرکردەی حەماس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەربکرێت. فەرەنسا و بەلجیکا پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری دادگەکە دەربڕی. رۆژی دووشەممە 20-5-2024، کەریم خان، داواکار لە دادگەی نێودوڵەتی تاوان رایگەیاند، دوای حەوت مانگ لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڵگەی بڕواپێکەری لەبەردەستە کە پێنج کەسایەتی حەماس و ئیسرائیل تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردووە. ئەو کەسایەتییانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگەی تاوانی لاهایەوە بۆ دەرکراوە بریتین لە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یەحیا سینوار، سەرۆکی حەماس، محەممەد مەسری، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی حەماس و ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی فەرمانگەی سیاسیی حەماس. بڕیارە لە دانیشتنێکی دادگەکەدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لەو کەسانە دەربکرێت، بەڵام دادگەکە ناتوانێت ئەو فەرمانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵکو وڵاتان دەبێت بڕیاربدەن کە ئایا کار بە فەرمانەکە دەکەن یان نا. دادگەی نێودەوڵەتی تاوان بارەگای سەرەکیی لە شاری لاهای هۆڵەندایە و 124 وڵاتی جیهان تێیدا ئەندامن. دادگەکە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژ بە هاووڵاتیانی سڤیل و مرۆڤایەتی دەکات و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرەکانیان دەردەکات. لە رابردوودا دادگەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردە و سەرۆکی جیهان دەرکردووە، لەوانە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوو لە 17ی ئاداری 2023دا فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگەکەوە بۆ دەرکرا. ئەمڕۆ دووشەممە، هەریەک لە فەرەنسا و بەلجیکا پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەربڕی، ئەمەش بە واتای ئەو دێت، هەریەک لەو سەرۆک و سەرکردانەی حەماس یان ئیسرائیل سەردانی فەرەنسا بکەن دەستگیردەکرێن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا دەڵێت، ئۆکراینا چەکی فەرەنسی و ئەمریکی بۆ هێرشێک لەسەر ناوچەیەکی سنووری رووسیا بەکارهێناوە. باسیش لەوە دەکات ئەمە "یاریکردنە بە ئاگر". رۆژی دووشەممە 21-5-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی ئۆکراینایان لە ناوچەی بێلگۆرۆد داوەتەوە کە چوار مووشەکی هامەری فەرەنسی و مووشەکی هارمی دژە راداری ئەمریکای تێدا بەکارهاتووە. ئەمە جاری یەکەم نییە رووسیا باس لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئۆکراینا لە ناو خاکی خۆیدا بە چەکی وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا. لە پێشووتردا کرێملن رایگەیاندبوو، دوو هێرشی بەرپەرچداوەتەوە کە بە مووشەکی ستۆرم شادۆی بەریتانی و ڤامپایری چیکی کرابوون، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیاندنێکدا دەڵێت، ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا چەکەکانیان لە دژی رووسیا بەکاردەهێنن، ئەمەش "یاریکردنە بە ئاگر". ئەمریکا لە وەڵامی رووسیادا دەڵێت، "ئەمانە پڕوپاگەندەی رووسیان". کۆشکی سپی دەڵێت، لە سەرەتاوە ئەوان روون بوون لەوەی لە تەواوی شەڕەکەدا هاوکاری ئۆکراینا دەکەن لە بەرگریکردن لە دژی هێرشەکانی رووسیا لە ناو خاکی خۆیدا و هەرگیز رێگە بە ئۆکراینا نادەن و هانی نادەن بە چەکی ئەمریکا هێرش بۆ سەر ئۆکراینا بکەن. لە شوباتی 2022ـەوە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هاریکاریی جەنگیی ئۆکراینا دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکەکەی لە ناو خاکی خۆیدا. ئێستا بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا نزیکن لە رێگەدان بە ئۆکراینا بە چەکی ئەوان هێرش بۆ سەر خاکی رووسیا بکات و بەرپرسانیان دەڵێن، بەم جۆرە شەڕەکە دادپەروەر نییە. ئۆکراینا دەڵێت، پێویستە هاوپەیمانانی رێگەی بدەن چەکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا لە ناوچە سنوورییەکان بەکاربێنێت، چونکە لەوێ کۆگای چەک و بنکە سەربازییەکان دەتوانێت بکاتە ئامانج. ئۆلێکساندرا ئوستینۆڤا، ئەندام پەرلەمانی ئۆکراینا دەڵێت، پێش هێرشەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری رووسیا بۆ سەر خارکیڤ، "سوپای رووسیامان دەبینی یەک کیلۆمەتر یان دوو کیلۆمەتر لە دووری سەر سنووری ئۆکرایناوە"، بەڵام نەیانتوانیوە بیانکەنە ئامانج و رێگری پێشوەختە لە هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر خارکیڤ بکەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سوپای کۆنگۆ دەڵێت ئەمڕۆ هەوڵی کودەتایەکی سەربازییان لە وڵاتەکەیان پەکخستووە کە لە نێویدا هێزی دەرەکی و هێزی کۆنگۆیی هەبوون. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 19-5-2024، سیلڤەین ئیکێنج، گوتەبێژی سوپای کۆنگۆ رایگەیاند، "هێزەکانی ئاسایش و بەرگریی کۆنگۆ هەوڵێکی کودەتایان پەکخست، خەڵکی بیانی و کۆنگۆییش لە هەوڵەکەدا بەشداربوون. هەوڵی بیانی و کۆنگۆییەکانیشمان پەکخست، بە رابەرەکەشیانەوە". لە راگەیێنراوی گوتەبێژەکەدا ئەوە روون نییە کە ئایا کودەتاچییکان دەستگیرکراون یان کوژراون. هەر پێش ئەو راگەیێنراوە، دوو پاسەوان لە نزیک ماڵی ڤیتال کامێرهی، ئەندامی پەرلەمانی کۆنگۆ کوژران؛ ئەو ئەندام پەرلەمانە بڕیارە بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت؛ هەر لەو رووداوەدا هێرشبەرەکەش کوژرا. باڵیۆزی ئەمریکاش لەو وڵاتە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە و رایگەیاندووە، جموجووڵێکی زۆری سەربازیی سوپای کۆنگۆ لە ئارادایە و دەنگی تەقەش بیستراوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیس لە ویلایەتی نیو هامسفێری ئەمریکا چوار چاودێریکاری منداڵانی دەستگیرکرد کە کەپسوولی خەوتنیان داوەتە منداڵان تاوەکو خەویان لێبکەوێت. پۆلیس دەڵێت، لە تشرینی دووەمی پارەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کردووە؛ ئەمە دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە کە گومانی پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان هەیە. میلاتۆنین هۆرمۆنێکە کە مێشکی مرۆڤ لەکاتی تاریکیدا دەریدەدات و وای لێدەکات خواستی خەوتنی هەبێت. ئەو هۆرمۆنە بە شێوەی دەرمانیش لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاردەهێنرێت کە خەویان ناڕێکە و وایان لێدەکات خەویان لێبکەوێت. دوای شەش مانگ لە لێکۆڵینەوە پۆلیسی نیو هامسفێر بۆیان یەکلا بۆتەوە، کە منداڵانی یەکێک لە دایەنگەکانی ئەو ویلایەتە بڕێکی زۆر میلاتۆنینیان دراوەتێ تاوەکو خەویان لێبکەوێ و ئەرکی چاودێرەکان کەمبێتەوە. پۆلیس دەڵێت، خواردنی ئەو منداڵانە بە میلاتۆنین پڕ کراوە بەبێ ئەوەی دایبابیان ئاگاداربکرێنەوە. هێشتاش روون نییە ماوەی چەنێکە منداڵەکان ئەو دەرمانەیان دەدرێتێ. ساڵی درێکمان، خاوەنی ئەو دایەنگەیە و چوار لە کارمەندەکانی بە تۆمەتی خەواندنی منداڵەکان دەستگیرکراون. پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان لە دایەنگەکانی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە. ناوەندی رێگری و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، لە 2012 بۆ 2021، 7٪ی چالاکی لیژنەکانیان بۆ ئەو دەنگۆیانە بوون کە منداڵان لە دایەنگەکاندا گومانی وەرگرتنی میلاتۆنینیان لێدەکرێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە ئەفغانستان تەقەکەرێک سێ هاووڵاتی ئیسپانی کە گەشتیار بوون دەکوژێت و یەکێکیش بریندار دەکات. هاووڵاتییەکان گەشتیاربوون و سەردانی ناوچەیەکی شاخاویان لە ئەفغانستان کردووە کە پەیکەرێکی بودای لێیە. رۆژی هەینی 17-5-2024، عەبدول مەتین قانعی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا 3 هاووڵاتی بیانی و هاووڵاتییەکی ئەفغانی کوژراون. باسی لەوەشکردووە، هەر لەو رووداوەدا 4 هاووڵاتی دیکەی بیانی و 3 ئەفغانی برینداربوون. هەروەها چوار کەسیان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تاوانەکەدا دەستگیرکردووە. پێدرۆ سانچێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لەسەر رووداوەکە هاتە دەنگ و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "شۆکبووم بە هەواڵی کوشتنی گەشتیاری ئیسپانی لە ئەفغانستان". ئاماژەی بەوەشکردووە، کونسوڵی ئیسپانیا لەو وڵاتە خراوەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و لە ئیسپانیاش کەسوکاری قوربانییەکان ئاگادارکراونەتەوە. شاخەکانی بامیان کە گەشتیارە ئیسپانیەکان سەردانیان کردووە یەکێکە لەو ناوچە دێرینانەی لە رێکخراوی یونسکۆدا تۆمارکراون. لە شوێنەوارەکەدا دوو پەیکەری گەورەی بودای لێیە کە لە 2001، سەردەمی حکومڕانی پێشووی تاڵیبان تەقێنرابوونەوە. لە دوای هاتنەوە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئابی 2021، لە هەوڵی ئەوەدایە دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە ئاسایی بکاتەوە و وابکات گەشتیاری زیاتر بۆ بینینی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەکان رووبکەنە ئەو وڵاتە. ئەمە جاری یەکەم نییە گەشتیار و کەسایەتی بیانی لە ئەفغانستان دەکرێنە ئامانج؛ ئەمە لە دوای گرتنەوە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە. لە 2022 تەقەکەرێک لە هۆتێلێکی کابوولی پایتەخت هاووڵاتییەکی چینی بریندارکرد.

هاوڵاتی رۆژی هەینی 17ی ئایاری 2024، بڵاوکراوەی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی لەوەکردووە، برێت مەک گۆرک، راوێژکاری باڵای ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابراهام پیلی، نوێنەری کاتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، هەفتەی داهاتوو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەربارەی چۆنییەتی بەرگرتن بە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ دەکەن. بەپێی ئەم راپۆرتە، مەک گۆرک و پیلی، سێشەممە گەیشتوونەتە عوممان و لەگەڵ نێوانیگرە عوممانییەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام دیار نییە کامە بەرپرس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری دەکات. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، مەبەست لەم گفتوگۆیانە روونکردنەوەیە دەربارەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەربارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران گفتوگۆی لێدەکرێت.  لە چەند هەفتەی رابردوودا و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کرد ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە، نیگەرانییەکان دەربارەی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران زیاتر بووە. ئەمە دووەم گەڕی گفتووگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە، بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، یەکەم گەڕی گفتوگۆکان سەرەتای مانگی ئازار لە عوممان بەڕێوەچوو.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاریکاریی مرۆیی لە رێگەی بەندەرەکەی ئەمریکاوە کە لە کەناراوەکانی غەززە دروستیکرد، گەیشتە غەززە. ئەمڕۆ هەینی 17-5-2024، بۆ جاری یەکەم ئەو بەندەرەی سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا دروستیکرد، دەستی بەکار کرد و لە لە رێیەوە 150 بارهەڵگر خۆراک و پێداویستی دیکە گەیشتنە دەست خەڵکی غەززە. گەیشتنی ئەو پێداویستیانە لەکاتێکدایە، دۆخی نزیکەی 3 ملیۆن فەڵەستینی لەوپەڕی خراپیدایە و دووچاری برسێتی بوونەتەوە، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر باشووری شاری رەفەح کە هاوسنووری میسرە دەستپێکرد، دوو دەروازەی سنووری سەرەکی کە لە رێگەیەوە خۆراک و پێداویستی دەگەیشتە دەست غەززەییەکان داخران. هەربۆیە دۆخی خەڵک رووی لەوپەڕی خراپی کردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، خۆراک، کەلوپەلی پێویست و دەرمان وەک پێویست ناگاتە دەست خەڵکەکە. هەرچەندە ئەوە بەندەرە کاتییەی ئەمریکا هیوایەکی بۆ خەڵکی غەززە گەڕاندووەتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن بەندەرەکە ناتوانێت گواستنەوەی تەواوی ئەو هاریکارییانەی بۆ خەڵکی غەززە پێویستن بەڕێبکات. چونکە لە پێشووتردا رۆژانە لانیکەم 500 بارهەڵگر خۆراک و هاریکاری دەگەیشتنە خەڵکی غەزە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ئەوە دوو ساڵە لەگەڵ ئۆکراینادا لە جەنگدان، بەڵام ئابووریەکەیان گەشەیکردووە. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئاژانسی فیدراڵیی زانیاری حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 5.4٪ بووە، ئەمە لەکاتێکدایە، لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو 4.5٪ بووە. هەرچەندە لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە رووسیا خەرجییە سەربازییەکانی زیادکردووە، بەڵام ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ چین باسی لەوەکرد، هێشتا خەرجییەکان نەگەیشتووەتە دۆخی نائاسایی. بە گوتەی پووتین، ئێستا خەرجیی سەربازی رووسیا 8٪ی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە کاتی یەکێتی سۆڤیەتدا 13٪ی داهاتی یەکێتییەکە بۆ کەرتی سەربازی بووە. هەرچەندە تاوی گەشەسەندنی ئابووری رووسیا زیادیکردووە، هەڵاوسان لە رووسیا بۆ 7.8٪ لە مانگی ئایاردا بەرزبووەتەوە کە لە مانگی نیساندا 7.7٪ بوو. لە 24ی شووباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و وەک خۆی گوتی ئامانجی هێرشەکەی "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە"، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بە داگیرکاریی تەواوەتی ناوی دەبەن. لەو کاتەوە چەندین وڵاتی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان سزای هەمەجۆری دیپلۆماسی و ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. رۆژئاوا دەڵێت ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنی گەورەیان کردووەتە سەر ئابووری رووسیا و بەهۆیەوە هەڵاوسان و باری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە سەختبووە؛ کرێملن ئەو قسانە رەتدەکاتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە نێو تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا 4 میدیا و رۆژنامە قەدەخەکران کە گوایە پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی کرێملن بڵاودەکەنەوە و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرایناش دەدەن. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، چوار میدیا و رۆژنامەمان خستووەتە لیستی رەشەوە کە پێکدێن لە دەنگی ئەوروپا، نۆڤۆستی RIA، ئیزڤێستیا و رۆسیسکایا گازێتا. ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن. لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپادا ئەوەش باسکراوە، "رووسیا سەرقاڵی کامپەینێکی نێودەوڵەتی و سیستماتیکە بۆ بەلاڕێدابردنی میدیا، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا و بەروپێشبردنی ستراتیجیی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی و یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی". رۆژی چوارشەممە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری دابوو کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکرێت، ئەوانیش لە مۆسکۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەکاردەخەن. ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئەوروپا لەبەردەم گەورەترین هێرشی میدایی و ئەلیکترۆنی رووسیایە و نابێت چیدیکە رێگە بەوە بدات.

دەیان پارێزەر: تاران بەرتیلی بە ئەفریقای باشوور داوە بۆ ئەوەی سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات ژمارەیەک پارێزەر کە 160 پارێزەرن لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزارەتی داد و ئەنجومەنی نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئەمەریکا، نووسیویانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەرتیلی داوە بە حزبی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور، بۆ ئەوەی لە دادگای لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار بکات. ئەم 160 پارێزەرە خوازیاری ئەوە بوون لێکۆڵینەوە بکرێت لە گەندەڵی ماڵی ئەم حزبە. بەپێی راپۆرتێك کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ١٦٠ پارێزەر بە رێبەری ناوەندی یاسایی ئیسرائیل شۆرات هادین (ShuratHaDin) داوایان لە بەرپرسانی سیاسی و دادوەری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن دەربارەی رێبەرانی ئەفریقای باشوور و ئەندامانی حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی لەو وڵاتە کە دەسەڵاتیان بە دەستە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەفریقای باشوور سەر بەم حزبەن. ئەم پارێزەرانە داوایان کردووە بە پێی یاسایی ماگنێتسکی (Magnitsky Act) لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەربڵاو و بەتایبەت بەرتیل بکرێت لەمبارەوە. ماگنیتسکی یاسایە کە ساڵی 2012 پەسەندکراوەو بە پێی ئەم یاساییە، دەوڵەتی ئەمەریکا بۆی هەیە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنە بیانیانەی کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن یان لە گەندەڵی مادییەوە گلاون و هەروەها دەست بەسەر داراییەکانیاندا بگرێت. لە نامەی ئەم 160 پارێزەرەدا ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانی حیزبەکەیان بدەنەوە بەرتیلیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دادگای نێونەتەوەیی لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار بکەن. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، دانیشتنی دادگای لاها لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و ئەفریقای باشوور لە بەردەم 15 دادوەری نێونەتەوەیی، لەوانە دادوەرێکی باڵای ئیسرائیلی، داوای کردووە بەر بە " جینۆساید" و " تاوانی جەنگی" بگیردرێت لە غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە. لە بەرامبەردا پارێزەرەکانی ئیسرائیل بەرگریان لە سوپای ئیسرائیل کرد و سکاڵای ئەفریقای باشووریان بە نادروست ناوبرد.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پزیشکانی غەززە هۆشداری دەدەن کە خەریکە دەرمانیان نامێنێت. باس لەوە دەکەن چەندین جار دۆخی نەخۆشخانەکانی جەنگیان بینیوە، بەڵام ئەمە "کارەساتاویترینە". رۆژی پێنجشەممە 15-5-2024، دکتۆر جاوید عەلی، سەرۆکی رێکخراوی نەخۆشخانەی سەربازیی نێودەوڵەتی لە غەززە رایگەیاندووە، بەهۆی جێهێشتنی 1 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفەحی باشووری غەززە، نەخۆشخانەکانی مەواسی زیاد لە توانای خۆیان قەرەباڵخبوون. مەواسی ناوچەیەکە لە باشوور و رۆژئاوای غەززە و ئیسرائیل داوای لە خەڵک کردووە بەرەو ئەوێ بڕۆن تا ژیانیان پارێزراوبێت لە هێرشەکانی سەر رەفەح. ئەو پزیشکە باس لەوەشدەکات، زۆرینەی ئەو خەڵکانەی سەردانیان دەکەن زۆربەیان برینی سەختیان هەیە و دوای چارەسەریشیان داوای خۆراک، پارە و دەرمانی زیادە دەکەن تاوەکو خێزانەکانیان بپارێزن. لە هەفتەی رابردووەوە ئیسرائیل دەستی بە هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کردووە. بەهۆی هێرشەکەوە لە 3 دەروازەی سنووری، دووانیان داخراون و بووەتە هۆکاری وەستانی گەیشتنی هاریکاریی مرۆیی و تەندروستی بۆ خەڵکی غەززە. دوێنێ چوارشەممە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند زیاتر لە 2 ملیۆن خەڵک بەبێ خۆراک و چادر ماونەتەوە و ئەوانیش نیانە بیاندەنێ.

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راپۆرتێکی نوێدا باسی لەوە کردووە، لە 2023دا هێرش بۆ سەر هاوڕەگەزخوازانی فەرەنسا بەراورد بە 2022 بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمڕۆ 16-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە بە شێوەیەکی گستی لە 2023دا توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان 13٪ بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکردووە. تاوانە راستەوخۆکانی وەک هەڕەشە، دەستدرێژی و ناوزڕاندن بە رێژەی 19٪ بەرامبەر ئەو کەمینەیە زیادیکردووە. بە گوێرەی حکومەتی فەرەنسا تەنیا لە 2023دا، 2 هەزار و 870 دۆسیەی توندوتیژی، دەستدرێژی و ناوزڕاندنیان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان تۆمارکردووە. رێکخراوەکانی پاڵپشتیکاری هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ئەم ئامارە مەترسیدارە و حکومەتی فەرەنسا دەبێت بە جیددی کاری لەسەر بکات. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەوەشی باسکردووە، لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک رێژەی تاوان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتە 16٪ زیادیکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە 70٪ی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە پیاوبوون و 82٪ی تۆمەتبارەکانیش هەر پیاوبوون. ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەرکراوە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە و زیاتر لە سێیەکێکیان خوار 19 ساڵ بوون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردووەتەوە کە وانەونتنەوە لەبارەی رەگەزەوە لە خوێندنگەکاندا قەدەخەبکات، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە دروستبوون کە رەگەزیان دەگۆڕن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، جیلیان کیگان، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، بابەتی هەستیاری وەک فرەیی لە رەگەزدا نابێت بە خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی هەتا 12ی ئامادەیی بگوترێتەوە. وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەڵێت، پێشنیازەکە بۆ ئەوە کراوە منداڵان بەر ئەو زانیارانە لە تەمەنێکی کەمدا نەکەون، تاوەکو هەستی منداڵی و بێتاوانیان لە منداڵی و مێرمنداڵیدا لەدەستنەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێشنیازەکەدا رێکارەکانیان بە روونی نوێکردۆتەوە کە نابێت منداڵان تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بابەتی فرەیی رەگەز و گۆڕانی رەگەز فێربکرێن. لە دوای 2020ـەوە خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری لەسەر فرەیی رەگەز لە بەریتانیادا لە خوێندنگە ناوەندییەکانەوە کرا بە زۆرەملێ. منداڵان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێردەکران کە "رەگەز تەنیا نێر و مێ نییە و دەیانی دیکە هەن". ئێستا بابەتەکە لە نێوان ئەوانەی بیرکردنەوەیەکی پارێزگاریان هەیە و ئەوانەی لیبراڵن خەریکە دەبێتە جەنگێکی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.