هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی پەسەندكرد، جگە لە سزاى زیندانى لە حەوت ساڵ تا ١٥ ساڵ سزاى مادیش دیاریکراوە. ئەمڕۆ شەممە 27-4-2024، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە 170 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1998ی  پەسەند كرد و ناوی یاساكەی لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی گۆڕی بۆ یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی. بەپێی هەمواری یاساکە، هەر کەسێک پەیوەندى دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى “لادانى سێکسى”، سزاکەى کە لەسێدارەدان بوو گۆڕا بۆ 15 ساڵ زیندانیکردن. هەر کەسێک یانەی شەوانە یان شوێن دابین بکات بۆ کاری سێکسی و هەر پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ ژنی پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بەمەبەستى سێکسی، هەمان سزا دەیانگرێتەوە.  بەپێی هەمواری یاساكە، لەشفرۆشی بریتییە لە ئەنجامدانی زینا لەگەڵ زیاتر لە كەسێكدا لەبەرامبەر پاداشتێكدا یاخود بێبەرامبەر و هەروەها لادانی سێكسی یان هاوڕەگەزخوازی بریتییە لە پەیوەندی سێكسی لەنێوان دوو كەس لە یەك رەگەز، نێر و نێر یاخود مێ و مێ. یاساكە ئاڵوگۆڕی ژنان بەمەبەستی سێكسی وەكو لادانی سێكسی دیاریكردووە و هەروەها نێوەندگیری بە مەبەستی كاری سێكسی و ماڵی لەشفرۆشی قەدەغە كردووە و بەتاوان هەژماری كردووە. یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى لە ساڵى 1988 دەرچووە و مشتومڕى لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق لەسەر دروستبووە، لە ئێستاشدا نیگەرانیى ژمارەیەک لە وڵاتانى جیهانى لێکەوتووەتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، ستۆکهۆڵم ماڵپەڕی یوگۆڤی بەریتانی راپرسییەکی کردووە تاوەکو بیروڕای گەلی بەریتانیا لەسەر بڕیارە نوێیەکەی حکومەت بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ بەریتانیا وەربگرێت. 6 لە هەر 10 هاووڵاتییەکی بەریتانی لایان وایە پلانەکە کاریگەر نییە و لە کۆتاییدا شکست دێنێت. رۆژی 24-4-2024، ماڵپەڕی یوگۆڤ کە سەر بە حکومەتی بەریتانیایە و تایبەتە بە راپرسی و کۆکردنەوەی ئامار لەبارەی مژارە گەرم و جیهانییەکان، راپرسییەکی کردووە لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی بەریتانیا. دەرکەوتووە، 57٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە کە ژمارەیان 4 هەزار و 527 کەسە، لایان وایە پلانەکە سەرناگرێت و نابێتە بەربەست لەبەردەم رێڕەوی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا. 23٪ی بەشداربووان کە نزیکە حکومەت و پارێزگارن دەڵێن سەردەگرێت و 19٪یشیان دەڵێن نازانین. 72٪ی چینی کرێکار کە بەشێکی ئەوانە پێکدێنن لە راپرسییەکە بەشداربوون دەڵێن سەرناگرێت. 23ی ئەم مانگە پەرلەمانی بەریتانیا لە کۆتاییدا یاسای ناردنی پەناخوازانی بۆ رواندا پەسەندکرد، یاساکە رێگە بە حکومەتی بەریتانیا دەدات ئەو پەناخوازانەی مەبەستییەتی بنێرێت بۆ رواندا و لە وڵاتەکەی بیانکاتە دەرەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، ستۆکهۆڵم میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل لە باشووری غەززە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات کە رایگەیاندبوو لە هێرشەکانی ئەوان پارێزراون و هاووڵاتیان دەتوانن تێیاندا بمێننەوە. ژمارەی هێرشەکان 7 هێرشی ئاسمانی بوون کە لە نێوان کانوونی دووەم بۆ نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر کەمپی رەفحە بە فەرمانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کراون کە ئێستا لانیکەم یەک ملیۆن ئاوارەی تێدا نیشتەجێن. تۆڕی میدیایی ئێن بی سی ئەمریکی دەڵێت، ئەنجامی تەواوی ئەو حەوت شەڕەیان لە کامێراکانیانەوە تۆمارکردووە کە شەشیان لەسەر کەمپی رەفحە بوون و ئەوی دیکەش لە بەشی باشووری کامپەکەوە بووە لە ناوچەی مەواسی، کە بە هەمان شێوە ئیسرائیل لە پێشووتردا گوتبووی هێرش ناکاتە سەریان. میدیاکە دەڵێت، تەواوی ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون لە چوارچێوەی ئەو نەخشەیەدان ئیسرائیل لە 1ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاویکردووەتەوە و بە ناوچەی دژە شەڕ و مرۆیی ناوی بردوون. گوایە کە دوای ئەو هێرشانەش پرسیاریان لە سوپای ئیسرائیل لەبارەی ناوچە مرۆییەکانەوە کردووە، سوپاکە رایگەیاندووە، وەک خۆیان ماونەتەوە. ساری باشی، بەڕێوبەری هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان تەنیا هۆکاری مردنی خەڵکی سیڤیلی غەززە نین، "خەڵک تەنیا بەسەر ئەو شەقامانەدا هاتووچۆ دەکەن کە حکومەت پێی گوتوون سەلامەتە، بەڵام کاتێک دەچنە سەر ئەو شەقامانە، دەکوژرێن". بەرپرسانی تەندروستی غەززە باس لەوە دەکەن، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی شەڕەکەدا 34 هەزار هاووڵاتی سڤیل لە غەززە کوژراون. شەڕەکە لە دوای ئەوە دەستیپێکرد، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سیڤیلی کوشت و 240 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت. حکومەتی ئیسرائیل بەڵێنی داوە حەماس بە تەواوی لەناوبەرێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێت دەبێت تەواوی رەفحە داگیربکات. ئیسرائیل لۆمەی حەماس دەکات بۆ جموجووڵ لە نێو هاووڵاتیان و خەڵکی سڤیل و خۆ جیانەکردنەوە لێیان و هاندانی خەڵک بۆ چۆڵنەکردنی ئەو جێگایانەی ئیسرائیل داوای چۆڵکردنیان دەکات. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، "بە هەموو جۆریک دژی حەماس دەوەستینەوە لە هەر شوێنێک شەڕ بکەن".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت هەوڵ هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی، ئاماژە بەوەشدەکات زوڵم لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراوە. ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەوڵێک هەیە و پێشنیاز کراوە بۆ ئەوەی بەشێک لە مادەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق هەموار بکرێتەوە". ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێک لە مادەکان زیادکردنی تەمەنی خانەنشینییە کە لە ئێستادا لە عێراق لە تەمەنی 60 ساڵییەوەیە دوا دەکرێت بکرێتەوە 63 ساڵ، چونکە لە یاسا کۆنەکەدا هەر 63 ساڵ بوو کاتی هەموار کردنەوەی یاساکە تەمەنی خانەنشینی بووە 60 ساڵ، هەروەها پێشنیازی دووەمیش بۆ زیادکردنی بڕی مووچەی خانەنشینییە". لەبارەی ئەوەی هەمواری ئەو یاسایە خانەنشینی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە دارا سێکانیانی وتی، "لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ئومێدێکی زۆر هەیە کە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش مووچەکانیان چاک بکرێت، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر روونە لەوبارەیەوە، بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان کاری بەو یاسای نەکردووە و کار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 دەکات کە زوڵمێکی زۆری لە خانەنشینان کردووە لە هەرێمی کوردستان". حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا کار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەڵوەشێندراوەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی دەکات، بەبێ ئەوەی یاسای بەرکارکردنی بۆ دەرکردبێت.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەدەکەین کە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەیەک کرێکار لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، دوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەوانەی بەرپرسیارن لەم رووداوە بدرێنە دادگا". ئەوەشی وت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق". ئێوارەی دوێنێ هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل کوشتنی ژمارەیەکی زۆری فەرماندەکانی حیزبوڵای ڕاگەیاند و حیزبوڵآش کوشتنی ئەو فەرماندانە ڕەتدەکاتەوە. یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، دوای ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بنکەی فەرماندەیی هێزەکانی باکووری ئیسرائیل وتی :" چالاکییە سەربازییەکان سوپای ئیسرائیل لە باشوور و شوێنەکانیتری لوبنان درێژەی ئەبێت و تا ئێستا ئەنجامی زۆر باشی بووە و نیوەی فەرماندەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. رۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسان هێزەکانی ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردە سەر باشووری لوبنان و نزیک ٤٠ شوێنیان کردە ئامانج و لە وڵامدا حزبوڵڵای لوبنانیش بە کاتیۆشا هێرشێ کردە سەر گوندێکی سنووری ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسان رایگەیاند، ئەو شوێنانەی لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، نزیک گوندی " عیتا الشعب" لە قووڵایی ٣ کیلۆمەتری خاکی لوبنان بووەو کۆگای چەک و چۆڵ و ژێرخانەکانی حزبوڵڵای کردۆتە ئامانج و ئەو ناوچانە کراونەتە ئامانج کە میلیشیاکانی حزبوڵڵا لەوێوە تێدەپەڕن. بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان ئەم وتەیەی وەزیری بەرگری ئیسرائیلی بە بێ بنەما ناو برد و وتی مەبەستی وەزیری بەرگری ئیسرائیل ، بردنە سەرەوەی ورەی هێزەکانی خۆیانە و حزبوڵڵای لوبنان هەمووکات وێنە و ژیاننامەی کوژراوەکانی خۆی لە جەنگدا بڵاو ئەکاتەوە. لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە لە کەرتی غەزە، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل زۆر زیاتر پەرەی سەندوە لە ناوچەکە.

هاوڵاتی وەزیری پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام دەدرێت، ئاماژە بەوەشدەکات سەرژمێری ئەزموونی لە مانگی ئایاردا ئەنجام دەدەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2024، رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە "هەژدەهەمین کۆنفرانسی زانستی بەکارهێنانە ئامارییەکان" راگەیاندووە، "لە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام دەدەین و لە پرۆسەکەدا 120 هەزار کارمەند بەشداردەبن و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی پەرورەردە رێککەوتنمان کردووە بۆ ئامادەکردنی ئەو کارمەندانە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنها شەش مانگ ماوەی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە و ئامادەکارییەکان بەردەوامن و ئەرکی زۆرمان لەپێشە، هەروەها بۆ قۆناغی ژمارەلێدان و جیاکردنەوە ماوەی دوو مانگمان پێویست دەبێت". وەزیری پلاندانانی عێراق وتویەتی، "ئەم سەرژمێرییە یەکەم سەرژمێری ئەلیکترۆنی دەبێت لەسەر ئاستی عێراق، رەنگە دوا سەرژمێری بێت، دوای ئەوەش وڵات پێویستی بە سەرژمێری نییە بە مانا هەمەلایەنەیەکەی، بەڵکو ئێمە ڕازی دەبین بە نوێکردنەوەی داتاکان بەپێی بنەمایەکی فراوان و گشتگیر".

هاوڵاتی، وارشۆ/هەوراز حوسێن گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس دەڵێت، ئەوان داوایان نەکردووە بارەگای سەرەکییان لە قەتەرەوە ببەنە سووریا. قسەکانی ئەو سەرکردەیەی حەماس دوای ئەوە هات، رۆژنامەی لیوای لوبنانی لە زاری سەرکردەیەکی نەزانراوی حەماسەوە بڵاویکردبووەوە، حەماس خواستی وایە بچێتە سووریا. رۆژی چوارشەممە 24-4-2024، جیهاد تەها، گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، "حەماس ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە لەلایەن رۆژنامەی لیواوە بڵاوبوونەتەوە لەبارەی داواکاریمان بۆ گواستنەوە بۆ سووریا". ئەو گوتەبێژە ئەوەشی گوتووە، "بزوتنەوەکەمان داوای نە لە سووریا نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە نەکردووە" تێیدا جێگیر بێت. رۆژنامە لوبنانییەکە وا لەبارەی بابەتەکەوە دوابوو، گوایە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا داواکەی حەماسیان بەدەستگەیشتووە و رەتیانکردووەتەوە رێگە بە شتێکی لەو جۆرە بدەن. رۆژی سێشەممە 23-4-2024، مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی بوونی بارەگای حەماس لە قەتەر کرد و رایگەیاندووە، لە 2012ـدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بارەگای حەماس لە قەتەر بۆ مەبەستی نێوەندگیری کراوەتەوە لە نێوان هەردوو لایەندا. گوتەبێژەکەی حەماسیش لەو بارەیەوە دەڵێت، "تاوەکو هەوڵەکانی قەتەر بۆ نێوەندگیری لە ئارادا بن، هیچ هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی فەرمانگەی سیاسیی حەماس لە دۆحە نییە". بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 1987 لەلایەن ئەحمەد یاسین، سەرکردەی فەڵەستینی بۆ شۆڕش لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە. لەو کاتەوە حەماس و ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوە و شەڕی بەردەوامدان.

هاوڵاتی سوپای ئیسرائل رایگەیاند، "دوو فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە"، دواتر بە درۆن هێرشکرایە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل.  رۆژی سێشەممە 23ی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، "حسێن عەلی عەزقوول، فەرماندەی یەکەی مووشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، هەروەها محەممەد خەلیل عەتییە، بەرپرسی هێزی ئاسمانی یەکەی سەربازی رەزوانی حزبوڵڵای لوبنان، لە دوو هێرشی جیاوازدا لە باشووری لوبنان کوژراون".  سوپای ئیسرائیل حسێن عەلی عەزقولی وەک یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە بەشی بەرگری ئاسمانی حزبوڵڵا ناساندووە کە بەرپرسی بەشێکی زۆر لەو هێرشانە بووە کە کراونەتە سەر ئیسرائیل لە لایەن حزبوڵڵاوە. میدیاکانی ئیسرائیل بەگرینگییەوە باسی کوژرانی ئەم دوو فەرماندە سەربازییەی حزبوڵڵایان کردووە و بە لێدانێکی گەورە لە حزبوڵڵا وەسفی کردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی " المیادین" سەر بە حزبوڵڵای لوبنان، رایگەیاند دوای کوژرانی ئەم دوو فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا بە درۆن هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل.

هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەدایە. سەردانەکە ناڕەزایەتی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە دوای خۆیدا هێناوە. رۆژی دووشەممە 22-4-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و بڕیارە لەسەر چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە بکات. ئەو سەردانەی ئەردۆغان ناڕەزایەتی بەشێک لە چالاکوان و خەڵکی لێکەوتەوە. دەستەی سەروەریی نیشتمانی، کە لە کۆمەڵێک هاووڵاتی و چالاکوانی کورد و عەرەب پێکهاتوون لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەخدا کرد. لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کەتێیدا ئاماژە بەوەدەکەن، سەردانی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق شەڕ و ناسەقامگیری ئابووری و ئاسایش دەهێنێت. چالاکوان عەلی دەروێش، ئەم کاریکاتێرەی بۆ هاووڵاتی ناردووە. لە کاریکاتێرەکەدا هاونیشتمانیان لە باشووری کوردستان نیشاندەدات کە وەک ناڕەزایەتی لە دژی هاتنی ئەردۆغان پێڵاو دەگرنە سەرۆکەکەی تورکیا. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەخداوە گەیشتە عێراق و لە دواتریشدا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە پێشوازی لێدەکرێت. بەشێک لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی هەولێر ئاڵای تورکیایان پێدا هەڵواسراوە کە دیارترینیان قەڵای هەولێر بوو. قەڵای هەولێر لە رێگەی داتاشۆوە ئاڵای تورکیای لە کاتی شەودا لەسەر نیشاندرا؛ ئەو کارە دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لە نێو هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان بە دوای خۆیدا هێنا و ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ترێندە.

هاوڵاتی، هەوراز حوسێن دەوروبەری کاژێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە درۆن هێرشی کرایە سەر. ئەمە دوای ئەوە هات شەوی رابردوو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردەوە لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەردەوامدەبن. ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2024، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق بە درۆن هێرشی کرایە سەر. هێشتا زیانی گیانی و مادی دیارنییە. رۆژێک بەر لە ئێستاش بنکەی خەرب لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە 5 مووشەک لەلایەن چەکدارانی کەتایب حزبوڵای نزیک لە ئێرانەوە کرایە ئامانج. بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا مووشەکەکان لە پارێزگای زوممارەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکە کراون. ئەم دوو هێرشە دوابەدوای یەکەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە عێراق دوای ئەوە دێت، لە مانگی شووباتەوە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق راگرتبوو. بەڵام دوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا رایانگەیاند، هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە. ئەمریکا نزیکەی 2500 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە ژێر ناوی ئەمریکا و نزیکەی 900 سەربازی دیکەشی لە سنوورەکانی سووریا لە ژێر ناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق هەیە. ئەو هێزانەش بەردەوام نیشانەی هێرشی درۆنی و مووشەکی هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێرانن لە عێراق.

هاوڵاتی/هەوراز حوسێن شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە باشووری غەززە کردووە و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 14یان منداڵبوون. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەودا بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە غەززە کردووە کە نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی تێیدا ئاوارەن. پزیشکانی نەخۆشخانەی کوەیتی رایانگەیاندووە، بۆردوومانەکە بە دوو جار روویداوە؛ لە جاری یەکەمدا پیاوێک و هاوژینەکەی و منداڵێکی 3 ساڵانیان کوژراون. ژنەکە دووگیان بووە و توانراوە منداڵەکە بە زینوویی لە سکی دایکە مردووەکەی دەربهێنن. لە بۆردوومانی دووەمدا 13 منداڵ و 2 ژن کوژراون کە هەموویان سەر بە یەک خێزان بوون. بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بۆ سەر کەمپی رەفحە لەکاتێکدایە، شەوێک بەر لەم بۆردومانانەش، لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا 9 کەس لەو کەمپە کوژراون کە 6یان منداڵ بوون. بە گوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکانی غەززە، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 34 هەزار فەڵەستینی و برینداربوونی زیاتر 76 هەزار و 901 کەسی دیکە. ئەمە جگە لەوەی 80٪ی خەڵکی غەززە ئاوارەی نێوخۆی کەرتەکە بوون. شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوای ئەوە هات، 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو چەکدارانی حەماس هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد و 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلییان کوشت و 250ی دیکەشیان بە بارمتە گرت.

هاوڵاتی رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا چەند یاسایەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد، لەوانە یاسای "ژینا" (مەهسا) و ئەمە بۆ دووەەمجارە لە چوارچێوەی "یاسای ئاشتی سەدەی ٢١" لەگەڵ کۆمەڵێک رەشنووسی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە  پەسەند دەکرێت. یاسای مەهسا لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکەوێتە دەنگدانەوە، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم رەشنووسە لە ئەنجومەنی پیران و واژۆکردنی لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاوە کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت. پێشتر و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە ٤١٠ دەنگی بەڵێ و ٣ دەنگی دژ، رەشنووسی "یاسای ژینا (مەهسا)"ی پەسەند کرد، ئەم ڕەشنووسە لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا هەندێ ئاڵوگۆڕی تێداکرا.  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ هەمان ڕەشنووسی پێشتری "یاسای ژینا"ی پەیوەست کرد بە پاکێجی یارمەتییە دەرەکییەکانەوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هیوادارن رەشنووسی پێشنیارکراو بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پاکێجی یارمەتیدان بە ئۆکراین و ئیسرائیل، پێکەوە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت. لەئەگەری پەسەندکردنی "یاسای ژینا " لە ئەنجومەنی پیران، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێویستە سەرجەم ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لەوانە، عەلی خامنەیی ، رێبەری کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بخاتە لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم یاسایە هەروەها ئەمریکا ناچار ئەکات بەوەی هەر ٩٠ رۆژ جارێک راپۆرتێک دەربارەی ئەو کەسانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لە ئێران، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی و نووسینە و دامەزراوەکانی سەر بە ئەوان، بخاتە بەردەست کۆنگرە.

هاوڵاتی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رەخنە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەگرێت بۆسەر شاری ئەسفەهانی ئێران و بە هێرشێکی هەڵە ناوی دەبات. جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" رەخنەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل کرد بۆ سەر ئەسفەهان و رایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر بۆ سەر شاری ئەسفەهانی ئێران هەڵە بوو، چونکە پێموایە ئیسرائیل لەژێر فشارێکی گەورەدا بوو لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بۆ کەمکردنەوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران تاوەکو گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نەبن، بەڵام ئەگەر مەبەستەکە نیشاندانی هێزی ئیسرائیل بووبێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی داهاتووی ئێران، دڵنیام ئەو ئەرکەیان بە ئەنجام گەیاندووە". راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا  رەخنەی لە نەبوونی هیچ ستراتیژێکی ئەمەریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و جەختی لەسەر پێویستی رووبەڕووبوونەوەی “بازنە ئاگرین" کرد کە ئێران لەگەڵ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دامەزراندووە. هەروەها بۆڵتن بە دووری نەزانی لە ئایندەدا ئیسرائیل هێرشی دیکە بکاتە سەر ئێران، بەڵام داوای کرد هێرشەکان بەهێز بێت و وتی “پێدەچێت وەڵامدانی لاواز ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە".

هاوڵاتی وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆی لەسەر رێککەوتنی تایبەت بە پڕچەککردنی هێزە ئاسمانییەکان و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق کردووە.  سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی کردوە لە بارەی پشتیوانی کردنی بەغدا بە فڕۆکەی ئێف 16، هەروەها واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی ستونی لە جۆری بیڵ، هەروەها ئارەزویان هەیە بۆ کڕینی سیستمی ئەندرۆترۆنی بەرگریکەری دژی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. باسی لەوەشکردووە کە  54 كۆمپانیا كە زۆربەی زۆریان بیانین ئاواتەخوازن وەبەرهێنان لە عێراق بكەن و  كەرەستە سەربازییەكانیان بخەنە بازاڕەوە بۆ عێراق.  وەزیری بەرگریی عێراق لەبارەی  رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا بەو ئاژانسەی وتووە، "چەند قۆناغێکمان بڕی، ئەوەش دوای ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. رێککەوتنەکە گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و بەمنزیکانە کۆبوونەوەی دیکەشمان دەبێت". هاوکات  لەبارەی پێکەوە کارکردنی سوپای وڵاتەکەی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا "جەختمان لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبواری هەواڵگری و بەردەوامی پێکەوەکارکردن و هاوئاهەنگییەکان کردوەتەوە. هەندێکجاریش پێویستیمان بە پاڵپشتیی ئاسمانیشیان دەبێت". دوای 7 رۆژ مانەوەی ئەمڕۆ  شەممە، 20ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاش ئەنجامدانی چەندین دیداری دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەیشتەوە بەغدادی پایتەختی عێراق.