هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە ، پۆلیسی دیمەشق رایگەیاند،لە نزیک کونسلییەی ئێران لە دیمەشقی پایەتەختی سوریا بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە. لە راگەیندراوەکەی پۆلیسدا ئەوەش هاتووە کە بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "جێب" لکێنرابوو و تەقینەوەکە جگە لە زیانی گیانی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە. لەلایەن خۆیەوە "رامی عەبدولرەحمان" بەرێوەبەری تۆری سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند،چەند کەسێکی نەناسراوبەدووری دوو کیلۆمەتر لە کونسلییەی ئێران، بۆمبێکیان بە ئۆتۆمبێلێکی "جێب" دا لکاندووە و تا ئێستا نازانرێت چ کەسێک لەم تەقینەوەیەدا بە ئامانج گیراوە. لە هەمان کاتیشدا ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە ئەو ناوچەیەی کە بۆمبەکەی تێدا تەقێنراوە ، بە ناوچەیەکی ئەمنی ناسراوە کە چەندین کەسایەتی سووری و بێگانەی نزیک لە ئێران تێیدا نیشتەجێن. جێی ئاماژەیە لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسلییەی ئێران لە دیمەشقی پایەتەختی سوریا ، ئەمە دووەمین تەقینەوەیە کە لەو ناوچەیە روودەدات.  

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری لە ئێستادا  وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بە وردی چاودێری ئاڵۆزی و ئالەنگارییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەن و چاودێرە سەربازی و سیاسییەکانیش بە سەر دوو رای جیاوازدا دابەش بوون . بەشێکیان پێیان وایە کە ئێران هێرشێکی سنووردار بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام ئەدات و بەشەکەی دیکەش پێیان وایە لە ئێستادا کە کێشە ناوخۆییەکانی ئێران لە لێواری تەقینەوەدایە و خەڵکی ئێران بە بارێکی ئابووری سەختتدا تێدەپەرن ، حکومەتی ئێران بۆ مەشغوڵ کردنی ئێرانییەکان هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و دروونی دەکاتە سەر ئیسرائیل. لەمبارەیەوە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بە ئاژانسی "رۆیتەرزیان" راگەیاندووە کە لە ئێستادا ئێران خاوەن کۆگەیەکی بەرفراوانی مووشەک و درونی بۆمرێژکراوە .   لێرەدا هاوڵاتی زانیاری ورد لەبارەی گرنگترین مووشەکە جەنگییەکانی ئێران دەخاتە روو. مووشەکی دوورمەودا چەند رۆژێ لەمەبەر ئاژانسی هەواڵی " ئیسنا" نیمچەفەرمی ئێران بە گرافیکێک نۆ مووشەکی ئێرانی خستەروو کە دەتوانن قوڵایی ئیسرائیل بپێکن.  مووشەکی " سوجەیل" یەکێکە لە مووشەکە دوورمەوداکانی ئێران کە دەتوانێت 17 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببرێت و مەوداکەشی دەگاتە 2500 کیلۆمەتر، "خەیبەر" یەکێکی دیکەیە لە مووشەکە دوورهاوێژەکان و مەوداکەی دەگاتە 2000 کیلۆمەتر، مووشەکی "حاجی قاسم" کە بەناوی"قاسم سولەیمانی" فەرماندەی پێشووی سوپای قودس ناونراوەو مەوداکەی دەگاتە 1400 کیلۆمەتر. مووشەکی کورت مەودا ماوەیەک لەمەوبەر رێکخراوی سنووردارکردنی چەک کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە رایگەیاند، ئێران خاوەنی چەندین مووشەکی کورت مەودای جۆراجۆرە کە هەندێکیان بریتین لە "شەهابی یەک" و مەوداکەی 300 کیلۆمەترە، "زولفەقار" مەوداکەی 700 کیلۆمەترە و "شەهابی سێ" مەوداکەی لە نێوان 800 بۆ 1000 کیلۆمەترە و "عیماد ی یەک" مەوداکەی 2000 کیلۆمەترە و "سوجەیل" هەوڵ دەدرێت مەوداکەی بگەیەنرێتە 1500 بۆ 2500 کیلۆمەتر. جگە لەم مووشەکانە ئێران خاوەنی مووشەکی "کرۆز کەی.ئات-55"و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و مەوداکەی دەگاتە 3000 کیلۆمەتر و هەروەها خاوەنی چەند مووشەکێکی نوێی دژەکەشتییە کە مەوداکانیان دەگاتە 300 کیلۆمەتر و توانای هەڵگرتنی کڵاوەیەکی تەقەمەنی یەک تەنییان هەیە. مووشەکی هایپەرسۆنیک   لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، بۆ یەکەمین جار هێزە سەربازییەکانی ئێران توانیویانە مووشەکی بالیستی هایپەرسۆنیک بەرهەم بهێنن. جێی ئاماژەیە ئەم جۆرە مووشەکانی پێنج جار لە خێرایی دەنگ خێراترن و بەئاسانی ناتوانرێت بپیکێنرێن. درۆن لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ئێران رایگەیاند ، درونیکی پێشکەوتووی بە ناوی " موهاجری دە" دروست کردووە کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کیلۆمەتر و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر توانای فرینی هەیە و دەتوانێت 300 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت.  

هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون پنتاگۆن بڕیاریداوە دوو کەشتی سەربازی بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێنێت بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشی ئێراندا و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات  لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەیدا. ئاژانسی هەواڵی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردۆتەوە، دوای ھۆشدارییەکەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران لەھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە پەیامێکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە و رایانگەیاندووە، ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان بکات لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و لە ھەموو رێگەکانەوە ھێرشیان دەکەنەسەر. هاوکات ئاژانسی هەواڵی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردۆتەوە کە، تا ئێستا  پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە. ئەو ئاژانسە باسی لەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بۆ جوڵاندنی هێزەکانی دوای ئاگادارکردنەوەیەک هاتووە لە کەسێکی تایبەت و ئاگادار لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پلانەکانی ئێران. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئەمریکا دوو کەشتی جەنگی وێرانکەر دەنێرێتە ناوچەکە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و یەکێک لە کەشتییەکانیش، سیستەمی بەرگری موشەکی Aegis ی تێدایەو ئامادەیە بۆ بەکارهێنان. سەبارەت بەو شوێنانەی چاوەڕواندەکرێت هێرشیانبکرێتە سەر ئەو ئاژانسە لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر باشور یان باکوری ئەو وڵاتە لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا (واتە 24 کاتژمێری داهاتوو)، چونكه‌ ئه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردوو ڕویدا شتێكى ئه‌ووتۆ نییه‌". لەهەمانکاتدا ئاژانسی هەواڵی CNN لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە ،"ژەنەڕاڵ ئێریک کۆرێلا فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا، لەئیسرائیل بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوەو هێرزی هالێڤی سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئیسرائیلیش لەگەڵ کورێلا کۆبونه‌وه‌یان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە ئه‌نجامداوه‌". ئەو بەرپرسە جوڵەپێکردنی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکای پشتڕاستکردۆتەوەو باسی لەوەکردووە کە  هێزەکانی ئەمریکا  دەیانەوێت لەعێراق‌و سوریاوه‌  ڕێگریی لەموشەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەن، کە باکوری ئیسرائیل دەکەنە ئامانج، ئەمەش بەگوێره‌ى ئەو شوێنەی کە لێیەوە هەڵدەدرێن". جێگەیباسە کاربەدەستانی ئەمەریکا ترسیان لەوە هەیە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەناو ئێراندا کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبونی جەنگێکی  ناوچەیی و تێوەگلانی ئەمریکا تیایدا و بەهۆی ئەمەشەوە ئێران هێرشبکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەربۆیە داوایان لە ئیسرائیل کردووە بە وریاییەوە وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.

 هاوڵاتی رۆژنامەی تایمزی چاپی لەندن لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە بە پێی کۆمەڵێک نامە و بەڵگە کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستین کەوتووە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٦ ساڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠٢٠ لانیکەم ٢٢ ملیۆن دۆلار یارمەتی ماددی حەماسی داوە. تایمزی لەندەن لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات سوپای ئیسرائیل ئەم نامە و دێکۆمێنتانەی لە کاتی جەنگی غەزە دا دەستکەوتووەو بە شێوەیەکی تایبەت خراوەتە بەردەست رۆژنامەکە. سوپای ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم نامە و دێکۆمێنتانە بەڵگەی تەواون بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حەماس ئەکات و بەردەوام یارمەتی ماددی ئەم رێکخراوەیەی داوەو لایان وایە ئەمە تەنها بەشێکە لەو بەڵگانەی کە دەستیان کەوتووە. لە یەکێک لەم نامانەدا مەروان عیسا، فەرماندەی لقی سەربازی حەماس لە غەزە کە ناوی خوازراوەکەی "ابو البراء"ە و نامەکەی بۆ یەحیا سێنوار رێبەری ئەم گرووپەی نووسیوە، وردەکارییەکانی وەرگرتنی لانیکەم ٢٢٢ میلیۆن دۆلار لە کۆماری ئیسلامی خراوەتەڕوو و باسی لێوە کراوە. بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دا،  بۆ ناوچەیەک لە نزیک کەمپی "نەسیرات" لە ناوەندی غەزە باس لەوە کرا مەروان عیسا کوژراوە. ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی حەماسیان پشتڕاستکردۆتەوە. ئیسرائیل هەروەها بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە "یەحیا سێنوار"یش ئەکوژن و یەحیا سێنوار بە داڕێژەری سەرەکەی پلانی هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەزانن. ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەردەوام باس لەوە ئەکات سوورن لەسەر کوشتنی یەحیا سێنوار، سێنوار بە پیاوێکی گەڕۆک ئەزانن کە دوای ٧ی تشرینی یەکەم لە هیچ کوێ ئارام ناگرێت و بەردەوام لە گەڕاندایە ولایان وایە ئەمەش وایکردووە تا ئێستا نەکوژرێت. لە نامەی یەکەمدا کە لە رێگای سوپای ئیسرائیلەوە گەیشتۆتە دەست تایمزی ئیسرائیل و نامەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نووسراوە بە وردی باس لەو بڕە پارەیە کراوە کە بە شیوەی مانگانە لە کۆماری ئیسلامیان وەرگرتووە. وردەکاری وەرگرتنی پارەکان بە شێوەی مانگانە لەو نامەیەدا باسی لێوە کراوەو ئەم تۆمارە لە مانگی ٧ی ٢٠١٤ ەوە دەستی پێکردوە، راست ئەو کاتەی کە حەماس لە جەنگدا بووە لە گەڵ ئیسرائیل. رۆژی٨ی ٦ی ٢٠١٤ دوای ئەوەی کە ٣ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە رفێندران، ئیسرائیل حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان هەیە لە رفاندنی ئەو ٣ مێرمنداڵەدا و بەو هۆیەوە جەنگی حەماس ئیسرائیل دەستی پێکرد لە کەرتی غەزە و لە ٨ی مانگی ٦ی ٢٠١٤ەوە تا ٢٦ی ئابی ٢٠١٤ خایاند. لەم جەنگەدا ٦٤ سەربازی ئیسرائیلی و ٢ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلی کوژران. لە بەرامبەردا ٢٠٤٠ کەس لە فەلەستینییەکان کوژران و بە پێی ئامارەکان نزیک بە ١٦٠٠ کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون . بە پێی ئەو زانیارییانەی لەنامەی یەکەمدا هاتووە، لەو ٦ ساڵەدا بە گشتی ١٥٤ میلیۆن دۆلار راستەوخۆ و بە شێوەی نەخت دراوە بە حەماس و ئەوەی ماوەتەوە دراوەتە دەست کەسێک بە ناوی "ابوالعابد" کە گومان ئەکرێت ئەو کەسە هەمان "ئیسماعیل هەنییە" سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس بێت کە لە دووحە پێتەختی قەتەر ئەژی و تایمزی لەندەن لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە باس لەوە ئەکات ئەو کەسە ئیسماعیل هەنییەیە. نامەی دووهەم لە تشرینی دووهەمی ٢٠٢١ نووسراوەو بەم شێوەیە دەستی پێکردووە:" بە ناوی خوای گەورەو دلۆڤان. بۆ برای ئازیزم ، ئەبوو ئیبراهیم، خوا بیپارێزێت"... پێدەچێت " ئەبوو ئیبراهیم" هەمان یەحیا سێنوار بێت. لەم نامەیەدا باس لە وردەکاری یارمەتییە مادییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە بۆ حەماس، دوای جەنگەکانی ٢٠١٤ کە بە " ئۆپەراسیۆنی شمشێری قودس" دژی ئیسرائیل ناوی دەبرا. دوای ئەم جەنگە ، کۆماری ئیسلامی بە یەک جێ ٥٨ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس، دواتر بە دوو جار و هەرجارەو ٥ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس و رێبەرەکانی. بە پێیزانیارییەکانی تایمزی لەندەن ، ئیسرائیل لای وایە ئەم بڕە زۆرە پارەیە سەرەتا گەیشتۆتە بەیرووت پایتەختی لوبنان و لەوێوە لە لایەن ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە گەیەندراوەتە دەست کەسەکانی حەماس. مەروان عیسا لەم نامانەدا کە باسی " سەعید ئیزەدی" ئەکات بە " حاجی رەمەزان" ناوی ئەبات. سەعید ئیزەدی یەکێک لەو ئەفسەرانە بوو کە محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەیان بووەو راستەوخۆ لە محەممەد رەزا زاهیدی فەرمانی وەرئەگرت. محەممەد رەزا زاهیدی و ٦ ئەفسەری پلەبەرزی سوپای پاسداران، رۆژی ١ی نیسان لە هێرشی ئیسرائیل  بۆ سەر کۆنسولگەری  کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کوژرا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل رایگەیاندووە ئامادەی هەرجۆرە وەڵامدانەوەیەکە. تایمزی لەندەن باسی لەوە کردووە مەبەستی ئیسرائیل لەم هێرشە ئەوە بووە تاران تێ بگەیەنێت لەوەی ئیتر ناتوانێت خۆی لە پشتی هێزە میلیشیاکانەوە بشارێتەوە. ناوەندە هەواڵگرییەکان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی تۆڵە ئەکاتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یان ئەوەیە لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە ئەم کارە ئەکات. دوای ئەوەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هەرچەن نازانرێت ئاخۆ راستەوخۆ هێرش ئەکات یان لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە. بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنج شەممە سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد و وتی، جگە لە غەزە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکیتر لە ناوچەکانیتر ئامادە کردووە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتی :" هەرکەسه هێرشمان بکاتە سەر و زیانمان پێ بگەیەنێت، هێرش ئەکەینەوە سەری و زیانی پێ ئەگەیەنین. ئامادەین بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە ئیسرائیل بکەین". ئەفسەرەکانی بەشی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن محەممەد رەزا زاهیدی پارەی دەگەیاندە دەست "صالح العاروری" فەرماندەی سەربازی حەماس لە بەیرووت کە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ لە هێرشی ئیسرائیلییەکاندا کوژرا. دواتر ئەم پارەیە لە رێگای ژمارەیەک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بە کەڵک وەرگرتن لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەگەیەنرایە غەزە و سەرەنجام پارەکە دەگەیشتە دەست مەروان عیسا یان نوێنەرەکانیتریان. محەممەد سروور، یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە دەستی بووە لە گواستنەوەی پارە بۆ حەماس، لەگەڵ چەندکەسیتر لەوانەی کە دەوترێت دەستیان بووە لە دابینکردنی پارە بۆ حەماس کوژران. سوپای ئیسرائیل هەروەها رۆژی پێنج شەممە ١١ی نیسان رایگەیاند یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حەماس بە ناوی " ناسر یەعقووب جابر نەسر" کە کاری دابینکردنی پارە بووە بۆ حەماس، لە هێرشێ ئیسرائیل بۆ سەر رەفح کوژراوە. حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی ئەکریت. هەرچەند لە چاو حزبوڵڵای لوبنان کە کۆماری ئیسلامی دایمەرزاندووە سەربەخۆترە. تایمز ئاماژەی بەوە داوە جیهادی ئیسلامی فەلەستین بە تەواوەتی لە لایەن تارانەوە بەڕێوە ئەبرێت و هیچ جۆرە سەربەخۆییەکی نییە. تایمز هەروەها لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە ، رێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئاگاداری ئەو هێرشە بووە. دامەزرێنەری حەماس، ئەحمەد یاسین کە یەکێک بوو لە شوێنکەوتوانی ئێخوان المسلمینی میسر، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی  پەیوەندییەکی باشی هەبوو، بەڵام دوای دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی لە تاران، بڕیاری دا پارە لە کۆماری ئیسلامی وەرنەگرێت. بەڵام تایمز ئاماژەی بەوە داوە رێبەرەکانی حەماس لەم چەند ساڵەی دواییدا جۆری روانینیان گۆڕیوەو سەدان میلیۆن دۆلاریان لە تاران وەرگرتووە. تایمز هەروەها نووسیویەتی،  حەماس لەم چەند ساڵەی رابردوودا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. بۆ وێنە خالید مەشعەل، سکرتێری پێشتری مەکتەب سیاسی حەماس، ساڵی ٢٠١٢ دوای سەرکوتی خوێنای دژبەرەکانی حەماس کە لەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان ئێخوان المسلمین لە سووریا کوژران، بڕیاری دا نووسینگەی حەماس لە دیمەشق دابخات و لە تاران دوور بکەوێتەوە. تایمزی لەندەن هەروەها نووسیویەتی، بۆ ماوەی چەند ساڵ رێبەرانی حەماس ناکۆک بوون لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران و سووریا دروست بکەنەوە یان نا. ئێستا ئەم بە پێی ئەم بەڵگانە بێت لانیکەم لە ٢٠١٤ ەوە پەیوەندی حەماس و تاران دروست بۆتەوەو حەماس یارمەتی ماددی لە تاران وەر گرتووە. ناوەندەکانی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەرەن کە هۆکاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران وحەماس جەنگی حەماس – ئیسرائیلە لە ساڵی ٢٠١٤ کە ٧ حەوتووی خایاند. بە پێی بەڵگەکان لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا کۆماری ئیسلامی یارمەتی ماددی حەماسی نەداوە، هۆکارەکەشی ئەکرێ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە حەماس لەو ساڵانەدا لەبری ئەوەی دژی ئیسرائیل بجەنگێت، خەریکی نۆژەنکردنەوەی غەزە بوو. رەنگە جیاوازی بۆچوونی نێوان رێبەرانی حەماس هۆکار بێت بەوە لەو ٢ ساڵەدا یارمەتی لە تاران وەر نەگرن. دوای جەنگی ١٢ رۆژەی حەماس- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١ یارمەتییە مادییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە و ئەمەش وەک پێزانینی ئێران بۆ حەماس و بەشداری کردنی لەو جەنگەدا لێک ئەدرێتەوە. سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن یارمەتییە ماددییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم تا ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەر بەردەوام بووەو کۆماری ئیسلامی یارمەتی حەماسی داوە بەوەی کۆگاکانی چەک و چۆلی خۆی دەوڵەمەندتر بکات.  

هاوڵاتی کاربەدەستانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند پەنتاگۆن بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئەمەش بە ناردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەی زیاتر بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی ئێران.  ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە ئەمڕۆ هەینی ١٢/٤/٢٠٢٤ بڵاویکردەوە کە ، پنتاگۆن بڕیاریداوە ژمارەیەک کەستی سەربازی بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێن بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و پاراستنی کارمەند و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا". ئەم گۆڕانکارییە نیگەرانییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەردەخات لەوەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزەدا لەوانەیە ببێتە هۆی توندوتیژییەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لە کاتێکدا بەرپرسانی واشنتۆن ڕەتیان کردەوە ئەمەریکا دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی 1 ی مانگی چواردا لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی دوو فەرماندەی سەربازی ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هێرشەکە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا. سەبارەت بە جۆری ئەو کەشتی و فڕۆکانەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجوڵێنرێن ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەکردوە کە بەرپرسێکی دیکەی بەرگری ئەمەریکا کە ئاگاداری پلانەکەی پنتاگۆنە ڕەتیکردۆتەوە جۆری کەشتییەکە ئاشکرا بکات لەبەر ئاسایشی کەشتییەکە.  ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشداوەکە، سەرکردە باڵاکانی پێنتاگۆن نائومێد بوون لەوەی ئیسرائیل حکومەتی ئەمەریکای ئاگادار نەکردۆتەوە پێش هێرشەکەی دیمەشق هاوکات ژمارەیەک کاربەدەستی پنتاگۆن  لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندوە وەزیری بەرگری لۆید ئۆستن ڕاستەوخۆ سکاڵای لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی وەزیری بەرگری یۆڤ گالانت کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە کاریگەری لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا هەیە. لە کاتێکدا ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا بەرپرسیار دەکات لە کردەوەکانی ئیسرائیل، لەوانە هێرشەکەی سەر دامەزراوەکەی لە دیمەشق، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا تاران هەوڵدەدات ڕاستەوخۆ ڕێوشوێن لە دژی ئەمەریکا بگرێتەبەر یان تەنها تیشک دەخاتە سەر ئیسرائیل.

هاوڵاتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هێرش بكاته سه‌ر‌‌ ناوخۆی عێراق و یاخوود وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، راسته‌وخۆ وه‌ڵامیان ده‌بێت و هێرشەکانیان دەستپێدەکاتەوە. موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لەبارەی ئەو دۆخەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە ئەمڕۆ هەینی، 12ی نیسانی 2024، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و رەخنەی تووندیش لە حکومەتی عێراق دەگرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گۆڕینی ناوی هێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانان و هه‌ر ناوێكی دیكه‌، هیچ به‌هایه‌كی نییه‌ و بووه‌ته‌ بارێكی قورس بۆسه‌ر سینگی عێراقی بریندار وئه‌مه‌ریكا سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی عێراقیشی پێشێل كردووه‌ و جیا له‌ كۆنترۆڵی بڕیاری سیاسیش". روونیشیكردووته‌وه‌، به‌هۆی پاڵپشتی واشنتن بۆ ئیسرائیل، رۆژ له‌ دوای رۆژ رێژه‌ی تاوان و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان زیاد ده‌بن. هۆشداریشیدا، "هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن ئیسرائیل یاخوود ئه‌مه‌ریكا بكرێته‌سه‌ر عێراق یاخوود وڵاتێكی دراوسێ، وه‌ڵامی راسته‌وخۆمان ده‌بێت و هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ده‌ستمان ده‌یگاتێ". بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ی نیسانی ئەم ساڵ هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و حەوت ئەفسەر و راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەو وڵاتە دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.  ئیسرائیلیش دەڵێت، وەڵامی بۆ هەر هێرشێکی ئێران دەبێت. هاوکات بەگوێرەی زانیارییه‌كانی دوو بەرپرسی باڵای ئەمه‌ریكا و ئیسرائیل، كە قسەیان بۆ كه‌ناڵی سی بی ئێس نیوزی ئه‌مه‌ریكی كردووە، ئێران ئامادەكاری تەواویكردووە و دەیەوێت لە رێگەی زیاتر لە 100 درۆن و ده‌یان مووشه‌ك هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل. له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل و ئەمەریکا شانبەشانی یەکدی دەوەستنەوە و "دوژمنانمان نەک ناتوانن ئێمە لێک جیا بکەنەوە، بەڵکو پەیوەندیمان بەهێزتر بووە".

هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون دوو بەرپرسی ئەمەریکی بە ئاژانسی هەواڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکییان ڕاگەیاندووە ،چاوەڕوان دەکرێت هێرشێکی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەمڕۆ هەینیدا ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان موشەکی تێدا بەکاربهێنرێت کە ئامانجیان بنکە سەربازییەکانی ناو وڵاتەکە بێت.  بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە  لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی داهاتودا هێرشی ڕاستەوخۆی  ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ هێرشەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەفسەری سەربازی ئێران ئەنجام بدرێت.  ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە بەو ئاژانسەیان وتووە، ئێران بە نیازە لە ھێرشەکەدا زیاتر لە ١٠٠ فرۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات و چەند پێگەیەکی سەربازی بکاتە ئامانج. باسیانلەوەشکردووە ، بۆ ئیسرائیل ئاسان نابێت خۆی بپارێزێت و نەهێڵێت زیانی پێبگات گەر هێرشەکە بەو ڕادەیە بەهێز و گەورە بێت، بەڵام ئەمریکا پێی وایە  ئێران لە کۆتاییدا ھێرشێکی بەو ڕادەیە گەورە ئەنجام نادات بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە زیاتر ئاڵۆزبونی ڕوشی ئەمنی ناوچەکە. زیادبونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە کاتێکدایە  دووشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێرانی لە ناوەڕاستی دیمەشق بۆردومان کرد و حەوت سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت و دوابەدوای ئەمەش ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "باڵیۆزخانەکان لە هەر وڵاتێک هەبن، بە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن کە خاوەندارێتییان دەکات. کاتێک هێرش دەکەنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، وەکو ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە. رژێمە پیسەکە لەم بابەتەدا هەڵەی کرد؛ دەبێت تەمبێ بکرێت و دەشکرێت." هاوکات لە وڵامی  ئایەتوڵا خامنەی، نیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕین. کار لەسەر بنەمایەکی سادە دەکەین؛ هەرکەسێک ئازارمان بدات، ئازاری دەدەین. خۆمان بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئیسرائیل ئامادە دەکەین لە رووی بەرگری و هێرشکردنەوە." 

هاوڵاتی وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە وەرزى وەرگرتن و بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە باشووری عێراق دەستیپێکرد و پرۆسەکە بەردەوامی هەیە. ئەسیر غورەیری وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند "وەرزی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە باشووری عێراق دەستیپێکرد و چوار بارهەڵگری یەکەمی ئەمساڵ وەرگیرا". ئاماژەی بەوەشکرد "دوێنێ پێنجشەممە 11ی نیسانی 2024 پرۆسەکە لە پارێزگای موسەنا وەک یەکەم ناوچەى عێراق دەستیپێکردووە و لە داهاتوودا لە ناوچەکانی دیکە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێدەکات".  

هاوڵاتی رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١ی نیسان رایگەیاند، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە رۆژەکانی رابردوودا نمایشێکی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ سوپای قوبرس ئەنجام داوەو هێزەکانی خۆیان راهێناوە بۆ هێرش کردنە سەر ئامانجە دوورەکان. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئامادەکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە وەها نمایشێکی سەربازیدا بە مەبەستی هیرشکردنە سەر ئێران بووە لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. بە وتەی رادیۆی سوپای ئیسرئیل، بەشداری فڕۆکەکانی سووتەمەنی گەیاندن لەم نمایشە سەربازییەدا لە ئاسمان قوبرس و دەریای ناوەڕاست ئەوە ئەخاتە روو کە ئەم نمایش و ئامادە کارییە بە چ مەبەستێک بووە. زیادبونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە کاتێکدایە  دووشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێرانی لە ناوەڕاستی دیمەشق بۆردومان کرد و حەوت سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت و دوابەدوای ئەمەش ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "باڵیۆزخانەکان لە هەر وڵاتێک هەبن، بە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن کە خاوەندارێتییان دەکات. کاتێک هێرش دەکەنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، وەکو ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە. رژێمە پیسەکە لەم بابەتەدا هەڵەی کرد؛ دەبێت تەمبێ بکرێت و دەشکرێت." هاوکات لە وڵامی  ئایەتوڵا خامنەی، نیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕین. کار لەسەر بنەمایەکی سادە دەکەین؛ هەرکەسێک ئازارمان بدات، ئازاری دەدەین. خۆمان بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئیسرائیل ئامادە دەکەین لە رووی بەرگری و هێرشکردنەوە."  یەکی نیسانی ئەم ساڵ، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و دوو فەرماندە و پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێرانی کوژران  

هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون ڕۆژنامەی “جەریدە”ی کوەیتی لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە کە ،واشنتۆن بەڵێنی داوە ئیسرائیل ڕازی بکات کە هێرشەکانی له‌ سوریا و لوبنان ڕابگرێت لە بەرامبەر ئەوەی تاران وەڵام نەداتەوە بۆ بۆردومانه‌كه‌ی سەر دیمەشق. ڕۆژنامەی جەریدەی کوەیتی لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەتایبەت دوای هێرشەکەی سەر دیمەشق بڵاویکردۆتەوە کە ئەمریکا هەوڵدەدات وەڵامدانەوەی ئێران ڕابگرێت بەرامبەر بە ئیسرائیل و لە ڕێگەی نێوەندگیرێکی سویسری و ئەمریکی ، واشنتون پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆی تاران و تەلئەبیب دەکات. سەبارەت بە وڵامی هەریەک لە ئیسرائیل و ئێران بۆ پێشنیارەکەی واشنتۆن ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو پێشنیارانەی ئه‌مریكای ناردۆته‌ نووسینگەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت . هاوکات سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە بەیروت بە “جەریدە”ی ڕاگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیاری ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە کە هێرشەکان لە سوریا ڕابگرێت. زیادبونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران زیادیکرد کاتێک دووشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێرانی لە ناوەڕاستی دیمەشق بۆردومان کرد و حەوت سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت دوا بەدوای هێرشەکەش ئێران دەستی بە خۆڕێکخست و هەڕەشەی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.  

هاوڵاتی بەپێی هەواڵ میدیاکانی تورکیا بێت، ئەو وڵاتە سیستمی بەرگریی مووشەکی ئێس 400ی رووسی لە سنوورەکانی عێراق جێگیر دەکات. لە راپۆرتێکیدا رۆژنامەی حوریەت کە رۆژنامەیەکی تورکییە ئاشکرایکردووە، وەك ئامادەکاریی بۆ هێرشە نوێیەکەی تورکیا بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سیستمی بەرگریی مووشەکی ئێس 400ی رووسی لە سنوورەکانی عێراق جێگیر دەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، دوای جەژنی رەمەزان تورکیا سیستمە بەرگرییە مووشەکییەکە جێگیر دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. وەک رۆژنامەکەی بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادەییان نیشانداوە، هاوکاریی تورکیا بکەن لەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەی بۆسەر پەکەکە ئەنجامدەدرێت.

هاوڵاتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە". وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە". وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.  

هاوڵاتی کوژرانی ٦ کەس لە هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوانیوەڕۆی سێشەممە ٩ی نیسان، هێرشکرایە سەر هێزە سەربازییەکانی ئێران لە جادەی سیوران- مەهرستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و بەو هۆیەوە شەش سەربازی حکومەتی ئێران  کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. سوپای داد، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ و نووسیویەتی "ماوەیەک لەوە پێش هێزێکی ئۆپێراسیۆنی ئیتلاعات لە جادەی سیوران- مەهرستان لە لایەن موجاهیدەکانی رێکخراوی سوپای دادەوە کرایە ئامانج و ٦ کەس کوژران و کەسێکیان بریندار بوو و ٣ ترۆمبیل سووتێنرا". بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "حال وەش" کە هەواڵ و زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاوئەکاتەوە، ئەم هێزانە لە جاددەی سیب و سیوران لە گەڕاندا بوون کە هێرش کراوەتە سەریان. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەمپەینی چالاکانی بەلوچی راگەیاندووە ، هێزەکانی جەیش العدل لەم هێرشەدا چەکی بێدەنگیان بەکار هێناوە، بۆیە دەنگی تەقەکردنیان نەبیستراوەو توانیویانە دوای هێرشەکە لە شوێنەکە دوور بکەونەوە. ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە پێنج کەس لە هێزە سەربازییەکان لە شوێنی رووداوەکە کوژراون و سەربازێکی تریش کە بریندار بووە، لە رێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دەڵێت "هێرشدەکەینە سەر ساری رەفەح"، ئاماژە بەوەشدەکات ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند "وادەیەک بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاری کراوە کە دوا پەناگەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانە لە غەزە"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وادەکەی ئاشکرانەکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی وردم لەسەر دانوستانەکانی قاهیرە پێگەیشت، ئێمەش ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، لە پێش هەموویان ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواو بەسەر حەماسدا". شاری رەفەح لە باشوری غەزە، جگە لە دانیشتوانەکەی خۆی، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی غەزە و باکووری شارەکەی تێدایە.

هاوڵاتی  رادیۆی سوپای ئیسرائیل بلاویکردەوە، لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام لە کەرتی غەزە هێزەکانی فیرقەی 98ی ئەو سوپایە بە تەواوی لە خان یۆنس کشاونەتەوە. لە درێژەی هەواڵەکانی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە "بۆ یەکەمین جار و لە دوای دەسپێکی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە دژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو کەرتە کشاونەتەوە و فیرقەی 98 یش لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام بە هەر سێ لیواکەیەوە لە دوای کۆتایی هاتنی چالاکییە سەربازییەکانیان لە خان یونس هاتوونەتە دەرەوە". لە ئێستاشدا تەنها "لیوای ناحال" لە کەرتی غەزە ماونەتەوە کە باشوور و باکووری کەرتی غەزەیان جیاکردۆتەوە. لە لایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند لە دەسپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە تاکو ئێستا 604 فەرماندە و سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و لە بەرامبەریشدا توانیویانە 12 هەزار چەکداری سەر بە بزوتنەوەی حەماس بکوژن. جێگەی ئاماژەیە ئەمرۆ شەش مانگ بەسەر دەسپێکی ئەو جەنگەدا تێدەپەرێت .