هاوڵاتی بەپێی هەواڵ میدیاکانی تورکیا بێت، ئەو وڵاتە سیستمی بەرگریی مووشەکی ئێس 400ی رووسی لە سنوورەکانی عێراق جێگیر دەکات. لە راپۆرتێکیدا رۆژنامەی حوریەت کە رۆژنامەیەکی تورکییە ئاشکرایکردووە، وەك ئامادەکاریی بۆ هێرشە نوێیەکەی تورکیا بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سیستمی بەرگریی مووشەکی ئێس 400ی رووسی لە سنوورەکانی عێراق جێگیر دەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، دوای جەژنی رەمەزان تورکیا سیستمە بەرگرییە مووشەکییەکە جێگیر دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. وەک رۆژنامەکەی بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادەییان نیشانداوە، هاوکاریی تورکیا بکەن لەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەی بۆسەر پەکەکە ئەنجامدەدرێت.

هاوڵاتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە". وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە". وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.  

هاوڵاتی کوژرانی ٦ کەس لە هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوانیوەڕۆی سێشەممە ٩ی نیسان، هێرشکرایە سەر هێزە سەربازییەکانی ئێران لە جادەی سیوران- مەهرستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و بەو هۆیەوە شەش سەربازی حکومەتی ئێران  کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. سوپای داد، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ و نووسیویەتی "ماوەیەک لەوە پێش هێزێکی ئۆپێراسیۆنی ئیتلاعات لە جادەی سیوران- مەهرستان لە لایەن موجاهیدەکانی رێکخراوی سوپای دادەوە کرایە ئامانج و ٦ کەس کوژران و کەسێکیان بریندار بوو و ٣ ترۆمبیل سووتێنرا". بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "حال وەش" کە هەواڵ و زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاوئەکاتەوە، ئەم هێزانە لە جاددەی سیب و سیوران لە گەڕاندا بوون کە هێرش کراوەتە سەریان. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەمپەینی چالاکانی بەلوچی راگەیاندووە ، هێزەکانی جەیش العدل لەم هێرشەدا چەکی بێدەنگیان بەکار هێناوە، بۆیە دەنگی تەقەکردنیان نەبیستراوەو توانیویانە دوای هێرشەکە لە شوێنەکە دوور بکەونەوە. ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە پێنج کەس لە هێزە سەربازییەکان لە شوێنی رووداوەکە کوژراون و سەربازێکی تریش کە بریندار بووە، لە رێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دەڵێت "هێرشدەکەینە سەر ساری رەفەح"، ئاماژە بەوەشدەکات ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند "وادەیەک بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاری کراوە کە دوا پەناگەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانە لە غەزە"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وادەکەی ئاشکرانەکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی وردم لەسەر دانوستانەکانی قاهیرە پێگەیشت، ئێمەش ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، لە پێش هەموویان ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواو بەسەر حەماسدا". شاری رەفەح لە باشوری غەزە، جگە لە دانیشتوانەکەی خۆی، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی غەزە و باکووری شارەکەی تێدایە.

هاوڵاتی  رادیۆی سوپای ئیسرائیل بلاویکردەوە، لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام لە کەرتی غەزە هێزەکانی فیرقەی 98ی ئەو سوپایە بە تەواوی لە خان یۆنس کشاونەتەوە. لە درێژەی هەواڵەکانی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە "بۆ یەکەمین جار و لە دوای دەسپێکی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە دژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو کەرتە کشاونەتەوە و فیرقەی 98 یش لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام بە هەر سێ لیواکەیەوە لە دوای کۆتایی هاتنی چالاکییە سەربازییەکانیان لە خان یونس هاتوونەتە دەرەوە". لە ئێستاشدا تەنها "لیوای ناحال" لە کەرتی غەزە ماونەتەوە کە باشوور و باکووری کەرتی غەزەیان جیاکردۆتەوە. لە لایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند لە دەسپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە تاکو ئێستا 604 فەرماندە و سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و لە بەرامبەریشدا توانیویانە 12 هەزار چەکداری سەر بە بزوتنەوەی حەماس بکوژن. جێگەی ئاماژەیە ئەمرۆ شەش مانگ بەسەر دەسپێکی ئەو جەنگەدا تێدەپەرێت .

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی لوبنانییەوە رایگەیاند "شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر فێرگەی راهێنانی سەربازی حزبوڵڵای لوبنان لە گوندی (جەنتا) هاوسنوور لەگەڵ سوریا". هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە شاری "سەفرا" نزیک شاری " بعلبک" لە رۆژهەڵاتی لوبنان. هێرشەکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێر دوای ئەوە هات کە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی " هێرمیس"یان لە ئاسمانی لوبنان خستۆتە خوارەوە. حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، هەر شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمسی ٩٠٠یان خستۆتە خوارەوە.

هاوڵاتی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمەریكا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردووی ئەمساڵدا ٩٤ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق ئەنجام دراوە. ئەمڕۆ شەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٤ فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمەریكا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردووی ئەمساڵدا ٩٤ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق ئەنجامدراوە، هەروەها لەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشانەدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی سوریای دیموكرات ١٨ چەكداری داعش كوژراون و ٦٣ کەسی دیكەش برینداربوون". ئەوەشخراوەتەڕوو، ٦٦ ئۆپەراسیۆن لەسەر خاكی عێراق ئەنجامدراوە و ١١ چەكداری داعش كوژراون و ٣٦ چەكداری دیکەش دەستگیركراون، هەروەها ٢٨ ئۆپەراسیۆنیش لە سوریا ئەنجامدراوە و حەوت چەكداری داعشیش كوژراون و ٢٧ی دیكەش دەستگیركراون.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشکرایە سەر ر پاڵاوتگه‌كانی نه‌وت له‌ ناوچەی حه‌یفای ئیسرائیل. لە بەیاننامەیەکدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق ئاشکرایکرد، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2024 له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشیان كردووەتە سه‌ر پاڵاوتگه‌كانی نه‌وت له‌ حه‌یفای ئیسرائیل. ئەوەشخراوەتەڕوو "قۆناغی دووه‌میی لێدانیان له‌ نه‌یاران بۆ سه‌ركه‌وتنی كه‌سوكاریانه‌‌ له‌ غه‌زه ‌و وه‌ڵامێكه‌ بۆ كرده‌وه‌كانی ئیسرائیل كه‌ له‌ دژی خه‌ڵكی مەدەنی له‌ فه‌ڵه‌ستین ئەنجامیان دەدات"، هەروەها ئاماژە بەوەدەدەن، کە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. لە بەیاننامەکەدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق هیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی ئەم هێرشە نەکردووە بۆ پاڵاوتگەکانی نەوت لە حەیفای ئیسرائیل. مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق پێشتر بەرپرسیارێتی دەیان هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزەوە گرتووەتە ئەستۆ. ‌

ئا: هاوڵاتی رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەڕێوەچوو. کاری ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دیاریکردنی رێبەری داهاتووی ئێرانە لەئەگەری مردن یان وازهێنانی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەدەسەڵات. پێدەچێت ئەم خولە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوایین خولی هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە بێت لەسەردەمی ژیانی عەلی خامنەییدا. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەئێستادا ٨٥ ساڵی تەمەنە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری هەر هەشت ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەشت ساڵی تر ئەگەر ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا بێت تەمەنی گەیشتووەتە ٩٣ ساڵ. باسکردن لەجێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەئێراندا چەندساڵە باسێکی گەرمە، چوونە سەرەوەی تەمەنی رێبەری کۆماری ئیسلامی و لەهەمانکاتدا ئەوەی کەنەخۆشە وایکردووە بیر لەجێگرەوەی بکرێتەوە. رۆژی ٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، بابەتێکی لەم بارەوە بڵاوەکردەوەو دەربارەی جێگرەوەی خامنەیی و ئەگەرەکانی جێگرەوەی خامنەیی و لەم پەیوەندەدا بۆچوونی ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات وەرگرتووە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵپەڕە راپرسییەکی وەها لەناو رۆژنامەنووس چالاکە سیاسییەکاندا دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە. هەشت ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی بەڕێوەچوونی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەمان راپرسی لەناو رۆژنامەنووسەکاندا بڵاوکرایەوە. زۆربەی رۆژنامەنووسەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کەدۆخی سیاسی جۆرێکە پێشبینی ناکرێت. هەشت ساڵ لەوەپێش باس لەکەسانێکی وەک «هاشمی رەفسەنجانی» ، «مەحموود هاشمی شاهروودی»، «حەسەن خومەینی»، «سادق لاریخانی» دەکرا وەک ئەو کەسانەی کەئەگەری هەیە ببن بەڕێبەری دوای خامنەیی. بەڵام لەئێستادا ئەم کەسانە یان ئەوەیە لەژیاندا نەماوەن وەک «هاشمی رەفسەنجانی» و «مەحموود هاشمی شاهروودی»  لەژیاندا نەماوەن، یان ئەوەیە وەک « حەسەن خومەینی « و « سادق لاریجانی» لەدەسەڵات دوورخراونەتەوەو بێزراون. ساڵی ٢٠١٦ « هاشمی رەفسەنجانی» وەک دیارترین کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی باسی لێدەکرا، بەڵام « رەفسەنجانی» کانوونی دووهەمی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەناو مەلەوانگەیەکدا بینرایەوەو کوڕو کچەکانی سوورن لەسەر ئەوەی باوکیان کوژراوە.  زۆربەی زۆری ئەو ٣٠ کەسەی لەم راپرسییەی رادیۆ فەردا بەشدارییان کردووە کە لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن رێبەری داهاتووی ئێران لەدەرەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دیاری دەکرێت و عەلی خامنەیی پێش مەرگی خۆی رێبەری ئێران دیاری دەکات.   کێن ئەوانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی باسیان لێوەدەکرێت؟ لەم چەند ساڵەدا کەپرسی جێگرەوەی خامنەیی لەئارادایە بەردەوام «موجتەبا خامنەیی» کوڕی عەلی خامنەیی وەک یەکێک لەبژاردەکان باس دەکرێت کە رێبەری داهاتووی ئێرانەو باس لەوە دەکرێت لەم چەند ساڵەدا «موجتەبا خامنەیی» ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێت بەڕێبەری داهاتووی ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام کۆمەڵێک کەسی تر ناویان هاتووە وەک «ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. هەرچەند ئەم ناوانە کەهاتوون زیاتر گومانن و کەمتر بەڵگەیەک لەبەردەستە. بەمەشەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیردرێت کەحکوومەت ئەم دوو کەسە وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت. لەبابەتێکدا کە  رادیۆ فەردا  رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دەربارەی جێگرەوەکانی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئاماژە دەدات بەناوی» موجتەبا خامنەیی» و « ئیبراهیم رەئیسی « وەک دوو ناو کەبەختی زیاتریان هەیە بەوەی ببن بەڕێبەری داهاتووی ئێران، دوو ناوی تر دەخاتەڕوو کە تا رادیەکی کەم ناسراون. وەک لیستی شاراوەی پاڵێوراوانی رێبەری ناویان لێدەبات. ئەو دوو کەسەش بریتین لە عەلیڕەزا ئەعرافی و موحسێن قومی. عەلیڕەزا ئەعرافی: عەلیڕەزا ئەعرافی، لەدایکبووی ١٩٥٩، شاری مەیبود لەپارێزگای یەزد. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران ( شۆرای نیگەهبان) و کەسی یەکەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەتاران. ئەوەی ئەم کەسە دەکات بەیەکێک لەو کەسانەی کەوەک جێگرەوەی خامنەیی لەداهاتوودا ناوی لێببرێت، ئەدام بوونیەتی لە « ئەنجومەنی پارێزەران» کە ١٢ کەسن و لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. هەروەها «ئەعرافی» لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسێکە لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی هەیەو پشتیوانی هەیە. ئەعرافی کەسێکە لەلایەن خامنەییەوە زۆر پشتیوانی دەکریت. لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاساڵی ٢٠١٨ بەرپرسی «جامعة المصطفی العالمیة» کە دامەزراوەیەکە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دروستکراوەو بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٣ ملیۆن دۆلار بوودجەی بۆ تەرخانکراوە. ئەم دامەزراوەیە کەوەک ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی مەلای شیعە کاردەکات، لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشێوەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ خوێندکاری وەرگرتووەو لە ٨٠ ناوەندی ئایینی لەوڵاتانی جیاواز سەر بەم دامەزراوەن. لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا «ئەعرافی» باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی کەتیبەی « فاتمییون» و « زەینبەبییون» کە لەسووریا بۆ پشتیوانی لەبەشار ئەسەد جەنگاون، دەرچووی « جامعە المصگفی العالمیه «ن، بەشێک لەو کەسانە کوژران، برینداربوون و بەشێکیشیان ئێستا لەجەنگدان. موحسێن قومی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەگوندی مامازەندی وەرامین، جێگری بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی نووسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و کەسی دووهەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرێتی. موحسێن قومی لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا بریندار بووە. پێنج کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی لەجەنگدا کوژراون. لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامییە لەئێران. پێشتر نوێنەری خامنەیی بووە لەزانکۆکان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری بووە لەئێران.  سەر بەباڵی کۆنسێرڤاتی دەسەڵاتە و لەناو سوپای پاسداراندا قسەی دەڕوات و کەسێکە نزیک لەنووسینگەی خامنەیی. موحسێن قومی پشتیوانی خامنەیی لەپشتە و خامنەیی وەک کەسێکی زاناو دڵسۆز ناوی بردووە. وەک کەسێک جێی متمانەی خامنەیی ٢٠١٨بەشداریکرد لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەکتێبی «بیرەوەرییە زارەکییەکانی خامنەیی» لەبەیرووت پایتەختی لوبنان. موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٩٦٩، کوڕی دووهەمی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی. خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. «رادیۆ فەردا» لەبابەتێکدا کە رۆژی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەدات کە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات ئەگەری چوونە دەسەڵاتی «موجتەبا» دوای مەرگی باوکی زیاترە. فەردا لەمبارەوە نووسیویەتی:» ژمارەیەک لەچاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کەبەشێکی زۆر لەکەسایەتییە دیارەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوورخرانەوەو بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە، ئامادەکردنی بەستێنەکانە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کەحکوومەت دەیەوێت وەک رێبەری داهاتووی ئێران دیاری بکات» . مەحموود محەممەدی عێراقی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ١ی ئازار باسی لەوە کرد خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت دژی ئەوەیە ناوی موجتەبا خامنەیی بخرێتە ناو ئەو ناوانەوە کە وەک پاڵیوراوی رێبەری بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێن. مەحموود محەممەدی عێراقی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی (ایلنا) ئەڵێت:» جارێک... لەکۆمیتەیەکی سێ کەسی باس لەیەکێک لەکوڕەکانی رێبەر کرا کە لەباری زانستییەوە لەئاستێکی باڵادایە وەک رێبەری داهاتووی ئێران، ئەم هەواڵە گەیشتبووە گوێی رێبەرو رێبەر ئەوەی رەتکردووەتەوە کەکوڕی ئەو هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی گومانی بەمیراتی بوونی رێبەری دروست نەبێت، کەوایە تەنانەت ئیزنی نەدا تاوتوێی ئەو بابەتەش بکرێت». بەڵام بەڕاست عەلی خامنەیی دژی ئەوەیە کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە؟ موجتەبا خامنەیی لەچاو پاڵێوراوەکانی تر چەند بەختی هەیە، خاڵە بەهێزەکانی کامانەن و کێشەکانی بەردەمی چین؟ پرسی دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی لەسیاسەتی ئێران و تەنانەت ئەگەری بەڕێبەربوونی لەداهاتوودا دوای مەرگی باوکی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیە لەوەپێش. ١٨ ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەمجار باس لە دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی کرا لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران، ئەوکاتە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو بەسەرۆککۆماری ئێران و مەهدی کەڕووبی یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کەناوی موجتەبا خامنەیی هێنا وەک کەسێک کەدەستی وەرداوە لەهەڵبژاردنەکاندا بەهاوکاری سوپای پاسداران. کەڕووبی دواتر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەدەسەڵات دوورخرایەوەو لەئێستادا لەماڵی خۆی لەزینداندایە. موجتەبا خامنەیی، لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی زۆری هەیە. پشتیوانی زۆری لێدەکرێت و وەک کوڕی عەلی خامنەیی بەختی زۆری هەیە ببێت بەجێگرەوەی خامنەیی.  ئیبراهیم رەئیسی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەمەشهەد. سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. خوێندنی تا ٦ی سەرەتایی خوێندووەو دواتر خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بووە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکێک بووە لەو کەسانەی کەبەشدار بووە لەئیعدامی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لەئێران لە ١٩٨٨ کەدەوترێت نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەو ساڵە ئیعدام کران. سەر بەباڵی توندڕەوە لەئێران و لەلایەن سوپای پاسدارنەوە پشتیوانی دەکرێت. یەکێکە لەبەختەکانی جێگرەوەی خامنەیی. رەئیسی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانی تەواوی خامنەیی و سوپای پاسدارانی لەپشت بوو. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا رەخنەگرەکانی رەئیسی دوورخرانەوەو مۆڵەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنیان پێنەدرا.   ئێران دوای مەرگی خامنەیی کۆماری ئیسلامی لەچەندساڵی رابردوودا تووشی قەیران هاتووە. لەناوخۆی وڵات رەوابوونی خۆی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک بە ٤٠٪ خەڵک لەدوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رۆژی ١٥ی ئازار، فایلێکی دەنگی لە «جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردەمی حەسەن رووحانی بڵاوکرایەوەو «حسێن تائب» راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و «محەممەد عەلی جەعفەری» فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیان وەرداوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداری خەڵکیان زیاتر کردووە. زەریف تەنانەت باس لەوە دەکات رێژەی بەشداری خەڵک نزیک ٢٪ بووە، کەچی گەیەنراوەتە ٤٠٪. شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی یان شۆڕشی ژینا کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپیکرد، رەوابوونی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیارەوە. حکوومەت لەدوایین دانپێدانانیدا باس لەوەدەکات ٢٨١ کەس کوژراوە، بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو تەنها لە کوردستان لانیکەم ١٣٤ کەس کوژراون. هەروەها لە ١ رۆژدا لەسیستان و بەلووچستان نزیک ١٠٠ کەس کوژران کە بەهەینی خوێناوی ناسراوە. شۆڕشی ژیناو ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، رەوابوونی ئەو دەسەڵاتەی بردووەتە ژێرپرسیارەوە. کەساسەیەتی خامنەیی تائێستا بەری بەچەند جەمسەربوونەوەی دەسەڵات گرتووە. شارەزایان باس لەوە دەکەن مەرگی خامنەیی بنەماکانی دەسەڵات لەرزۆک دەکات. لەڕاپرسییەکەی رادیۆ فەردا کە رێکەوتی ٢ی ئازار ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ، زۆربەی بەشداربوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران دوای خامنەیی وەک پێش مەرگی خامنەیی نابێت. جێگری خامنەیی هەرکەس بێت توانای ئەوەی نابێت جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی تەندروستی (الشفا) لە کەرتی غەزە کشاونەتەوە. ئەم پاشەکشە چەند رۆژ دوای ئەوە دێت کە بە هۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە نەخۆشخانەی (الشفا) بە تەواوتی رووخا و بە پێی وتەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، دەیان تەرم لەم نەخۆشخانەیە هێنراوەتە دەرەوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی هێرشەکەی "ورد" و "ئامانجدار" بووەو هێزەکانی حەماسی کردۆتە ئامانج و هێشتا پاشەکشەی لەم ناوچەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. هاوکات کەناڵی تەلەفیزیۆنی "الاقصی" رایگەیاند دوای پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل، دەیان تەرم لە کۆمەڵگەی پزیشکی "الشفا" و دەورووبەری کۆمەڵگەکە دۆزراوەتەوە. ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو باشووری رۆژئاوای شاری غەزە پاشەکشەیان کردووە. جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و  لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە بارمەتە گیران. لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردە ئامانج. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن.  بەردەوامیی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان هاوکات لە ساڵی 2024دا، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 11 کاروان خۆراکی گەیاندووەتەوە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا رێکخراوەکە دەڵێت، نزیکەی ملیۆنێک و 450 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین پێویستی بە هاوکاریی مرۆییە. کەمیی هاوکارییەکەش وایکردووە، زیاتر لە 64%ی دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی کەمیی خۆراک و برسێتی ببنەوە.

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن و وتی: پارەی مووچە بە تەواوی زامن کراوە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ھەمواری یاسای بوودجە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند دەکات، لە ھەمواری یاساکەشدا، مووچەی مووچەخۆران بە بڕی ٦٩ ترلیۆن دینار جێگیرکراوە و مووچە تێیدا بەتەواوی پارێزراوە. وتیشی، كۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران 69 تریلیۆن دیناره‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ته‌واوی زامن كراوه‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه‌. ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دارایی عێراق پارەدارکردنی پارێزگاکان دەستپێدەکات، جگە لەوەش جموجۆڵێکی باشی کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان بۆ وەبەرھێنان لە عێراق ھەیە. عەوادی راشیگەیاند، پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوامە و بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی لە عێراق ھەنگاو دەنێن. سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانیش له‌ عێراق، وته‌بێژی حكومه‌تی به‌غدا وتی: هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌ی عێرق و ئه‌مریكا چواره‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه له‌ هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ كرابوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌بێت، به‌ڵام‌عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بودجه‌ی 2024دا زامن كراوه‌ و هیچ جۆره‌ قه‌یرانێكی دارایی له‌ عێراقدا نییه‌.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆ مووچەی مامۆستایان زیاد بکرێت ومامۆستایانی خانەنشینیش دەگرێتەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نووسراوی ژمارە ٤٦٦ی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بە زیادکردنی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەی مامۆستایان". ئاماژە بەوەشکراوە "هەر مامۆستایەک بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەکەی زیاد دەکرێت ئەوەش لەپای سوپاس و پێزانینی حکومەتە بەرامبەر بە هەوڵەکانیان کە بەردەوامن لە فێرکردن و پێگەیاندنی پڕۆسەی پەروەردە. هەروەها سودانی پێی راگەیاندوون کە مامۆستایان شایەنی زیاترن و پێویستە ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت لە سەرجەم مامەڵەکانیاندا". ئەوەشخراوەتەڕوو "بڕیارەکە بەمەبەستی گونجاندنی ژیان و بارودۆخی ئابووری مامۆستایان لەگەڵ دۆخی ئابووری ناوخۆی وڵاتدا و سەرجەم مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینانی ئەو وەزارەتەش".

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت، ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە. عەبدولئەمیر شەممەری, وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند "زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە و لە سیستمی كارتی نیشتمانیدا تۆماركراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لە سەرەتای مانگی نیسان بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت، هەروەها لە ئایندەدا كارتی نیشتمانی لە بری كارتی دەنگدان بەكاردەهێنرێت".

هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت هۆشداری دەدات لە بە ئامانجگرتنی دادگای فیدراڵی و بە مەترسی بۆسەر ئاسایشى وڵات دادەنێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024 موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت لە بەیاننامەیەکد رایگەیاند "پشتگیری دەکەین لە دەسەڵاتی یاسادانانی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی،  بە شێوەیەک کە رۆڵی خۆی لە پاراستنی یەکڕیزی عێراق و پاراستنی دەستوور و پاراستنی سیستەمی دیموکراسی مۆدێرن و جێبەجێکردنی دادپەروەری و گەیشتن بە سەروەری یاسا بەرز بکاتەوە". مەندەلاوی هۆشداری داوە لە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی دادگای باڵای فیدراڵی و تێکدانی شەرعیەت و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی بڕیارەکانی و پرسیارکردن لە یەکپارچەیی بڕیارەکانی، ئەمەی بە هەنگاوێکی مەترسیدار وەسفکردووە کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەک، هاوکات داوای پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەکات لە چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستوور و سامانی گشتی.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە راگەئەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکەن دەبێت هەموو هێز و لایەنەکان پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە. لە راگەیەندراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا هاتووە "جەخت دەیکەنەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنى هیچ دەسەڵاتێک بەسەر ئەوی دیکەدا رێگەپێدراو نییە، ئەمەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەستووری لە بڕیاردان و جێبەجێکردن و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنە". چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکان دەکات رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگرن و بە کەم سەیری نەکەن، دەشڵێت "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین و بە کەم هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکەین، بۆیە داوا لە هەموو هێزەکان دەکەین پابەندبن بە هەمان رێوشوێنەوە". لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە "هەرچەندە هەندێک لە بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندی لایەنەکاندا نییە، بەڵام پابەندبوونەکە لە چوارچێوەی رێزگرتنە لە دەسەڵاتی دەستووری دادوەری".