هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری رۆژی شەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 ئەندام پەرلەمان یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی پەسەندکرد و ئەمەش ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لێکەوتەوە. هەر سەبارەت بەم بابەته رێکخراوی لێبوردنی جیهانی رایگەیاند، "ئەم یاسایە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات" هەروەک چۆن رێکخراوەکە چاکسازییەکانی ناو یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر عێراقییەکان وەسفکرد.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش نیگەرانی خۆی لە دەرکردنی یاساکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی دەربڕی و یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان وەسفکرد، هەر لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "پەسەندکردنی ئەم یاسایە، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئازادی رادەربرین و دەسکەلایەکە بۆ سەرکوتکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا". لە یاسا نوێیەکەی قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازیدا هاتووە، سزای هاوڕەگخوازی یان گۆڕینەوەی ژن بەمەبەستی چێژی سێکسی لە 10 ساڵ تا 15 ساڵە و هەروەک چۆن لە یاساکەدا هەموو ئەو لایەن و رێکخراوانەی کە بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەکەن لە عێراقدا قەدەغە دەکرێن و ئەوکەسانەش کە بەم بانگەشەیه هەڵدەستن سزای حەوت ساڵ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لە یاسا تازەکەدا گۆڕینی رەگەز بەپێی حەز و ئارەزووی کەسەکان قەدەغەکراوە و گەر بێتۆ کەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات و هەر پزیشکێکیش نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەز ئەنجام بدات ئەوا سزای یەک ساڵ تا سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لەیاساکەدا باس لە کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە (هاوڕەگەزخوازی) کراوە و بە پشت بەستن بە یاسای ساڵی 1969، سزاکەیان لە چەند ساڵێک بۆ زیندانی هەتاهەتایی درێژ دەبێتەوە. لەلایەن خۆیەوە رائد مالکی، خاوەن بیرۆکەی دەرکردنی ئەم یاسایە بە میدیاکانی راگەیاند،"بڕیاربوو لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، دەنگ لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە بدرێت، بەڵام بەهۆی سەفەرەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن ،بە باشمانزانی دەنگدانەکە دوابخەین، چونکە ئاگاداربووین نە یەکێتی ئەوروپا و نە ئەمەریکا بە پەسەندکردن و دەرکردنی یاسایەکی بەم جۆرە رازی نابن". لەلایەکی دیکەوە عەلی تەمیمی، یاساناسی عێراقی رەخنەی تووندی لە یاساکە گرت و بەناڕوون وەسفی کرد. عەلی تەمیمی باسی لەوە کردوو، "لە یاساکەدا ئەوە روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ خۆشوبهاندن تەنها ئەو پیاوانە دەگرێتەوە کە خۆیان بۆ ژن دەگۆڕن و مکیاژ و قژی سەناعی و جلوبەرگی ژنان لەبەردەکەن و هەڵسوکەوتیان وەک ژنانە، یان خودی ئەو ژنانەش دەگرێتەوە کە پیاوانە هەڵسوکەوت دەکەن". "لە یاساکە ئەوەش روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ مەبەست لە هاوڕەگەزبازی، نێر لەگەڵ نێر دەگرێتەوە، یان خود لێزبییەنەکانیش (ژن لەگەڵ ژن) دەگرێتەوە" عەلی تەمیمی وادەڵێت. هەربۆیە تەمیمی داوایکرد کە خاڵ بە خاڵی یاساکه روون بکرێتەوە تا لە داهاتوودا لایەنی پەیوەندیدار دووچاری کێشەی یاسایی و سەرلێشێواوی یاسایی نەبن. لەلایەن خۆیەوە موحسن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بە وەکالەت پەسەن کردنی ئەم یاسایەی بە پێویستییەکی گرنگ زانی و رایگەیاند، "لەناو عێراقدا جێی هاوڕەگخوازەکان نابێتەوە". دوێنێ شەممە 28ی نیسانی 2024 لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی پاراستنی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەی عێراقی لە هەموو هەڵدێرێکی ئەخلاقی، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای چاکسازی لە یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988 پەسەندکرد تا بەم جۆرە تاکی عێراقی و نەوەکانی داهاتوو لە مەترسییەکانی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی بپارێزرێن.

هاوڵاتی دوابەدوای هێرشی مووشەکی و درۆنی بێ وێنەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رووسیا دوای چەند کاتژمیر بێدەنگبوون، بە شێوەی فەرمای و لە راگەیاندنێکدا بۆچوونی فەرمی خۆی راگەیاند و وتی "وەزارەتی دەرەوەی بە تەواوەتی نیگەرانە لە پەرەسەندنی نوێ و مەترسیداری ناکۆکییەکان لە ناوچەکە". رەنگە ناوەرۆکی ئەم راگەیاندنە زۆر لە راستیشەوە دوور نەبێت لەبەر ئەوەی شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن دەستپێکی جەنگێکی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆککۆماری رووسیادا نابێت، بەڵام وا دیارە کرێملین لە ئێستادا خوازیاری جۆرێک ئاڵووگۆڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە بەرژەوەندی پۆتیندا تەواو بێت، بە تایبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو جەنگەی ئێستا لە ئۆکراین هەیە. هانا نۆتێ، یەکێک لە هاوکارانی باڵای بەرنامەی ئەوروپا، رووسیا و ئۆراسیا لە ناوەندی خوێندنەوە ستراتیژیی  و نێونەتەوەییەکان کە بنکەکەی لە واشنگتۆنە لە تۆڕی کۆمەڵاتی X نووسی "جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە ئەم ناوچەیە بکەوێتە دۆخێکی نەزانراوەوە، بێ ئەوەی جەنگێکی تەواو و گشتگیر روو بدات، باشترین رووداوە کە لە ئێستادا ئەکرێت بۆ پۆتین رووبدات". هۆکارەکانیشی ئەمانەوەی خوارەوەیە: یەکەم: ئەم جەنگە نوێیە ئەکرێت سەرنجەکان لە جەنگی ئۆکراین دوور بخاتەوە، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کیێڤ کێشەی گەورەی هەیە لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و ئەم کێشانە رەنگە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بێت. دووەم: رووسیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ ژێرخانەکانی وزەی ئۆکراینیا دەست پێکردۆتەوەو شارەکانی خارکیێڤ و ئۆداسا بۆمباران دەکات. سێیەم: بەر لەم رووداوانە، دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی توندڕەوەی حەماس لە تشرینی یەکەم، سەرنجی دونیای لە جەنگی ئۆکراین دوور خستەوەو هەوڵەکانی دونیای رۆژئاوای بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بۆ بەرگری کردن دژواتر کردەوە. چوارەم: دەستپێکی جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جا بە شێوەی یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی ئێران بۆ دوژمنە کۆنەکەی خۆی، ئیسرائیل بێت یان بە پێچەوانەوە، ئەکرێت کێشەکانی ئۆکراین قووڵتر بکاتەوەو کێشەی زیاتر بۆ ئۆکراین دروست بکات. دەرفەتێک بۆ بردنە ژێر پرسیارەوە بۆ کرێملین هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە و بەرژەوەندییەکن فرەچەشنن و روون ئاشکران. لە دەستپێکی هێرشی بەربڵاوی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینەوە، پۆتین لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، وای خستۆتەڕوو کە ئەم جەنگە بەشێکە لە ململانێیەکی بەربڵاوتر. جەنگێکە کە لەو جەنگەدا رووسیا دەیهەوێت بەرگری لە خۆی و شوێنەکانیتری دونیا بکات لە بەرامبەر رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکادا. لەم گەمەی بردنەوەو دۆڕاندنەدا، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەکرێت لە ئاراستەی پڕووپاگەندەکانی کرێملیندا بێت و هەلێک بۆ رووسیا بڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی ئەو حیکایەتەی دەرباری جەنگی ئۆکراین و رووبەڕووبوونەوەی دونیای رۆژئاوا دروستکردووە. ئیهوور سێمی ڤووڵس، بەرپرسی ناوەندەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کیێڤ، بە "کارێنت تایم" کەناڵی رووسی زمان کە لە لایەن رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی و بە هاوکاری دەنگی ئەمریکا بەڕێوە ئەبرێت، ئەڵێت:" وڵاتانی ناسراو بە بەرەی بەرگری واتە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و چین، لایوان وایە رۆژئاوا لاواز بووەو سیاسەتەکانی ئەمریکا ئیتر ناتوانێت ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بپارێزێت و گەرەنتی بکات". کەوایە، ئەوان لایان وایە، هێرشی  ئێران ئەو دەرفەتە ئەدات بە رووسیا و ئەو وڵاتانەی وەک ئەو بیرئەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو دونیا تاک جەمسەریەی کە پۆتین، شی جین پینگ و عەلی خامنەیی زۆر باسی لێوە ئەکەن، ببەنە ژێر پرسیارەوە. هانا نۆتێ، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێوەنەتەوەییەکانی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی ١٥ی نیسان لە وەڵامی پرسیاری رادیۆ ئەورووپای ئازاد دا نووسی "ئەم نائارامییە نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجەکان و سەرچاوەکانی رۆژئاوا لەسەر ئۆکران و باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بەلاڕێدا ئەبات . وا ئەکات هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەست بەوە بکەن ئاسایشیان نییە، ئەو روانگەیە بەهێز ئەکات کە رۆژئاوا ناتوانێت ناوچەکە ئارام رابگرێت، واتە هەمان ئەو جۆرە روانینەی کە دوای جەنگی غەزە دروست بووە". "بە کورتی سەرهەڵدانی ئەم نائارامی و ناسەقامگیریانە، ئەم جۆرە روانینە لە دونیا بەهێز ئەکات کە جەنگی ئۆکراین یەکێکە لە جەنگە فرەجۆرەکان و کێشەیەکە لە ناو ئەو هەموو کێشەدا کە بوونیان هەیە؛ جۆرە روانینێک کە لە بەختی کرێملین دایە و ئەوان پەرەی پێ دەدەن". لە راستییدا زۆربوونی کێشەکان و خودی ئەم هێرشە ئەکرێت ببێت بە هۆکاری لاوازبوونی پشتیوانییەکان لە ئۆکراین و ئەو جۆرە روانینە لاواز ئەکات کە لای وایە چارەنووسی رۆژئاواو دونیا بەندە بە جەنگی ئۆکراینەوە. هەورە رەشەکان بەسەر کۆنگرەوە؟ بە شیوەیەکی تایبەت، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێت بە هۆی ئەوەی گومانەکان لەسەر داهاتووی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئۆکراین زیاتر بکات و ناڕوونییەکی زیاتر ئەخولقێنێت. تەنانەت لە سەردەمێکیشدا کە ئەگەری ئەوە هەیە کە یاسایەک لە کۆنگرەدا پەسەند بکرێت لەسەر یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین. نزیک بە ٦ مانگ دوای ئەوەی جۆبایدن سەرککۆماری ئەمریکا، بۆ یەکەمجار پاکێجێکی پێشنیاری خستە بەردەم کۆنگرە کە تێیدا باس لەوە کراوە زیاتر لە ٦٠ میلیارد دۆلار یارمەتی بدرێت بە ئۆکراین و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیتر و یارمەتییەکەی بەشی هەرەزۆری سەربازی بێت، مایک جانسۆن، سەرۆکی پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە حیزبی کۆماریخواز، لە دوایین رۆژەکانی مانگی ئازاردا رایگەیاند دەیهەوێت لە رۆژ یان حەوتووەکانی داهاتوودا پرسی بەردەوامی پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بکات بە یاسا و پێویستییەکانی بەردەوامی یارمەتیدانی ئۆکراینی لەم جەنگەدا هێنایە بەرباس. بەڵام هێشتا نەدەزانرا جانسۆن چ پێشنیارێکی هەیە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمان. چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ پەسەندکراوکدا کە مانگی شوبات و بە پشتیوانی هەردوو حیزبی کۆماری خواز و دیمۆکرات لە سێنا پەسەند کرابوو. ئاخۆ ئەو ئەیتوانی بەربەستی دژایەتی توندی ژمارەیەک لە هاوحیزبییەکانی بۆ پشیتوانی سەربازی و چەک و چۆڵ بۆ ئۆکراین تێپەڕێنێت یان نا. مایک جانسۆن رۆژی ١٥ی نیسان وردەکاری زیاتری خستەڕوو و وتی دەیهەوێت بۆ هەرکام لە سێ بەشی پەسەندکراوی سێنا ( یارمەتی بۆ ئیسرائیل، ئۆکراین و تایوان و هاوپەیمانەکانتر) پەسەندکراوی جیاواز پێشنیار بکات. ئەو هەروەها بۆ ئەوەی سەرنجی کۆماریخوازەکانی دژی پشتیوانی چەک و چۆل بۆ ئۆکراین بۆ لای خۆی رابکێشێت، پشنیاری چوارەم ئەخاتە بەردەم کۆنگرە کە لە لایەن زۆرینەی زۆری ئەندامانی حیزبەکەیەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت. هێشتا نازانرێت ئەم پاکێجی یارمەتیدانە چی بەسەردێت. خوازیاری نارامییە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی یارمەتی گەیاندنی ئەمریکا، رەنگە پۆتین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بکات بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بتوانیت زیاتر جێی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوەو جێ پێی خۆی پتەوبکات. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچەیە کە وا دەرئەکەوێت هەر لەو کاتەوەی پۆتین بە دەسەڵات گەیشتووە لە دوو دەیەی رابردوودا، دەیهەوێت جارێکیتر جێگەی خۆی لەو ناوچەیە پتەو بکاتەوە، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی یەکیەتی سۆڤییەت رووسیا پێگەی خۆی لەم ناوچەیە لە دەستدا و ئێستا پۆتین دەیهەوێت جارێکیتر شوێن پێی خۆی لەم ناوچەیە پتەوتر بکات. جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراین، پەیوەندی رووسیا و ئێرانی بەهێزتر کردو و ئێران بە گەیاندنی درۆنی هێرشبەر و هەروەها ئەوەی کە تەکنۆلۆژیای دروستکردنی ئەم درۆنانەی خستە بەردەم رووسیا، یارمەتی زۆری رووسیای داوە لەم هێرشەدا بۆ سەر ئۆکراین. بەمەشەوە پۆتین لە مێژساڵە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی زیاتر جێگەی مۆسکۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات و هێز و پێگەی ئەمریکا بباتە ژێر پرسیارەوە، هەوڵیداوە لەگەڵ دوژمنەکانی ئێران لە ناوچەکە وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە پەیوەندی باشی هەبێت. پەیوەندی رووسیا لەگەڵ ئیسرائیل، لەم دواییانەدا لەبەر ئەوەی مۆسکۆ زیاتر بەرەو تاران چووەو هەروەها جۆری هەڵوێستەکانی کرێملین بەرامبەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیانی بەرکەوتووەو وەک جاران نەماوە. بەڵام رەنگە کرێملین هیوادار بێت سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانیان وەک جاران نەماوە، پەیوەندییە چەند لایەنەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگ یان ساڵەکانی داهاتوودا کاریگەری گرینگی هەبێت بۆ مۆسکۆ لە ناوچەکە و ئەوەی بتوانێت پێگەی خۆی لەو ناوچەکە پتەوتر بکات. هانا نۆتێ لە وتووێژ لەگەڵ رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی ئەڵیت:" بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی رووسیا و ئێران تا دێ پەیوەندییەکانیان پتەوتر ئەبێتەوە، رەنگە کرێملین بەو ئەنجامە بگات ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زیاترناکۆکی ئەنێتەوە، ببێت بە هۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداو بە گرینگییەکی زیاترەوە لە رووسیا بڕوانن و وا بکات رووسیا زیاتر شوێن پێی خۆی لەو ناوچەیە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە مۆسکۆ و پێکەن وەک دوو وڵات ئەبینین کە کاریگەریان لەسەر ئێران هەیە و ئەوەی بیانهەوێت ئەو دوو وڵاتە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات". ئەمە جۆرێک ستراتێژییە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری پۆتین لە رووسیا بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە:" خولقاندنی ناکۆکی و دواتر دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆی بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی رووسیادا بێت. بەمەشەوە، وەک چۆن لێکۆڵەران لە سەردەمی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو جەنگەی کە دواتر لە غەزە سەری هەڵدا بەراوردیان کردبوو، مۆسکۆ نایهەوێت جەنگی راستەوخۆ و تەواو لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا رووبدات. هانا نۆتێ هەروەها ئەڵێت ئەم جەنگە کۆمەڵێک مەترسی هەیە بۆ سەر رووسیا: کێشە دروست ئەکات مانەوەی سەربازی رووسیا لە سووریا  و هەروەها لێدان لە ئێران تا رادیەک ئەبێ بە هۆی لاوازی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئۆکراین. جگەلەمەش،"  ئەوەی کە جەنگێکی تەواو رووبدات ئەبێ بە هۆی ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی رووسیا لە ناوچەکە بهێنێت ( هەرچەن لە ئێستاشدا لاواز بووە). ئەم بابەتە وا ئەکات مۆسکۆ تای ترازووەکە بەلایەکیاندا قورستر بکات و زیاتر لایەنگری یەکێک لە لایەنەکان بکات." خاتوو هانا نۆتێ لە درێژەدا ئەڵێت:" هەرچەند مۆسکۆ لەو کاتەوەی هێرشی کردۆتە سەر ئۆکراین، زۆر زیاتر لە ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران نزیک بۆتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نایهەوێت بە تەواوتی بچێتە بەرەی ئێرانەوە. نووسینی بابەت/ ستیڤ گاتێرمەن

راپۆرت/ شوان عەباس بەدری دوابەدوای هێرشەکەی روسیا و چوونە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا ، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانییەکان راگەیاند و هەرلەم چوارچێوەیەدا دەستییان کرد بە ناردنی یارمەتی سەربازی و دارایی بە ملیارەها دۆلار و لەبەرامبەریشدا "ڤلادیمیر پۆتین"ی سەرۆکی روسیاش بۆ بەرپەرچدانەوەی وڵاتانی ئەوروپی چەندین جار بە راستەخۆ و ناراستەوخۆ هەرەشەی پەرچەکرداری سەربازی لەو وڵاتانە کرد و چەکی ئەتۆمیش یەکێک بوو لە بژاردەکانی روسیا و ئایندەی وڵاتانی ئەوروپیش لەناو ئاگری ئەو جەنگەدا بە ناروونی ماوەتەوە . سەبارەت بەم بابەتە "سەرهەد شێخە" چاودێری سیاسی بە "هاوڵاتی" ووت:" پێشبینیکردنی داهاتووی ئەوروپا دوای نزیکەی سێ ساڵ شەڕ لە نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەستەمە چونکە ململانێکان لێکەوتەی ئاڵۆز و دوور مەودای هەیە، یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی ئەو شەڕە، زیادبوونی گرژیی نێوان ڕووسیا و ئەروپایە.  پێدەچێت ئەم گرژییانە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن و ئەگەری هەیە شەڕی ساردی نوێی لێبکەوێتەوە.  ئەمەش دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسایش، ئابووری و سیاسەتی ئەوروپا هەبێت". لە پرسیارێکی دیکەی "هاوڵاتی"کە ئاخۆ ئەم جەنگە لە داهاتوودا چ کاریگەییەکی جیۆپۆلۆتیکی دەبێت لە سەر کیشوەری ئەوروپا ،"سەرهەد شێخە" وتی:" لە درێژخایەندا پێدەچێت شەڕەکە ببێتە هۆی گۆڕانکاری قووڵی جیۆپۆلەتیکی لە ئەوروپادا.  ڕەنگە هەندێک وڵات هەوڵی زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی خۆیان بدەن. یەکێتی ئەوروپاش ڕەنگە هەنگاو بنێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری فراوان بوونی سنوری ڕێکخراوی ناتۆ.  هەروەها ڕەنگە لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم زیاتر بێت ". "نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ئەم شەڕە هەستی شوناسی ئەوروپی زیندوو کردۆتەوە.  هاوکات یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕووسیا و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی" سەرهەد شێخە وا دەڵێت. بە بڕوای ئەم چاودێرە سیاسییە بە کارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ یەکلایی کردنەوەی جەنگەکە و سەرکەوتنی لایەک بە سەر لایەکی دیکەدا ئەگەرێکی دوورە ، پێشی وایە چەکی ئەتۆمی چەکێکی دوولایەنەیە و بە کارهێنانی دەبێتە هۆی لەناوبردنی دوژمن و ئەو لایەنەش کە بەکاری دەهێنێت ، لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی:"بە دووری دەزانم لە قۆناغی ئێستادا روسیا بیر لە بەکارهینانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە چونکە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ زۆربەیان خاوەن هەمان چەکن ،ئەگەربێتوو روسیا ئەتۆم بەکار بهێنێت بە دڵنیاییەوە ئەوا ئەو وڵاتانەش بە هەمان چەک وەڵامی دەدەنەوە ". لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە ئاوارەیەی کە لە دوای جەنگەوە روویان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە و ئەو فشارە ئابووریانەی کە کەوتۆتە سەر ئەو وڵاتانە ،ئەم چاودێرە سیاسییە وتی:" دەرئەنجامێکی گرنگی دیکەی ئەو شەڕە قەیرانی پەنابەرانە،  بە ملیۆنان کەس لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بردووە،  ئەمەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر سیستمی چاودێری کۆمەڵایەتی و سەرچاوەکانی ئەو وڵاتانە و پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە ئاڵنگاری لەبەردەم وڵاتانی ئەروپا وهەروەها شەڕەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی ئابووری لەسەر ئەوروپا هەبوو.  نرخی وزە بەرزبووەتەوە  ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری.  پێدەچێت ئەم کاریگەرییە ئابوورییانە لە کورت خایەندا بەردەوام بن ".   سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ پەیامی روسیا بۆ وڵاتانی جیهان  لە هاویشتنی مووشەکە کیشوەربرەکەی کە هەفتەی رابردوو بە شێوەیەکی ئەزموونی هاویشتی و لە ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە تێپەری چییە ، ئەم چاودێرە سیاسییە وتی :" لەوەیە ئاسان نەبێت بتوانین پاڵنەرە وردەکانی ڕووسیا بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی کیشوەر بڕ  دەست نیشان بکەین بەڵام دەتوانرێت ئەوە بخەینەڕوو  کە ڕووسیا ئەم تاقیکردنەوەی وەک نیشاندانی هێز بۆ دراوسێ و ڕکابەرەکانی بە تایبەت ئەمریکا و ناتۆ ئەنجامدابێت.  لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا زۆرە و ئەم تاقیکردنەوەی مووشەکییە دەتوانێت ببێتە پەیامێک کە ڕوسیا وەک هێزێکی سەربازی بەهێز دەمێنێتەوە و ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا". "سەرهەد شێخە" پێی وایە ئامانجێکی دیکەی روسیا لە هاویشتنی مووشەکە بالیستییەکەی ، جگە لە پەیامە دەرەکییەکانی ئەوا پەیامێکی ناخۆییشی بە مەبەستی  بەرززکردنەوەی هەستی نەتەوەیی رووسەکان و پشتگیری وڵآتەکەیان لە جەنگی ئۆکرانیا لە خۆ دەگرێت. " ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم تاقیکردنەوەیە ئامانجی  ناوخۆیی هەبێت.  ڕەنگە سەرکردایەتی ڕووسیا هیوای ئەوە بخوازێت کە ئەم نمایشە و تاقیکردنەوە ببێتە هۆی هەستی نیشتمانپەروەری و پشتیوانی گەلی ڕووسیا لە جەنگی لەگەڵ ئوکراینا زیاتر بکات" سەرهەد شێخە وا دەڵێت. ئەم چاودێرە سیاییە پێشی وایە دوابەدوای هاتنی "ڤلادیمیر پۆتین" ئەو ووڵاتە کار بۆ کۆتایی هێنان بە تاک جەمسەری لە جیهاندا دەکات و بە "هاوڵاتی"ووت :" دەکرێت یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگی ڕوسیا لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ دەرکەوتنی بێت وەک یەکێک لە جەمسەرەکانی جیهان کە دوای ڕوخانی بلۆکی خۆرھەڵات (یەکێتی سۆڤیەت) هاتنی پۆتین بۆ سەرۆکایەتی ڕوسیا  کار بۆ تێ پەڕاندنی سیستەمی یەک جەمسەری دەکات و ئێستا لە قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنی سیستەمی چەند جەمسەری داین". دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024  دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەم جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.

هاوڵاتی رۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بە هۆی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بینای کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشقی سووریا ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران  کوژران. کوژرانی ئەم ٧ ئەفسەرە پلە باڵایەی سوپای پاسداران دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لە میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران. سەرەنجام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان لە لایەن ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایە سەر ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بە زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ٩٩٪ مووشەک و درۆنەکان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل لە لایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل، ئەمریکا، فەرەنساوە تێکشکێنران و خرانە خوارەوە. بە وتەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە هۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کچێکی ٧ ساڵان بریندار بووەو خەسارێکی زۆرکەم بە بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل گەیشتووە. لە ئێستادا میدیاکان باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل خۆی ئامادە ئەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و ئەمەش ئەگەری ئەوەی لێئەکەوێتەوە کە ئەو جەنگەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە بەربڵاوتر بکات. ئەمە یەکەمجار نەبوە کە ئەفسەر و پلەدارەکانی سوپای پاسداران لە سووریا لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە ئەکوژرێن. لەم بابەتەدا باس لەو ئەفسەرانە ئەکەین کە لەم هێرشانەدا کوژراون. ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رێکەوتی ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بە هۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری سوپای پاسداران ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی: عەمید محەممەد رەزا زاهیدی، عەمید محەممەد هادی حاجی رەحیمی، حسێن ئەمانوڵڵاهی، مەهدی جەلالەتی، موحسێن سەداقەت، عەلی ئاقا بابایی و عەلی ساڵەحی روزبەهانی کوژران. عەمید محەممەد رەزا زاهیدی دوای قاسم سولەیمانی دیارترین سەرکردەی سوپای پاسداران بووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە کوژراوە. محەممەد رەزا زاهیدی بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان بوو لە سوپای قودس. پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا و سەید حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حزبوڵڵای لوبنان هەبوو. محەممەد رەزا زاهیدی ٦٤ ساڵ تەمەن، یەکێک بوو لە فەرماندە بە ئەزموونەکانی سوپای پاسداران و لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە پەیوەست ببوو بە سوپای پاسدارانەوە. لە ماوەی جەنگی عێراق و ئێراندا بەشداری جەنگ بووەو هەروەها بە پێی هەندێ گرتە ڤیدیۆش کە سوپای پاسداران دەربارەی ئەم فەرماندەیە بڵاوی کردۆتەوە بەشدار بووە لە جەنگ دژی حیزبەکوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ١٩٨٠. محەممەد رەزا زاهیدی یەکێک بوو لە ٢٤ فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە ساڵی ٢٠٠٠ نامەیەکیان بۆ خاتەمی سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران نارد دەربارەی رووداوی کوژرانی بەکۆمەڵی خوێندکاران لەو ساڵەدا و یەکێک بوو لەو فەرماندانەی کە وەک بڕیاردەری هێرش بۆ سەر خوێندکارەکان ناو دەبرێت. لە مانگی ٧ی ٢٠٠٠ دا دوای داخرانی رۆژنامەی سەلام، ژمارەیەک لە خوێندکارەکان خۆپیشاندانیان کرد و لە لایەن بەسیج و سوپای پاسدارانەوە هێرش کرایە سەر بەشی ناخۆیی خوێندکارەکان و دەیان خوێندکار کوژران و بریندار بوون و قۆڵبەستکران و ئێستاش هەندێ لە خوێندکارەکان بێ سەر و شوێنن. محەممەد رەزا زاهیدی بەشدار بووە لەجەنگی ٣٣ رۆژەی لوبنان- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٦.   محەممەد رەزا زاهیدی یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی و دوای کوژرانی ، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و پێی وتن پەشیمان ئەبنەوە لەم کارەیان. ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بەرەبەیانی ٢٦ ی ئازاری ٢٠٢٤ بە مووشەک ڤیلایەک لە دیرەزوور کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە بێهرووز واحیدی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، وێڕای ١٤ کەس لە ئەندامانی حیزبە میلیشیاکانی عێراق و سووریە کوژران. سوپای پاسداران رایگەیاند ئەم هێرشە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووەو رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاند سوپای قودس ئەو ڤیلایەی وەک ناوەندی پەیوەندیکردن بەکار هێناوە. بێهرووز واحیدی فەرماندەی باڵای سوپای قودس و سوپای پاسداران لەو هێرشەدا کوژران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی گشتی سوپای قودس لە رێ و رەسمی ناشتنەکەی بەشداریکرد. ٢٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ رۆژی ٢٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ ، لە گەڕەکی " المزە" لە رۆژئاوای دیمەشق پێنج ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی : حوجەتوڵڵا ئومیدوار، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، سەعید کەریمی و محەممەد ئەمین سەمەدی کوژران.  سوپای پاسداران کوژرانی ئەم ٥ ئەندامەی خۆی دایە پاڵ ئیسرائیل. حوجەتوڵڵا ئومیدوار بە ناوی خوازراوی "حاج سادق" یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و یەکێک لە بریکارەکانی قاسم سلێمانی بوو. ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران رایانگەیشند پێش کوشتنی چەند جار لە لایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوشتنی دراوە. ئومیدوار یەکێک بوو لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە جەنگی ٨ ساڵە و هەروەها لە جەنگ دژی لایەنە کوردییەکانیش بەشدار بوو لە دەیەی ١٩٨٠. ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣- کوژرانی رەزی مووسەوی رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە هۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بینایەک لە گەڕەکی زەینەبییەی دیمەش، سەید رەزی مووسەوی، کە وەک کەسی ژمارە ٢ی سوپای قودس دوای قاسم سلێمانی دەناسرا. سوپای پاسداران لە راگەیاندنێکدا رەزی مووسەویوەک " بەرپرسی یارمەتیگەیاندن بە بەرەی بەرگری لە سووریا" ناوی برد. رەزی مووسەوی فەرماندەیەک بوو کە زۆر  کەم ناسراو بوو و تەنانەت لە فیلمێکی دێکۆمێنتاری کە دەرباری قاسم سولەیمانیدا دروستکراوە، دەم و چاوی دادەپۆشرێت ووەک " یاری کۆن" و " نزیکترین هاوسەنگەر"ی قاسم سلێمانی ناوی دەبرێت. حسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا وتبووی رەزی مووسەوی تا کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە باڵیۆزخانەی ئێران بوو لە دیمەشق و دواتر گەڕاوەتە بۆ ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی زەینەبییە و کاتژمیر ٤:١٠ دوانیوەڕۆ بە ٣ مووشەک لە لایەن سووریاوە کرایە ئامانج و کوژرا. رەزی مووسەوەی ماوەی ٢٥ساڵ بوو لە سووریا و لوبنان و فەلەستین بوو. بە وتەی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا، پێشتر ٢ جار ئیسرائیل هەوڵی کوشتنی داوەو سەرکەوتوو نەبووە. ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣- گەڕەکی زەینەبییەی دیمەشق گەڕەکی زەینەبییە لە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق وەک گەڕەکێک دەناسرێت کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی تێدا جێگرکراون. رۆژی ٢ی کانوون یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا کە هیچ کات وردەکارییەکەی رانەگەیەنرا ، ٢ فەرماندەی سوپای پاسداران بە ناوەکانی " پەناە تەقی زادە" و " محەممەد عەلی عەتایی شوورجە" کوژران. دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند  ئەم ٢ فەرماندەیەی سوپای قودس لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان وەک راوێژکار لە بەرەی مقاومەی ئیسلامی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢- سنووری ئیسرائیل رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٢، داوود جەعفەری یەکێک لە کادێرە بە ئەزموونەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە نزیک سنوورەکانی سووریا- ئیسرائیل کوژرا. سەرەتا میدیاکانی ئێران رایانگەیاند بە هۆی تەقینەوەی مین لە قەراخ جاددە ، لە دیمەشق و نزیک فڕۆکەخانە کوژراوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل کوژرا . هەروەها بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "صوت المعاصمە" ٦ ئەفسەری پلەباڵای سووریا بە تۆمەتی گەیاندنی زانیاری دەربارەی "داوود جەعفەری" بە دوژمن دەستگیرکران. داوود جەعفەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران بوو کە تۆمەتبار ئەکرا بەوەی دەستی بووە لە تەقە کردن لە فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە ١٧٦ کەسی تێدا کوژرا. ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥- بەرزاییەکانی جەولان (گوڵان) رۆژی١٨ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٥ ژمارەیەک لە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە نزیک شاری " مزرعە الامل" لە ناوچەی "قنطریە" لە نزیک بەرزاییەکانی جەولان (گوڵان) کە بەدەست ئیسرائیلەوەیە، بە فڕۆکەیەکی جەنگی کرانە ئاماج و محممەد عەلی ئەڵڵا دادی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبوڵڵا کوژران. ١٢ی شوباتی ٢٠١٣- رێگای دیمەشق بۆ لوبنان عەمید حەسەن حەسەن شاتری ، کەبە ناوی خوازرای " حیسان خۆشنویس" دەناسرا، بەرپرسی بەشی نۆژەنکردنەوەی باشووری لوبنان، پردی پەیوەندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ لوبنان، لە رێگای نێوان دیمەشق بەیرووت لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران حەسەن شاتری وەک ئەندازیار بەشداری جەنگ بوو. دوای جەنگی ٣٣ رۆژەی ئیسرائیل – حزبوڵڵا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی گەمارۆکانەوە. حەسەن شاتری ساڵی ٢٠٠٦ بۆ بونیادنانەوەو نۆژەن کردنەوەی ناوچەکانی باشووری لوبنان رۆشتبووە ئەو وڵاتە. لە دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سووریا و جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی خۆی ناردە سووریا، بەناو پارێزەرانی مەزارگەی "زەینەب" و راوێژکاری سەربازی. لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران لە لایەن دژبەرانی بەشار ئەسەدەوە کوژراون. لەگەڵ ئەمەش ئیسرائیل ئەم هێزانەی کردۆتە ئامانج. لە خوارەوە ناوی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەهێنن کە لە سووریا کوژراون. حسێن هەمەدانی ، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، حەلەب هادی کەجباف، نیسانی ٢٠١٥، دەرعا فەرشاد حەسونیزدە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ قەنتەریە حەمید موختربەند، تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ قەنتریە سەعید سەیاح تاهیری ١٣ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٦ خان توومان حەسنعەلی شەمس ئابادی ٧ی ئازادی ٢٠١٦   غوڵامڕەزا رەسایی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ، حەلەب   داریووش دروستی ، ٣٠ ئابی ٢٠١٦،  حەماء   ئەحمەد غوڵامی، ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ ، حەلەب   مستەفا سەدرزادە، ٢٣ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ، حەلەب   جان محەممەد عەلیپوور، ٣ی ئابی ٢٠١٧- تەدمیر   محەرەمعەڵی مرادخانی، ٦ کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، حەمس   جەبار دریساوی ٨ی تشرینی دریساوی، ٢٠١٤ حەلەب   محەممەد جەمالی پاقەلعە، ٢ی کانوونی دووهەم ٢٠١٣، دیمەشق   حەمیدرەزا تەباتەبایی مێهر، ٢٢ی شوباتی ٢٠١٣، حەلەب   ئەمیررەزا عەلیزادە، ٢١ی نیسان ٢٠١٣، حەلەب   دادالـلە شیبایی، ٢٣ی حوزەیران ٢٠١٤   محەممەد حسێن عەتری، ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٣ مووسا کازمی دەرەبیدی، ٢٣ ئاب ٢٠١٤ عەبدوڵڵا ئەسکەندەری، مانگی ٦ی ٢٠١٤ ، حەلەب ئیسماعیل حەیدەری، ١٩ی ئابی ٢٠١٣، حەلەب    

هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە ی  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند  و تیایدا نزیکەی ٣٠٠ مووشەک و درۆنی تێدا بەکارهات ، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی توانییان بەرپەچی ٩٩٪ ی بدەنەوەو لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خرانە خوارەوە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو  هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوا  و لەوانە ئەمریکا داوایان لە ئێران کرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات  بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. کاریگەرییە سنووردارەکەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە :بەهێزی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو فرە چینەکانی ئیسرائیل، کە سیستەمی دژە تیرە بالیستیکییەکان و سیستەمی کۆمەڵەی ئاسنین دەگرێتەوە، هەروەها ئەو هەماهەنگییە بەهێزەی لە نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسادا هەبوو. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا  ٩٩ ٪ ی درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند نزیکەی 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 30 موشەکی کروز و زیاتر لە 120 موشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە لە شەوی شەممەوە بۆ ئیسرائیل هەڵدراون. هەروەها کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن زیاتر لە 70 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ موشەکی بالیستی لەلایەن کەشتییەکانی هێزی دەریایی و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە ڕێگرییان لێکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری ئەوە بدەن کە چ جۆرە بەرگرییەک بەکارهێنراوە بۆ لەناوبردنی موشەکەکان. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی CNN یش هێزی دەریایی ئەمەریکا لانیکەم سێ موشەکی بالیستیکی بە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی ئەیجیس خستە خوارەوە کە لەسەر ئەو دوو  کەشتییە سەربازییەی ئەمریکان کە تەنها ڕۆژێک پێش هێرشەکەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیریکردن. ئەو ئاژانسە دەڵێت هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاش بەکارهێنراون بۆ بەرپەچدانەوەی موشەکەکانی ئێران بەڵآم ئاشکاری نەکردووە لەکام بنکەی ئەمریکاوە لە ناوچەکە  فڕۆکەکان هەڵساون . هەروەها وتەبێژی  سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند فەڕەنساش دەستی هەبووە لە ڕێگەگرتن لە هێرشەکانی ئێران. هاوکات فڕۆکەکانی بەریتانیاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک سنووری سوریا و عێراق خستۆتە خوارەوە، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە لەو ناوچانە هەڵدراون. جگە لە یارمەتی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا، کۆمەڵێک سیستەمی بەرگری  بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان هەر لە موشەکی بالیستییەوە  بۆ موشەکی کروز و موشەکە نزمەکان. ئاژانسی CNN سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە سیستەمی  بەرگری ئاسمانی ئایرۆن دومی ئیسرائیل یەکێکە لە هەرە دیار و بەهێزەکان و ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە ۱۰ پاتری ئایرن دۆمی هەیە، هەریەکەیان ڕادارێکیان هەیە کە موشەکەکان دەدۆزێتەوە و دواتر سیستەمێکی فەرمان و کۆنترۆڵ بەکاردەهێنێت کە بە خێرایی  ئەوە دیاریدەکات کە ئایا موشەکەکە جێی مەترسییە یانیش لە ناوچەیەکی دورەدەست و چۆڵ دەدات،  و ئەگەر موشەکەکە هەڕەشەیەک دروست بکات، ئایرن دۆم موشەک لە زەویەوە هەڵدەدات بۆ لەناوبردنی هێرشەکە لە ئاسماندا. یەکێکی دیکە لە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل پلیکانەکانی بەرگری موشەکی دەیڤد سلینگن، کە پارێزگاری لە هەڕەشەی مەودا کورت و مامناوەند دەکات و لە دووری 186 میلەوە ئامانجەکان لەناو دەبات. هەروەها سیستەمی Arrow 2 و Arrow 3 ی ئیسرائیل هەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا پەرەیپێدراوە لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکاندا بەکارهاتوون جگە لەمەش  ئیسرائیل خاوەنی فڕۆکەی جەنگییە، لەوانە فڕۆکەی F-35I  و F-15کە بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بەکارهێنراون. هەر لەم بارەیەشەوە رام عەمیناح، راوێژکاری دارایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکە ی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلیی راگەیاند:  تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردوو کە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن، پێنج ملیار شیکڵ (١.٣٥ملیار دۆلاری ئەمریکی) بووە. راشیگەیاند: "یەک مووشەک لە جۆری (حیتس) کە مووشەکی بالیستیکیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەکەی ٣.٥ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا یەک مووشەکی سیستمی (عەسای جادوویی)ش ملیۆنێک دۆلارە". شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە درۆن و مووشەکی بالیستیک و کرووز زنجیرەیەک ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەک ئیسرائیل باسی لێوە دەکات، بەھۆی ھێرشەکەوە تەنیا منداڵێکی ٧ ساڵان بریندار بووە.

 هاوڵاتی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە لە سەر یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند و لەو هێرشانەدا ئێران نزیک ٣٠٠ مووشەک و درۆنی گرتە خاکی ئیسرائیل، کچێکی تەمەن ٧ ساڵان بە سووکی بریندار بووەو ٩٩٪ ی مووشەک و درۆنەکان لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە. بەڵام ئەو هێرشە نیگەرانی زۆری لە کۆمەڵگای جیهانی دروستکردووەو لە دوێنێ شەوەوە بۆتە مانشێتی یەکەمی سەرجەم  میدیاکان. سوپای پاسداران رایگەیاندووە زۆربەی زۆری ئامانجەکانی خۆی لەم هێرشەدا پێکاوەو ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بە کوژرانی ٧ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا  و لوبنان لە سوپای قودس. لە بەرامبەردا ئیسرائیل باس لەوە ئەکات لەم هێرشانەدا زیانێکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتووە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو. هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوانە ئەمریکا داوایان لە کۆماری ئیسلامیکرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات و نەبێ بە هۆی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە، بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا ٩٩٪ درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. دەستبەجێ و دوای ئەم هێرشە، لە سەر داوای ئیسرائیل، کۆبوونەوەی کوتووپڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی نیۆیۆرک بەڕێوە ئەچێت. ئەنتۆنیۆ کۆرتێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەم هێرشەوەی شەرمەزار کرد. وتیشی :" زۆر نیگەرانم لەوەی ناکۆکی و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بێتەوە، داوا لە لایەنەکان ئەکەم خۆیان بەدوور بگرن لەوەی جەنگ لەناوچەکە پەرە بستێنێت". جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکاش رایگەیاند بۆ رێککەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەی چۆن بە شێوەی دیپلۆماسی هەڵوێست بگرن بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وڵاتانی G7 کۆ ئەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەک سەرۆکی ئێستای G7 دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ئەم کۆبوونەوەیە رێک ئەخات.   بایدن جەختی کردەوە:" لەسەر فەرمانی من و بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و پاپۆڕی بەرگری مووشەکی بالیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە. بە هۆی جێگیربوونی ئەم هێزانە و لێهاتووی سەربازەکانمانەوە، یارمەتی ئیسرائیلمان دا بەوەی زۆرینەی رەهای درۆن و مووشەکەکان بخەنە خوارەوەو لەناویان بەرن". لەم کاتەدا کە نائارامییەکان قووڵتر بوونەتەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند پاپۆڕێکی هێزی دەریایی رووسیا کە مووشەکی سۆپەرسۆنیکی " کێنژاڵ"ی لەسەرە لە رێگای گەرووی سوئیزەوە گەیشتۆتە دەریای ناوەڕاست. رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی  کەشتی " مارسال شاپۆسنیکۆڤ" راسپێردراوە بەوەی بگاتە ئەو ناوچەیە و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام باسی لە وردەکاری ئەرکەکانی نەکردووە. هەر لەم پەیوەندەدا وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە دوو لایەن کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە " دوایین سەرڕێژی جەنگی غەزە" وەسف کردووەو داوای کردووە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاگربەست لە غەزە جێبەجێ بکرێت و هەروەها وتوویانە، ئەبێ لە ئێرەدا جەنگ کۆتایی پێ بێت. وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها وتوویەتی :" چین داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەکەین کە هەموو هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".   ئەمریکا و کەنەدا چی ئەڵێن؟   سەرەڕای جیاوازی بۆچوون و بیرکردنەوە لە نێوان جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەربارەی جەنگی غەزە و شێوەی بەڕێوەبردنی جەنگ، بایدن دوای هیرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جارێکیتر جەختی کردەوە بەوەی ئەمریکا پەیوەستە بەوەی هاوکاری ئیسرائیل بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی ئاسنینی هەیە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. لەهەمانکاتدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS ی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە ١٤ نیسان رایگەیاند، جۆبایدن نیگەرانە لەوە نتانیاهۆ سەرەڕۆیانە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوەو ئەمریکا بباتە ناو جەنگێکی بەربڵاوەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی دەوڵەتی بایدن لە وتووێژە تایبەتییەکانی خۆیان دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران و کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سوپا، هەستیان بە نیگەرانی کردوەو دەستەوەستانن.   بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی بایدن بە NBC وتووە :" لام وانییە ئیسرائیل ستراتیژییەکی هەبێت، ئیسرائیلییەکان هەموو کات باشترین بڕیاری ستراتێژی نادەن". لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە،واشنگتۆن نیگەرانە لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە دژی حەماس. بە پێی ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC ، کۆشکی سپی لەسەر ئەو باوەڕەیە ، ئیسرائیل نایهەوێت بچێتە جەنگی راستەوخۆوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دڵنیا نین لەم بۆچوونەیان. ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC لە کاتێکدا بڵاو بۆتەوە کە جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ٢٥ خولەک لەگەڵ نتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی کردووە. لۆئید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پەیوەندی بە "گالانت" وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە کردووەو داوای لە ئیسرائیل کردووە، بەرلەوەی وەڵامی هێرشی ئێران بدەنەوە، ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە. واشنگتۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق نەبووە کە بەو هۆیەوە ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران. دوا بە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، داوای لە ئەمریکا کردووە هێرشی سەرباز بکەنە سەر ئێران بەتایبەت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. جۆن بۆڵتۆن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN رایگەیاند، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان نەبووە بەر بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران بگرن. جۆن بۆڵتۆن هەروەها لە وتووێژێکیتر لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NEWS MAX دەوڵەتی بایدنی بە تاوانبار زانی بەوەی ئێران توانیویەتی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لە راستییدا هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە بەشێک لە رێکارەکانی ئێران بەوە بۆ ئەوەی " بازنەیەکی ئاگر" بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکات. نانسی پلۆسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و بەرپرسی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لە پەیامێکدا لەگەڵ ئەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد ، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی بەرپرسایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیسرائیل و پاراستینیان شتێکی نەگۆڕە و سوورن لەسەر ئەوەی پشتیوانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بن. جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش  هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و وتی :" ئێمە پشتیوانی ئیسرائیلین و لەگەڵ ئەو وڵاتەیەن".   ئەورووپییەکان هەڵوێستیان چۆنە؟   سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ ئەوەی هێرشی راستەوخۆ و بێ وێنەی سەربازی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد، رایگەیاند ئەم رووداوە ئەبێت بە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمانۆئێل ماکرۆن لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕێ وتی :" فەرەنسا خۆی بە بەرپرس ئەزانێت بەوەی هەوڵ بدات بۆ پاراستی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا داوای لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە بۆ کەمکردنەوەی نائارامییەکان لە ناوچەکە دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵام نەدەنەوە". وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران. لە لایەکیترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ، ئانالێنا بائێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ناوەندی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دەوڵەت لە بەرلینی بە ئەستۆیە  بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ریشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هێرشە بێ شەرمانەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد و لای وایە ئەم هێرشانە ئەبێ بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وتی :" ئێران جارێکیتر ئەوەی نیشاندا دەیهەوێت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەو شوێنانەی هێزە میلیشیاکانی چالاکن، بشێوی بنێتەوەو ببێت بە هۆی نائارامی ناوچەکە". جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی X  نووسیویەتی :" ئەم هێرشانە ئەبن بە هۆی پەرسەندنی زیاتری نائارامییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی جیدین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە". بە پێی راپۆرتەکان سەرۆکەکانی ٧ وڵاتی پیشەیی دیمۆکراتیک G7 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆ ئەبنەوە بۆ گفتووگۆ کردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و لە ئێستادا ئیتالیا سەرۆکی کاتی G7  ە. ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا نووسی :" من هێرشی ئاشکرا و بێ پاساوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە توندی شەرمەزار ئەکەم... لە ئێستادا هەموو لایەنەکان ئەبێ هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە". پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی سپانیا داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و وتی :" مەدرید هەرچەشنە توندووتیژییەک کە ببێت بۆ هۆی تێکدانی ئاسایشی کەسانی مەدەنی بێتاوان شەرمەزار ئەکات". سویدیش بە هەمانشێوە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد و وتی :" ئەمە ئەنجامی زۆر جیدی و خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەبێت بە هۆی تێکدانی زیاتر ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەین" وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزا کرد و لە راگەیاندنێکدا نووسیویانە :" ئەم هێرشانە ئەوە ئەخەنە روو کە پێویستە هەموو هێزەکانی دونیای ئازاد بەرگری لە سنوورەکانی دونیای دیمۆکراسی بکەن و هاوپەیمان بن بۆ بەرگریکردن".  

 هاوڵاتی رۆژنامەی تایمزی چاپی لەندن لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە بە پێی کۆمەڵێک نامە و بەڵگە کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستین کەوتووە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٦ ساڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠٢٠ لانیکەم ٢٢ ملیۆن دۆلار یارمەتی ماددی حەماسی داوە. تایمزی لەندەن لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات سوپای ئیسرائیل ئەم نامە و دێکۆمێنتانەی لە کاتی جەنگی غەزە دا دەستکەوتووەو بە شێوەیەکی تایبەت خراوەتە بەردەست رۆژنامەکە. سوپای ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم نامە و دێکۆمێنتانە بەڵگەی تەواون بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حەماس ئەکات و بەردەوام یارمەتی ماددی ئەم رێکخراوەیەی داوەو لایان وایە ئەمە تەنها بەشێکە لەو بەڵگانەی کە دەستیان کەوتووە. لە یەکێک لەم نامانەدا مەروان عیسا، فەرماندەی لقی سەربازی حەماس لە غەزە کە ناوی خوازراوەکەی "ابو البراء"ە و نامەکەی بۆ یەحیا سێنوار رێبەری ئەم گرووپەی نووسیوە، وردەکارییەکانی وەرگرتنی لانیکەم ٢٢٢ میلیۆن دۆلار لە کۆماری ئیسلامی خراوەتەڕوو و باسی لێوە کراوە. بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دا،  بۆ ناوچەیەک لە نزیک کەمپی "نەسیرات" لە ناوەندی غەزە باس لەوە کرا مەروان عیسا کوژراوە. ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی حەماسیان پشتڕاستکردۆتەوە. ئیسرائیل هەروەها بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە "یەحیا سێنوار"یش ئەکوژن و یەحیا سێنوار بە داڕێژەری سەرەکەی پلانی هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەزانن. ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەردەوام باس لەوە ئەکات سوورن لەسەر کوشتنی یەحیا سێنوار، سێنوار بە پیاوێکی گەڕۆک ئەزانن کە دوای ٧ی تشرینی یەکەم لە هیچ کوێ ئارام ناگرێت و بەردەوام لە گەڕاندایە ولایان وایە ئەمەش وایکردووە تا ئێستا نەکوژرێت. لە نامەی یەکەمدا کە لە رێگای سوپای ئیسرائیلەوە گەیشتۆتە دەست تایمزی ئیسرائیل و نامەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نووسراوە بە وردی باس لەو بڕە پارەیە کراوە کە بە شیوەی مانگانە لە کۆماری ئیسلامیان وەرگرتووە. وردەکاری وەرگرتنی پارەکان بە شێوەی مانگانە لەو نامەیەدا باسی لێوە کراوەو ئەم تۆمارە لە مانگی ٧ی ٢٠١٤ ەوە دەستی پێکردوە، راست ئەو کاتەی کە حەماس لە جەنگدا بووە لە گەڵ ئیسرائیل. رۆژی٨ی ٦ی ٢٠١٤ دوای ئەوەی کە ٣ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە رفێندران، ئیسرائیل حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان هەیە لە رفاندنی ئەو ٣ مێرمنداڵەدا و بەو هۆیەوە جەنگی حەماس ئیسرائیل دەستی پێکرد لە کەرتی غەزە و لە ٨ی مانگی ٦ی ٢٠١٤ەوە تا ٢٦ی ئابی ٢٠١٤ خایاند. لەم جەنگەدا ٦٤ سەربازی ئیسرائیلی و ٢ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلی کوژران. لە بەرامبەردا ٢٠٤٠ کەس لە فەلەستینییەکان کوژران و بە پێی ئامارەکان نزیک بە ١٦٠٠ کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون . بە پێی ئەو زانیارییانەی لەنامەی یەکەمدا هاتووە، لەو ٦ ساڵەدا بە گشتی ١٥٤ میلیۆن دۆلار راستەوخۆ و بە شێوەی نەخت دراوە بە حەماس و ئەوەی ماوەتەوە دراوەتە دەست کەسێک بە ناوی "ابوالعابد" کە گومان ئەکرێت ئەو کەسە هەمان "ئیسماعیل هەنییە" سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس بێت کە لە دووحە پێتەختی قەتەر ئەژی و تایمزی لەندەن لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە باس لەوە ئەکات ئەو کەسە ئیسماعیل هەنییەیە. نامەی دووهەم لە تشرینی دووهەمی ٢٠٢١ نووسراوەو بەم شێوەیە دەستی پێکردووە:" بە ناوی خوای گەورەو دلۆڤان. بۆ برای ئازیزم ، ئەبوو ئیبراهیم، خوا بیپارێزێت"... پێدەچێت " ئەبوو ئیبراهیم" هەمان یەحیا سێنوار بێت. لەم نامەیەدا باس لە وردەکاری یارمەتییە مادییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە بۆ حەماس، دوای جەنگەکانی ٢٠١٤ کە بە " ئۆپەراسیۆنی شمشێری قودس" دژی ئیسرائیل ناوی دەبرا. دوای ئەم جەنگە ، کۆماری ئیسلامی بە یەک جێ ٥٨ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس، دواتر بە دوو جار و هەرجارەو ٥ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس و رێبەرەکانی. بە پێیزانیارییەکانی تایمزی لەندەن ، ئیسرائیل لای وایە ئەم بڕە زۆرە پارەیە سەرەتا گەیشتۆتە بەیرووت پایتەختی لوبنان و لەوێوە لە لایەن ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە گەیەندراوەتە دەست کەسەکانی حەماس. مەروان عیسا لەم نامانەدا کە باسی " سەعید ئیزەدی" ئەکات بە " حاجی رەمەزان" ناوی ئەبات. سەعید ئیزەدی یەکێک لەو ئەفسەرانە بوو کە محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەیان بووەو راستەوخۆ لە محەممەد رەزا زاهیدی فەرمانی وەرئەگرت. محەممەد رەزا زاهیدی و ٦ ئەفسەری پلەبەرزی سوپای پاسداران، رۆژی ١ی نیسان لە هێرشی ئیسرائیل  بۆ سەر کۆنسولگەری  کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کوژرا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل رایگەیاندووە ئامادەی هەرجۆرە وەڵامدانەوەیەکە. تایمزی لەندەن باسی لەوە کردووە مەبەستی ئیسرائیل لەم هێرشە ئەوە بووە تاران تێ بگەیەنێت لەوەی ئیتر ناتوانێت خۆی لە پشتی هێزە میلیشیاکانەوە بشارێتەوە. ناوەندە هەواڵگرییەکان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی تۆڵە ئەکاتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یان ئەوەیە لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە ئەم کارە ئەکات. دوای ئەوەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هەرچەن نازانرێت ئاخۆ راستەوخۆ هێرش ئەکات یان لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە. بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنج شەممە سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد و وتی، جگە لە غەزە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکیتر لە ناوچەکانیتر ئامادە کردووە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتی :" هەرکەسه هێرشمان بکاتە سەر و زیانمان پێ بگەیەنێت، هێرش ئەکەینەوە سەری و زیانی پێ ئەگەیەنین. ئامادەین بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە ئیسرائیل بکەین". ئەفسەرەکانی بەشی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن محەممەد رەزا زاهیدی پارەی دەگەیاندە دەست "صالح العاروری" فەرماندەی سەربازی حەماس لە بەیرووت کە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ لە هێرشی ئیسرائیلییەکاندا کوژرا. دواتر ئەم پارەیە لە رێگای ژمارەیەک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بە کەڵک وەرگرتن لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەگەیەنرایە غەزە و سەرەنجام پارەکە دەگەیشتە دەست مەروان عیسا یان نوێنەرەکانیتریان. محەممەد سروور، یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە دەستی بووە لە گواستنەوەی پارە بۆ حەماس، لەگەڵ چەندکەسیتر لەوانەی کە دەوترێت دەستیان بووە لە دابینکردنی پارە بۆ حەماس کوژران. سوپای ئیسرائیل هەروەها رۆژی پێنج شەممە ١١ی نیسان رایگەیاند یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حەماس بە ناوی " ناسر یەعقووب جابر نەسر" کە کاری دابینکردنی پارە بووە بۆ حەماس، لە هێرشێ ئیسرائیل بۆ سەر رەفح کوژراوە. حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی ئەکریت. هەرچەند لە چاو حزبوڵڵای لوبنان کە کۆماری ئیسلامی دایمەرزاندووە سەربەخۆترە. تایمز ئاماژەی بەوە داوە جیهادی ئیسلامی فەلەستین بە تەواوەتی لە لایەن تارانەوە بەڕێوە ئەبرێت و هیچ جۆرە سەربەخۆییەکی نییە. تایمز هەروەها لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە ، رێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئاگاداری ئەو هێرشە بووە. دامەزرێنەری حەماس، ئەحمەد یاسین کە یەکێک بوو لە شوێنکەوتوانی ئێخوان المسلمینی میسر، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی  پەیوەندییەکی باشی هەبوو، بەڵام دوای دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی لە تاران، بڕیاری دا پارە لە کۆماری ئیسلامی وەرنەگرێت. بەڵام تایمز ئاماژەی بەوە داوە رێبەرەکانی حەماس لەم چەند ساڵەی دواییدا جۆری روانینیان گۆڕیوەو سەدان میلیۆن دۆلاریان لە تاران وەرگرتووە. تایمز هەروەها نووسیویەتی،  حەماس لەم چەند ساڵەی رابردوودا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. بۆ وێنە خالید مەشعەل، سکرتێری پێشتری مەکتەب سیاسی حەماس، ساڵی ٢٠١٢ دوای سەرکوتی خوێنای دژبەرەکانی حەماس کە لەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان ئێخوان المسلمین لە سووریا کوژران، بڕیاری دا نووسینگەی حەماس لە دیمەشق دابخات و لە تاران دوور بکەوێتەوە. تایمزی لەندەن هەروەها نووسیویەتی، بۆ ماوەی چەند ساڵ رێبەرانی حەماس ناکۆک بوون لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران و سووریا دروست بکەنەوە یان نا. ئێستا ئەم بە پێی ئەم بەڵگانە بێت لانیکەم لە ٢٠١٤ ەوە پەیوەندی حەماس و تاران دروست بۆتەوەو حەماس یارمەتی ماددی لە تاران وەر گرتووە. ناوەندەکانی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەرەن کە هۆکاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران وحەماس جەنگی حەماس – ئیسرائیلە لە ساڵی ٢٠١٤ کە ٧ حەوتووی خایاند. بە پێی بەڵگەکان لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا کۆماری ئیسلامی یارمەتی ماددی حەماسی نەداوە، هۆکارەکەشی ئەکرێ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە حەماس لەو ساڵانەدا لەبری ئەوەی دژی ئیسرائیل بجەنگێت، خەریکی نۆژەنکردنەوەی غەزە بوو. رەنگە جیاوازی بۆچوونی نێوان رێبەرانی حەماس هۆکار بێت بەوە لەو ٢ ساڵەدا یارمەتی لە تاران وەر نەگرن. دوای جەنگی ١٢ رۆژەی حەماس- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١ یارمەتییە مادییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە و ئەمەش وەک پێزانینی ئێران بۆ حەماس و بەشداری کردنی لەو جەنگەدا لێک ئەدرێتەوە. سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن یارمەتییە ماددییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم تا ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەر بەردەوام بووەو کۆماری ئیسلامی یارمەتی حەماسی داوە بەوەی کۆگاکانی چەک و چۆلی خۆی دەوڵەمەندتر بکات.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٧ ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣  دا بزوتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەرباشوری  ئیسرائیل لە دەروازەی   ئیرزی کە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززەوە شەڕی نێوان هەردوولا دەستیپێکرد و تائێستا زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە کوژراون کە بەشێکی زۆری ژن و منداڵن. .شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەش مانگە بەردەوامەو بە یەکێک لە وێرانکەرترین و کوشندەترین شەڕەکانی سەدەی ۲۱ دادەنرێت لە ئێستاشدا بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو کەرتە ئاوارە بوون  و بەشێک ی زۆری بەرەو شاری ڕەفەح لە لە باشوری غەزە هەڵهاتوون  نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ڕێگەنەدان بە چونە ناوەوەی خواردن و یارمەتییە مرۆییەکان جگە لە جەنگ  قەیرانی نەخۆشی و برسێتی لەو کەرتە هەڵیداوە هاوکات ژمارەیەکی کەم لە فەڵەستینییەکان توانیویانە ناوچە گەمارۆدراوەکان بەجێبهێڵن. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەی پی  بڵاویکردۆتەوە ئامارەکان بەم شێوەیەن: ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی مردوون لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل ؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی  لە غەزە کوژراون : 33،137 ژمارەی منداڵ کە لە غەززە کوژراون : زیاتر لە 13 هەزار کەس ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەی کە کوژراون: نزیکەی 1200 کەس ژمارەی ئەو فەيڵستینییانەی کە لە کەناری ڕۆژئاوا (west bank) کوژراون : 456   ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە کە، وەزارەتی تەندروستی غەزە جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و حەماس ناکات لە کاتی هەژمارکردنی کوژراوەکاندا ، بەڵام دەڵێت ژنان و منداڵان نزیکەی دوو لەسەر سێی کوژراوەکان پێکدەهێنن. ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنی و بیانییانەی لە ئیسرائیل کوژراون لە حەوتی ١٠ دا:٧٨٠ ژمارەی کارمەندانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان کە لە ئیسرائیل لە ٧ی مانگی ١٠ دا کوژران: ٦٢ هاوڵآتیانی مەدەنی کە بە درێژای سنورەکانی باکوری ئیسرائیل کوژراون: ٩ کارمەندانی فیریاگوزاری سەرەتای کە لە غەززە کوژراون: ٢٢٤، جگە لەو ژمارەیە ٣٠ ی کارمەندی دیکەش لە کاتی دەوامی ڕەسمییاندا کوژراون ژمارەی کارمەندانی تەندروستی کە لە غەززە کوژراون: ٤٨٤ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە غەززە کوژراون: ٩٥   ژمارەی سەربازی ئیسرائیل / حەماس ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون: زیاتر لە ١٣ هەزار ( ئامارەکە  سوپای ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە ) . ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە خاکی غەززەدا کوژراون: ٢٥٦ ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە ٧ی ١٠ دا کوژراون : ٣١٤ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی بە درێژای سنورەکانی باکوری غەززە کوژراون لە ٧ی ١٠ ەوە تا ئیێستا: ١١   کەرتی مرۆی: ٪ ٥٥.٩ ی تەواوی باڵەخانەکان تێکشکێنراون ٪٦٠ ی ماڵەکان بە تەواوی تێکشکێنراون ٪٩٠ ی خوێندنگاکان تێکشکێنراون ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی تا ئێستا ماوەو لە ناونەچووە ١٠ دانەیە لە کۆی ٣٦ دانە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی خۆراک بونەتەوە  بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١.١ ملیۆنە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەخوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و توشی کەمی خۆراک و بەدخۆراکی بوون  ٪٣١ ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن ناگات ٪١٠٠ ژمارەی ئەو مزگەوتانەی بەتەواوی ڕوخاون: ٢٢٧ ژمارەی ئە وکەنیسانەی ڕوخاون: ٣ ژمارەی بریندارەکان؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون: ٧٥ هەزار و ٨١٥ ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە کەناری ڕۆژئاوا برینداربوون : ٤،٧٥٠ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون : ١٥٤٩ ژمارەی هاوڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیلی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بریندار بوون : ٤،٨٣٤   ژمارەی ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون  لە لایەن حەماسەوە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە ٧ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ :٢٥٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی ئازادکراون: ١٢٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی  کە لە ئێستادا لە ژیاندان و مردنیان پشتڕاستنەکراوەتەوە: ٩٨ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە مردنیان پشتڕاستکراوەتەوە: ٣٦   جێگەیباسە لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە وتەبێژێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو هێزە زەمینییەکانیان لە باشووری غەززە کشاندوونەتەوە، جگە لە یەک لیوا هاوکات روون نییە کشانەوەکەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری غەززە، دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەو هێرشەی پێشتر ئیسرائیل بڕیاری لێدابوو بۆسەر رەفەح بەمەبەستی لەنێوبردنی حەماس. کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەززە لەکاتێکدایە کە میسر ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لای حەماس.  

ئا: هاوڵاتی رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەڕێوەچوو. کاری ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دیاریکردنی رێبەری داهاتووی ئێرانە لەئەگەری مردن یان وازهێنانی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەدەسەڵات. پێدەچێت ئەم خولە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوایین خولی هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە بێت لەسەردەمی ژیانی عەلی خامنەییدا. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەئێستادا ٨٥ ساڵی تەمەنە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری هەر هەشت ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەشت ساڵی تر ئەگەر ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا بێت تەمەنی گەیشتووەتە ٩٣ ساڵ. باسکردن لەجێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەئێراندا چەندساڵە باسێکی گەرمە، چوونە سەرەوەی تەمەنی رێبەری کۆماری ئیسلامی و لەهەمانکاتدا ئەوەی کەنەخۆشە وایکردووە بیر لەجێگرەوەی بکرێتەوە. رۆژی ٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، بابەتێکی لەم بارەوە بڵاوەکردەوەو دەربارەی جێگرەوەی خامنەیی و ئەگەرەکانی جێگرەوەی خامنەیی و لەم پەیوەندەدا بۆچوونی ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات وەرگرتووە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵپەڕە راپرسییەکی وەها لەناو رۆژنامەنووس چالاکە سیاسییەکاندا دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە. هەشت ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی بەڕێوەچوونی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەمان راپرسی لەناو رۆژنامەنووسەکاندا بڵاوکرایەوە. زۆربەی رۆژنامەنووسەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کەدۆخی سیاسی جۆرێکە پێشبینی ناکرێت. هەشت ساڵ لەوەپێش باس لەکەسانێکی وەک «هاشمی رەفسەنجانی» ، «مەحموود هاشمی شاهروودی»، «حەسەن خومەینی»، «سادق لاریخانی» دەکرا وەک ئەو کەسانەی کەئەگەری هەیە ببن بەڕێبەری دوای خامنەیی. بەڵام لەئێستادا ئەم کەسانە یان ئەوەیە لەژیاندا نەماوەن وەک «هاشمی رەفسەنجانی» و «مەحموود هاشمی شاهروودی»  لەژیاندا نەماوەن، یان ئەوەیە وەک « حەسەن خومەینی « و « سادق لاریجانی» لەدەسەڵات دوورخراونەتەوەو بێزراون. ساڵی ٢٠١٦ « هاشمی رەفسەنجانی» وەک دیارترین کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی باسی لێدەکرا، بەڵام « رەفسەنجانی» کانوونی دووهەمی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەناو مەلەوانگەیەکدا بینرایەوەو کوڕو کچەکانی سوورن لەسەر ئەوەی باوکیان کوژراوە.  زۆربەی زۆری ئەو ٣٠ کەسەی لەم راپرسییەی رادیۆ فەردا بەشدارییان کردووە کە لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن رێبەری داهاتووی ئێران لەدەرەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دیاری دەکرێت و عەلی خامنەیی پێش مەرگی خۆی رێبەری ئێران دیاری دەکات.   کێن ئەوانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی باسیان لێوەدەکرێت؟ لەم چەند ساڵەدا کەپرسی جێگرەوەی خامنەیی لەئارادایە بەردەوام «موجتەبا خامنەیی» کوڕی عەلی خامنەیی وەک یەکێک لەبژاردەکان باس دەکرێت کە رێبەری داهاتووی ئێرانەو باس لەوە دەکرێت لەم چەند ساڵەدا «موجتەبا خامنەیی» ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێت بەڕێبەری داهاتووی ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام کۆمەڵێک کەسی تر ناویان هاتووە وەک «ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. هەرچەند ئەم ناوانە کەهاتوون زیاتر گومانن و کەمتر بەڵگەیەک لەبەردەستە. بەمەشەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیردرێت کەحکوومەت ئەم دوو کەسە وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت. لەبابەتێکدا کە  رادیۆ فەردا  رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دەربارەی جێگرەوەکانی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئاماژە دەدات بەناوی» موجتەبا خامنەیی» و « ئیبراهیم رەئیسی « وەک دوو ناو کەبەختی زیاتریان هەیە بەوەی ببن بەڕێبەری داهاتووی ئێران، دوو ناوی تر دەخاتەڕوو کە تا رادیەکی کەم ناسراون. وەک لیستی شاراوەی پاڵێوراوانی رێبەری ناویان لێدەبات. ئەو دوو کەسەش بریتین لە عەلیڕەزا ئەعرافی و موحسێن قومی. عەلیڕەزا ئەعرافی: عەلیڕەزا ئەعرافی، لەدایکبووی ١٩٥٩، شاری مەیبود لەپارێزگای یەزد. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران ( شۆرای نیگەهبان) و کەسی یەکەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەتاران. ئەوەی ئەم کەسە دەکات بەیەکێک لەو کەسانەی کەوەک جێگرەوەی خامنەیی لەداهاتوودا ناوی لێببرێت، ئەدام بوونیەتی لە « ئەنجومەنی پارێزەران» کە ١٢ کەسن و لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. هەروەها «ئەعرافی» لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسێکە لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی هەیەو پشتیوانی هەیە. ئەعرافی کەسێکە لەلایەن خامنەییەوە زۆر پشتیوانی دەکریت. لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاساڵی ٢٠١٨ بەرپرسی «جامعة المصطفی العالمیة» کە دامەزراوەیەکە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دروستکراوەو بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٣ ملیۆن دۆلار بوودجەی بۆ تەرخانکراوە. ئەم دامەزراوەیە کەوەک ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی مەلای شیعە کاردەکات، لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشێوەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ خوێندکاری وەرگرتووەو لە ٨٠ ناوەندی ئایینی لەوڵاتانی جیاواز سەر بەم دامەزراوەن. لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا «ئەعرافی» باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی کەتیبەی « فاتمییون» و « زەینبەبییون» کە لەسووریا بۆ پشتیوانی لەبەشار ئەسەد جەنگاون، دەرچووی « جامعە المصگفی العالمیه «ن، بەشێک لەو کەسانە کوژران، برینداربوون و بەشێکیشیان ئێستا لەجەنگدان. موحسێن قومی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەگوندی مامازەندی وەرامین، جێگری بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی نووسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و کەسی دووهەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرێتی. موحسێن قومی لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا بریندار بووە. پێنج کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی لەجەنگدا کوژراون. لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامییە لەئێران. پێشتر نوێنەری خامنەیی بووە لەزانکۆکان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری بووە لەئێران.  سەر بەباڵی کۆنسێرڤاتی دەسەڵاتە و لەناو سوپای پاسداراندا قسەی دەڕوات و کەسێکە نزیک لەنووسینگەی خامنەیی. موحسێن قومی پشتیوانی خامنەیی لەپشتە و خامنەیی وەک کەسێکی زاناو دڵسۆز ناوی بردووە. وەک کەسێک جێی متمانەی خامنەیی ٢٠١٨بەشداریکرد لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەکتێبی «بیرەوەرییە زارەکییەکانی خامنەیی» لەبەیرووت پایتەختی لوبنان. موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٩٦٩، کوڕی دووهەمی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی. خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. «رادیۆ فەردا» لەبابەتێکدا کە رۆژی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەدات کە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات ئەگەری چوونە دەسەڵاتی «موجتەبا» دوای مەرگی باوکی زیاترە. فەردا لەمبارەوە نووسیویەتی:» ژمارەیەک لەچاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کەبەشێکی زۆر لەکەسایەتییە دیارەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوورخرانەوەو بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە، ئامادەکردنی بەستێنەکانە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کەحکوومەت دەیەوێت وەک رێبەری داهاتووی ئێران دیاری بکات» . مەحموود محەممەدی عێراقی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ١ی ئازار باسی لەوە کرد خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت دژی ئەوەیە ناوی موجتەبا خامنەیی بخرێتە ناو ئەو ناوانەوە کە وەک پاڵیوراوی رێبەری بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێن. مەحموود محەممەدی عێراقی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی (ایلنا) ئەڵێت:» جارێک... لەکۆمیتەیەکی سێ کەسی باس لەیەکێک لەکوڕەکانی رێبەر کرا کە لەباری زانستییەوە لەئاستێکی باڵادایە وەک رێبەری داهاتووی ئێران، ئەم هەواڵە گەیشتبووە گوێی رێبەرو رێبەر ئەوەی رەتکردووەتەوە کەکوڕی ئەو هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی گومانی بەمیراتی بوونی رێبەری دروست نەبێت، کەوایە تەنانەت ئیزنی نەدا تاوتوێی ئەو بابەتەش بکرێت». بەڵام بەڕاست عەلی خامنەیی دژی ئەوەیە کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە؟ موجتەبا خامنەیی لەچاو پاڵێوراوەکانی تر چەند بەختی هەیە، خاڵە بەهێزەکانی کامانەن و کێشەکانی بەردەمی چین؟ پرسی دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی لەسیاسەتی ئێران و تەنانەت ئەگەری بەڕێبەربوونی لەداهاتوودا دوای مەرگی باوکی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیە لەوەپێش. ١٨ ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەمجار باس لە دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی کرا لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران، ئەوکاتە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو بەسەرۆککۆماری ئێران و مەهدی کەڕووبی یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کەناوی موجتەبا خامنەیی هێنا وەک کەسێک کەدەستی وەرداوە لەهەڵبژاردنەکاندا بەهاوکاری سوپای پاسداران. کەڕووبی دواتر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەدەسەڵات دوورخرایەوەو لەئێستادا لەماڵی خۆی لەزینداندایە. موجتەبا خامنەیی، لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی زۆری هەیە. پشتیوانی زۆری لێدەکرێت و وەک کوڕی عەلی خامنەیی بەختی زۆری هەیە ببێت بەجێگرەوەی خامنەیی.  ئیبراهیم رەئیسی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەمەشهەد. سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. خوێندنی تا ٦ی سەرەتایی خوێندووەو دواتر خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بووە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکێک بووە لەو کەسانەی کەبەشدار بووە لەئیعدامی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لەئێران لە ١٩٨٨ کەدەوترێت نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەو ساڵە ئیعدام کران. سەر بەباڵی توندڕەوە لەئێران و لەلایەن سوپای پاسدارنەوە پشتیوانی دەکرێت. یەکێکە لەبەختەکانی جێگرەوەی خامنەیی. رەئیسی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانی تەواوی خامنەیی و سوپای پاسدارانی لەپشت بوو. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا رەخنەگرەکانی رەئیسی دوورخرانەوەو مۆڵەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنیان پێنەدرا.   ئێران دوای مەرگی خامنەیی کۆماری ئیسلامی لەچەندساڵی رابردوودا تووشی قەیران هاتووە. لەناوخۆی وڵات رەوابوونی خۆی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک بە ٤٠٪ خەڵک لەدوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رۆژی ١٥ی ئازار، فایلێکی دەنگی لە «جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردەمی حەسەن رووحانی بڵاوکرایەوەو «حسێن تائب» راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و «محەممەد عەلی جەعفەری» فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیان وەرداوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداری خەڵکیان زیاتر کردووە. زەریف تەنانەت باس لەوە دەکات رێژەی بەشداری خەڵک نزیک ٢٪ بووە، کەچی گەیەنراوەتە ٤٠٪. شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی یان شۆڕشی ژینا کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپیکرد، رەوابوونی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیارەوە. حکوومەت لەدوایین دانپێدانانیدا باس لەوەدەکات ٢٨١ کەس کوژراوە، بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو تەنها لە کوردستان لانیکەم ١٣٤ کەس کوژراون. هەروەها لە ١ رۆژدا لەسیستان و بەلووچستان نزیک ١٠٠ کەس کوژران کە بەهەینی خوێناوی ناسراوە. شۆڕشی ژیناو ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، رەوابوونی ئەو دەسەڵاتەی بردووەتە ژێرپرسیارەوە. کەساسەیەتی خامنەیی تائێستا بەری بەچەند جەمسەربوونەوەی دەسەڵات گرتووە. شارەزایان باس لەوە دەکەن مەرگی خامنەیی بنەماکانی دەسەڵات لەرزۆک دەکات. لەڕاپرسییەکەی رادیۆ فەردا کە رێکەوتی ٢ی ئازار ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ، زۆربەی بەشداربوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران دوای خامنەیی وەک پێش مەرگی خامنەیی نابێت. جێگری خامنەیی هەرکەس بێت توانای ئەوەی نابێت جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە.

سازگار ئەحمەد   لەهەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کرێکار لەکاتی کارکردندا لەپرۆژەکان گیانلەدەستدەدەن و بریندارو کەمئەندام دەبن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن»، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەدات کە حکومەت بەپێی پێویست چاودێری لایەنی سەلامەتی پرۆژەکان ناکات، هەروەها وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باس لەبێدەنگی کرێکاران دەکات بەرامبەر بەکەمتەرخەمی خاوەنکارەکان. چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «پابەندنەبوونی کرێکاران بەسەلامەتی کارەوە رێژەیەکی کەمە، بەڵام خاوەنکارەکان بەڕێژەیەکی زۆر پابەندنین بەدابینکردنی پێدوایستی سەلامەتی کرێکاران، ئەگەر دابینیشی بکەن پابەندین بەچۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستەکانی سەلامەتی». ئاماژەی بەوەکرد «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن، هەروەها پێویستە هەموو پرۆژەیەک بەرپرسێکی شارەزا هەبێت سەرپەرشتی لایەنی سەلامەتی بکات لەناو پرۆژەکان کە ئەمە بەڕێژەیەکی زۆر کەم لەپرۆژەکاندا جێبەجێ دەکرێت». ئەوەشی خستەڕوو «ئەو پابەندنەبوونەی پرۆژەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کە رووداوی نەخوازراو رووبدات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران». سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان روونیشیکردەوە «هۆکارێکی دیکەی ئەو رووداوانە ئەوەیە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات، هەروەها پارێزگاریکردن لە کرێکاران و دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی و چۆنیەتی بەکارهێنانی کەتێچووی زۆری دەوێت خاوەنکار بەکاریان ناهێنێت». چالاک رەئوف ئاشکراشیکرد، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لەپرۆژەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن کە سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەبێت چاودێری لایەنی سەلامەتی کرێکاران بکات لەپرۆژەکان کە لەیاسای کاردا هاتووە، بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە کە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم هەن بەدواداچوونەکانیان زۆر زۆر کەمە یان هەر نییە، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی دیکەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە. هەر لەسەر هەمان پرس هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی وت «رەوشی کرێکاران لەهەرێمی کوردستان زۆر خراپە، چونکە حکومەتی هەرێم بودجەی پێویستی لەبەردەست نییە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کاری پرۆژەکان دەبێت و کرێکاران کەمتر کاریان دەبێت و دۆخ و گوزەرانیان خراپتردەبێت». سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان پێوایە ئەرکی خاوەنکارە کە بۆ هەر کارێک رێنمایی کرێکار بکات بۆ ئەوەی بەسەلامەتی کارەکەی بکات، هەروەها وتی «لایەنێکی دیکەی سەلامەتی کرێکار وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەبەشی سەلامەتی و پیشەیی بەس بەناو هەیە هیچ لیژنەیەکی چاودێری سەلامەتی و پیشەیی نییە». وتیشی «بەپێی یاسا بێت نابێت هیچ خاوەنکارێک کار بداتە کرێکار تاوەکو رێنمایی پێویستی پێنەدات لەسەر ئەنجامدانی کارەکە». ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن». ئەوەشی وت «لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە». وتیشی «لایەنی تەندروستی و سەلامەتی لەهەرێمی کوردستان تەنها لە ١٪ی بۆ تەرخانکراوە کە لەعێراق بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ دابینکراوە ئەمەش کەمییەکە کەهەیە، بەڵام ئێمە لیژنەی پشکنینمان هەیە کە دەوری تەندروستی و سەلامەتی دەبینن و هەر پرۆژەیەک لە لایەنی سەلامەتی کەمتەرخەم بێت خاوەنکارەکە سزادەدرێت یان کرێکارەکە بانگ دەکەن». وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر لایەنێکی دیکەو ئاماژەی بەوەدا «کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان و زۆرکاتیش لەدادگا کاتێک بابەتەکە یەکلادەبێتەوە دەبینین کرێکارەکە کەمتەرخەم بووە». ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت «ئێمە هێڵی گەرمان هەیە هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت». بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت.

شوان عەباس بەدری   بۆ یەکەمین جارە دوای 42 ساڵ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی شارەوانییەکان بەدەست دێنێت‌و دەبێتە هێزی یەکەم‌و هێزی دەسەڵاتدار دەبێتە هێزی دووەم لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا لەساڵی ١٩٢٣ تاساڵی 2024 بیست جار هەڵبژاردنی شارەوانی لەتورکیادا ئەنجامدراوە. یەكەمین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا لەساڵی ١٩٣٠ ئەنجامدراو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، دواهەمین هەڵبژاردنی شارەوانییش لەو وڵاتە 31/3/2024 ئەنجامدرا کە لەئەنجامدا پارتی دادو گەشەپێدان لەشارە سەرەکییە گەورەکانی تورکیا تووشی شکست بوو و چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە لەئێستادا باشترین هەل بۆ پرسی ئاشتی بۆ کورد لەکوردستانی باکوور هاتۆتە پێشەوە. هەر لەبارەی شکستی ئەم پارتە بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و بەرەو پێشەوەچوونی پرسی ئاشتی لەو وڵاتە، «هیوا سەید سەلیم» چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت:» ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادار دەرفەتێکی باشی بۆ کورد رەخساندووە لەباکووری کوردستان کە بتوانێت ئەم دەرفەتە بەو ئاراستەیە بقۆزێتەوە کە لەپەیامی نەورۆزی ئامەد بۆ هەموو لایەکی خستەڕوو کە ئەویش پەیامی ئاشتییەو پەیامی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانووسانەو لەو بارەوە کورد قسەی خۆی کردو بەڕوونی داوای لەدەوڵەتی تورکیا کرد کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت بەڕێز ئۆجەلان لەئیمرالی بەموخاتیب وەربگیرێت، ئێستا ئەو پەیامەی کورد بەپشتبەستن بەهێزی سەرکەوتنی لەپرۆسەی شارەوانییەکان، دەتوانێت پێداگری لەسەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەو نەهج و سیاسەتە بکات کەئەگەر پارتی دادو گەشەپێدانیش نەیەتە پێشەوە لەو پەیامەی کورد ئەوا رای گشتی تێدەگات کەکورد لەباکووری کوردستان هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەیەوێت پرسەکەی لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت». بەبڕوای ئەم چاودێرە سیاسییە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری دوو شکستی گەورە بووەوەو کە بریتین لە لەدەستدانی گەورە شارەوانییەکانی شارەکانی تورکیا وەک «ئەنقەرە و ئیزمیر و ئەستەنبۆل» و لەدەستدانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و هەروەها پێی وایە کە لەم هەڵبژاردنەدا «جەهەپە» تاکتیکێکی سیاسی تایبەتی پیادەکرد. «سەرکەوتنەکانی «جەهەپە» لەئەنقەرەو بەتایبەتیش لەئەستەنبول و ئیزمیر لەچوارچێوەی ئەو تاکتیکە سیاسییە بوو کە «دەمپارتی» گرتییەبەر کە دەنگدەری خۆی ئازاد کرد دەنگ بەکێ دەدەن و لەسەر دوو ئاراستە کاریان کرد کەبریتی بوون لەیەکەم، کەمکردنەوەی دەنگەکانی «ئاکپارتی» و سەرخستنی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، کەئەم سەرکەوتنەش هیچی لەسەرکەوتنەکانی لەباکووری کوردستان کەمتر نەبوو» هیوا سەید سەلیم وادەڵێت. لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی کەماوەیەکە لەلایەن تورکیا و چاودێرە سەربازییەکانیەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر ناوچەکانی سلێمانی و قەندیل لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە دەکرێت «هیوا سەید سەلیم « پێی وایە کە لەئێستادا دوو را لەتورکیادا هەیەو هەر لەمبارەیەوە بە «هاوڵاتی»ووت : « تائێستا دوو را هەیە لەناوەندی سیاسی تورکیادا کە یەکەمیان بریتییە لەوەی ئەردۆغان واز لەپرسی چارەسەری سەربازی بهێنێت و لەم بارەیەوە دۆستەکانی کورد لەتورکیا فشار دەخەنەسەر ئەردۆغان و کوردیش لەپەیامەکەی ئەمساڵی نەورۆزدا تۆپەکەی خستە گۆرەپانی «ئاکپارتی» و « ئەردۆغانەوە»، بەڵام ئەزموون ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو غرورەی ئەردۆغان هەیەتی و لەچەند ساڵی رابردووش هەمیشە بیری لای چارەسەری سەربازی بووەو ناگەڕێتەوە بۆ عەقڵ و لۆژیک و بۆیە پێشبینی دەکرێت کە ئۆپراسیۆنەکەی لەکۆتایی مانگی نیسان لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، ئەگەرچی هەندێک گۆڕانکاری کە پەیوەندییان بەدۆخی سیاسی ناوچەکەوە هەیە لەوانەش سەردانی «سودانی» بۆ ئەمەریکاو هاتنی «ئەردوغان» بۆ عێراق و ئایا عێراق تا چەند رازییە بەداواکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەماهەنگی نێوانیان و ئەگەر بەشێکیش نەبێت لەئۆپراسیۆنەکە چاوپۆشی لەئۆپراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بکات «. ئەم چاودێرە سیاسییە پێشی وایە کەجگە لەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران «ئەوا کارەکتەری دیکەش لەناوچەکەدا هەن و رایەک هەیە لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی دژی ئەو ئۆپراسیۆنەیەو هەروەها ئێران دژی ئەو ئۆپراسیۆنەیەو ئەمەریکاش نیگەرانە». هەر لەبارەی ئومێدی گۆڕانکاری لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداری 2024 ەوە ئەم چاودێرە سیاسییە وتی :» تورکیا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت هەندێک گۆڕانکاری لەئاستی ناوخۆییدا بکات، چونکە بۆ یەکەمین جارە دوای 42 ساڵ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی شارەوانییەکان بەدەستدێنێت و دەبێتە هێزی یەکەم و هیزی دەسەڵاتدار دەبێتە هێزی دووەم، ئەمانەش هەموویان پەیامی روونن بۆ دەسەڵاتێک کە خراپ ئەدای کردووە لەتورکیا و پەیامێکیشە بۆ ئەو هێزانەی تر ئەگەر وەکو هێزی دەسەڵات نەبن، ئەوا دەتوانن متمانەی شەقام مسۆگەر بکەن«. لەبارەی گرفتەکانی تورکیاش «هیوا سەید سەلیم» وتی:»گرفت لەتورکیا تەنها لەبیرکردنەوە سیاسییەکان نییە، تورکیا دەوڵەتێکە لەبونیادی درووستبوونییەوە لەسەر بنەمای ئینکارکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، لە دەستووری تورکیادا دەرفەتێک نییە بۆ کرانەوە بە رووی پرسی کورد لەباکووری کوردستان، هەتا هەمواری ئەم دەستوورەش نەکرێتەوە نە ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتن و چ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن هەنگاو بەئاراستەی چارەسەری ریشەیی پرسی کورد بنێن، ئەوەی کەهەیە کورد خۆی تێدەکۆشێت و خەباتی مەدەنی دەکات کە کاریگەرییەکی زۆری هەیەو لەپاڵ ئەم خەباتەش هێزی سەربازی «پەکەکە» پشتیوانییەکی بەهێزە، لەئێستاشدا کارەکتەرێکی سێیەمیش هاتۆتە مەیدانەوە کەئەویش خەباتی دیبلۆماسی کوردانی باکوورە لەسەر ئاستی ئەمەریکاو ئەوروپا، ئەم سێ فاکتەرەش لەئایندەدا دەتوانن بەرامبەرەکە ناچاربکەن کەهەنگاو بنێت بەئاراستەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەباکووری کوردستان». لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزارو 882 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 50.59٪ ژنان و لە 49.41٪ پیاوان ئەو رێژەیەیان پێکدەهێناو هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزارو 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکەدا کرد.

شەنای فاتیح هەژاری ئەو کێشەیەی تائێستاش سەرەڕای پێشکەوتنە بەردەوامەکانی مرۆڤایەتی چارەسەرێکی بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی فاو راپۆرتێکی لەسەر هەژاری بڵاوکردووەتەوە لەجیهاندا ٨١١ ملیۆن کەس برسین، هەروەها ساڵی ٢٠٢١، ٦٩ ملیۆن کەس لەوڵاتانی عەرەبی برسین و بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٢١، ١٦٣ ملیۆن کەسی هەژار لەجیهاندا زیادیان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەژمارکردنی هەژاری لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا پشت بەستراوە بەخەرجی خێزان بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان و خواردنەوە لەگەڵ پێداویستییە ناخۆراکییەکان وەک بەشێک لەپێداویستی سەرەکی و سەرەتایی بۆ بەردەوام بوون لەژیان بۆ هەر یەکێک لەئەندامانی خێزان، بەپێی نیشاندەرەکانی رێژەی هەڵاوسان و ئابوورییەکان لەهەرێمی کوردستان و عێراق لەساڵی ٢٠١٨ هێڵی هەژاری بە ١١٠٨٨٠ دیناری عێراقی خەمڵیندرا وەک کەمترین خەرجی خێزان بۆ هەریەک لەئەندامانی خێزان لەمانگێکدا. دوایین ئاماری فەرمی لەهەرێمی کوردستاندا ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە بۆ زانینی رێژەی هەژاری و بەپێی ئامارەکە رێژەی هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا ٥،٤٦٪ بووە،  لەکاتێکدا رێژەکە لەعێراق ١٨٪ بووەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ژمارەیان بەرکەوتووە، هەولێر ٦،٧٪- سلێمانی ٤،٤٦٪-  دهۆک ٨،٦٪ کەبەرزترین رێژەیە. بەپێی سەرژمێرییەکی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، كە لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كراوە، بۆ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان ١٨% بووە، لەپارێزگاكانیش رێژەكەی لەسلێمانی لە ١١،٩% و لەهەولێر ١٧،٧% و لەدهۆك لە ٢٤،١% بووە. هەر بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، بەشداریی هێزی كار لەپارێزگای هەولێر ٤٧%، لە دوای ئەوە پارێزگای سلێمانی دێت بە ٤٥%، لەعێراقیش رێژەی  بێكاری لەسەروو ٢٠ بۆ ٣٢% دەبێت، كە بەرزترین رێژەی بێكاری لەپارێزگای نەینەوا بووە بەڕێژەی ٣٢٪. ئابووریناسێک: نەدانی مووچە کاریگەری لەسەر هەر چوار جۆرەکەی بازاڕ هەیە ئەوانیش (بازاڕی دارایی- نەختینەیی- کارو  بازاڕی شمەک و خزمەتگوزاری) د.ماردین مەعسووم، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دابەشنەکردنی مووچە کاریگەری لەسەر هەر چوار جۆرەکەی بازاڕ هەیە ئەوانیش ( بازاڕی دارایی- نەختینەیی- کار و بازاڕی شمەک و خزمەتگوزاری)، بازاڕ ئەو شوێنەیە کە کڕیارو فرۆشیار تێیدا یەکدەگرن ئاڵوگۆڕی شمەک و خزمەتگوزاری دەکەن،  ئەگەر هاتوو کڕیارو فرۆشیار هەر یەکێکیان رووبەڕووی هەر کێشەیەک بوونەوە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر رێژەی ئاڵوگۆڕ لەبازاڕدا، بۆیە نەدانی مووچە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر سستبوونی ئاڵوگۆڕی نێو بازاڕ چونکە کڕیار لایەنێکی سەرەکی پڕۆسەکەیە. وتیشی:  ئابووری هەرێم بەشێکە لەئابووری عێراق، پاش ئەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش هێرشی کردەسەر چەند ناوچەیەک لەعێراق و گەورەترین پارێزگای عێراقی داگیرکرد، هەروەها لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥دا نرخی نەوت دابەزی بەمەش ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کێشەیەکی دوو لایەنە بوون ئەوانیش هاتنی رێکخراوێکی تیرۆرستی و دابەزاندنی نردخی نەوت کە ئەمەش داهاتی نیشتیمانی کەم کردەوە، کەئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و زیادبوونی رێژەی بێکاری. ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشکرد کە لەهەرێمی کوردستانیشدا لەپاش ساڵی ٢٠١٤وە رێژەی هەژاری و بێکاری زیادی کردووە هەرچەندە داتایەکی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە ئەو داتایەی کە هەمانە دەڵیت رێژەی هەژاری ١٢.٥٪ لەساڵی ٢٠١٨دا بەڵام ئەم رێژەیە بەفەرمی ئاماژەی پێکراوە بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان و بڵاوکراوەکانی رێکخخراوی بانکی نێودەوڵەتی بەپێی داتاکانی عێراق رێژەی هەژاری زۆر بەرزبووەتەوەو لەئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان، واتە عێراق ٢٣٪ی دانیشتوانەکەی هەژارن و هەرێمی کوردستانیش لەئێستادا نزیکبووەتەوە لە ١٤.٧٪ هەرچەندە داتاکە فەرمی نییەو هی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. «لەهەر کۆمەڵگایەکدا رێژەی هەژاری و بێکاری زیادی کرد واتە حکومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە داهاتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی رێکوپێک دابەشبکات بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا، هەرکاتێک هەژاری لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبووەوە توندوتیژی زیاد دەبێت لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانیشدا، تەنانەت دەگوازرێتەوە بۆ کایە سیاسییەکانیش کە هەر توندوتیژییەک لەرزینە بۆ بنەمای دیموکراسی و  هەو کۆمەڵگایەک رێژەی هەژاری تیادا بەزربووەوە شیرازەی خێزان و پێکهاتە ئابوورییەکان تێکدەچیت. « ماردین مەعسووم وای وت. ئەو مامۆستایەی زانکۆ گرنگترین هۆکارەکانی هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا خستەڕوو گەڕاندییەوە  بۆ دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچە هەروەها دەستنەکەوتنی داهاتێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان کەئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشانی دەروونی، چونکە کاتێک سەرۆکی خێزانێک ناتوانێت داهاتێکی شایستەو گونجاو بۆ چواردەورەکەی دابین بکات تووشی خەمۆکی دەبێت و بیر لەخۆکوشتن دەکاتەوە کەئەمەش راستەوخۆ شیرازەی ئەو خێزانە تێکدەدات، بۆیە  هۆکاری هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا هۆکارێکی دارایی هەیە. فاتیمە عەبدوڵا، موچەخۆرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو مانگانە بڕی ٤٠٠ هەزار دینار مووچەی خانەنشینی هاوسەرەکەی وەردەگرێت لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چوار مانگە موچەم وەرنەگرتووەو هیچ شتێک لەماڵەکەمدا نییەو تەنانەت ئامادەکاریشم بۆ جەژن نەکردووەو ناشزانم ئەو مووچەیەی دوو رۆژە وەرمگرتووە بیدەمەوە بەچ قەرزێکدا و بڕی ٢٠٠ هەزاری مارکێت و ١٥٠ هەزاری نەخۆشخانە قەرزارم. هەژار ئەو کەسەیە کە خزمەتگوزاری پەروەردەو فێرکردنی پێویستی لەبەردەستدا نییە، ئاوو ئاوەڕۆیەکی رێکوپێکی نییە، بێبەشە لەخزمەتگوزاری کارەبا، ئەو کەسەیە کەناتوانێت داهاتێکی شایستە بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات. بەپێی ئامارێکی بەشی یاسایی لەبەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كارو ‏‏‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی رێژەی ‏بێكاری ‏لەهەرێمی ‏كوردستان ١٦،٥٪ـە، ئەمە لەکاتێکدایە بەزانكۆ ئەهلی ‌و حكومییەكانەوە ساڵانە زیاتر ٤٨ هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان ‏بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەستدەهێنن، بەڵام كەمترینی ئەوانە بەهۆی بڕوانامەكانیانەوە ‏كاری دڵخوازی خۆیانیان دەستدەكەوێت. بەپێی رای پسپۆڕان و شارەزایان هۆکاری سەرەکی هەژاری و بەرزبوونەوەی رێژەکەی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە کەئەمڕۆ سێی نیسانە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە، ئەمە سەرەڕای فەوتانی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣. لەهەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٢٥١ هەزارو ٤٥١ موچەخۆر هەیەو تەنها ٧٥١ هەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن، واتە ٥٠٠ هەزار کەس مانگانە موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن.  لەکۆی ئەو ملیۆن و ٢٥١ هەزارو ٤٥١ مووچە خۆرە، تەنها ٧٥١ هەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن کە لەوەزارەتەکان و دەستەو دامەزراوە حکومییەکان بەشارستانی و سەربازییەوە رۆژانە دەوام دەکەن، ٩٨ هەزارو ٩٣٧ کەسیش مانگانە مووچەی شەهیدانەو ئەنفالکراوان وەردەگرن هەروەها ١٥٩ هەزارو ١٦٩ کەسیش مانگانە مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن، ٢٤٢ هەزار کەسیش بەناوی خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە وەردەگرن کە هەندێکیان بەمافی خۆیان و هەندێکیشیان بە نایاسایی خانەنشینکراون و مانگانەش ئەو ژمارەیە زیاد دەکات. هەروەها لەکۆی ئەو ملیۆن و ٢٥١ هەزار و ١٠٦ کەسەی کەمانگانە مووچە وەردەگرن، ٥٠٠ هەزارو ١٠٦ کەس مووچە خۆرن و مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێکیان هەبێت مووچە وەردەگرن بەجۆرێک یان خانەنشینکراون یان خاوەن پێداویستی تایبەت یاخود مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردرەگرن کەدەگاتە نزیکەی ٥٠٪ی کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێم.

شوان عەباس بەدری دوای زیاتر لەیەک مانگ بەسەر دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەناردنی موچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەم پرسە بەتەواوی چارەسەرنەکراوەو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دوو رای تەواو جیاوازیان هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە دەبێت مووچەی فەرمانبەران لەبانکە حکومییەکانەوە «تەوتین»بکرێت و هەرچی حکومەتی هەرێمیشە پێی وایە کەدەبێت مووچە لەڕێی هەژماری منەوەو لەڕێی (هەژماری من)ەوە دابەش بکرێت. دوابەدوای ئەم بڕیارو پێداگرییەی حکومەتی هەرێمیش فەرمانبەران بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش بوون و لەزۆربەی ناوچەکانی زۆنی سەوزو بەتایبەتیش لەشاری سلێمانی فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆران کەمپینێکی یەک هەفتەییان لەدژی «هەژماری من» راگەیاند و دەستیان کرد بەکۆکردنەوەی ئیمزا لەدژی ئەم «هەژمارە» و لەئێستاشدا کۆمەڵێک مامۆستاو فەرمانبەری زۆنی زەرد بەنیازن کەمپینی بەڵێ بۆ «هەژماری من» رابگەیەنن . هەر سەبارەت بەم بابەتە مامۆستا «دڵشاد موحەمەد» لەدەستەی داکۆکی مامۆستایان بەهاوڵاتی ووت:»ئێمە هەموو هەنگاوێکی مەدەنیمان پێ باشە بەڵام بەمەرجێک بەدوور بێت لەفشاری لایەنەکان، هەرچەندە بە بڕوای ئێمە ئەوان لەمونافسەی ئێمەدا هەستاون بەو کارەو دڵنیام خەڵک بەو کەمپینە رازی نابێت، یان ناتوانن رێژەیەکی بەرچاو واژوو کۆبکەنەوە گەر بێتوو بە راست و دروستی کەمپینەکەیان بەڕێوەبەرن». لەبارەی ئاخۆ لایەنێکی دیاریکراو هانی ئەو کەسانەی دابێت بۆ راگەیاندنی ئەو کەمپینی پشتگیرییە، ئەم مامۆستایە وتی:»بەتەئکید داوایان لێکراوە ، چونکە ئەو کەسانە هەمویان کادێری دیاری حزبێکن و کادێری حزبی هەستاون بەو کارە». ئەم مامۆستایە پێی وایە کەئەم دوو کەمپینە دەبێتە کلاسیکۆیەکی تووندو هەریەکەو هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ سەرخستنی داواکەی. «بیگومان هەر دەبێتە کلاسیکۆ بەڵام گرنگ ئەوەیە بە رۆحێکی وەرزشییەوە وەریبگرین» مامۆستا دڵشاد وا دەڵێت. سەبارەت بەبردنی کەمپینی «نەخێر بۆ هەژماری من « بۆ ناوچەکانی هەولێرو دهۆک مامۆستا دڵشاد بە «هاوڵاتی» وت:» ئەگەر بۆمان بکرێت و ئازاد بین زۆر ئاساییە بیبەین ، بەڵام ئایا ئازادی ئەوەمان هەیە؟». هەر لەبارەی کەمپینی «بەڵێ بۆ هەژماری من» لەلایەن خۆیەوە مامۆستا»ئاوات ئازاد» لەدەستەی داکۆکیکاری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند:» پارتی دیموکراتی کوردستان بەو هەموو پارەو ئیمکانییەتە زۆرەوە، بەمەبەستی پشتگیری کردنی هەژمارەکەی کۆمەڵێک مامۆستای راسپاردووە بۆ دروستکردنی کەمپینێک بەناوی «بەڵێ بۆ هەژماری من»، واتە حزبێکی 78 ساڵە بەهەموو ئیمکانییەت و توانایەکییەوە هاتووە کلاسیکۆیەکی ئەنجام داوە بۆ چەسپاندنی ئیرادەی خۆی لەڕێی «هەژماری منەوە» کەجۆرێکی ترە لەدزیکردن لەگیرفانی هاووڵاتییان». بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەکەمپینی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەهەولێر، « هاوڵاتی» پەیوەندی کرد بەمامۆستا «ئالان عەلی» لەکەمپینی بەڵێ بۆ «هەژماری من» و وتی» ئێمە لەدژی کەس ئەم کەمپینەمان رانەگەیاندووەو بەدژایەتیش وەریناگرین، ئێمە تەنها ئەو حاڵەتەی لەسلێمانی و ناوچەکانی تردا هەیە بەنەبوونی زانیاری راست و دروست سەبارەت بە «هەژماری من» دەزانین و لەبەرئەوەی ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستا گرفتی هەڵبژاردن و ماوەیەکی تر ئەکەوینە ناو بانگەشەو هەر کەسەو بەلایەنێک و هەرکەسە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا بەکاری دەهێنێت». سەبارەت بەسوودەکانی «هەژماری من» ئەم مامۆستایە وتی:» ئەم «هەژماری منە» بابەتێکە کەقازانجی هەموومانی تیایە، بۆ نموونە هەژماری من رێگری لەدوو مووچەیی دەکات، رێگری لەگەندەڵی دەکات، بڕی مووچەکەت لەناو کارتێکی بانکیدایەو پێویست ناکات هەموو پارەکەت لەگیرفاندا بێت و لەکاتی پێویست ئەو بڕە پارەیەی پێویستتە رایدەکێشیت». ئەم مامۆستایە رەتیدەکاتەوە کە لەلایەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هاندرابن بۆ راگەیاندنی ئەم کەمپینە . «ئێمە کۆمەڵێک مامۆستاین لەلایەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هان نەدراوین بۆ راگەیاندنی ئەم کەمپینەو ئێمە دەمانەوێ لەدەرگای هەموو حزب و لایەن و کەسایەتییەک بدەین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە ببێتە بابەتێکی نیشتمانی» مامۆستا ئالان وا دەڵێت. هەروەها ئەم مامۆستایە وتی:» ئێمە تەنها لەسەر بابەتی پشتگیری بۆ هەژماری من کارناکەین بەڵکو بەنیازین لەگەڵ حکومەتی هەرێمیش سەبارەت بەپلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هاوتاکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ عێراق و پرسی مامۆستایانی وانەبێژ دابنیشین، هەروەک چۆن بەنیازین بۆ راگەیاندنی کەمپینەکەمان لەگەڵ کاربەدەستانی هەولێر دابنیشین». سەبارەت بەدەسپێکی کەمپینەکەش ئەم مامۆستایە بە «هاوڵاتی» وت:» هێشتا گفتۆگۆی لەسەر دەکەین و لەداهاتوویەکی نزیکدا کەمپینەکە رادەگەیەنین». سەبارەت بەگواستنەوەی کەمپینەکەیان لەشاری هەولێرەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان ئەم مامۆستایە رایگەیاند:»بەڵێ بەنیازین ئەم کەمپینە لەڕێی نوێنەرەکانمان بەرینە شارەکانی دیکەی هەرێم و تا بەو جۆرە زۆرترین رێژەی خەڵک بەشداری تێدا بکات لەناوچەکانی هەولێرو سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک تا بەو جۆرە هۆشیارکردنەوەیەک بێت بۆیان، چونکە بەداخەوە ساتی راگەیاندنی «هەژماری من» لە ساتێکی خراپدا بوو و گەر لەکاتێکی تردا بوایە بەدڵنیاییەوە سەرجەم چین و تووێژەکان رازی دەبوون لەسەری، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی وەک بانگەشەو کۆکردنەوەی دەنگی هەڵبژاردن تۆزێ کێشەی بۆ دروست بووە». سەبارەت بەئەگەری رەتکردنەوەی «هەژماری من» لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بەغدادەوە وتی:»ئەم بابەتە وەک بابەتێکی سیاسی لێهاتووەو تائێستاش یەکلانەبووەتەوە کەئاخۆ حکومەتی بەغداد قبوڵی دەکات یان خود نا و ئێمە دەبێت بەتەواوی کار لەسەر ئەوە بکەین کەهەم خەڵک و هەم لایەنەکانی تر قەناعەتیان پێبێنین کەئەم هەژمارە لەقازانجی هەموومانە». مامۆستا «ئالان» پێی وایە کەئەم دوو کەمپینە دژ بەیەکە نابێتە کلاسیکۆیەک و بە «هاوڵاتی»وت:» لەزۆنی سەوزیشدا ئێمە خەڵکمان لەگەڵدایە، نامانەوێ بیخەینە ئەو قاڵبەوەو پێویستە چ رای رازی و چ رای دژ پێکەوە گفتۆگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن». لەبارەی ئاخۆ بۆچی پێشتر بیر لە راگەیاندنی ئەم کەمپینە نەکراوەتەوەو تەنها دوای راگەیاندنی کەمپینەکەی مامۆستاو فەرمانبەرانی سلێمانی، زۆنی زەرد بەنیازی راگەیاندنی کەمپینێکی بەم جۆرەیە ئەم مامۆستایە وتی:»ئێمە دەمێکە ئەم بڕیارەمان دابوو بەڵام لەبەرئەوەی بەنیازین زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە پەلەمان نەکرد تا بەو جۆرە کەمپینەکەمان سەرکەوتوو بێت».

هاوڵاتی دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بوو بە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سویسرای وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بانگکرد. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاند "پەیامێکی گرینگمان بۆ ئەمریکا وەک پشتیوانی رژێمی زایۆنیستی ناردووە". بە وتەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لەم بانگکردنەدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بووە، " لایەنەکانی هێرشێ تیرۆریستی و تاوانی رژیمی ئیسرائیل روون کراوەتەوە و جەخت کراوەتە لەوەی ئەمریکا بەرپرسە لەم هێرشانە و ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت". ئەمە لە حاڵێکدابە ماڵپەڕی "ئێکسیووس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە کە نەیویستووە ناوی ببرێت  نووسیویەتی ئەمریکا بە ئێرانی راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری ئەم هێرشانە نەبوون و دەستیان نەبووە لەم هێرشانەی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە سەر کۆنسوولگەری ئێران لە دیمەشق. ئێکسیووس لەم بارەوە نووسیویەتی:" ئەم پەیامە دەرخەری ئەوەیە کە جۆباید و دەوڵەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق ببێت بە هۆی پەرەسەندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە". هاوکات نووسینگەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشێ نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەم ئەنجومەنە درەنگانی شەو دەربارەی هێرشەکەی رۆژی دووشەممە کۆبۆتەوەو ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەچووەو بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دواتر ئەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. رۆژی دووشەممە ٢ی نیسان بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق نزیک بە باڵیۆزخانەی ئێران ٧ ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سوریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران. حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سوریا، بە تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی راگەیاند، جگە لەو حەوت ئەفسەرە باڵایەی سوپا، شەش کەسیتر کوژراون کە بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون. ناوەندی هەواڵی جەماران، محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی پێشتری هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندە چالاکەکانی هێزی قودسی سوپای پاسداران ناساندووە کە فەرماندەیی سوپای قودسی لە سوریا  و لوبنان بە ئەستۆ بووە. بەرپرسانی حکومەتی ئێران هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی ئەو حەوت فەرماندە باڵایەی سوپای بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو دەبەن و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە. بەرپرسانی ئێرانی چی دەڵین؟ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکی نووسراوەییدا محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس ناوبرد کە لەم هێرشەدا کوژراوەو هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و نووسی :" ئیسرائیل بە دەست رۆڵە نەترس و دلێرەکانی ئێمە سزا دەدرێت و ئەوان لەم تاوانەی خۆیان و تاوانە هاوشێوەکانیان پەشیمان دەبنەوە". خامنەیی لە پەیامەکەی خۆیدا شتێکی زیاتری دەربارەی جۆری سزادانەکە نەوتووە و تەنها ئەوە بووە کە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە. ئیبراهیم رەئیسی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق وەک "تیرۆری کوێر" ناوبرد و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی "ئەم تاوانانە بێ وەڵام نابێت". ئیسرائیل زۆربەی کاتەکان ئەم جۆرە هێرشانە ناگرێتە ئەستۆ و لە هەمانکاتدا ناشڵێت کە کاری ئەوان نەبوەو بە زۆری بێدەنگە هەڵدەبژێرین. رۆژی دووشەممە دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەربارەی ئەم هێرشانە رایگەیاند دەربارەی ئەو شتانەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت سەبارەت بەم هێرشە هیچ ناڵێت و سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا تەنها خۆی بۆ جەنگی غەزە تەرخان کردووەو هەوڵ ئەدات ئامانجەکانی خۆی لەم جەنگە بپێکێت و سەرکەوتوو بێت لەم جەنگەدا. بەمەشەوە ماڵپەڕی ئێکسیووس لە زاری بەرپرسێی باڵای ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بەرامبەر هەرچەشنە هێرشێکی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی کۆمااری ئیسلامییە وەک وەڵام دانەوە بەم هێرشەی کراوەتە سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق و دەزانین کە ئێرانییەکان دەیانهەوێت تۆڵە بکەنەوەو ئێمەش لە ئامادەباشیداین.   کۆبوونەوەی فەماندەکانی سوپا و هێزە فەلەستینییەکان کراوەتە ئامانج   دوا بە دوای هێرشەکەی رۆژی دووشەممە ١ی نیسان،رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیلی  و بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران کە چاودێری هێزەکانی سوپای قودس ئەکات ، نووسی:" هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەش کۆبوونەوەیەکی کردە ئامانج کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و میلیشیا فەلەستینییەکان گفتگووگۆیان ئەکرد دەربارەی جەنگی غەزە. نیویۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەیەک لە فەماندە پلەبااکانی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و ژمارەیەک لە میلیشیاکانی غەزە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەیوە پشتیوانی ئەکرێن، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ئامادە بوون لەو بینایەی کە کرایە ئامانج لە لایەن ئیسرائیلەوە. سوپای پاسدارانن تەنها ئاماژەی بە ناوی ٧ کەس داوە کە لە هێرشەکەی دیمەشقدا کوژراوەو ناوی کەسیتری نەبردووە کە لە ناو کوژراوەکاندا بێت. بەڵام باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق ئاماژەی بەوە داوە ٦ کەسیتر کوژراون، هەرچەند ئەو بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون. زیاد نخالە، سکرتێری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستین، حەوتووی رابردوو هاوکات لەگەڵ سەفەری ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی مەکتەب سیاسی حەماس بۆ تاران، بانگکرابوو بۆ تاران بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هاوئاهەنگ بوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جەنگی غەزە. چوار بەرپرسی ئیسرائیلی کە داوایان لە نیۆیۆرک تایمز کردووە ناویان نەبات، وتوویانە کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بینایە کاری ئیسرائیل بووە، بەڵام ئەوەیان رەت کردۆتەوە کە ئەو بینایە شوێنێکی دیپلۆماسی بێت. ئەم بەرپرسانە وتوویانە ئەو بینایە بە دەستی سپای پاسدارانەوە بووەو چالاکییەکانی سوپای پاسداران لەوێوە پلانی بۆ داڕێژراوە، بۆیە ئامانجێکی سەربازی رەوا بووە. لە ئەمریکا ، کارن ژان پییەر، وتەبێژی کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاندووە، جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی راپۆرتەکانە دەربارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کۆنسولگەری ئیسرائیل لە دیمەشق . بە پێی راپۆرتی میدیاکانی سوریا، مووشەکەکان لە ئیسرائیلەوەو لە بەرزاییەکانی "گوڵان"ەوە هاوێژراون و قەڵغانی مووشەکی سوریا ژمارەیەک لە مووشەکەکانی خستۆتە خوارەوە، بەڵام ئەو مووشەکانەی کە ئامانجەکەیان پێکاوە بووە بە هۆی وێرانبوونی بیناکە و کوژران و برینداربوونی هەموو ئەو کەسانەی لەو بینایەدا بوون. ‌ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سوریا، چەندین جار بنکە و شوێنی هێزەکانی نزیک بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بینایەکی سەر بە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج ئەمەش ئەکرێت دەرخەری ئەوە بێت کە ئیسرائیل دەیهەوێت پەرە بە هێرشەکانی بدات دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا.

هاوڵاتی، شوان عەباس بەدری  ئەمرۆ یەکشەممە 31/3/2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بە بەشداری 34 پارتی سیاسی بەرێوە دەچێت و چاوەروان دەکرێت بە ملیۆنەها کورد و تورکی ئەو وڵاتە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە کە بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت گشت لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بتوانن لە شارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی بەرچاو بە دەست بهێنن کە لەم بەینەشدا پارتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بەدەر نییە لەو خواستی سەرکەوتنە، بە تایبەتیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، پارتەکەی "ئەردۆغان" هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی شاری ئەستەنبول خستبووە گەڕ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژردنەکان تووشی شکستێکی گەورە بوو لەو شارەدا. بە بروای چاودێران گەر بێتوو پارتی داد و گەشەپێدان بە رابەرایەتی "ئەردۆغان" لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا رەنگە سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لە رێی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە خولێکی دیکەی حوکمداری ئەو وڵاتە بە دەست بهێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە گشت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆ هەڵچنیوە و دوای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی تورکیا لە بەرامبەر ئەردۆغان و هەڵوەشانەوەی هەوپەیمانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رابەرایەتی "پارتی کۆماری گەل"، وەک ماچی دووبارە ژیانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لێی دەروانن تا دووبارە بە سەرکەوتنیان لە شارەگەورە و یەکلاکەرەوەکانی تورکیا لەم دابەشبوون و پەرتبوونە بێنە دەرەوە و هاوپەیمانییەکی بەهێز لە بەرامبەر "ئەردۆغان" و پارتەکەی پێک بهێنن. دەنگی کورد هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا پارتی "یەکسانی و دیموکراسی گەلان" توانی لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و بەسەر پارتەکەی ئەردۆغاندا سەربکەوێت ، بەڵام دوابەدوای هەڵبژاردنەکان بە ماوەیەک حکومەتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" بە پشت بەستن بە یاسای "قەیوم " ی تایبەت بە دەستگیرکردن یان دوورخستەنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان و بە تۆمەتی پەیوەندی یان خود نزیکییان لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوانەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و بە کەسانی نزیک لە خۆی و جێی متمانەی دەوڵەت پۆستەکانیانی پڕ کردەوە کە ئەم هەنگاوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تووندی ئیدانە کراو وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ''دوورخستنەوە و دەستگیرکردنی سیاسیه‌کان، دەنگدەران بێبەش دەکات لەهەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و ستەم و زیان گەیاندنیشە بەپرۆسەی دیموکراسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا". لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا لە 15ی ئاداردا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری "هەکاری" سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا داوای لە خەڵک کرد کە دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە بە دەرچوون و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، شارەوانییەکان دەکەن بە مۆڵگەی تیرۆریستان کە مەبەست لێی  "پارتی کرێکارانی کوردستان" بوو و ئەم قسەیەی ئەردۆغانیش نارەزایەتییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو شارەی لێکەوتەوە. کورد لە شاری ئەستەنبول رێژەی لە%10ی دەنگەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت و لەم کێبڕکێیەدا دەنگی کورد لەو شارە بە یەکلا کەرەوە سەیر دەکرێت. هەرچەندە لە ساڵی 2019دا پاری " یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە پشتگیری "ئیمام ئۆغلۆ" یان کرد و یارمەتیدەرێکی باش بوون بۆ سەرکەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی ئەمجارە پارتەکە کاندیدی تایبەتی خۆی خستۆتە روو و بەبروای چاودێرانی ئەو وڵاتەش  پارتی "یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" بە ئەنقەست کۆمەڵە کەسێکی نەناسراوی کاندید کردووە کە ئەمەش وەک پشتگیرییەکی ناراستەوخۆی ئەو پارتە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبول لێکدەدرێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٪50.59 ژنان و لە ٪49.41 پیاوان ئەو رێژەیە پێک دەهێنن و هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن .