شوان عباس بەدری دوای زیاتر لەپێنج مانگ لەبایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند بەڵێنی چارەسەرکردنی داوکاریەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دراوەو خۆپیشاندان هەڵدەپەسێرن بەڵام بەشێکی تریان دەڵێن بەردەوام دەبن بەشێوازی جۆراوجۆر. شەوی دووشەممە 19/2/2024  بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی هەڵەبجە لەدوای کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لەمامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانیان سەرپشک کرد لەگەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوامیدان بەبایکۆت، بەڵام مامۆستایانی هەندێک لەقەزاکانی تر دەڵێن ئەوان سوورن لەسەر بایکۆت تابەڵێنەکان جێبەجێدەکرێن. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیە کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ  دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ داوایەکیان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەندێک لەوانەی بایکۆتیان شکاندووە دەڵێن بەڵێنی زارەکییان لە  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەڵێنانە هەمان ئەو بەڵێنانەن کەمانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بەنووسراوێک بڵاویکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی کارگێڕی و یاسایی تێدابێت، ئەوەش لەکاتی خۆیدا قەناعەتی بەمامۆستایان نەکرد بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن. لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە و دەڵێن لەئێستادا چالاکیەکانیان هەڵپەساردووە، بەڵام ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن ئەوان هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەیان نەداوە. هادی حەمەڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشێک لەمامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە». وتیشی «ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکرێن» .  مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند «ئەو بابەتەی کەوەزیر بڵاویکردبووەوە لەدەسەڵاتی وەزیردا نەبوو و زۆر لاستیکی بوو و مەجالی خۆدزینەوەی لەبەرپرسیارێتی زۆر تیا بوو، بەڵام ئەم بریارەی ئەمڕۆ ئەو بابەتانە هەڵناگرێت و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی چەسپاندووە لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژان و جگە لەوەش بەڵێنی داوە دوای جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵەی باسمکرد قۆناغ بەقۆناغ و بەپێی پرەنسیبی خۆیان و بەپێی پلەبەندی خۆیان جێبەجێی سەرجەم داواکان بکەن، کەبریتین لەبابەتی مووچەو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران». سەبارەت بەوادەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارو پەیمانانەش مامۆستا دانا وتی «لەو کۆنووسەی کە لەبەردەستماندایە، کۆنووسەکە ئیشارەتی کردووە بەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چاککردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق، ئەوان یەکسەر دەستدەکەن بەجێبەجێکردنی و لەئێستادا کردوویانە بەبڕیار». وتیشی «بە دڵنییایەوە ئەگەر بێتو ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێت ئێمە لەشەقام دەبین و بۆ بایکۆت و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی تر دەستمان کراوەیە لەبەرامبەریان». هاوکات ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە، ناڕەزایەتی بەشێک لەمامۆستایانی وانەبێژی دەڤەری راپەڕینی لێکەوتەوەو رایانگەیاند کە لەبەرئەوەی بەشدارنەبوون لەکۆبوونەوەکەی مامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بەردەوام دەبن لەبایکۆت. «ئێمە نە لەکۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لەبایکۆت» کارۆخ عبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەدەڤەری راپەڕین وای بەکەناڵەکانی راگەیاندن وت. کارۆخ عەبدوڵڵا راشیگەیاند، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و مامۆستای وانەبێژانیان تێدا نییە. وتیشی «مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە». لەلایەن خۆیەوە ئاسۆ کۆساری، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی لەئیدارەی راپەڕین لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی کەباس لەهەڵپەساردنی بایکۆت دەکات راست نییەو چاوەڕێی بڕیارەکانی داگای فیدراڵی عیراق دەکەین و دوای دەرچوونی بڕیارەکان، بڕیار لەبارەی بایکۆتەوە دەدەین. «بڕیاری شکاندنی بایکۆت دوورە لەخواستی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرتاسەری ، بەتایبەتیش ئێمەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڤەری راپەرین، ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان داوە کەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، ئێمە خۆمان رای خۆمان دواجار لەسەر بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕین» مامۆستا ئاسۆ کۆساری وادەڵێت. لەلایەن خۆیانەوە دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەریش شکاندنی بایکۆتیان بەتوندی رەتکردەوەو بڕیاری شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانیان لەلایەن بەشێک لەبەڕێوبەرەکان بەبڕیارێکی بەپەلەپروزاوی و بێدەسکەوت و ئەنجام وەسفکردو رایانگەیاند، تەنها مامۆستایان خاوەنی راستەقینەی بایکۆتن و رۆژی چوارشەممە 21/2/2024 بە کردار وەڵامی ئەو بڕیارە دەدەنەوە. هەروەها هەریەک لەکفری و کۆیە هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەمبارەیەوە یەکلایی نەکردووەتەوە. وا بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو 18/2/2024 مامۆستایانی ناڕازی شارەزوورو هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن بێنە دەباشان و شانبەشانی ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی دیکەی دانیشتووی سلێمانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکانیان لەدەباشان خۆپیشاندانێک ئەنجامبدەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەو بڕیارە ، لەڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە و شارەزوورو سەیدسادق رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەباشان نین، گردبوونەوەکەیان دواخستووە بۆ رۆژێکی دیکەو لەخۆپیشاندانەکانیان لەشارو شارۆچکەکانی خۆیان بەردەوام دەبن . هەر لەمبارەیەوە مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو کە «ئێمە نابێت بەیەک شێواز خۆپیشاندان ئەنجامبدەین و هەموو رۆژێک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم دادگا بێت ئەمە گەرموگوڕی ناهێڵێت، بەڵکو دەبێت ئاڕاستەکان بگۆڕین». ئەم مامۆستایە ئەوەشی روونکردبووەوە  کەهەنگاوی نوێیان هەیە بەجۆرێک گردبوونەوەکان بگوازنەوە بۆ ناو هەولێر لەگەڵ رۆیشتنیان بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێم و بەربەستکردنی رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەو داخستنی رێگەی هاتوچۆو رێگریی لەتانکەرەکانی نەوت. دانا عەبدول ئەوەشی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو «دەمانەوێت خۆپیشاندانەکان بەرینە هەولێر لەڕێی دێگەڵەوە، ئەگەربێت و رێگەشمان لێبگیرێت ئەوا ئێمەش رێگەی دێگەڵە دەگرین بۆ ئەوەی هەرچی تەنکەری سەربەخۆیانە رێیان لێبگیرێت». هەروەها وتی «هەنگاوێکی دیکەشمان چوونمانە بۆ دەروازە سنوورییەکانی وەک (باشماخ و سەیرانبەن و کێلێ و پەروێزخان)و بەربەستکردنی رێگاکانە». ئەوەشی خستەڕوو  کەهەنگاوێکی دیکەیان بریتیە لەمانگرتن لەخواردن، ئەگەر حکومەت وەڵامیان نەداتەوە. «ئەگەر نەگەینە ئەنجام تائێستا ٥٠ کەسێک ئامادەن، مان لەخواردن بگرن لەبەردەم (یو ئێن)دا، هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت و ئامانجمانە ئەم کەیسە بکەینە کەیسێکی نێودەوڵەتی»، مامۆستا دانا وادەڵێت. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیەو دەڵێن بایکۆت ناشکێت هەتاوەکو ئەو داوایانە جیبەجێ نەکرێت کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ  دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. مامۆستا دانا گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتییەکان بە «بێهیوایی»  نەزانیبوو و بەڵکو پێی وابوو هەنگاوەکەیان گۆڕینی شێوازی فشارەکانە بەڕێگەی جۆراوجۆر. وتیشی «لەڕاستیدا  ئێمە نابێت بەردەوام  بەیەک ریتم خۆپیشاندان بکەین، هەموو هەفتەیەک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم مەحکەمە بڕۆین، ئەم شێوازە ریتمە تەقلیدییە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوەو گەرموگوڕی نایەڵێت ، بەڕاستی دەبێت ئاراستەکان بگۆڕین «. لەبارەی سەردانکردنی مامۆستایان بۆ بەغداو ئەنجامەکەی ئەو مامۆستایە وتی «ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و لیژنەکانی یاسایی و دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق کردووەو هەموویان لەسەر هێڵن و بەڵێنیان پێداوین لەهەمواری بودجەدا بابەتەکان لەبەرژەوەندیی مامۆستایان بێت». لەبارەی سزادانی مامۆستایانەوە ئەو مامۆستا ناڕازییە وتی «لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەنها سزادانی مامۆستایان هەیەو ئەم بڕیارەش بەشێوەیەکی بێسەروبەرانە دراوە، چونکە لەسنووری هەڵەبجە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا لەبایکۆتدایە، بۆچی تەنها ژمارەیەک مامۆستا دیاریکراوە و سزادەدرێن، تەنانەت مامۆستا سزادراوە کە لەمۆڵەتی دایکایەتی و خوێندندایە». هەر سەبارەت بەپرسی گردبوونەوەی مامۆستایان لەدەباشان مامۆستا عادل حەسەن کەمامۆستایەکی ناڕازییە لەلێدوانێکی پێشوویدا بەهاوڵاتی راگەیاندبوو، «بڕیاڕەکە لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوین و هەڵەبجە دراوەو ئێمە تەنها پشتیوانیمان کردوون». وتیشی «دۆخێکی نائومێدی زۆر درووست بووە لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لەدەڤەری سلێمانی چونکە بەهۆی ئەو فشارانەی کەپەروەردەکان کردوویانەتە سەر مامۆستا، لەسلێمانیدا مامۆستایان بەویستی خۆیان بایکۆتیان نەشکاندووە، بەڵکو بایکۆتیان پێشکێنراوەو ئەم دوو شتەش زۆر جیاوازن لەیەکتری». هەرچەندە لەمانگی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێی بەیاننامەیەکەوە داوای شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی مامۆستایانی کرد بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان وەڵامێکی تووندی بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتمانییان دایەوەو رایانگەیاند هەتا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لەبایکۆت، بەڵام لەئێستادا ئەو بڕیارەیان هەڵپەساردووەو چاوەڕێی چاککردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و جێبەجێکردنی ئەو پەیمانانەی حکومەت دەکەن کەپێیان دراوە.  

هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ١٨/٢/٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای لە سێدارەدانی لە دوو کەیسی جیاوازدا  بە سەر دوو تاوانباری بکوژدا سەپاند ، کە یەکێکیان پەیوەندی بە شەهید کردنی نەقیب موحەمەد لەتیف لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ژنان و ئەوی دیکەش سەبارەت بە کووشتنی شنیار هونەرە کە لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە گەرەکی کوردساتی شاری سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێنرا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوابەدوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا و  بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بریارەکە لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بەرزکرایەوە بۆ سزای لە سیدارەدان. دوابەدوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدانەکەی بکوژی شنیار هونەر، ئاودێر عومه‌ر، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، لە بەردەم دادگای سلێمانیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ تاوانبارێک ژنەکەی بە ناوی (شنیار هونەر) سوتاند، پاش ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوە ڕێکارەکانی جێبەجێکرد، هەردوو تۆمەتبار هاوسەرەکەی و ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پیاوەکە و هاندانی بۆ کوشتنی شنیار دەستگیر کران. دواتر دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە ٤/٦/٢٠٢٣ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر (هونەر ڕەشید) هاوسەری (شنیار هونەر) سەپاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ئازادکردنی ژنە بە ڕەگەز عەرەبەکەی دا. هەروەها ناوبراو وتیشی، هەردوو لایەن بە بڕیارەکە ڕازینەبوون و تانەیان لێدا، دۆسییەکە ڕۆشت بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، ئەویش ئازادکردنی ژنەکەی پەسەندکرد، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانی هەتاهەتایی هاوسەرەکەی شنیار و ڕایگەیاند، کە ئەم تاوانە شایانی سەپاندنی سزایەکی زیاترە و زیندانی هەتاهەتایی تۆمەتباری کرد بە سێدارەدان. شەوی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی شنیار هونەری تەمەن ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێداكرا و ئاگری تێبەردرا، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، دوای رووداوەکە هاوسەری شنیار و ژنێکی عەرەب دەستگیرکران، بەڵام دوای دادگاییکردن هەردوو تۆمەتبار بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک ژنە عەرەبەکە ئازادکرا. هەروەها هەر ئەمرۆ دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی بە ژنان لە سلێمانی دەرکرد. هەروەها دادگای سلێمانی هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا زیندانی هەتاهەتایشی بۆ ئەو دوو کەسەی لەگەڵ بکوژەکەدا بوون و یارمەتی بکوژەکەیان دابوو دەرکرد. شەوی شەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی داواکراوێک رووبەڕووی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هەر ئەوکاتیش بکوژانى هەڵاتن، دواتر لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتباران دەستگیربکرێن. لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب محەمەد لەتیف بەڕێوەچوو، دوای چەند جارێک دانیشتنی دادگا و دواخستنی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکەوە دا و سزای لە سێدارەدانی بە سەر بکوژی نەقیب محەمەد دا سەپاند.

سازگار ئەحمەد کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق لەئێستادا هەواڵی گەرمی میدیاکانەو بۆچوونەکان جیاوازن لەبارەی ئەم پرسەوە، چاودێرێکی سیاسی پێی وایە لەئێستادا کشانەوەی ئەمەریکا لەژێر فشاردا ئەستەمە، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "ئەمەریکا بەئاسانی نەهاتووەتە عێراق تا بەئاسانی جێبهێڵت"، روونیشیدەکاتەوە، لەئێستادا بۆ کورد گرنگە کەوشیارانە بیر لەوەبکاتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بکات لەعێراق. لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا  سەرهەد شێخە، چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی راگەیاند "ماوەیەکە باس لەدەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکرێت لەعێراق کەئەم بابەتەش مێژوویەکی هەیە کەدەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەدوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێ عێراقییەکەی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاردانەوەی ئەم کردەیەو بۆ هێورکردنەوەی شەقامی شیعە بەبێ بەشداری لایەنەکانی کوردو سوننە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکای دا لەوڵاتەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لەدوای روودانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گروپ و میلیشیاکانی نزیک لەئێران زیاتر کار بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن بەبیانووی ئەوەی وڵاتی ئەمەریکا پاڵپشتی وڵاتی ئیسرائیل دەکات لەهێرش و پەلاماردانەکانی سەر کەرتی غەززە". ئەو چاودێرە نەیشاردەوەو وتی "ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا دەربکرێن ئەوا کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق دەبێت بەتایبەتی لایەنی ئەمنی کەئەویش لەچەند لایەنێکەوە کاریگەری دەبێت، یەکێک لەوانە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعشە لەناوچەکە، لایەنی دووەم ئەوەیە کێشەی زیاتر لەنێوان پێکهاتەکانی سوننەو شیعەو کورد دروست دەبێت، چونکە کوردو سوننە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان ناوێت، تەنها لایەنی شیعە بەتایبەت گروپ و میلیشیاکانی نزیک لەئێران کەسوورن لەسەر ئەو بڕیارە، هەروەها لایەنی سێیەم ئەوەیە لەشکرکێشی و پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن زلهێزە هەرێمییەکانەوە زیاتر دەبێت". "هۆکاری سەرەکی ئەوەی کەدەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق ئەم کاریگەرییە نەرێنییانەی دەبێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەتی ئێستای عێراق لەتوانایدا نییە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئیدارەیەکی باشی وڵاتەکە بدات" سەرهەد شێخە وای وت. لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت هێزەکانی ئەمەریکا دەربکات، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا "لەڕوانگەی یاساییەوە بەڵێ حکومەتی عێراق دەتوانێت هێزەکانی ئەمەریکا لەوڵاتەکەی دەربکات، بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە هاتنی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا بووە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، بەڵام لەئێستادا بەهۆی شەڕی حەماس - ئیسرائیل کشانەوەی ئەمەریکا ئەگەر ئەستەم نەبێت نزیکە لەئەستەم، مەگەر هەردوولا بەگفتوگۆو دانوستان و لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات ئەو بڕیارە بدەن ئەویش بەپڕۆسەو قۆناغ بەقۆناغ دەبێت نەک هاوشێوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەوڵاتی ئەفغانستان دووبارەبوونەوەی ئەمەی لەئەفغانستان روویدا مەحاڵە لەئێستاداو لەم بارودۆخە ناهەموارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە رووبدات". ئەم چاودێرە سیاسییە ئەوەشی روونکردەوە "ئەگەر ئەمەریکا ناچار بەکشانەوە بکرێت وەک گریمانەیەک لەعێراق، ئەوا کاردانەوەی دەبێت، یەکێک لەو کاردانەوانەش ئەوەیە ئەمەریکا ئەو دۆلارەی ئێستا دەینێرێت بۆ عێراق ئەوکاتە لێی دەگرێتەوەو دۆلار نانێرێت، بەمەش عێراق تووشی گەورەترین کێشەی ئابووری دەبێتەوە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان لەهەموو سێکتەرەکان دەبێت". هەروەها جەختی لەوەشکردەوە "ئەمەریکا هەرگیز ئامادەنییە عێراق لەسەر سینییەکی زێڕ بداتە دەست وڵاتە نەیارەکانی بەتایبەت رووسیاو چین". سەرهەد شێخە پێشی وایە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. کەئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی پاڵپشتێکی سەرەکی دروستبوونی ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان بوون. هەروەها باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەهاوڵاتی وت "بابەتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق ئاسان نییە بەبێ دیراسەکردن و تووێژینەوە نابێت بڕیارێکی لەو جۆرە بدرێت". لەبارەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرسی کۆتایهێنان بەئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچەیە ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "جوڵاندنی ئەو بابەتە لەپەرلەمان دوو رەهەندی هەیە، یەکەمیان بۆ راکێشانی سۆزی ئەو کەسانەیە کە خۆیان بەدژی ئەمەریکا دەزانن، رەهەندی دووەمیش، بۆ نانەوەی زیاتری پشێوییە لەعێراق". "ئەمەریکا بەئاسانی نەهاتووەتە عێراق و بەئاسانیش دەرناچێت، دەبێت بیریش لەوەبکرێتەوە ئەم هێزانەی ئەمەریکا نەمێنن ئایندەی عێراق بەرەو کوێ دەچێت"، باڵانبۆ محەمەد وا دەڵێت. راشیگەیاند "ئەمەریکا چەندین ساڵە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، تائێستا هیچ وڵاتێک وەکو عێراق نەهاتووە راستەوخۆ لەڕاگەیاندنەکان باسی ئەوە بکات کەپەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دانیشتن ئەنجامدەدات، کەواتە ئەگەر عێراق گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت ئەوا پێویستی بەو راگەیاندنە نەدەکرد دەتوانرا لەڕێگەی حکومەتەوە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ بکەن و ئەو بابەتە چارەسەربکەن". ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا عێراق بووەتە مەیدانی ململانێکانی نێوان ئەمەریکاو ئێران هەردوولا خاکی عێراق بەکاردەهێنن بۆ درێژەدان بەو ململانێیەی کەهەیە لەنێوانیاندا". ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نەک تەنها ئاڵۆزی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئاڵۆزی بۆ هەموو عێراق دروستدەکات. ئەوەشی روونکردەوە "لەئێستادا بۆ کورد گرنگە کەوشیارانە بیر لەوەبکاتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بکات لەعێراق، چونکە پێویستە ئەوە بزانین کە ئەگەر ئەمەریکا نەمێنێت حکومەتی ناوەند مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە پێدەچێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان باشبێت نەک خراپ". یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکان خشتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان لەعێراقدا دادەڕێژن هەنگاو بەهەنگاو تا ئەوکاتەی بەتەواوی ئەرکەکانیان لەخاکی عێراقدا بەزووترین کات کۆتایی پێدێت. ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان ئۆتۆمبیلێكی لەگەڕەکی مەشتەلی‌ به‌غدا كرده‌ ئامانج كه‌ چوار كه‌سی تێدابوو، له‌و هێرشەدا دوو سه‌ركرده‌ی كه‌تائیبی حزبوڵای عێراق به‌ناوه‌كانی (ئه‌بوباقر ساعدی و ئه‌ركان عه‌لیاوی) و دوو پاسەوانیان کوژران، دواتر فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا رایگه‌یاند "ئەو هێرشە لەتۆڵەی كوشتنی سێ سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ لەئوردن". دوابەدوای ئەم هێرشە زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی لایەنە شیعەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کۆکردەوەو لەنووسراوێکدا داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنەکەیان کرد لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان و ئەو دەستدرێژەی دەکرێتەسەر عێراق، لەسەر داوای ئەم ئەندامانە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاریکرد بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە. رۆژی ١٠ی ئەم مانگە دانیشتنه‌کە به‌سه‌رۆكایه‌تیی موحسن مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌چووه‌و تیایدا داوای له‌حكومه‌ت كرد، بڕیاری ژماره ١٨ی ساڵی ٢٠٢٠ جێبه‌جێ بكات كه‌تایبه‌ته‌ به‌ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌عێراق و كۆتاییهێنان به‌ئه‌ركه‌كانیان. هەروەها محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند "پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا دووبارە رێک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوان ئامانج یان پاساوێک نەبن بۆ هیچ لایەنێک، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری ناسەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئەو هێزانە لەعێراق بچنە دەرەوە". به‌رده‌وامی داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌كاتێكدایه، پێشتر ئەمەریکا نامەیەکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی عێراق کردبوو کە رۆژنامەی «شەرقولئەوسەت» ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردبووەوە، تیادا پەیامێکی تووندی دابووە بەغداو رایگەیاندبوو «لەدوای کشانەوەی هێزەکانمان، بە لوبنانیبوونی عێراق دەبینێرێت‌«، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار، «دابەزینێکی گەورە» تۆمار دەکات، هاوشێوەی دراوەکەی حکومەتی بەیروت کەئێستا لەناو گێژاوێکی قووڵی قەیرانێکی داراییە. هەروەها لەنامەکەدا، هۆشدارییەکی دیکەی ئەمەریکا بۆ بەغدا ئەوەبوو، کەپێداچوونەوە بە مامەڵە بازرگانییەکان و رێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان دەکات، هاوکات ئەمەریکا ناتوانێت چی دیکە چاوپۆشی لەو جوڵە بازرگانییانەی نێوان عێراق و ئێران بکات کە بەدۆلار ئەنجامدەدرێت، بۆیە داوای کردووە جارێکی دیکە بیر لەداوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێرقدا بکەنەوە. لەساڵی ٢٠١١ ئەوکاتەی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمەریکا بوو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەعێراق دەرکرد، بە کشانەوەی ئەمەریکا بۆشاییەکی ئەمنی فراوان لەعێراق دروستبوو، حکومەتی ئەوکاتە نەیتوانی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و چاودێرانیش پێیان وایە دروستبوونی داعش لەساڵی ٢٠١٤ ئەنجامی کشانەوەی ئەمەریکا بوو لەعێراق، دواتر لەکاتی شەڕی داعش دووبارە ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ عێراق بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هەروەها لەئێستادا دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازی لەخاکی عێراقدا هەیە وەک بەشێک لەهێزەکانی هاوپەیمانان بۆ راوێژکردن و یارمەتیدانی هێزە ناوخۆییەکان بۆ رێگەگرتن لەگەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق. تائێستا بەفەرمی هیچ بڕیارێک نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت "هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق"، هەروەها شارەزایانی سیاسی و سەربازیش پێیان وایە ئەمەریکا بەئاسانی دەستبەرداری عێراق نابێت و ناکشێتەوە.

هاوڵاتی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) رۆژی ١-٣-٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت . هاوکات هەر لەم رۆژەدا هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنی ١ی مارسی ٢٠٢٤ لەچەند مانگ لەوە پێشەوە نیگەرانی ئەوەی لای بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دروستکردووە کەبەشداری کەم بێت. بۆیە هەوڵدەدەن لەهەموو میکانیزمێک کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەگەر دەنگی پووچەڵیش بدەن، بەڵام هەر دەنگبدەن. حکومەت بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بەپەسەندکردنی دەسەڵات ناو دەبات. لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو و بەوتەی بەرپرسانی حکوومەتی و ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین رادەی بەشداری هەبوو و رادەی بەشداری بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک ٤٢ لەسەد بوو. لەحاڵێکدا باس لەوە دەکرا تەزویر کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگەکان زیاتر بکرێت و بەپێی بەراوردی ژمارەیەک لەڕێکخراوە چاودێرەکان ئاستی بەشداریکردن کەمتر لە ٣٠ لەسەد بووە. لەئێستادا ئەوەی نیگەرانی لای دەسەڵات دروستکردووە ئەوەیە لەناوخۆی وڵات دەنگێکی گەورە بەرزبوەتەوە کەئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. ئەمە وایکردووە هەوڵبدەن پەنا بۆ هەموو رێگاکان بەرن بەوەی بتوانن دەنگی خەڵک رابکێشن و خەڵک ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، پێش هەڵبژاردنەکانی خولی پێشترو ئەو دەمەش کەنیگەران بوون لەوەی کە بەشداری کەم بێت، وتی:» تەنانەت رەنگە کەسانێک هەبن گلەییان لەسیستەم هەبێت و رەخنەییان ببێت، بەڵام ئەو کاتەی دێن و بەشداری هەلبژاردن ئەکەن، ماناکەی ئەوەیە ئەم چوارچێوەیان قبووڵە و متمانەیان پێی هەیەو بە سیستەمێکی شیاوی دەزانن بەوەی لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا کاربکەن و بچنە پێشەوە». لەئێستاشدا دەسەڵات بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خەڵک هانبدات بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن وەک پەسەندکردنی خۆی ناودەبات. لەبەرامبەردا خەڵک بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن وەک رێفراندۆم ناودەبەن.   ژمارەی نوێنەرانی مەجلیس و رەوتی خۆکاندیدکردن هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران هەر ٤ ساڵ جارێکەو ژمارەی کورسییەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ٢٩٠ کورسییە. ١٤٦ کورسی پێویستە بۆ ئەوەی رەوتێک ببێت بە زۆرینە. ناونووسین بۆ پاڵێوراوبوون لەهەڵبژاردنی دوانزەهەمین خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٥ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا ٢٤ هەزارو ٨٢٩ کەس ناویان نووسی کە ١٢ لەسەدیان ژن بوون. بەگشتی ١٢،٠٣٣ کەس لەلایەن شورای چاودێرییەوە مۆڵەتیان پێدرا ببن بەپاڵێوراو و بەشداری هەڵبژاردن بن، واتە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بەشداربوان لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە.   ئەوانەی بەشیاو نەزانراون بۆ پاڵێوراوبوون بەگشتی زیاتر لە ٥٠ لە سەدی ئەو کەسانەی ناویان نووسیبوو، لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان بۆ ئەوەی بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو خەڵک دەنگیان پێبدەین یان نەیدەن، رەتکراونەتەوە. ئەوانەی رەتکراونەتەوە رەخنەگرانی دەوڵەتن. ژمارەیەک لەکەسایەتییەکانی سەر بەڕەوتی «میانەڕەو»و هەروەها ژمارەیەک لەوانەی بە « ریفۆرمخواز» دەناسران و خۆیان پاڵاوتبوو رەتکراونەتەوە. ئەمەش بۆ یەکدەستکردنەوەی تەواوی مەجلیسە، واتە تەنها پاڵێوراوانی سەر بەڕەوتێکی دیاریکراو کە رەوتی بناژۆخوازەکانن دەتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو رەنگە لەداهاتووشدا ببنە نوێنەر.   بایکۆتی هەڵبژاردن یەکێک لەنیگەرانییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئەوەیە کە بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردندا کەم بێت. بەپێی بەراوردەکان پێدەچێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکان لەسەرجەم خولەکانی هەڵبژاردن لەئێران کەمتر بێت. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی حکوومەتی دروستکردووە. تا ئەو ئاستەی هەوڵ دەدەن کەڵک لەهەموو مێکانیزمێک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەر لەترساندن و هەڕەشەکردن لەوەی (یارانە)، واتە ئەو بڕە پارە کەمەی کەحکوومەت ئەیدا بەخەڵک ئەبڕن تاهەڕەشەکردن لەفەرمانبەرەکان و.. . لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت کەڵک لەهەستی ئایینی خەڵک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان. ماوەیەک لەوەوپێش گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشنوێژی شاری مەشهەد بڵاوکرایەوە کەدەیگوت:» ئیمام مەهدی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان چاوەڕوانتانە». بەپێی راپرسییەک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٤/٣ی خەڵک ئامادەنین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و نزیک بە ٧٥ لەسەد ئەو کەسانەی لەڕاپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین. ئەنجامی راپرسی « خەڵکی ئێران چۆن لەهەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢ (٢٠٢٤) ئەڕوانن) کە لەلایەن ناوەندی شیکاری و راپرسی ئێرانییەکان (گمان)ەوە ئەنجام دراوەو ناوەندەکە بنکەکەی لەهۆڵەندایە، ئەوە دەرکەوتووە ٧٧ لەسەدی بەشداربوان لەو راپرسییە رایانگەیاندووە ئامادە نین دەنگ بدەن. هەروەها نزیک بە ٨ لەسەدی بەشداربوانی ئەو راپرسییە رایانگەیاندووە کەهێشتا بڕیاریان نەداوەو نزیک بە ١٥ لەسەد وتوویانە دەنگ دەدەن. بەپێی راپۆرتێک کە تەلەفیزیۆنی (ایران اینترناشناڵ) دەربارەی ئەم راپۆرتەی دامەزراوەی (گمان) بڵاوی کردۆتەوە، ئەم راپرسییە لەرێکەوتی ٣١ کانوونی دووهەم تا ٧ی شوبات بەماوەی ٨ رۆژ ئەنجام دراوەو زیاتر لە ٥٨ هەزار کەس لەناوخۆی ئێران بەشدارییان لەم راپرسییەدا کردووە. ئەم دامەزراوەیە جەختی کردۆتەوە، ئەنجامی راپرسییەکە کەسانی خوێندەوار دەگرێتەوە کەتەمەنیان سەرووی ١٩ ساڵەو نیشتەجێی ئێرانن و راپرسییەکە ٩٥ لەسەد جێی متمانەیە. بەپێی ئەم راپرسییە، لەمانگەکانی رابردوودا زۆربەی ئەو کەسانەی هێشتا بڕیاریان نەدابوو لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەهەڵبژاردندا، بەو ئەنجامە گەیشتوون بەشداری نەکەن لەم هەڵبژاردنەدا. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئەم راپرسییە، ٣٨ لەسەدی خەڵکی ئێران ئاگادار نین کەی هەڵبژاردنی مەجیلسی شۆڕای ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئەم ڕاپرسییە، خەڵک بێ هیوا بوون لەئەنجامی هەڵبژاردن لە ئێران و ٣٩ لەسەدی ئەو کەسانی ٢٠٢٠ بەشداریان لەهەڵبژاردندا کردبوو ئامادەنین بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن. تەنانەت بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان و بەپێی راپۆرتێک کەماڵپەڕی (انصاف نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەشداری لەهەڵبژارندەکانی داهاتوودا کەمتر لە ٣٠٪ دەبێت. بەپێی ئەم راپرسییە ئاستی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران نزیک ٢٢٪و لەشاری تاران کەمتر لە ١٥٪ دەبێت. شۆڕشی ژیناو کاریگەری لەسەر بایکۆت دیارترین هۆکار بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کەساڵی ٢٠٢٢ لەئێران سەریهەڵداو چەند مانگی خایاندو لەئێستاشدا دەسەڵات بەردەوامە لەسزادانی ئەو کەسانەی کەبەشداریان بووە لەو ناڕەزایەتییانەدا. لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقز لە ١٦ی ئەیلوول دەستیپێکردو چەند مانگی خایاند بەپێی ئامارەکان نزیک بە ٦٠٠ کوس بەتەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها نزیک بە ٢٠،٠٠٠ (بیست هەزار کەس) دەستگیرکران و ژمارەیەکیان سزای قورسی وەک ئیعدام یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا داسەپا. لەم خۆپیشاندانەدا خەڵک لەزۆربەی شارەکان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بەهەموو باڵەکانییەوە کردە ئامانج و دژیان دروشمیان وتەوە. بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا کەئەوان بە (اغتشاشات (بشێوی) ١٤٠٠) ناوی ئەبەن، کاریگەری دەروونی داناوە لەسەر خەڵک کەمتمانەیان بەدەسەڵات نەبێت و بەشداری لەهەڵبژاردن نەکەن. لە هەمانکاتدا باس لەوە ئەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان کاریگەرییەکان هەیە لەسەر ئەوەی خەڵک ئامادەنەبن بەشداری بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا. ماڵپەڕی تابناک سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :» تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتیە سێلێبریتییەکان و میدیاکان هاندەرن بەوەی خەڵک لەدەسەڵات سارد بکەنەوەو بەشداری نەکردن وەک بەهایەک چاوی لێدەکرێت. « ماڵپەڕی تەسنیم کە بەهەمانشێوە سەر بە سپای پاسدارانە بەتووڕەییەوە نیگەرانی خۆی لەسەر ئاستی بەربڵاوی ئەو دەنگانەی وەک دەنگی بایکۆت دەرئەکەون دەربڕیوەو نووسیویەتی ، تەنانەت ئەمجۆرە بانگەشە کردنە بۆ بەشداری نەکردن لەناو میدیای حکوومەتیشدا دەبینرێت. هەروەها دەربارەی ئەو کاسەیەتییە هونەری و وەرزشی و سیاسیانەی کە پشتیوانی بایکۆتن، زمانی هەڕەشە بەکاردەبات و ئەڵێت :» بەئاشکرا بانگەوازکردن بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێ وەک تاوان بزانریت و بانگەشەکاران دەبێ سزابدرێن.» شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەکوردستانەوە دەستیپێکردو بەشی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە، کاریگەرییە دەروونییەکانی هەر ماوەو تەنانەت هەندێک کەس ئەم دەورانە وەک دەورانی بێدەنگی ئەو شۆڕشە دەبینن و لایان وایە توانای هەیە هەردەم سەرهەڵبداتەوە. یەکێک لەکاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە، دابڕانە خەڵکە لەدەسەڵات تا ئاستێکی زۆر. تائەو ئاستەی وەک لەراپرسییەکەی ناوەندی (گمان) دا دەرئەکەوێت نزیک بە ٧٥ لەسەدی خەڵک خوازیاری رووخانی دەسەڵاتن. بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنەکان یەکێکە لەدەرکەوتەکانی ئەو دابڕانە.   یەکدەست بوونەوەی دەسەڵات یەکێکی تر لەهۆکاری ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن زۆر بێت ئەوەیە دەسەڵات خۆی یەکدەست کردۆتەوە. ئەگەر لەساڵانی رابردوو و بەتایبەت لەدوای هاتنەسەر کاری خاتەمییەوە خەڵک لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانیان بە سەر دوو رەوتی دیاری «ریفۆرمخواز» و « بناژۆخواز»دا دابەش دەکرد، لەئێستادا ئەو دوو بەرەیە بەجیاوازییە کەمەکەشیانەوە نەماون. ئەوەی ماوەتەوە رەوتی ناسراو بە «بناژۆخواز»ە کە خامنەیی وەک رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و رەئیسی وەک سەرۆک کۆمارو سپای پاسداران وەک باڵی سەربازی دەسەڵات روخسارەکانی ئەم رەوتەن. شورای چاودێری (شورای نگهبان) وەک فیلتەری ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پاڵاوتن ناونووس کردبوو، شیاو بوونی زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کەسەکانی بۆ بوون بەپاڵێوراو رەت کردووەتەوە، زۆربەی ئەوانەش کەڕەتکراونەتەوە کەسانێکن کە رەخنەیان هەیە لەدەوڵەتی رەئیسی یان گومان دەکەن سەر بەرەوتی خۆیان نەبن. نەبوونی ئەم دەنگە جیاوازانە ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت، وا دەکات خەڵک کەمتر ئامادە بن بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێت بەشێک لەکەسایەتییە دیارەکان وەک ئەحمەدی نەژادو کەسە نزیکەکانی یان حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشتری ئێران لەبەرەی بایکۆتدان و بەتایبەت ئەحمەدی نژاد زۆر بەئاشکرا داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات. حەسەن رووحانیش کە سەرۆککۆماری پێشتری کۆماری ئیسلامی بوو پێش رەئیسی و نزیک بوو لەریفۆرم خوازەکان، خۆی بۆ هەڵبژاردنی « ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری» ناونووس کردبوو، بەڵام لەلایەن شورای چاودێری لەسەر هەڵبژارنەکانەوە شیاوبوونی رەتکراوەتەوە.   کوردستان و هەڵبژاردنەکان لەئێران یەکەم هەڵبژاردن و دەنگدان کە لەئێران کرا، رێفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵی یان نا، لەرێکەوتی ١ی ئاپریلی ١٩٧٩، کوردستان بەزۆری ئامادە نەبوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت. لەچەندساڵی رابردووشدا کوردستان لەچاو شوێنەکانی تری ئێران زۆر کەمتر بەشداری لەهەڵبژاردن کردووە. تەنها دەورەیەک کە کوردستان ئامادەیی بەرچاوی هەبوو لەهەڵبژاردندا، خولی یەکەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی بوو لەساڵی ١٩٩٧. ناتق نووری کەوەک کەسی بەرامبەری خاتەمی دەرکەوتبوو، نوێنەری باڵی دەسەڵاتدارو بناژۆخواز بوو و خاتەمی وەک نوێنەری باڵی ریفۆرمخواز دەرکەوتبوو. کوردستان بەهیوای ریفۆرم و وەک وەستانەوەش بەرامبەر بەپاڵێوراوی دەسەڵات، زیاترین دەنگیان بەخاتەمی دا. جگە لەو سەردەمە، لەزۆربەی زۆری هەڵبژاردنەکان لەکوردستان، ئاستی بەشداری خەڵک زۆر کەمتر بووە لەناوچەکانی تری ئیران. بەپێی ئامارە فەرمییە حکوومەتییەکان لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئاستی ٣٢ لەسەدی خەڵکی پارێزگای سنە بەشداریان لەهەلبژاردندا کردبوو. کەدوای پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کەمترین رێژەی بەشداری بووە. رێژەی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران کەمتر لە ٢٢ لەسەد بووە. حزبە سیاسییەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بێ دوودڵی خوازیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانن، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی پێشتردا ناو هەندێ لەحزبەکان جۆرێک گومان هەبوو. ئەو کەسانەی لەکوردستان و پارێزگا کوردنشینەکان خۆیان پاڵاوتووە، تائێستا گومانیان هەیە بەوەی کەبتوانن ناوەندی بانگەشەکردن دابنێن. دەوترێت خاوەن دووکانەکان ئامادەنین شوێن بدەن بەپاڵێوراوان بەوەی بانگەشەی تێدا بکەن، بۆیە حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە بانگەشەکردن لە رێگای تەلەفیزیۆنەوە بێت.  

هاوڵاتی چەند بانکێکی ئەهلی مانگانە چەندین ملیۆن دینار لەڕێگەی «هەژماری من» وەکو عمولە لەمووچەی فەرمانبەران دەچننەوە، ئەوەش نیگەرانی فەرمانەبەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕەکە کەمەو جێگەی نیگەرانی نییە. وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ هەر فەرمانبەرێک مانگانە دوو هەزارو ٥٠٠ دینار لەمووچەکەی وەکو خزمەتگوزاریی عمولە وەردەگیرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەوەزارەتی پیشمەرگە ئەو پارەیەی کە لەمووچەی پیشمەرگەیەک وەرگیراوە دەکاتە ٠.٥%. چاودێرانی دارایی پێیانوایە ئامانج لە «هەژماری من» رزگارکردنی حکومەتە لەقەیرانی نەبوونی نەختینەی دارایی، بەڵام بانکە ئەهلییەکان بەقازانج لێی دێنە دەرەوەو هەروەها بەزیانی بانکە حکومییەکان دەشکێتەوە. رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەكرێتەوە. تائێستا ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکەیان بۆ کراوە. وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من»و دەشڵێت هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە مووچەیان پێدەدرێت. دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە ١%ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەشێوەی عمولە بۆ ئەو بانکە ئەهلییانەی هەژمارەکەی تێدا دروستدەکرێت )بانکی ئاڕ تی RT، بانکی بی بی ئەی سی BBAC، بانکی ئێن بی ئای NBI) ین. بەڵام وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسفكردو وتی، «هیچ بڕە پارەیەک لەفەرمانبەران وەرناگیرێت و دەنگۆی بڕینی  ١%ی مووچەی فەرمانبەران لەهەژمارەکەوە مانگانە دوورە  لەڕاستییەوە». هونەر جەمال وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونکردەوە کە «مانگانە تەنها بری دوو هەزارو ٥٠٠ دینار بەشێوەی عمولە بانکەکان لەمووچەخۆرانی وەردەگرن و لەبەرامبەر ئەمەشدا چەندین خزمەتگوزاری دیکەیان پێشکەش دەکرێت هاوکات هیچ بڕە پارەیەکیش لەفەرمانبەران لەبەرامبەر وەرگرتنی کارتەکە وەرناگیرێت». بەڵام کارمەندێکی وەزارەتی پیشمەرگە بەهاوڵاتی رایگەیاند «بەشێک لەفەرمانبەران مووچەی مانگی یەکیان لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وەرگرتووە، تەنها لە ٠.٥%یان لێبڕاوە نەک لە ١%، بەڵام ئەگەر ببێتە لە ١% ئەوا بۆ ئێمەی فەرمانبەران زۆرەو بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی ئێمە نابێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار نەدات کەئەو رێژەیە زیادبکرێت». لەتشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی (هەژماری من) دەستپێكرد، مانگی شوباتی ساڵی رابردوو (٢٠٢٣) پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان ٨٤١ فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد. لەئێستادا نزیکەی ٦٠هەزار کارت تەواو بووەو نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لەم مانگەوە بەهەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن. شارەزایەکی بواری دارایی و بانکیش دەڵێت، «بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، بڕێکی پارەی خانەنشینی فەرمانبەران دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». گوڵاڵە سدیق، شارەزا لەبواری دارایی و بانک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەربمانەوێت سەیری پێشکەوتنی ئابووری وڵاتێک بکەین دەبێت سەیری سیستمی بانکییەکەی بکەین، بەڵام ئێمە سیستمی بانکییەکەمان بەقاسەیەکی بەتاڵی حکومەتی هەرێمەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی بازرگانی و پارە پەیداکردن بۆ بانکە ئەهلییەکان». وتیشی «ئێمە لەکوردستاندا نزیکەی ٩٠ بانکی حکومیمان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆ ئەم پرۆژەی هەژماری منە، چەند بانکێکی تایبەت دەستنیشانکراون، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ عمولە وەردەگیرێت لەکاتی کردنەوەی هەژمار یان راکێشانی پارە دەبێتە داهات بۆ ئەو بانکە تایبەتانە، ئەمەش لەڕۆڵی بانکە حکومییەکان کەمدەکاتەوە». کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، گوڵاڵە سدیق ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر هەموو فەرمانبەرێک لەکاتی راکێشانی مووچەکەی لە ١%ی عمولەی لێوەربگیرێت واتە لەهەر ١٠٠ هەزار دینارێک یەك هەزار دینار دەبێتە عمولە بۆ ئەو بانکە. وتیشی «ئەم ٩١٤ ملیار دینارە عمولەی مانگانەی دەبێتە نۆ ملیارو ١٤٠ ملیۆن دینار، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بۆ بانکە حکومییەکان بووایە ئەوا داهاتێکی باش دەبوو». ئەو شارەزایە باسی لەکێشەیەکی دیکەی سیستمی هەژماری من کردو وتی «بڕیارە نزیکەی ئامێری پارە راکێشان (ئەی، تی، ئێم) دابنرێت بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سلێمانی و دەوروبەری ٥٠٠ دانەی بەردەکەوێت و هەولێرو دهۆک و دەوروبەریشی ٥٠٠ دانەکەی دیکەیان بەردەکەوێت، بۆ نموونە لەسلێمانی نزیکەی ٧٠ هەزار مامۆستا هەیە، لەڕۆژی دابەشکردنی مووچە ئەم ٧٠ هەزارە پارە رادەکێشن ئەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستدەبێت، ئەمەش وادەکات کە فەرمانبەران نەتوانن لەو رۆژەی دیاریکراوە مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکە بەوشێوەیە خاو بەڕێوەدەچێت». وتیشی «ئەگەر سیستمێکی بانکی رێکوپێک هەبێت و ئامێری راکێشانی پارە لەهەموو بازاڕو دوکانەکاندا هەبێت و متمانەی بانکی لەنێوان هاووڵاتییان و بانکەکاندا هەبێت ئاساییە کەپرۆژەی هەژماری من جێبەجێبکرێت لەبانکە حکومییەکاندا نەک ئەهلییەکان، چونکە کارەساتە فەرمانبەرانی بانکە حکومییەکان بێئیش بکەیت بۆ بانکە ئەهلییەکان». روونیشکردەوە «ئێمە تاوەکو ئێستا سندوقی خانەنشینیمان نییە، کاتێک پارەی مووچە کە ٩٤٤ ملیار دینارە دێتەسەر هەژماری بانکەکان، ئەو فەرمانبەرانەی کە لەدەوامی ئاساییدان و هیچ خانەنشین و چاودێرییەکی کۆمەڵایەتییان نییەو پێویستە خانەنشینیان لێببڕیت بڕی پارەکەیان ٧٣٢ ملیار دینارە، کاتێك لە ٧%ی بۆ خانەنشینی لێدەبڕێت دووبارە بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، ئەو پارەیە دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من»، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی داراییش لەئێستادا پێنج بانک بەشدارن، بەڵام بەپێی ئەو فۆڕمەی فەرمانبەران پڕیدەکەنەوە تەنها سێ بانک دانراوە، هاوکات لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ناوتۆمارکردن لەو پڕۆژەیە لەشاری سلێمانی و دهۆکیش دەستیپێکردووە. بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لەڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون، پارەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، ئەوە جگە لەهاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کەمانگانە نزیکەی ٢٥ ملیار دینارە.

شوان عەباس بەدری سزای هەزاران مامۆستای بایکۆتکردوو لەلایەن پەروەردەکانەوە هەڵوەشێنرایەوە دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند رێکاری یاسایی دژیان دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەوامی قوتابخانەکان لەبەشێک لەقەزاکان نەکراوەتەوە دوای پێنج مانگی بەرەوام لەبایکۆت. نەژاد عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەکۆی هەزارو 307 ناوەندی خوێندن، هەزارو 208یان دەوامیان تێدادەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بەدەوامکردووەتەوە و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بەنەهاتوو تۆمارکرابون زیاتر لەدوو هەزارو 500 مامۆستابوون، لەئێستادا زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ دەوام، نەهاتنی ئەو مامۆستایانەش بەسزا هەژمار ناکرێت. ماوەی پێنج مانگە بایکۆت لەکۆیەوە هەتا گەرمیان بەردەوامە، ماوەی مانگێکیشە فشارەکانی لەڕێگەی پەروەرەکانەوە بۆ سەر مامۆستایان بەسزادانیان بەردەوامە هێشتا ١٠٠ قوتابخانە لەسلێمانی لەبایکۆتدان و هەندێک لەقەزاکانیش بەردەوامن لەبایکۆت. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ دەسپێکی فشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر مامۆستایانی ناڕازی، ژمارەیەک مامۆستا گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ئەو مامۆستایانەش کە نەکەوتنە ژێرباری فشارەکان و سووربوون لەسەر داواکاری و خواستەکانیان بەشێوازی جۆراوجۆر سزادران و هەندێکیشیان راژەکانیان لەخوێندنگەکانیان گواسترایەوە. لەم رووەوە مامۆستایەکی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاند، بەبێ ئاگاداری خۆم نەقڵیان کردووم بۆ خوێندنگەیەکی ترو ئەمەش جۆرێکە لەسزا. مامۆستایەکی دیکەش هەر سەبارەت بەبابەتی گواستنەوەی مامۆستایان بەهاوڵاتی وت: لەمەکتەبەکانی خۆماندا بێگومان کارەکانمان راگیراوەو تەنانەت لەناو پەروەردەکانیشدا کارەکانمان راگیراوە. مامۆستا نەسرین کەمامۆستایەکی ناڕازی سزادراوە بەهاوڵاتی وت:  «من رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەیوەندیم کردەوە بەمەکتەبەوەو چووم بۆ دەوام بەڵام رۆژی دواتر لەبەر هەندێک هۆکار نەمتوانی لەکاتی خۆیدا لەمەکتەب ئامادە بم، بەڵام دەرسی ئەخیر هەر رۆیشتمەوە بۆ خوێندنگەکەو لەکاتی وتنەوەی وانەکەمدا بەڕێوبەر دوو جار جێگرەکەی نارد بەدوامداو یەکسەر پێیان وتم، بڕۆ دەرەوە ئێمە تۆمان ناوێ و وانەبێژێکمان لەجیاتی داناویت». «بەڕێوبەرەکەم پێی وتم تازە لەلای من نەماویت، ئێمە وانەبێژێکمان هێناوەو بڕۆ بزانە لەتەربییە بۆ کوێت نەقڵ دەکەن، هەرچەندە زۆر هەوڵمداو زۆر قسەم لەگەڵ کرد بەڵام نەیخوارد، رۆژی یەکشەممەش بە یەکجار دوو فەرمانی سزام بۆ دەرچوو، خۆی لەخۆیدا ئەم فەرمانی گواستنەوەیەم بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادارکرابێتمەوە یان پێم وترابێت سزایەکی نایاساییە «، مامۆستا نەسرین وادەڵێت. هاوڵاتی لەبارەی ئەم کەیسەوە پەیوەندی کرد بەمامۆستا مهاباد، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزازو ناوبراو وتی  «ئەو مامۆستایە خۆی هەر دەوامی نەکردووەو یەک رۆژ هاتووەتەوە لەدووەم وانەداو پێم وتووە کەنابێ ئیتر وا دوابکەویت، رۆژی دواتریش نەهاتەوەو تەلەفۆنم بۆ کرد وتم بۆ نایەیت بۆ دەوام، وتی، من کۆبوونەوەی ئەنجومەنم هەیەو لەوانەی کۆتاییدا دێم کاتێک کۆبوونەوەکەم تەواو بوو». مامۆستا مهاباد لەدرێژەی قسەکانیدا وتی « منیش وتم ، مادەم وایە هەر مەیەرەوە بۆ دەوام و من مامۆستایەکی تر دەخەمە شوێنی تۆ». سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سزای سەر مامۆستاکانیش، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزاز وتی:  «سزای ئەو مامۆستایەی باسمکرد هەڵوەشاوەتەوەو غیاباتەکانیمان هەڵوەشاندووەتەوە و تەنها فەرمانی گواستنەوەکەیمان بۆ خوێندنگەیەکی تر بۆ دەرکردووە«. لەلایەن خۆیەوە د.له‌تیف مسته‌فا ئه‌مین شاره‌زای بواری یاسایی رایگەیاند «بایكۆت و نه‌چوونی مامۆستایان بۆ هۆڵه‌كانی خوێندن حاڵه‌تێكی تاكه‌ كه‌سی یان چه‌ند كه‌سی نیه‌ تاوه‌كو باسی سه‌پاندنی رێكاره‌ كارگێڕییه‌كانیان له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك له‌ناویاندا مامۆستا  مافیان هه‌یه‌و ئه‌ركیشیان له‌سه‌رشانه». وتیشی «مافی مامۆستایان و گشت فه‌رمانبه‌رانیش پێدانی ته‌واوی موچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانیانه‌ به‌رامبه‌ر ده‌وامی ته‌واوی ئه‌وان، واته‌ پابه‌ندیه‌كه‌ دوولایه‌نه‌، لایه‌نی یه‌كه‌م كه‌حكومه‌ته‌ ده‌بێت پابه‌ند بێت موچه‌و شایسته‌ی دارایی ته‌واوی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ر له‌كاتی خۆیدا بدات، له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نی دووه‌م كه‌مامۆستایان و گشت فه‌رمانبه‌رانن ده‌بێت ده‌وامی ته‌واوی خۆیان بكه‌ن، كاتێك كه‌ لایه‌نی یه‌كه‌م هه‌ڵناستێت به‌پێدانی مافی ته‌واوی لایه‌نی دووه‌م، لایه‌نی دووه‌میش پابه‌ندی ده‌وامی ته‌واوی نامێنێت». «سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ئه‌م نه‌چوونه‌ ده‌وامه‌ی مامۆستایان حاڵه‌تێكی تاكه‌كه‌سی یان چه‌ند كه‌سی نیه‌ تاوه‌كو باسی سه‌پاندنی رێكاره‌ كارگێڕیه‌كانیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌ (غیاب) به‌نه‌هاتوو تۆمار بكرێن، واته‌ بابه‌ته‌كه‌ بابه‌تێكی كه‌مته‌رخه‌می ئیداری وه‌زیفی نیه‌ كه‌فه‌رمانبه‌رێك یان چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك به‌ئاره‌زووی خۆیان و به‌بێ هیچ هۆكارێكی مه‌شروع و بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانیان له‌ده‌وام دابڕابێتن، به‌ڵكو ئه‌مه‌ی ئه‌مان ده‌یكه‌ن هه‌ڵوێستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌ به‌رامبه‌ر به‌غه‌درێك و ناحه‌قییه‌ك و پیشێلكاریه‌كی مافی خۆیان كه‌ لێیان ده‌كرێت و ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوی جددی بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان و نه‌هێشتنی ئه‌و غه‌درو پیشێلكاریه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت» د.لەتیف مستەفا ئەمین وادەڵێت. لەبارەی بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانەوە، مامۆستا ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند : « تائێستا لەبارەی سزادان و بەردەوامبوونمان لەبایکۆت بڕیاڕمان نەداوە کەئایا گەر سزاکان هەڵبوەشێنەوە  رادەوەستین و دەگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوام دەبین». هەر سەبارەت بەسزادانی مامۆستایان هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانیکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند «كۆمه‌ڵێك رێكاری‌ كارگێڕی‌ هه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ كه‌داده‌مه‌زرێت كۆمه‌ڵێك پابه‌ندی‌ هه‌یه‌، ئه‌م پابه‌ندییانه‌ یاسا دیاری‌ كردووه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌زاره‌تێك یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ گشتی‌ یان شوێنێكی‌ دیاریكراوه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ر لایه‌نه‌ یاساییه‌كی‌ و ئێمه‌ تێكه‌ڵی‌ نابین و ته‌نها جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین».

هاوڵاتی سەردار نوری مامۆستایەکی شێوەکارییە لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کفری و سەرۆک بەشی شێوەکارییە، لەپاڵ مامۆستایەتی گرنگییەکی زۆری بەهونەری شانۆ داوەو جگە لەمانەش شاعیرە، سەردار نوری گربوونەوەو خۆپیشاندانی مامۆستایانی نارازی بەردەوام لەڕێگەی نواندنی شانۆوە سەرنجی خۆپیشاندەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی پەیام و ئامانجەکانی نواندەنەکانی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا وتی : ئەوەی بەگرنگم زانیوە لەناو خۆپیشاندانەکاندا لەڕێگەی نواندنی هونەرییەوە، لەڕێگەی جوڵەی جیاوازەوە، لەڕێگەی پێفۆرمانسەوە، کۆمەڵێک پەیام بنێرم، هەوڵمداوە لەڕێگەی هونەرەکەمەوە  ئەوەی بەوتار دەوترێت ئەوەی بەقسە دەوترێت، زۆربەی خەڵک لەئێستادا تاقەتی گوێگرتنی زۆری نەماوە، قسەکان زۆر زۆر دووبارەن، هەربۆیە لەقۆناغی دووەمی خۆپیشاندانەکانەوە دەستمپێکرد واتە لەدوای فشارەکانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ کردنەوەی دەوام، هەربۆیە من پەیامێکم بەزمانێکی جیاواز بۆ حکومەت و وەزارەتی پەروەردەو یەکێتی مامۆستایان و ئەو مامۆستایانە نارد کەهێشتا نەهاتوونەتە ریزی بایکۆتەوەو بۆ ئەو حزبانەشی کەدەیانەوێ لەڕێگەی فشارو هەڕەشەوە مامۆستایان بگەڕێنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن نارد. یەکەمین نواندنم ناونا زمانی هیندییە سورەکان کەدەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و لەنواندنەکانی دیکەمدا کۆیلەیەک خۆی ئازاد دەکات بەو مانایەی کەوەرن با خۆمان ئازادبکەین و دەنگی خۆمان هەبێت و نەک حزب هەر کاتێ بیەوێ بمانهینێتە شەقام و هەر کاتێکیش بیەوێت دەرمان بکات لەشەقام، هەروەها لەنواندنێکی دیکەمدا رۆڵی مامۆستایەکی خانەنشین دەبینم کە لەتەمەنی 90 ساڵیدا دێمە ناو خۆپیشاندانەکان و بەحەماسەوە وتم رۆڵە ئەگەر ئێوە بەردەوام نەبن ئەوا دۆخەکە تا 50 ساڵی تریش هەروا بەردەوام دەبێت. پەیامیکی دیکەی نواندنەکانم لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرانەیە کەماوەی سێ مانگ زیاتر لەگەڵماندا بوون و بەڵام بەداخەوە دواتر بەفەرمانی حزب گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان و کەلێنێکیان خستە ناو بایکۆتی مامۆستایانەوە . بەگشتی پەیامی نواندنەکانم چەکوشێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەوەی شەقام چۆڵ نەکەن. سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی کاردانەوەی بەرپرسانی کەرتی پەروەردە، سەردار وتی: بەداخەوە کاردانەوەکانی بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە هێشتا ئەرینی نەبووەو بەداخەوە سەرانی پەروەردە هەر لەوەزیرەوە بگرە تادەگاتە بەڕێوبەرە گشتییەکان و تادەگاتە پەروەردەی شارەکان فشارەکانیان زۆر زیاتر کردووەو دەزانم نواندنەکانی منیان بینیوە بەڵام ئیتر ئەوانیش راسپردراون بەکۆمەڵێک کارو بەڕێوەبەرەکانیان راسپاردووە بەهەرجۆرێک بێت مامۆستایان بهێننەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ژمارەیەک مامۆستاو وانەبێژیش لەترسی فەسڵ کردن و گواستنەوە گەڕاونەتەوە، بۆیە داوا دەکەم مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ شەقام و شەرمە لەکاتێکدا هیچ داواکارییەکی مامۆستا جێبەجێ نەکراوە، مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوام.  

شەنای فاتیح بەگوێرەی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ساڵی ٢٠٢٦ دیاریکراوە وەک کۆتا وادە بۆ یەکگرتنەوەی ئەو هێزانەی سەر بەپارتی و یەکێتین  لەژێر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: دەستتێوەردانی حزبی هەیە کەوایکردووە پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەبچێت. لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەستکرا بەتێکەڵکردنی هێزەکان و لەسەرەتادا تواندرا (١٢) لیوای هاوبەش پێکبهێندرێت، جگە لەوەش چەندین لیوای دیکە پێکهێندراون کە تائێستا ژمارەیان گەیشتووەتە (٣٠) لیوا، یەک لیوا چوونەتە سەر وەزارەتی بەرگری لیوای ٢٠و هەندێکیان لەپڕۆسەدان. وتیشی: دوا وادە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دیاریکراوە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان ساڵی ٢٠٢٦یە، تاڕادەیەکی باش کار بۆ پڕۆسەکە کراوە، بەڵام بێ کەموکوڕیش نییەو رێگری بەربەستی هەیە، «ئاستەنگی پڕۆسەکەش شەڕی چەند ساڵەی چەکدارانی داعش و کێشەی دارایی و نەبوونی بودجەیەکی سیادی دیاریکراو، دەشتوانین بڵێین دەستتێوەردانی حزبی هەیە کەوایکردووە پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەبچێت». سەبارەت بەهاوکارییەکانی هاوپەیمانان، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وتی: هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بەردەوامە، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا واژۆ کراوە، ساڵانە بەڕێژەی ٢٥٪ کەمدەکات، «بەمەش تاساڵی ٢٠٢٦ سەرجەم هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەوەستێندرێن، ئەگەری تازەبوونەوەی یاداشتنامەکە هەیە ئەگەر پڕۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوە بەباشی بەڕێوەبچێت». هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نوێ نییەو ٣٨ ساڵە بەردەوامە، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی ١٠٠٪ی نەبووە، یەکەم هەوڵی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی 1986 دا بوو لەئێران کە جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانی رێککەوتنێکیان لەسەر دامەزراندنی بەرەی کوردستانی واژۆ کرد، هەمان  رێککەوتن واژۆکردنی بڕیاری لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی تێدابوو، لەساڵی 2014دا پەرلەمانی کوردستان لەبڕیاری ژمارەی 19ی بڕگەی چوارەمی مانگی تەمموزدا بڕیاریدا کەپێویستە حکومەتی هەرێم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بخاتە بەرنامەی کارەوەو لەماوەی شەش مانگدا تەواوی پڕۆسەکە ئەنجامبدرێت. لەهەمان ساڵداو لەمانگی کانوونی یەکەمدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان حەوت بڕیاری دەرکرد تایبەت بەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەخاڵێکدا داوای یەکخستنەوەی بەپەلەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، لەخاڵێکی دیکەشدا بڕیاریدا هەر هێزێک لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەبێت بەنایاسایی دەژمێردرێت. پاش سێ ساڵ لەکۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەئامادەبوونی نوێنەرایەتی هەریەک لەئەمریکاو بەریتانیاو وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بەداعش بڕیاردرا بەیەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەماوەی سێ ساڵدا، لەناوەڕاستی ٢٠٢١یشدا پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە سەری هەڵدایەوە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: «کارێکی ئاسانە». بەرپرسی میحوری مەخمور- گوێر: « پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داواکاری هاوپەیمانان نییە». سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخمور- گوێر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند: تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هیچ هێزێک نامێنێت لەسەر یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، هەمووی دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو تائێستاش پڕۆسەکە بەردەوامەو دەکرێن بەلیوا لەسەر داوای هاوپەیمانان بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەکانی ئەمریکادا هەیە، دوو فیرقەی پێشمەرگە دامەزراون و ئەمساڵیش دوو فیرقەی دیکە دادەمەزرێن.  وتیشی: «پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داواکاری هاوپەیمانان نییە، پێش شەڕی داعش سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بڕیاریاندا پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، ئەو لیوا هاوبەشانە دروستکران ئەوکات دروستکران و گەیشتنە لیوای ١٤ کەتێکەڵ بکرێن و شەڕی داعش دەستیپێکرد، کەکێشەی گەورەتر هاتە پێشەوەو وازیان لەپڕۆسەکە هێنا». سەبارەت بەدۆخی ئەمنی و هاوکاری هاوپەیمانان سیروان بارزانی رایگەیاند:  دۆخی ئەمنیەت باشەو ئەو داعشەی جاران نەماوە، بەڵام جموجۆڵیان زیادی کردووەو تەنها لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەشت جار چەکدارانی داعش لەسنووری میحوەری ئێمەدا بینراون. «ئەرکی هاوپەیمانان لەئێستادا تەنها راوێژکردنەو بەشداری لەهێرشەکاندا ناکەن و  پێداویستی پێشمەرگە لەبودجەو تەقەمەنی کەمەو ئەو هاوکاریانەی بۆ پێشمەرگە دێن کەمن». زیاتر لە ١٠ ساڵە هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدرێت، بەڵام تائێستاش پڕۆسەکە بەتەواوی جێبەجێنەکراوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە دوو (یاسای چاکسازی لەمووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان) ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت ژمێریاری ئەو دوو هێزە هەڵبوەشێتەوەو بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. لەیەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دا لەوەزارەتی پێشمەرگەر دوو فیرقە دروستدەکرێت، یەکێکیان لەسلێمانی و کەرکوک، ئەوی دیکەش لەهەولێر، هاوکات هێزێکی یەدەگیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەو پێشمەرگانەی کەساڵانێکە زۆرە خزمەت دەکەن و تەمەنیان هەیە دروستدەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٢ لیوایە، بەفەرمی ١٢٥ هەزار پێشمەرگەیە، کەدوو لیوایان لەچوارچێوەی لیوای هاوبەشە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کەسەر بەوەزارەتی بەرگری عێراقن،  لەبەرامبەریشدا هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی و ٨٠ پارتی هەن، ئەمریکاش سوورە لەسەر یەکخستنەوەی ئەو دوو هێزە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان: یەکێک لەکێشەکان دامەزراندنێکی زۆرە لەناو هێزە تایبەتەکاندا بەناوی جۆراوجۆر. رزگار حەمە مەحمود، بڕیاردەی لیژنەی پێشمەرگە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەڕاستیدا لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چەندین جار هاوپەیمانان لەگەڵمان کۆبوونەتەوەو هۆشداریان پێداوین و رایانگەیاندووە، ئاگاداری سەروو خۆتان بکەن کەئێمە ناتوانین هاوکارییە لۆجیستی و سەربازییەکانمان بەردەوام بێت، چەندیجار ماوە ماوەیان داناوە کەهێزەکان یەکبگرنەوە،  بەڵام بەداخەوە ماوەکە تێپەڕیوەو هێزەکانیش وەک پێویست نەچونەتەوە سەر هێزەکانی پێشمەرگە. وتیشی: لەکابینەی نۆی حکومەتی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەندێ کار کراوە لیواکان لە١٦ لیواوە ئێستا بوونەتە ٣٠ لیوا لەهەردوو هێزەکەو ئێستا لەسەر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەهاوپەیمانان هاوکارییەکانیان کەمکردووەتەوە، کاتێک لیواکان ١٦ لیوا بووە، ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک سولفە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکرا، ئێستا لیواکان بوونەتە ٣٠ لیوا بەڵام هاوکارییەکان بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە. « دیاریکردنی ساڵی ٢٠٢٦یش وەک وادەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پێم وانییە ئەو کاتەش ئەم هێزانە یەکبخرێنەوە، چونکە ئەم حزبانەی هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی یەکێتی و پارتی پێویستیان بەهێزێکە خۆیان خاوەنی بن چونکە کاریان پێیەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کاتی پێویستیان و پاراستینی بەرژەوەندیان،هەروەها کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش دامەزراندنێکی زۆرە لەناو هێزە تایبەتەکاندا بەناوی جۆراوجۆر، لیوایەک لەهێزەکانی ٧٠و لیوایەک لەهێزەکانی ٨٠ دەچنە سەر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام بەهێزی دیکە لەژێر ناوی دیکەدا جێگایان پڕدەکرێتەوە، هاوپیمانانیش نیگەران بوون» رزگار حەمە مەحمود وای وت. بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد کەچەندین جار کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانان و سەرۆکایەتی هەرێم و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە، دووجار سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کردووە، لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش کاتێک باسم لەگیروگرفتەکان کرا لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی هەرێم، پێشنیاریان کرد لیژنەیەک پێکبهێندرێت سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەو دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نوێنەریان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان پەرلەمان نوینەری خۆیان دیاریکرد بەڵام تاتەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرت. رزگار حەمە مەحمود وتیشی: چەندین  جار هەوڵماندا سەردانی لایەنە حزبییەکانیش بکەین، ئێمە چەندجارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە  ئەنجامداوەو خودی وەزیر پێی راگەیاندووین «ئەم داواکارییە قورسەو تەنها یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە»، چونکە تەنها هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ نین هێزی دیکە بەناوی دیکەوە هەن، هاوپەیمانان ماوە دیاریدەکەن و هۆشداری دەدەن، بەڵام ناکاتە ئەوەی نیەتێک لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو نیەتە نییە.  «لەکابینەی هەشتەمدا ٨٤٠ ملیار دینار بۆ کۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەراخان دەکرا، بەڵام لەکابینەی نۆیەمدا ژمارەکە بۆ ٩٧٥ ملیار دینار زیادکرا، ئەوەش کەژمارەی موچەخۆرانی زیاد کردووە لەسەر وەزارەتی دارایی هێزەکانن» رزگار حەمە مەحمود وای وت. بەپێی راپۆرتێکی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان، لەمانگی ئاداری ٢٠٢٢، ژمارەی هێزەکانی ٨٠ کە سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە لەنێوان ٦٣ بۆ ٦٨ هەزار پێشمەرگە دەبن، ژمارەی هێزەکانی ٧٠ کە سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەنێوان ٤٠ هەزار بۆ ٤٥ هەزار پێشمەرگە دەبن. لەم چەند ساڵەدا کە وەزارەتی پێشمەرگەش هەیە، تەنیا توانیویەتی، سەرپەرشتی ٢٠ فیرقەی هاوبەش، دوو هێزی پشتیوانی هاوبەش، سێ سەنتەری راهێنانی هاوبەش، لەگەڵ کۆلێژێک لە رانییە بکات، کەئاشکرانییە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەوانەدا هەیە، یان قەیرانێک بەئاسانی لێکیان جیادەکاتەوە. هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر دەبنەوە، وەک نموونە، لەساڵی ٢٠٢١، ئەمریکا نزیکەی ٥١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان داواکرد، لەساڵی ٢٠٢٢ ئەو هاوکاریانە بۆ ٣٤٥ کەمبووەنەوە، لە ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٥٨ ملیۆن دۆلار بوو، بۆ ساڵی ٢٠٢٤یش بڕێک پارە کەنزیکەی ٣٩٨ ملیۆن داواکراوە بۆ هەموو خەرجییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا.

هاوڵاتی لەکاتێکدا شەڕی غەزە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، مەترسی شەڕێکی دیکە یەخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران سێ سەربازی ئەمریکیان لەبۆردوومانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لەئوردن کوشت و ٣٤ی دیکەیان بریندارکرد. هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی «بەرەی بەرگری ئیسلامی عێراق» بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی کە بەتاوەر ٢٢ ناسراوە، وەڵامی ئەمریکای بەدوادا هات و سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، 85 ئامانجی ئەو گرووپانەیان لەناو عێراق و سوریا پێکاوە. ئەم رووداوە تووڕەیی گەورەی لەناوخۆی ئەمریکا لێکەوتەوە. لەهەمانکاتدا بەشێک لەشارەزایانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەم هێرشەیان وەک خاڵێک زانی کەددەبێت بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم لەمبارەیەوە وتی :» لەحاڵێکدا هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیارین تایبەت بەم هێرشانە، بەڵام دەزانین ئەم هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکەن. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دژی تیرۆریسم بوەستینەوەو بەردەوام ئەبین. بێگومان لەکات و شوێنی دیاریکراودا بەشێوەی خۆمان حیسابی خۆمان لەگەڵ ئەو کەسانە پاک دەکەین کە لەپشت ئەم هێرشانە بوون و بەرپرسن لێی. هەڵوێستەکان لەناوخۆی ئەمریکا سەرۆککۆمار بایدن جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبەرنامەیەکی هەڵبژاردنەکان لەکارۆلینای باشوور دەربارەی هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢و کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکاییەوە وتی :»دوێنێ شەو رۆژێکی ناخۆشمان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. ئێمە سێ سەربازی بوێری خۆمان بەهۆی هێرشێک کەکراوەتە سەر یەکێک لەبنکەکانمان لەدەستداوە». سەرۆککۆماری ئەمریکا داوای لەبەشداربوون کرد، بۆ رێزگرتن لەسەربازە ئەمریکاییەکان چەند ساتێک بێدەنگ بن. دواتر وتی :» ئێمە وەڵام دەدەینەوە». وەزیری بەرگری ئەمریکا لۆئید ئاوستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، بەئاماژە بەوەی کەگرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران بەرپرسن لەوهێرشە بەردەوامانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند ئەمریکا لەکات و شوێنێکدا کەخۆی دیاری دەکات، وەڵامی شیاوی بۆ هێرشانە دەبێت. دەربارەی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی :» زۆر نیگەرانم لەوەی کە سێ سەربازی ئەمریکایی کوژراون و ژمارەیەکی زۆر سەرباز برینداربوون. ئەم هێرشانە تووڕەی کردووم بەداخەوەم. لۆئید ئاوستین هەروەها وتی، ئەم سەربازە ئەمریکاییانە بەمەبەستی وەستانەوە دژی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچەیەن. وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبەشێکی تر لەقسەکانیدا دوای رووداوەکە وتی :» سەرۆککۆمار بایدن و من ناتوانن ئیتر دان بەخۆماندا بنێین و هەموو کارێک دەکەین بۆ بەرگری لەئەمریکاو هێزەکانمان و بەرژەوەدنییەکانمان. ژمارەیەک لەسیناتۆرە  دیموکراتەکان هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، لەناوخۆی ئەمریکاو لەناو سیاسییەکاندا زۆر بەهەند وەرگیراو دەستبەجێ ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا لەهەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخواز هەڵوێستیان گرت. لەناو سیناتۆرە دیموکراتەکاندا، سیناتۆر (بۆب کیسی) لەگەڵ ئەوەی سەرەخۆشی لەبنەماڵەی ئەو سێ سەربازە کرد، خوازیاری ئەوەبوو بەتوندی وەڵامی ئەو لایەنانە بدرێتەوە کە لەپشتی هێرشەکەوە بوون. لەتویتێکدا نووسی:» ئەمە سەرچەشن و نموونەیەکی کارەکانی ئەو گرووپانەیە کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و هەست دەکەن بوێرن و ناترسن و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە». سیناتۆر مایکل پێنت هەروەها دەربارەی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم نووسی :» ئەم هێرشانە بەشێکن لەپلانێکی بەرفراوانتری دەستدرێژییە بەردەوامەکان کە لەلایەن ئێرانەوە لەناوچەکە جێبەجێ دەکرێن». ئەم سیناتۆرە دیموکراتە خوازیاری ئەوەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژی هێرشەکانی ئێران هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت. ئادام سمیت، ئەندامی باڵا لەکۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی سێناری ئەمریکا هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ی وەک پەرەسەندنی مەترسیداری ناکۆکییەکان ناوبردو جەختی کردەوە بۆ بەرگرتن لەپەرەسەندنی ناکۆکییەکان، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەو ئەو کەسانەی لەپشتی ئەو هیرشانەوە بوون سزا بدرێن . ئەم سێناتۆرە لەوتووێژ لەگەڵ CNN ، ئەوەی لەغەزە روودەدات گرنگە، جەنگی غەزە لەئێستادا بووە بەهۆی بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی. ئێلیساسلاتکین، یەکێکی تر لەئەندامانی سینا، لەمبارەیەوە هەڵوێستی گرت و ئاماژەی بەهێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران دا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکاو لەتویتێکدا نووسی:» نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە رۆژ لەگەڵ رۆژ پەرە دەستێنێت، ئەمە وادەکات لایەنە وتووێژکارەکان دەربارەی جەنگی غەزە خێراتر هەنگاو هەڵبگرن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان». ئەم سیناتۆرە هەروەها نووسی :» ئەم گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و ئەجێنداکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەکەن. ژمارەیەکی تر لەسیناتۆرە دیموکراتەکان لەوانە، دینا تیتۆس، کیتی مێنینگ، خوازیاری هەڵوێستی جیدی دەوڵەتی بایدن بوون. ترامپ و کۆمارییەکان رەخنەی توند لە بایدن دەگرن دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشتری ئەمریکا، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەو کوژرانی سێ سەربازی بەڕۆژێکی تاڵ بۆ ئەمریکا ناوبرد. ترامپ کەبەربژێری سەرەکی کۆماریخوازەکانەو بەئەگەری زۆر رەقیبی جۆ بایدنە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکادا، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ی بەهێرشێکی بێ شەرمانە ناوبردو نووسی:» ئەم هێرشە دەرئەنجامی لاوازی و خۆبەدەستەوەدانی بایدنە». ترامپ لەدرێژەدا نووسیبووی :» سێ ساڵ لەوەپێش، بەهۆی سیاسەتی گونجاوی منەوە کەزۆرترین گوشارم دەخستە سەر ئەو رژێمە، ئێران لاوازو تێکشکاو بوو کە بەئاسانی کۆنتڕۆڵی دەکات و حکومەتی ئێران بەئەستەم دەیتوانی دوو دۆلاری دەستبکەوێت بۆ ئەوەی بیدات بەگرووپە بریکارە تیرۆریستەکانی». ترامپ هەروەها نووسیویەتی :» جۆ بایدن چەند میلیار دۆلاری دا بەکۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئیران ئەو دۆلارانە بەکاردەهێنێت بۆ پەرەپێدانی خوێنڕێژی و کوشتن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست». ترامپ هەروەها نووسیبووی :» ئەگەر من سەرۆککۆمار بومایە، ئەم هێرشە رووی نەدەدا، هەروەها وتی، ئەگەر ئەو سەرۆککۆمار بوایە، حەماس هێرشی نەدەکردەسەر ئیسرائیل و جەنگی ئۆکراین نەدەبوو». دۆناڵد ترامپ لەدواییدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو، هێرشی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم، بەڵگەیەکی ترە بەوەی دەبێ دەستبەجێ ئەمریکا سیاسەتی « ئاشتی لەڕێگای هێزەوە» بگرێتەوەبەر بۆ ئەوەی بەر بەپشێوی و نائارامی و کوژرانی ئەمریکاییەکان بگرێت. جۆن کۆرنین، سیناتۆری ئەیالەتی تەگزاس لەسەر لیستی کۆمارییەکان دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکییەکە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X   نووسی :» ئێران بەئامانج بگرن». لیندسی گراهام، سیناتۆرێکی تری ناسراوی کۆمارییەکان، وێڕای رەخنەی توند لەدەوڵەتی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نووسی :» بدەن لەئیران، بەتوندی لێیان بدەن». ئێرانییەکان هەڕەشە دەکەن لەدوای هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم و پاشان هێرشە بەردەوامەکانی لایەنەکانی سەر بەئێران لەعێراق  و سوریاو لوبنان و یەمەن، بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و دونیای رۆژئاوا، وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکاو بەریتانیا ئێران ئاگاداردەکەنەوە دەستبەرداری پشتیوانیکردنی هێزەکانی سەر بەخۆی بێت لەناوچەکە. تەنانەت لەپرسی حووسییەکاندا ئەمریکا چینی راسپارد بەوەی ئێران رازی بکات دەستبەرداری پشتیوانیکردن لەحووسییەکان بێت و حووسییەکان کۆنتڕۆڵ بکات. بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو هیزانە کەخۆی بە (بەرەی بەرگری) ناویان دەبات، سەربەخۆ بڕیاردەدەن و کۆماری ئیسلامی بەرپرس نییە لەچالاکییەکانی ئەوان. لەپەیوەن   رووداوی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، ئێران بێئاگایی خۆی راگەیاندو رایگەیاند بەرەی بەرگری سەربەخۆیانە هێرشیان کردووە. لەهەمانکاتدا دوای لێدوانی بەردەوامی بەرپرسانی ئەمریکایی و بەتایبەت کۆمارییەکان کەسووربوون لەسەر ئەوەی دەبێ ئێران سزابدرێت، بەرپرسانی ئەمریکایی هەڕەشەیان کردووە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لەدەرەوەی وڵات یان هێرش بۆ سەر خاکی ئێران بێوەڵام نابێت. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمبارەیەوە وتی :» بەرەی بەرگری خۆیان بڕیاردەرن بەوەی چی دەکەن و لەئێران فەرمان وەرناگرن. هەروەها وتی ، ئێران نایەوێت جەنگی غەزە لەناوچەکە پەرەبستێنێت. ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەیەوە وتی:» هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران، بەرژەوەندی یان کەسەکانی لەدەرەوەی سنوورەکان، لەلایەن ئێرانەوە بەتوندی وەڵامی دەدرێتەوە». رۆژی سێشەممە ٣٠ی کانوونی دووهەم نوێنەری ئێران لەڕاگەیاندنێکدا لەگەڵ ئەوەی، ئەوەی رەتکردەوە پەیامی جیاوازیان لەلایەن واشنگتۆنەوە لەدوو رۆژی رابردوودا پێگەیشتبێت وتی :» پەیامی لەو جۆرەمان بۆ نەهاتووەو ئاڵووگۆڕی پەیام نەبووە لەنێوانماندا. بەمەشەوە، ئەمە سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە ئەگەر هەر لایەنێک هێرش بکاتەسەر خاکی ئێران یان بەرژەوەندییەکانمان یان هاووڵاتیەکانمان لەدەرەوەی سنوورەکان، بەتوندی وەڵامی دەدرێتەوە». کەناڵی ئەلجەزیرە پێشتر لەزمانی یەکێک لەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە رایگەیاندبوو، دوابەدوای هێرش بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ئوردن کەکوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە، واشنگتۆن لەڕێگای وڵاتێکی سێهەمەوە کۆمەڵێک پەیامی بۆ تاران ناردووە. بەپێی ئەم راپۆرتە، ئێران لەوەڵامی ئەمریکادا وتوویەتی، هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران وەڵامی توندی دەبێت. ئیبراهیم رەئیسی لەدوای هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ دەربارەی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وتی :» ماڵپەڕی تابناک نزیک لە سوپای پاسداران دەربارەی ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نووسیویەتی :» ئەم هات و هاوارە زیاتر دروستکراوی کەسانێکی نۆکەری ئیسرائیلە لەئەمریکاو ژمارەیەک لەشارەزایانی فارسی زمان ئاگرەکە خۆش دەکەن». سەرەنجام ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانی دەربارەی هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی رۆژی ٢ی شوبات لەسەردانێکدا بۆ پارێزگای هۆرمۆزگانی باشوور وتی :» زۆرجار وتوومانە ئێمە نابین بەهۆی هەڵگیرسانی هیچ جەنگێک، بەڵام ئەگەر وڵاتێکی زاڵم بیەوێت هێرشمان بکاتەسەر، کۆماری ئیسلامی وەڵامی گونجاوو بەهێزی دەبێت بۆیان». رەئیسی هەروەها وتی :» هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکە هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و نەبووە، بەپێچەوانە هێزی سەربازی ئێمە لەناوچەکە ئاسایشی هێناوەو وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن پشت بەم هێزەو بەتواناکانی کۆماری ئیسلامی ببەستن و متمانەی پێبکەن». سەرۆککۆماری ئێران بێ ئەوەی ناوی ئەمریکا ببات وتی :» ئەمڕۆکە دوژمن هیچ توانایەکی نییە کەدژی ئێمە بەکاری بهێنێت، لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن هێزەکانمان چەند بەتوانان». ئێران هێزەکانی خۆی لەسووریا کێشایەوە رۆژی پێنجشەممە ١ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی سوپاکەی لەسوریا کەمدەکاتەوەو زیاتر پشت بەمیلیشیا شیعەکان وهێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان دەبەستێت لەسووریا.  رۆیتەر لەزاری پێنج سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاویکردەوە، کەئێران بەبڕیارێکی بەپەلە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی لەسوریا کەمکردووەتەوەو دەشڵێت بڕیارەکەی ئێران بۆ دوورکەوتنەوەیە له‌شه‌ڕی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا. رۆیتەرز لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا بەئاماژەدان بەوەی کەئێران لەدوای ناکۆکییەکانی سووریا، پشتیوانی گەورەی ئەسەدەو ژمارەیەکی زۆر لەهێزەکانی لەسووریایە نووسیویەتی: ئێران نایەوێت سووریا بەجێبهێڵێت، بەڵام نایانەوێت جەنگ پەرەبسێنێت و دەشزانن بەهۆی هێرشی میلیشیاکانی سەر بەئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق  و سووریا، ئەگەری هێرش بۆ سەر ئەو گرووپانە لەلایەن ئەمریکاوە نزیکە. هێرش بۆ سەر بەرەی بەرگری لەدێرەزوور دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢ی شوبات، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرش کرایەسەر ١١ بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران له‌ناوچه‌كانى مه‌یادین و ئه‌لبوكه‌مال سەر بەپارێزگای درێره‌زوور له‌سووریا . سەرەتا پێنتاگۆن و ئەمریکا رایانگەیاند هێرشەکان کاری ئەوان نەبووە. بەڵام دواتر لەگەڵ ئەوەی رایانگەیاند هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بووە، ئەوەشیان راگەیاند کەئەمە سەرەتایەو ئەمریکا لەهەموو شوێن بەرگری لەگیانی هاووڵاتییەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات. حەشدی شەعبی لەڕاگەیاندنێکدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر بنکەکانی لەپارێزگای دێرەزوور، ١٦ کەس کوژراون و ٣٦ کەس برینداربوون. رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمێک بۆ بە خاکسپاردنی کوژراوەکان لەبەغدا بەڕێوەچوو و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەوتارێکدا هێرشی توندی کردەسەر ئەمریکاو لەبارەی هێرشەکەوە وتی، «ئەو تاوانە قێزەونە بەوە لەهێرشەکانی پێشووی جیادەکرێتەوە کەکردنە ئامانجێکی راستەوخۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو و بەپاساوی ناڕاست و شێواوو پووچیش بارەگاکان، نەخۆشخانەو هێزەکانی لەشوێنە سنوورییەکان و لەنێو سەنگەرەکان کردە ئامانج کەئەرکی پاراستنی سنوورو پاراستنی ئەم وڵاتەو دژایەتیکردنی تیرۆریان لەئەستۆدایە. رەخنەی میدیاکانی ئەمریکاو کۆمارییەکان لە بایدن دوا بەدوای هێرش بۆ سەر بنکەکانی بەرەی بەرگری لەپارێزگای دیرەزوور، کۆمارییەکان رەخنەی توندیان لە بایدن گرت و وتیان، بایدن بەهەڕەشەکانی پێشتری ئێران و گرووپەکانی سەر بەئێرانی ئاگادار کردبووەوەو ئەوان بنکەکانیان جێهێشتبوو. کۆمارییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشتر دەبوایە هێرشەکان ئەنجامبدرایە. تەنانەت CNN لەڕاپۆرتێکیدا لەمبارەیەوە نووسیویەتی:» ئەو هێرشانە کرانەسەر بنکە چۆڵکراوەکان». کۆمارییەکان وەک رێککەوتنی نێوان ئێران و دیموکراتەکان بەڕێبەری بایدن ناویان لێبرد. ئایا جەنگەکە دەبرێتە خاکی ئێرانەوە؟ دوای رووداوی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، یەکێک لەو ئەگەرانەی کەباس دەکرا ئەوەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی راستەوخۆ ئێران بکەنە ئامانج. ئێرانییەکانیش هەستیان بەم مەترسییە دەکردو لەگەڵ ئەوەی بێبەریبوونی خۆیان لەهێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ رادەگەیاند، هەڕەشەیان کرد هەر هێرشێک بکرێتەسەر ئێران بێوەڵام نابێت. بایدن بەئاشکرا باس لەوە دەکات ئەو نایەوێت جەنگ لەوە زیاتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێت. بەڵام هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە پارێزراو بێت. هیچکات راستەوخۆ باس لەئەگەری جەنگ لەگەڵ ئێران نەکراوەو راستەوخۆش وەک ئەگەرێک نەخراوەتە لاوە. جەیکووب سالیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رۆژی یەکشەممە ٤ی شوبات لەوتووێژ لەگەڵ NBC NEWS ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێرانی نەخستە لاوە. سالیڤان دەربارەی هێرشەکانی ئەمریکا لەتۆڵەی سەربازە ئەمریکاییە کوژراوەکان وتووێژی لەگەڵ دەکرا، سێ جار لەلایەن پێشکەشکاری ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییەوە پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەگەری هێرشی بایدن بۆ سەر ئێران، هەرسێ جارەکە خۆی لەوە دوورگرت وەڵامی پرسیارەکە بداتەوەو وتی:» نایەوێت لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا، دەبارەی ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان قسەبکات». سالیڤان جەختی کردەوە ، سەرۆککۆمار بایدن نایەوێت جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێ، بەڵام سورە لەسەر ئەوەی وەڵامی گونجاوو بەهێز بداتەوە بەو هێرشانەی کراوەتەسەر ئەمریکییەکان. ساڵیڤان بەئاماژە بە فەرمانی جۆ بایدن بەوەی کەوەڵامی بەهێزو جیدیان دەبێت بۆ ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئەمریکییەکان لە ئوردن وتی، ئەم وەڵامە شەوی هەینی دەستیپێکرد، بەڵام ئەمە کۆتایی نییەو هێرشی زیاتریش دەکرێت.

سازگار ئەحمەد رێگەی کەلار – سلێمانی ناسراو بە(ڕێگەی مەرگ) کەڕێگەیەکی مەترسیدارەو ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو پرۆژەیەی بۆ دەرچووە کەدووسایدکردنی رێگەکەیە جێبەجێ بکرێت، هاوڵاتییانی سنوورەکەش باس لەمەترسی رێگەکە دەکەن و دەڵێن «رۆژ نییە رووداوی هاتووچۆی تیادا روونەدات و خەڵک نەبێتە قوربانی». هاوڕێ کرێکار، دانیشتوویەکی قەزای کەلارەو بەهاوڵاتی راگەیاند «رێگەی کەلار – سلێمانی رێگەیەکی وێران و مەترسیدارە و رۆژ نییە رووداوی هاتووچۆی تیادا روونەدات». ئەو هاووڵاتییە نەیشاردەوە، تەواوی دانیشتووانی ئیدارەی گەرمیان بێزارن لەهاتووچۆکردن لەو رێگەیە، چونکە مەترسییەکی زۆری هەیەو چەندەها کەس لەو رێگەیە بوونەتە قوربانی. هەروەها سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان لەبارەی مەترسییەکانی رێگەی کەلار – سلێمانی بەهاوڵاتی وت «بەشێکی رێگەکە تاوەکو ناحیەی باوەنوور کراوە بەدووسایدو ئەمە گرفتی کەمترە، بەڵام لەدوای ئەوەوە رێگەکە یەک سایدەو مەترسیدارەو بە(ڕێگەی مەرگ) ناسراوە». ئاماژەی بەوەشکرد «ساڵانە لەو رێگەیدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانلەدەستدەدەن و برینداردەبن و دەبنە خاوەن پێداویستیی تایبەت». وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاشکراشی کرد «حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان بەڵێنیان داوە کارکردن لەپرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی نەوەستێنن و کارەکانی بەردەوام بێت». هەر لەبارەی پرۆژەکەوە مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەر پارەی پێویست هەبووایە تەواوکردنی پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی زۆری پێنەدەچوو، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا بەپێی پێویست پارە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە خەرجبکرێت». ئەوەشی روونکردنەوە «تەواونەکردنی ئەو پرۆژەیە تەنها پەیوەندیی بەقەیرانی داراییەوە هەیەو هیچ پەیوەندییەکی بەکێشەی سیاسی و دیکەوە نییە». سەرچاوەیەکی تایبەتیش لەبەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی گەرمیان بەهاوڵاتی وت «کارکردن لەپرۆژەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام هەنگاوەکان بەو جۆرە نین کەجێگەی دڵخۆشی بن و کارکردن لەپرۆژەکە بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچێت». بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی دەستیکەوتووە بەشێک لەبەڵێندەرەکان بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەک کارکردن لەو پرۆژەیە کشاونەتەوەو کارەکانیان راگرتووەو لەجێبەجێکردنی پرۆژەکە کشاونەتەوە، ئەگەر پارەی پێویست بۆ پرۆژەکە تەرخانبکرایە لەماوەی ساڵێکدا پرۆژەکە تەواودەکرا. پرۆژەی رێگەی کەلار – سلێمانی بۆ ماوەی چەندینجار کارکردن تیادا راگیراوە بەهۆی ئەوەی بودجەی پێویستی بۆ تەرخاننەکراوە تەنها توانراوە نزیکەی لە ٦٠٪ی پرۆژەکە تەواوبکرێت، گوژمەی رێگەی کەلار - سلێمانی ١٣٧ ملیار دینارە، لەئێستادا کارکردن لەپرۆژەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام کارەکان بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچن و رۆژ بەڕۆژیش ئامارەکانی ئەو کەسانەی لەو رێگەیە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی لەبەرزبوونەوەدایە.  

هاوڵاتی هەوڵەکانی یەکێتی بۆ شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان لەسەنتەری شاری سلێمانی چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لەم شارە شکستپێبهێنێت و بەدوای ئەویشدا ١٣ شارۆچکەی تر ملبدەن کەنزیکەی پێنج مانگە هەفتانە دەڕژێنە شەقام بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەو دانەمەزراندنی وانەبێژان. مانگی رابردوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا داوای شکاندنی بایکۆتی لەمامۆستایان کرد، بەڵام مامۆستایان لەوەڵامدا یەکێتییان تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی «چەواشەکاریی» دەدات لەکاتێکدا خۆی بەشێکە لەکێشەکان. دوای ئەوەی مامۆستایان بەدەم داواکەی یەکێتییەوە نەچوون، بەڵام ئەو حزبە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان و بەڕێوەبەری هەندێک لەقوتابخانەکانەوە فشاری چڕکردەوە لەسەر مامۆستایانی وانەبێژو میلاک بەهەڕەشەی غیابدان و فەسڵکردن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بایکۆت لەسلێمانی و ١٣ شارۆچکەی تر نەشکاوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەقوتابخانەکان کراونەتەوە بەڵام هەموو مامۆستاکان ئامادەی دەوام نابن.  ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی فشارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەر مامۆستایان بەمەبەستی شکاندنی بایکۆت بەهاوڵاتی راگەیاند، کەحکومەت هەموو جۆرە فشارێکی بۆ سەر مامۆستایان گرتووەتەبەر، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر ورەیان. «فشارەکان دەمێکە هەیە، فشارەکان لەمانگی دوانزەی 2023ەوە دەستیانپێکردووەو تازە نییە، بەڵام ئێمە هەر بەردەوامبووین، مانگی یانزەو دوانزە چەند جارێک خوێندنگەکانیان کردەوەو دواجار دایانخستەوە لەبەرئەوەی مامۆستایان نەچوونەوە بۆ ناوەندەکانی  خوێندن» ئاوات ئازاد وادەڵێت. هەر لەبارەی هەڕەشەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەر مامۆستایان ناوبراو وتی :» هیچ هەڕەشەو چاوسوورکردنەوەو فشارێک ئێمە ناترسێنێت، چونکە ئیمە داوای هیچ شتێکی زیادەمان نەکردووەو داوای مافەکانی خۆمان کردووە». هەروەها وتی: «بەوەرگرتنی مووچەیەک دوای 48 رۆژ ناڕۆینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و گوێ بەفشارەکانیس نادەین و بەردەوام دەبین». فشارەکانی یەکێتی بۆ سەر مامۆستایان تەنیا لەڕێگەی هەڕەشەی غیابدان و فەسڵکردنەوە نەبوو، بەڵکو مانگی رابردوو هێزەکانی ئەمنی بەکارهێنا بۆ ئەوەی مامۆستایان خۆپیشاندان و کۆنگرەی رۆژنامەوانیش ساز نەکەن، بەڵام ئەوەش نەیتوانی کۆتایی بەناڕەزایەتیەکان بهێنێت. ئەگەرچی بەشێک لەمامۆستایان لەڕێگەی هەڕەشەی فەسڵکردن و غیابدان چوونەتەوە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام ئەو قوتابخانانەی کەکراونەتەوە ١٠٠٪ مامۆستایان تێیدا دەوام ناکەن. ئاوات ئازاد بەهاوڵاتی وت کەدەرگای نزیکەی لەسەدا 60ی قوتابخانەکانی سەنتەری شاری سلێمانی کراوەتەوە بەڵام هەموو مامۆستایان نەگەڕاونەتەوە. روونیشیکردەوە کەفشارەکان لەناو سەنتەری سلێمانی زۆرن، بەڵام لەدەرەوەی شاری سلێمانی زۆرینەی قوتابجانەکان هێشتا داخراون. ئاوات ئازاد هەروەها وتی «ئەمە بەس لەسەنتەری سلێمانی وایەو ئەمەش پێی ناوترێت شکاندنی بایکۆت، لەبەرئەوەی لە 13 شارو شارۆچکە تەنها لەشارێک دەرگای چەند قوتابخانەیەک کراوەتەوە کەئەویش مامۆستایان هەموویان نەچوونەتەوە بۆ دەوام». بەپێی وتەی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی، لەسنووری ئەو قەزایانە بەسەرجەم ناحیەو گوندەکانیەوە هێشتا زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون کەبریتین لەشارەزوور، سەیدسادق، هەڵەبجە، بازیان، چەمچەماڵ، کەلار، کفری، دەربەندیخان، پێنجوێن، قەڵادزێ، رانیە، دوکان و کۆیە. یەکێک لەداواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازیی پلەبەرزکردنەوەی یاسایی مامۆستایانە کەحکومەت ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە بەنایاسایی رایگرتووە بەپاساوی نەبوونی داهات. ئاوات ئازاد وتیشی «ماوەی هەشت ساڵە پلەبەرز کردنەوەی مامۆستایان بەشێوەیەکی نایاسایی راگیراوە، بەڵام  ئەم حکومەتە بێباک و خەمساردە هاتووە پلەی سێ هەزار ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەی بەرزکردووەتەوە». هەروەها وتی «ئەو ئەفسەرانە هەر برامانن، ئەوانیش هەروەکو ئێمەن و هیچ جیاوازییان نییە، بەڵام ناکرێت تۆ بێیت بەرزکردنەوەی سەربازی دەستپێبکەیت، بەڵام پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێنەکەیت، کەئەمەش جۆرێکە لەدزیکردن بەئاشکرا». بەرپرسێک لەلقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا «حکومەت شەش ترلیۆن دیناری مووچەخۆرانی بڕیوە». عەتا ئەحمەد جێگری لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند کەدەمێکە لەگەڵ حکومەت لەسەر هێڵین، بۆ بابەتی پاشەکەوتی مووچەو دامەزراندنی وانەبێژەکان و هەروەها پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک.  عەتا ئەحمەد وتی «پێشتریش یاداشتی زۆرمان ناردووە بۆ وەزارەتی پەروەردەو دارایی حکومەت، دوایین یاداشتمان نزیکەی دوو مانگ و نیو لەمەوپێش بوو، کەداوای پێنج خاڵمان کردبوو، یەکێک لەو خاڵانە داوای پلەبەرزکردنەوەمان کردبوو، چونکە لەئەنجامی پلەبەرزنەکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەدرێژایی ئەم هەشت ساڵە، حکومەت شەش ترلیۆن دیناری لەخەڵک بڕیوە بەڕاستی». سەبارەت بەپلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو پشتگوێ خستنی چینی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش مامۆستا عەتا ئەحمەد وتی :» پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی 70و 80 بڕیاری لەسەردراوەو ئێمە پێمان ئاساییەو پێشمان خۆشە بۆ هەموو فەرمانبەران بکرێت و هەواڵێکیش هەیە کەتەنانەت بڕیاری پلەبەرزکردنەوە بۆ هێزەکانی ناوخۆش دەردەچێت ئەم ماوەیە، بۆیە وەکو مەکتەبی سکرتارییەت راگەیاندنێکمان بڵاوکردەوە و داوای ئەوەمان کردووە کەمامۆستایانیش شایەنی ئەوەن کەپلەبەرزکردنەوەکانیان بەزووترین کات دەستپێبکات». لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژێش وتی : « بۆ وانەبێژان حەقە حکومەت خۆی هەست بەبەرپرسیارێتی بکات بەرامبەریان، ژمارەیەک لەو مامۆستایانە ماوەی 10 ساڵە وانە دەڵێنەوەو لەسەدا 20ی وەزارەتی پەروەردە ئێستا وانەبێژە کەژمارەیان نزیکەی 36هەزارو 600 کەسەو پەروەردەکانی دەرەوەی شار زۆربەی لەسەرشانی ئەمان راوەستاوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە، لەو ماوانەی پێشوودا ئەو دوو خاڵەی وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردەوە ئاماژەیان بەشتێکی وا داوە کەهەنگاو دەنێن بەرەو بەگرێبەست کردنیان و ئۆمێدەوارین نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە تەنها نووسراو نەبێت و ببێت بەکردارو ئەنجومەنی وەزیران بەزووترین کات وانەبێژان دابمەزرێنێت». لە 22/1/2024، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای لەمامۆستایان کرد بایکۆت بشکێنن و رایگەیاند کە «خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کەبەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە». لەبەرامبەردا مامۆستایانی ناڕازی وەڵامی داوای یەکێتیان بۆ شکانی بایکۆت دایەوەو رایانگەیاند یەکێتی ویستوویەتی تاوەکو دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لەمانگی ١٢ی رابردوو «موزایەدەی بوونی ئازادی رادەربڕین لەقەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات و وەک گوشارێکیش و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە». ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دایەوەو رایگەیاند «یەکێتیی دەتوانێت خەڵکی تر چەواشە بکات، بەڵام مامۆستایان کە وانەی (هۆشیاریی) بەکۆمەڵگە دەڵێنەوە، بەرچاویان روونە کەیەکێتی خۆی بەشێکە لەکێشەکان و هەر بۆ خۆیشیان دەتوانن بەشێک بن لەچارەسەر».

سازگار ئەحمەد بەرپرسانی کورد لەخانەقین منداڵەکانیان لەقوتابخانە کوردییەکان دەردەهێنن و دەیانگوێزنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبیەکان بەهۆی ئەوەی ترسیان لەئایندەی منداڵەکانیان هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی قوتابخانە کوردییەکان چەند مانگێک نەکرانەوە بەهۆی بایکۆتکردنی دەوامی مامۆستایانەوە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. بەشێک لەقوتابخانەکانی قەزای خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە سەر بەهەرێمی کوردستانن و خوێندن تییاندا بەزمانی کوردییە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا نزیکەی 155 قوتابییان وەرگرتووە، چونکە کەسوکاری قوتابیان هەستدەکەن ئایندەی منداڵەکانیان دەفەوتێت بەهۆی فەرامۆشکردنی خوێندنی کوردی لەشارەکەدا، بەتایبەتی لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەدەسەڵاتی هەرێم بەسەر شارەکەدا نەما.  حسێن جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەخانەقین رەخنە لەبەرپرسانی کورد دەگرێت لەشارەکە لەبری ئەوەی گرفتی خوێندنی کوردی چارەسەربکەن، بەڵام منداڵەکانیان دەبەن بۆ خوێندنی عەرەبی. حسێن جەلال بەهاوڵاتی وت «پەروەردەو زمانی کوردی لەقەزای خانەقین بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و لەبری خەمخواردن لەبابەتەکە، بەرپرسان منداڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە عەرەبییەکان». گرفتەکانی خوێندنی کوردی لەخانەقین زۆرن، دیارترینیان دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی کوردە لەشارەکە کە سەر بەپەروەردەی هەرێمی کوردستانن. مامۆستا کوردەکانی ئەو شارە هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێم لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد بەهۆی پینەدانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیداو راگرتنی پلەبەرزکرەنەوەیان. حسێن جەلال وتی «ماوەی چوار مانگە دەرگای قوتابخانە کوردییەکانی شاری خانەقین هاوشێوەی هەرێمی کوردستان داخرابوون و لەتەنیشتیان ئەو قوتابخانانەی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراقن دەوامی ئاساییان دەکرد، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو بەرپرسان لەبری بەدەمەوەهاتنی داواکاریی مامۆستایان و چارەسەرکردنی داخستنی دەرگای قوتابخانە کوردییەکان منداڵەکانیان ناردووەتە قوتابخانە عەرەبییەکان». ئەو بەرپرسە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تەنانەت لەناو بازاڕەکاندا ناوو ناونشیانی شوێنەکان بەزمانی عەرەبین و زمانی کوردی کەمبووەتەوە. وتیشی «کوردەکانی ئەوێ زۆرینەیان خانەقینیان جێهێشتووەو چوونەتە شارەکانی سلێمانی و هەولێر». بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان لە 31 قوتابخانەوە کەمبووەتەوە بۆ 22 قوتابخانە و لەبەرامبەردا ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان لە 40 قوتابخانەوە زیادیان کردووە بۆ 62 قوتابخانە. حەسەن تاڵەبانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین رەتیدەکاتەوە کەهیچ منداڵێکی قوتابخانە کوردییەکان گواسترابنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات کەبایکۆت لەخانەقین شکاوە بۆیە مناڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکانیان. حەسەن تاڵەبانی بەهاوڵاتی وت «بێمووچەیی کاریگەریی زۆری لەسەر ژیان و گوزەرانی مامۆستایان کردووە... ئەگەر لەخانەقین بایکۆت بەردەوام بووایە دانیشتووانی ئەوێ منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە عەرەبییەکان و بەمەش مەترسی زیاتر لەسەر خوێندنی کوردی دروست دەبوو». لەبارەی کێشەکانی خوێندنی کوردی لەو سنوورە بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین دەڵێت «تەنها کێشەی کەمی بینای قوتابخانەمان هەیەو لەڕووی پێداویستیی و کەلوپەلی خوێندنەوە کەموکوڕیمان نییە. چالاکانی مەدەنی شارەکە دەڵێن لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەخانەقین هەر کەسێک کوردبوایە دەبوو منداڵەکەی بخاتە قوتابخانەی کوردی، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو مەرجە نەماوەو هەرکەس ئازادە لەوەی منداڵەکەی دەخاتە قوتابخانەی کوردی یان عەرەبی. ئەمیر خانەقینی چالاکێکی مەدەنی خانەقینە بەهاوڵاتی وت «ساڵ بەساڵ ژمارەی ئەو قوتابییانەی دەچنە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان روو لەکەمبوونەوە دەکەن، بەپێی ئامارێک بۆ خوێندنی ئەمساڵ (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) نزیکەی ١٥٧ قوتابی چوونەتە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان». ئەو چالاکوانە باسی لەگرفتێکی دیکە کردو ئاماژەی بەوەدا «گرفتێکی دیکەی خوێندکارانی قوتابخانە کوردییەکانی قەزای خانەقین ئەوەیە کاتێک ١٢ی ئامادەیی تەواودەکەن بەئاسانی قبووڵناکرێن لەپەیمانگاو زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، یان بەشێکی زۆریان لەزانکۆی گەرمیان وەردەگیرێن کەتاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێدانانی بۆ نەکراوە». وتیشی «تەنانەت لەناو فەرمانگەکانیش فەرمانبەرە کوردەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و فەرمانبەری عەرەب لەشوێنیان دادەنرێت، هەرکاتێکیش دەپرسین بۆ بەو جۆرەیە لەوەڵامدا دەڵێن تەنها رێکارێکی حکومییەو ئەنجامدەدرێت». کێشە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەن بۆ لاوازی زمانی کوردی لەخانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەش، چونکە لەئێستادا حکومەتی عێراق لەو ناوچانە دەسەڵاتی زۆری هەیە. کە بەبڕوای ئەمیر خانەقینی حکومەتی عێراق خوێندنی کوردی بۆ گرنگ نییە. لەسنووری قەزای خانەقین دوو جۆر قوتابخانەی کوردی هەیە، بەشێکیان سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دیالەن لەسەر حکومەتی عێراق، بەشێکی دیکەشیان سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیانن و لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانن. ژمارەی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی لەخانەقین سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن سێ هەزارو ٦٥٠ مامۆستاو فەرمانبەرن. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەکو ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لایەنە کوردییەکان لەشاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەسەڵاتی تەواویان هەبووە، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە کورد لەو ناوچانە دەسەڵاتی لەدەستداو پرۆسەی تەعریبکردن بەفروانی لەو ناوچانە دەستیپێکرد.  

ئیمان زەندی «ئەمساڵ نەمانتوانی کرێی جێگاکەش دابینبکەین، چونکە کەباب و جگەرو خواردنی کۆری تێکەوت، ئەمانە کەی کاری کوردەوارییە!، فیستیڤاڵ واتە خواردن و جلوبەرگی کوردەواریی». ئەمە وتەی (لولو گیان)ە، سەرۆکی رێکخراوی گوڵەمێخەک لەگەرمیان بۆ خواردن و کاری دەستی، رێکخراوەکەی لولو لە ٢٥ ئەندام پێکھاتووە، ئەو کە بۆ هاوڵاتی قسەیکردووە دەڵێت، «پار لەگەرمیان کرێی کەپر بۆ سێ رۆژ ٦٠ ھەزارمان دەداو دواتر بۆمان دەگەڕێندرایەوە، بەڵام ئەمساڵ ١٦٢ ھەزاریان لێوەرگرتووم و دوو ھەزاریان بۆ گەڕاندومەتەوە بۆ شەش رۆژ، ئەمساڵ دەگەیەکی گەورەمان لێدرا». لولو ناڕازییە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکانی گەرمیان، چونکە «بەناوی کوردەواری شتی نوێ نوێ پەیا بووە، ھەیە دێت بۆ پاقلە فرۆشتن ١٦٢ ھەزار دەدات، رێکخەری فیستیڤاڵەکان دەڵێن؛ شوێنەکان باجیان لەسەرە، لەسەر ئەوە رۆشتین بۆلای قائیمقام وتی؛ لەسەر شوێنەکان ھیچ باجێکمان دانەناوە. بەڵام دەزانم پارەکە بۆ خۆیانە چونکە بەجۆرێک قسە دەکەن وەکو ئەوەی کەسێکیان لەپشتبێت، منیش نازانم چ کۆمپانیایەکە!». «پار ٢٥ کەس بووین خواردن و شیرینیمان دروستدەکرد، بەڵام ئەمساڵ ١٠٢ کەس بووین، باوەڕ ناکەم کەپرێک ٢٠دۆلاری تێبچێت، بەس تەنیا ئەوەیە سەریان تێکردووەو تەواو!، بەڵێ بەدڵنیاییەوە رێککەوتنێک ھەیە». لەبەرامبەردا عومەر نەجم، سەرپەشتیاری گشتی فیستیڤاڵی بازاڕ لەگەرمیان سەبارەت بەوەی لەگەرمیان فیستیڤاڵەکان دراوە بەکۆمپانیاکان؟ بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «نەخێر، ھیچ کۆمپانیایەک فیستیڤاڵەکەی بەڕێوەنەبردووە». عومەر نەجم نموونەیەک لەسەر شێوازی بەکرێدانی کەپرەکان رووندەکاتەوەو دەڵێت، لەکەلار شوێنیان ھەبووە مەتری بەھەزارو ٥٠٠ دینار بۆ رۆژێک، یان کۆشکێکی سێ بەسێیان ھەبووە بەدوو ھەزار دینار، «بەپێی شوێن نرخەکەشی دەگۆڕێت، نرخەکان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ ١٠٠دۆلاردایەو بۆماوەی سێ بۆ شەش رۆژە، بەنسبەت خۆمەوە ئەو نرخەم پێ زۆر نییە». «شوێنی پارکی شاری یاری کەلار ئەھلییەو ستافەکەمان رێککەوتوون لەگەڵیاندا، ئێمە چەند جۆرێک کرێمان ھەیە، کرێی کۆشکەکانمان و تێچوی ئاوو کارەبا لەگەڵ ستافەکەمان و رێکلام و مارکێتین، سەر بەھیچ جیھەتێکی حکومی و کۆمپانیایەک نیین، بەڵام کۆمەڵە گەنجێکی دانەمەزراوین ئەم پڕۆژەیەمان دەستپێکردووەو ھەلیکارمان بۆ خۆمان و گەنجی دەوروبەر درووستکردووە»، عومەر نەجم وا دەڵێت. سەرۆکی گروپێکی سەربەخۆ لەپارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت یەکێکی دیکەیە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکان و بەهاوڵاتی دەڵێت، «ئەمە دیاریدەیەکەو دروستبووەو شارەوانیش بەکتابی فەرمی و بەپێی یاسا خەمڵاندن دەکات کە ئایا کۆمپانیا یان رێکخراوێکی فەرمیی بەڕێوەی ببات؟». «پێشتر فیستیڤاڵەکان بێبەرامبەر بوو یان بڕە پارەیەک وەرگیراوەو سەرکەوتوو نەبووە، ئەم پارە زۆرەش بەداخەوە خاوەنکارو کەمدەرامەتەکان ناتوانن بەشداریبکەن». ئەو دەستڕەنگینە وای وت. ئەو خانمە ٢٥ ساڵە بەخۆبەخشی فیستیڤاڵ و پێشانگای بۆ ئەندامەکانی رێکخستووەو ناوبراویش بەکارە دەستیەکانی بەشداریکردووە، چونکە «زۆر دەمێکە تێکەڵم لەگەڵیاندا هەستیانپێدەکەم دۆخیان باش نییە لەڕووی تەندروستی و کەمدەرامەتی و کەمئەندامی، تەنانەت توانای مێزێکیشیان نییە». لەسەر بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، ئەو رایگەیاند، «بەهیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە فیستیڤاڵ بخرێتە بەردەست کۆمپانیا، چونکە هەستیان بەرامبەر هەژاران نییەو تەنیا هەوڵی گیرفانی خۆیان دەدەن و هیچ پەیوەندیەکیان بەکاری دەستیەوە نییە، ئەندامەکانم خەریکە واز لەکارەکانیان دەهێنن، چونکە بەردەوام زەرەر دەکەن». پەیوەست بەژمارەو ناوی کۆمپانیاکان، ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەڵێت، «بمبورە ناتوانم ناویان بهێنم، ناترسم! بەڵام حەزناکەم ناوی هیچ کەس بەرم، کۆمپانیاکان زەق و دیارن، رێکخراوەکانیش دیارن». لەسەر هەڵبژاردنی کەپرەکانیش وتی، «ژمارەکان هەڵدەدەن بەسەرمانداو بەپاڵنان و هاوار هاوار لەسەر زەویەکە هەڵمانگرتووەتەوە، حکومەتیش بۆیان ئیفتیتاح دەکات و دەستخۆشیان لێدەکات». ناوبراو چەند نهێنیەک دەدرکێنێت کەچۆن فیستیڤاڵێک دەکرێتەوەو ئاشکرایکرد، بۆکردنەوەی فیستیڤاڵێک شارەوانی ٦٠٠ هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار وەردەگرێت، «شارەوانی ئەو خەمڵاندنە دەکات، ئەویش یەک مانگ دەتبەن و دەتھێنن، جاری واش ھەیە کتابەکەت ون دەبێت یان دەچێتە بەریدەوە، بۆ بەستنی کارەباش کارەباچیەکانی پارکی باخی گشتی سلێمانی ١٠٠دۆلار دەسەنن، ٤٠ دوکانیان بەملیۆنێک بۆ بەستووم، ئەو پارەی وەریدەگرن بۆ سودی باخەکەیە، بەڵام ھەر زیانێک بگەیەندرێت بەباخەکە سزاکەی زیندانیشی تێدەکەوێت». ئەو خانمە دەستڕەنگینە زیانێکی گەورەی ئەو فیستیڤاڵانە باسدەکات و دەڵێت، «لەھەولێر لەگەڵ خاتونێکدا بەشداریمانکرد بۆ سێ رۆژ ٥٠٠دۆلارماندا بۆ کاری دەستی، ھەبووە ٨٠٠دۆلاری داوە، یەک چێشتخانە بەشداریکردبوو بەنیو دەفتەر دۆلارو یەک قازانجیشی نەکردووەو ھەمووی کرد بەخێر. ئەو فیستیڤاڵەی بەشداریمانکرد مەسرور بارزانی کردبوویەوە لەپارکی شانەدەر». هاوڵاتی لەبەدواداچوونەکانیدا نرخی بەکرێدانی کۆشکی فیستیڤاڵەکانی بۆ دەرکەوتووە، کە کەپرێک بۆ پێشانگایەکی ئاسایی (ڤی.ئای.پی) بە ٢٥٠ ھەزارە، بۆ کارە دەستیەکانیش بە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار دینارە. هەروەها فیستیڤاڵەکانیش دوو جۆرە، فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، فیستیڤاڵە ناوخۆییەکان کرێی کەپرەکانیان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ زیاتر لە نیو دەفتەردایە، فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش شەوی بەکرێگرتنی هوتێلێکی بەرپرسێک بەدەیان دەفتەر دۆلار بووە. خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکان گلەیی لەوەدەکەن کەڕۆژێکیان بەسەرهێنراوە کەسێکی دیکە دەهێننە شوێنیان و دەیانکەن بەخاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکانیان، قەیسەر رەحمان، خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنارو خۆراکی گیاییە لەهەڵەبجە، لەوبارەیەوە تایبەت بۆ هاوڵاتی قسەیکردووەو دەڵێت، «لەساڵی ٢٠١٢ لەتۆڕی رێکخراوەکان ھەستمکرد دوای ساڵێک کارکردن لەوێ حزب دەستیگرتووە بەسەریدا، چونکە ھەڵبژاردنەکانیان بەشێوەی حزبی بوون ھەر ساڵەو بۆ لایەنێک بوو بێ لایەنەکانیش مافیان دەخورا، دواتر ھاتینەدەرەوە لەو تۆرە». دەشڵێت: «ئێستا کشتوکاڵی ھەڵەبجە کەسێکیان دروستکردووە وەکو فکرەی فیستیڤاڵی ھەنار، منیش بەزیاتر لەسێ بەڵگە سەلماندووەمە کەخاوەن فکرەکە قەیسەر رەحمانە». سەبارەت بەچۆنیەتی بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار، قەیسەر رەحمان ئاشکرایکرد، «لەکۆبونەوەیەکدا داوای فکرە دەکرا، پاشان یەک مانگ گەڕانمکرد کەھەڵەبجە بەچی دەوڵەمەندە؟ پاوەرپۆینتێکی ٢٢ سڵایدیم دروستکردو بیرۆکەکەم پێشنیارکرد، یەک ساڵ فیستیڤاڵەکەمان کرد ئەویش ساڵی ٢٠١٥ بوو، دواتر رێکخراوی (نوێی ئێمە) لەتۆڕی رێکخراوەکان دەرچوو، ئەنجام لەساڵی ٢٠٢١ درا بەکۆمپانیاکان، گەندەڵیەکی گەورە ھەیە لەوەی کەناھێڵن بزانرێت کۆمپانیاو داھاتەکە چەندەو کێیە؟». «بۆنه‌ی میللی و فیستیڤاڵ و كولتوری كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌جیهاندا به‌پاره‌ نه‌فرۆشرا، به‌ڵام له‌هه‌ڵه‌بجه‌ فرۆشرا!»، خاوەن بیرۆکەی هەنار وادەڵێت. بەپێی سەرچاوەی زانیارییەکان، فیستیڤاڵی ھەنار ئەمساڵ نزیکەی ١٩ ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لەکەپرەکان لەو گوژمەیە کۆشکی پێ دروستنەکراوە. حەسەن فەتاح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری لەپارێزگای دهۆک لەسەر دیاردەکە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەئەو فیستیڤاڵانەی ئەوان رێکیدەخەن نەیانداوە بەکۆمپانیا، بەڵکو وەکو حکومەت سازیدەکەن و بودجەی بۆ دابیندەکرێت، «یەک کەپریشمان بەکرێ نەداوەو نەشمانداوە بەکۆمپانیا، تەنانەت شوێنەکانیش، تەحەدا دەکەین ئەگەر کارێکی لەو جۆرەمان کردبێت». لەبارەی تێچوی فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیش، حەسەن فەتاح ئاشکرایکرد، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کە لەدهۆک کرا ٣٥ وڵات بەشداربوون، ھەشت رۆژ بەردەوام بوو، تێچووەکەی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دینار بوو، بەڵام فیستیڤاڵی لۆکاڵی ١٥ ملیۆنە». بەگوێرەی داتایەکی نافەرمی کەهاوڵاتی لەبەدواداچونەکانیدا دەستیکەوتووە، لەهەرێمی کوردستان پێنج بۆ ١٠ کۆمپانیا فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان بەڕێوەدەبات، کە تیایدا کۆمپانیای عێراقیش بوونی هەیە، بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان بەجۆرێکە کەچەند کۆمپانیایەک ناو تۆماردەکەن و دواتر بەتیروپشک دەردەچن و دەبن بەڕێکخەری فیستیڤاڵەکان. چەندین رێکخراو پێکهێنراون بۆ بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەی لەفەرمانگەکانی حکومەت و چالاکییەکاندا دەکرێت، رێکخراوی هەڵوێستیش یەکێکە لەو رێکخراوانە لەهەڵەبجەو بەڕێوەبەری پڕۆژەکانیشی سەروەت محەمەدەو لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «بۆ فیستیڤاڵی ھەنار نزیکە ٤٥ ملیۆن داواکرابوو، حکومەت نەیتوانی دابینیبکات و نزیکەی ١٩ ملیۆنی دابینکرد، هەروەها لەفیستیڤاڵی ھەنار سێ کۆمپانیا تیروپشکی بۆ کراو یەکێکیان دەرچوو». لەسەر ئەوەی ئایا کۆمپانیاکان سەر بەلایەنێکی حزبین؟ نابراو نەیشاردەوەو ئاشکرایکرد، «بەدڵنیاییەوە وەهایە کەدەستی بۆ پرسێکی لەوشێوەیە بردووە، چونکە لەبازاڕی نیشتیمانیدا مامەڵە بەدینار دەکرێت، ھەر خاوەنکارێک چوبێتە ژێر باریەوە ھەم بەلاڕێدابردنی فیستیڤاڵ و کەیسەکەیەو ھەم بەکارھێنانی خاوەن کارەکەیە بەداخەوە، ئەگەر ھەرشتێک کرا بەدۆلار دەچێتە چوارچێوەی بەکارھێنانەوە». «سەبارەت بەوەی کەحکومەت نایەوێت پارەیەکی زۆر بۆ ئەم فیستیڤاڵانە خەرجبکات، دوو ھۆکار ھەیە، حکومەت نایەوێت خۆی بخاتە نێو گێژاوی پارەدان، دووەمیش ئەو کۆمپانیایانەی دەست بۆ ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەبەن؛ کۆمپانیایەکن ھەم لەڕووی حزبی و ھەم حکومی دەستیان دەڕوات و دواجار دەبنەوە خاوەن کەیسەکە». سەروەت محەمەد وا دەڵێت. لەسەر فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش دەڵێت، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەس مانەوەی کۆمەڵێک لەبەرپرسەکان لە١٥ بۆ ٢٠ دەفتەر زیاترە، نادادپەروەرییەکی زۆر بەڕووی فیستیڤاڵەکانەوە دەبینرێت». لەبارەی ئەوەی بۆچی حکومەت فیستیڤاڵەکان دەدات بەکۆمپانیاکان؟ هێمن خۆفیا، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زۆربەی سێکتەرەکان لەلایەن کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، ئەگەر بمانەوێت لەقۆناغێکی پێشکەوتوودابین دەبێت وابیربکەینەوە کەحکومەت و کەرتی تایبەت تەواوکاری یەکترین». دەشڵێت، «لەو ڤێستیڤاڵانەی پێشتر کراوە لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەهەمامەنگی و چاودێری دەستەی گەشتوگوزار ئەنجامدراون، چەندین ئامانجی گرنگیان پێکاوە». «هەر کۆمپانیاو لایەن و کەسایەتییەک دەیەوێت فێستیڤاڵی بازاڕو چالاکی گەشتیاری ئەنجامبدات، وەک دەستەی گەشتوگوزار هەردەم هاوکارو هەماهەنگ دەبین»، هێمن خۆفیا وا دەڵێت. لێپرسراوی راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار لەسەر کۆمپانیاکان زیاتری روونکردەوەو ئاماژەی بەوەشدا، هیچ کۆمپانیایەک دەستنیشاننەکراوە بۆئەوەی فێسیڤاڵێک بەڕێوەببات، «دەرگامان واڵایە بۆهەر کۆمپانیاو لایەنێک کە بییەوێت خزمەت بەبواری گەشتوگوزار بکات، ئەو پێشانگایانەی تائێستا کراون زۆربەیان لەلایەن کۆمپانیاکان ئەنجامدراوون». باسی لەوەشکرد، لەلایەن حکومەتەوە پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرجنەکراوە، بەڵکو «کۆمپانیاکان دەستپێشخەربوون و تەواوی تێچوو داهاتی هەرچەند بووبێت بۆخۆیان بووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ گەشتوگوزار». لای خۆشیەوە، ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «هەوڵدەدەم هاوکاریت بکەم، بەدواداچوونێکە منیش دەبێت کاری لەسەر بکەم، رەنگە هەموو شت لای من نەبێت». هاوڵاتی پاش ناردنی نامە لەسەر ئاراستەی بابەتەکەمان و چەندینجار پەیوەندیکردن بەڕێکخەری فیستیڤاڵی پێشانگای کتێب لەسلێمانی، کەکۆمپانیای (اتڵس اصیل)ە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندیەکەو نامەکەی نەدایەوە.

عەمار عەزیز   كتێبخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆك لەلیواری مەرگدان،ئەوەش بەهۆی پشتگۆیخستنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، كێشەی  ستاف و  شوێن دیارترین كێشەن كەدەیان ساڵە رووبەڕووی كتێبخانەكانی پارێزگای دهۆك بووەتەوە، هیچ ئاسۆیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دیارنیە، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها لەساڵی 2023دا لەسنوری پارێزگای دهۆك 900 پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ‌کراون . كتێبخانەی ئاكرێ‌ لەساڵی 1963 دروستكراوە یەكێكە لەكۆنترین كتێبخانە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كەشوێنی دانانی كتێب نەماوە، هاوكات كتێبخانەی ئامێدیش بەهەمانشێوە بەبێ‌ پاسەوانە، هەروەها كتێبخانەكانی مانگێش و بامەرنێ‌ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستاف ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە . عەبدولقەهار ئەحمەد، بەڕێوەبەری كتێبخانەی قەزای ئاكرێ‌ بەهاوڵاتی وت « بینای كتێبخانەكە زۆرخراپە و بەشی زۆری كتێبەكان تێكچوون ئەوەش بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو، نزیكەی 25 هەزار كتێبمان هەیە، دەستمانكردووە بەجەردی ساڵانەو بەپێی تایبەتمەندی و زمانە جیاوازەكانی جیاكاری بۆ دەكەین، بەشی زۆری كتێبەكان مێژوویەكی زۆر كۆنیان هەیە». عەبدولقەهار ئەحمەد دەشڵێت « بەفەرمی داوامان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە بیانەیەكی تازەمان بۆ دروست بكەن تا لەم كێشەیە رزگاربین، ئەگەر بینایەكی تازەمان بۆدروستكرا ئەوا ئەوكات دەتوانین هەموو كتێبەكانمان لەشوێنی باش دابنێن و رێكوپێكتر دەبێت، هاوكات خوێندنكاران و كەسانی گشتی سەردانمان دەكەن».  هەرچی كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدییە زیاتر لەساڵێكە بەبێ‌ پاسەوان ماوەتەوە، هاوكات بیناكەش هی شارەوانییەو چەند جارێك داوایانكردووە بیناكە خاڵی بكەن بۆ شارەوانی . سەلمان زۆبێر، بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئامێدی بەهاوڵاتی وت: كتێبخانەی ئامێدی دوو پاسەوانی هەبوو بەڵام لەماوەی ساڵانی 2021 و 2022 هەردووكیان خانەنشین بوون، تائێستا هیچ كەسێك لەشوێنیان دانەنراوە، كێشەی گەورەتر لەمە ئەو بینایەی كەئێستا دەوامی تێدا دەكەین هی شارەوانییە ئێمە وەكو میوانین، بەفەرمی داوایان لەئێمە كردووە شوێنەكە خاڵی بكەین نازانین چی بكەین، داوامانكردوە كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن بەڵام تائێستا چارەسەرنەكراوە». كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدی لەساڵی 1989وە كراوەتەوە، 12 هەزار و 200 ناونیشانی جۆراجۆری تێدایە، لەئێستادا مانگانە تەنها 75 هەزار دینار بۆ كتێبخانەكە خەرجدەكرێت ئەوەش بەشی هیچ ناكات. مەسعود خالد حەسەن، بەڕێوەبەری كتێبخانە گشتییەکان لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: لەپارێزگای دهۆك هەشت كتێبخانەمان هەیە كەئەوانیش دهۆك ، زاخۆ، ئاكرێ‌، ئامێدی، شێخان، سێمێل، مانگێش و بامەڕنێ‌، بەڵام هەریەك لەكتێبخانەی مانگێش و بامەرنێ‌ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستافی كارو كەلوپەل كارا نین و ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە،حكومەتی هەرێم بۆ كتێبخانەكانی كارا بەتایبەت ئەوانەی پێش 2014 دامەزراون ، پێشینەی مانگانەی بۆ خەرج دەكردن ، بەڵام بۆ كتێبخانەكانی سێمێل مانگێش و بامەرنێ‌ پێشینەیان خەرج نەكردووە چونكە ستافیان نیە». هەرێمی كوردستان بەگشتی 92 كتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەن ، 30 یان دەكەونە سنوری پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، 26یان لەسلێمانی و هەشتیان لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەشیان لەپارێزگای هەڵەبجە، 12 لەئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین  و 10 لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانن. لەپارێزگای دهۆك ساڵی 2022، 502 ژمارەی سپاردن درابوون بەنووسەران و ساڵی 2023 ژمارەی سپاردن گەیشتووەتە 556، لەم ژمارەیە 299 كتێب دوای چاپكردنیان بۆ كتێبخانەی بەدرخان لەدهۆك نێردراون، لەساڵی 2022 ئەوانەی سەردانی كتێبخانەی بەدرخانیان لەسەنتەری دهۆك كردووە حەوت هەزار و 722 كەس بوون، لەساڵی 2023 ژمارەیان گەیشتووەتە 14 هەزار و 193 كەس.  «بەدواداچوونمان بۆ كێشەكانی كتێبخانەی ئاكرێ‌ و ئامێدی كردووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی خرابی ئابووری هەرێمی كوردستان كێشەكان هەروەكو خۆیان ماونەتەوەو چارەسەرنەكراون، لەناوەڕاستی ساڵی 2023و لەسەر داواكاری پارێزگاری دهۆك پلانی ستراتیجیمان بۆ دروستكردنی بینای تازە لەهەموو قەزاو ناحیەکان رادەستی پارێزگاری دهۆك كرد تاوەكو لەماوەی سێ‌ ساڵدا بەشێك لەبیناكان دروستبكرێن « مەسعود خالد وای وت.

شەنای فاتیح لەسەر داواکاری ژووری بازرگانی هەولێر داوای بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لەلایەن هاووڵاتیانی کوردستانەوە دەکرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ موشەکبارانکردنی شاری هەولێرو گیانلەدەستدانی (پێشڕەو دزەیی) سەرمایەداری ناوداری شارەکە. شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەم، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ١٠ موشەک چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەولێر بۆردوومان کران، لەو ژمارەیەش سیانیان بەر ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر کەوت و خۆی و منداڵێکی تەمەن یەک ساڵی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، پاش ئەم رووداوە وەک کاردانەوەیەک ژووری بازرگانی هەولێر داوای بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لەهاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام ژووری بازرگانی سلێمانی بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی بە ناتەندروست ناودەبات.   عەبدولواحید تەها، بەڕێوبەری راگەیاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لەدیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا نزیکەی نۆ ملیارە، دەتوانین بڵێین ساڵانە دوو ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە. وتیشی:ئەم بایکۆتە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کاریگەری دەبێت، لەبازاڕەکانی هەرێمدا بۆشاییەک دروستدەبێت لەکەمبوونەوەی ئەو پێداویستیانەی کەخەڵکی پێویستیانە، پێداویستییەکانیش زیاتر کەرەستەی خۆراکی و بیناسازی و کەرەستەی خاوە بۆ ژمارەیەک کارگەو پڕۆژە لەهەرێمی کوردستاندا. هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی بەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی هەولێرەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە، بەڵام هیچ کامێکیان وەڵامیان نەدایەوە. نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەچاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی پەیوەندی نییە بەژوورە بازرگانییەکانەوە، بەڵکو ئەمە بڕیارێکە دەبێت حکومەت بەڕاوێژ لەگەڵ ژوورە  بازرگانییەکان پاش هەڵسەنگاندنەکان بیدات، بەڵام هاووڵاتی خۆی دەتوانێت بڕیاری بایکۆتکردن بدات، کەکاڵاکەی نەکڕی لەناو بازاڕ دەمێنێتەوەو ئەوکات بازرگانەکەش هاوردەی ناکات. وتیشی:  بەدیلی وڵاتانی سعودیەو تورکیا باش نین و کاڵاکان پێنج هێندە لەسەر هاووڵاتیان دەکەون، بۆ نموونە ئەگەر کیلۆیەک تەماتەی ئێران لەسەر هاووڵاتی ٥٠٠-١٠٠٠ دیناری عێراقی بکەوێت، لەسعودیە یان تورکیاوە بێت نزیکەی ٣٠٠٠-٥٠٠٠ هەزار دەکەوێت چونکە کرێی گواستنەوە و کاڵاکەش لەو وڵاتانە گرانترن، هەربۆیە بڕیاری بایکۆتکردن ئاسان نییە، چونکە لەم سنوورە بایکۆتکردن ببێتە بڕیار، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لەخاڵە سنوورییەکانی  پارێزگای سلێمانی هەلی کار لەدەست دەدەن. بایکۆت بریتییە لەخۆگرتنەوە یان بەکارنەهێنانی کاڵای وڵاتێکی دیاریکراو بەمەبەستی ئابوری یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئاینی. ئابووریناسێک: «ئەگەر بایکۆتکردن نەبێتە بڕیارو باج و گومرگ لەسەر کاڵای ئەو وڵاتە زیاد نەکرێت، تەنها نمایشی راگەیاندنەو هیچی تر». د.ماردین مەعسوم، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەو کاڵایانەی دێنە هەرێمی کوردستانەوە جۆراوجۆرن، بەڵام ئەو کاڵایانەی کەتورکین رێژەکەیان زیاترە لەکاڵای ئێرانی، ئەگەر بەپێی داتاکان کاڵای تورکی لەساڵی ٢٠٢٣ تامانگی ئاب بەبەهای نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەوانەی لەئێرانەوە هاتوون نزیکەی شەش ملیار دینار بووە. وتیشی: ئەو کاڵایانەی لەئێرانەوە دێن رۆژانەین و زۆر بەکاردەهێندرێن  گرنگترینیان خۆراکە، بەڵام ئەو کاڵایانەی لەتورکیاوە دێن فرەچەشنن و بەشێکیان بریتین لەبەروبوومی خۆراکی، زیاتر ٢٠%ی ئەو کاڵایانەی لەتورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستانەوە جلوبەرگ و مۆبیلیاتن، بۆ سەرچاوە خۆراکییەکان خەڵک زیاتر پێویستی بەکاڵای ئێرانییە، ئەگەربێتو بەراوردی نرخی کاڵای ئێرانی و تورکی بکەین، نرخی کاڵای تورکی گرانترە، بۆیە خواستی خۆراکی لەسەر کاڵای ئێرانی زۆرە. «ژووری بازرگانی هەولێرو دهۆک داوایان کردووە کاڵای ئێرانی بایکۆت بکرێت و داواکارییەو نەکراوە بەبڕیار، زیاتر بۆ راگەیاندنەکانەو نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر خەڵک بایکۆت بکات دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری تاکەکان، ئەگەریش ژوورە بازرگانەکان لەڕێی داواکارییەوە داوای بکەن، نەکریت بەبڕیاری فەرمی و باج و گومرگی لەسەر زیاد نەکرێت کەواتە بایکۆتکردنەکە تەنها نمایشی راگەیاندنەو هیچی تر.» ماردین مەعسوم وای وت. ئەو ئابووریناسە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم بۆچوونە سیاسیانەیە، تەنانەت لەبایکۆتکردنەکەشدا رەنگیداوەتەوە وەک چۆن دوو دەسەڵاتی حزبیمان هەیە بایکۆتەکەش حزبییە،  کاتێک کەکۆمەڵکوژی عەفرین چەندین جار بۆردومانکردنی باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئایا ژووری بازرگانی هەولێرو دهۆک و سلێمانی داوایان کردووە بایکۆتی کاڵای تورکی بکرێت؟ یان خەڵک خۆی بایکۆتیان کردووە؟ بۆیە هەر شوێنەو ئینتیمای بۆ شوێنێک هەیە لەسلێمانی ئینتیماکە بۆ ئێران زیاترەو لەهەولێر ئینتیماکە بۆ تورکیا زیاترە.  سەبارەت بەهەرێمی کوردستان ماردین مەعسوم وتی: بایکۆتی رەها لەم قۆناغەدا بەتەواوی زیان بەهەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە بەرهەمی ناوخۆمان هێندە زۆر نییە تابتوانین پێداویستییەکانمان لەجلوبەرگ و خۆراک و شمەک و خزمەتگوزاری پڕبکەینەوە، بۆیە ناچار لەوڵاتانی دراوسێوە دەیهێنین، ناشتوانین لەوڵاتانی دوورترەوە بیهێنین چونکە تێچووەکەی زیاتردەبێت، واتە: بەدیلی کاڵای تورکی و ئێرانی هەیە، بەڵام بەو نرخەو بەئاسانی دەست هاووڵاتیان ناکەوێت. سەبارەت بەچارەسەرەکان ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەهەرێمی کوردستان دەتوانێت بایکۆتی کاڵای ئێرانی یان تورکی بکات، بەڵام پێویستی بەپڕۆسەیەکی درێژخایەنە پێویستە بەروبوومی ناوخۆ زیاتربکرێت و هانی کارگە بچووک و گەورەکان بدرێت بۆ دروستکردنی بەروبوومی ناوخۆ، واتە: یەکەم: بەروبوونی ناوخۆ زیادبکرێت، دووەم: پیشەسازیەکان بەهێزبکرێن، سێیەم: ئەو کاڵایانەی لەئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێن لەکوردستاندا بەرهەم بهێندرێن. هەرێمی کوردستان خاوەنی شەش دەروازەی سنووری سەرەکییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوانیش دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لەپارێزگای هەولێر، دەروازەی سنووری باشماخ- پەروێزخان- کێلێ لەپارێزگای سلێمانی، دەروازەی سنووری پشتەو شۆشمێ لەپارێزگای هەڵەبجە کەڕۆژانە کەلوپەل و پێداویستی هاووڵاتیانی لێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.