هاوڵاتى وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند:" هەر لەرۆژی گیانلەدەستدانی گەنجەكەی چاكسازی گەورانەوە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی کرد بە بەدواداچوون لە کەیسەکە و ڕۆژی دواتر سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد و لیژنەیەکی لەسەر ئاستی باڵا پێکهێنرا و لەئێستا بەڵگەكان ئاڕاستەی دادگای تایبەتمەند کراون". وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشکردوە، "ڕۆژی هەینی رێكەوتی 7-1–2022، لە چاکسازی گەورانی سلێمانی لە ڕووداوێک ئاگادارکراینەوە کە تایبەت بوو بە گیانلەدەستدانی سزادراوێک بە ناوی ( هەرێم محمد مستەفا). بۆیە دەستبەجێ خاتوو (كوێستان محمد) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی کرد بە بەدواداچوون لە کەیسەکە و ڕۆژی دواتر سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد و لیژنەیەکی لەسەر ئاستی باڵا پێکهێنا." ئەوەش هاتووە: " لیژنەکە بە سەرپەرشتی ئەندامێکی داواکاری گشتی دەستی بە کارەکانی کرد و پاشان ئەندامێکی تری داواکاری گشتی لە هەولێرەوە ئامادەی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەکەبوو. لیژنەی لێکۆڵینەوەی ناوبراو بە پێی (یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی 1991 دەستی بەکارەکانی کرد و ماوەی چەند ڕۆژێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی مانەوە و وتەی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پەیوەنیان بە کەیسەکەوە هەبووە نووسراوە و سەرجەم بەڵگە ڤیدۆیی ناو مەحجەرەکە و ئەو شوێنانەی کە کامێرای لێدانراوە و ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بە ڕووداوەکەوە هەبوە کۆکردۆتەوە". وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕو: "وتە و ڕوونکردنەوەی نوێنەری بەڵگەی تاوان و پزیشکی دادی و ڕاپۆرتی پزیشکی داد وەرگیراون. هەروەها ڕۆژی دوای ڕوداوەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاسلوجە سەرجەم تۆمارەکانی بردوە و هیچ ڕێگریەک نەکراوە لە بردنی تۆمارەکان." پەیوەست بە رێکارەکانیش لەرونکردنەوەکەدا باس لەوەکراوە: "ئێمە لە وەزارەت، تەنها دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە ئەو ڕێکارانە بگرینەبەر کە بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆمان دیاریکراوە کە بە پێی ماددەی (2) ی یاساکە حکومەکانی جێبەجێدەکرێت بەسەر فەرمانبەراندا. وە بە پێی یاساکە لیژنە تەنها دەتوانێت بە پێی ماددە (8) ی یاسای ئاماژەپێکراو سزای فەرمانبەر بدات." وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاریداوە سکاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆماربکات کە لەو دۆسیەیەدا وەزارەتەکەیان تۆمەتبارکردووە و ئاماژەی بەوەداوە: "لە ئێستادا ئەم کەیسە لەبەردەم دادگای تایبەتمەندە و لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و ئێمەش وەکو وەزارەت چاوەڕێی بریاری دادگاین ئەوەی بکەوێتە سەر ئەستۆی ھەر فەرمانبەرێکمان وەک خۆی جێبەجێی دەکەین، هەروەها لە كاتی تەواوبونی پەراوی دادگا وەزارەتمان تەواوی زانیاریەكان بۆ هاوڵاتیان دەخاتە ڕوو و لە كۆتایدا داوای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەس و لایەن و کەناڵانە تۆمار ئەکەین کە ناو و نازناوی وەزارەتمان ناشرین ئەکەن." ئەمڕۆ بنەماڵەی هەرێم محەمەد مستەفا، ئەو کوڕەی کە لە (7ی 1ی 2022) لەنێو زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا، لە ناحیەی پیرەمەگروون گردبوونەوە و رایانگەیاند، "گومانیان هەیە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی"، سەرەرای ئەوەی پێشیان وتراوە ناوبراوو خۆی خنکاندووە و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دۆسیەکەی داخستووە.
هاوڵاتى سەرۆکى جێبەجێکردنى کۆمپانیاى گەڵف کیستۆن پیترۆلیۆم لە کۆڕبەندى جیهانى وزە رایگهیاند:" لە کێڵگەی شێخانی هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاتر لە 54 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت". ئەمڕۆ دووشەممە 28ى ئادارى 2022 جۆن هاریس، سەرۆکى جێبەجێکردنى کۆمپانیاى گەڵف کیستۆن پیترۆلیۆم لە کاتی بەشداریکردنى لە پانێلێکى کۆڕبەندى جیهانى وزە كە لە شارى دوبەى ئیماراتى عەرەبی دەستیپێکرد رایگهیاند:" سامانى نەوتى لەهەرێمى کوردستان زۆرە و دەمانەوێت لە رێگەى کارکردنم ان لەهەرێمى کوردستان هاوبەشێکى گەورەی وزە بین لە ناوچەکەدا". گەڵف کیستتۆن پیترۆلیۆم لە کێڵگەى نەوتى شێخان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کارى وەبەرهێنان دەکات. سەرۆکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى گەڵف کیستتۆن پیترۆلیۆم وتیشى:"دەمانەوێت کۆمپانیاکانى دیکە هانبدەین بۆ کارکرن لە هەرێمى کوردستان" ئەمڕۆ شەشەمین کۆڕبەندى جیهانیی وزە لە شارى دوبەى دەستیپێکرد و زیاتر لە 124 کەسایەتى حکومى و بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکانى بوارى وزە وەک قسەکەر و پێشکێشکارى توێژینەوە لە پانێڵەکاندا بانگهێشتکراون.
هاوڵاتى سهرۆكی ههرێمی كوردستان رایگهیاند:" خاڵی ههره گرنگ بۆ عێراق و داهاتوی پرۆسهی سیاسی له وڵات، سهقامگیری و دهرفهتی گفتوگۆیه بۆ تێپهڕاندنی جیاوازییهكان و گهیشتن به خاڵی هاوبهش". دەشڵێت:" ههرێمی كوردستان وهك ههمیشه ئامادهیه بۆ چارهسهكردنی كێشهكان لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵیی عێراق به گفتوگۆ و لهسهر بنهمای دهستور به شێوهیهك كه ههموان براوه بن". ئهمڕۆ دوشهممه بهگوێرهی راگهیهندراوێكی سهرۆكایهتی ههرێم، نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی له مارتین یێگهر باڵیۆزی ئهڵمانیای فیدراڵ له عێراق كرد و له كۆبونهوهیهكدا دوایین پێشهاتهكانی دۆخی سیاسیی عێراق و ههوڵهكان بۆ ڕاستهڕێكردنی پرۆسهی سیاسی كه ببێته مایهی ئارامی و سهقامگیری، پهیوهندییهكانی ههولێر ـ بهغدا و دۆخی ههرێمی كوردستان، تاوتوێكران. سهرۆكی ههرێمی كوردستان وتیشی: "ههرێمی كوردستان وهك ههمیشه ئامادهیه بۆ چارهسهكردنی كێشهكان لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵیی عێراق به گفتوگۆ و لهسهر بنهمای دهستور به شێوهیهك كه ههموان براوه بن و سهقامگیری و پهیوهندییهكی دروست لهنێوان ههولێر و بهغدادا بهێنێته دی". نێچیرڤان بارزانی جهختیلهوهكردهوه:" خاڵی ههره گرنگ بۆ عێراق و داهاتوی پرۆسهی سیاسی له وڵات، سهقامگیری و دهرفهتی گفتوگۆیه بۆ تێپهڕاندنی جیاوازییهكان و گهیشتن به خاڵی هاوبهش، بۆ ئهوهی پرۆسهكه به شێوهیهكی دروست بچێته پێشهوه ". لای خۆیهوه باڵیۆزی ئهڵمانیا وێڕای خستنهڕوی بهرنامهی سهردانهكهی بۆ ههرێمی كوردستان، جهختی لهوهكردهوه، ئهڵمانیا و وڵاتانی ئهوروپا به بایهخهوه سهیری پرۆسهی سیاسی و سهقامگیری له عێراق دهكهن و خوازیارن پرۆسهی سیاسی ههنگاو بهرهو پێشهوه بنێت.
هاوڵاتى بانکی رافیدەین رایگەیاند، بڕی 150 ملیۆن دینار وەک قەرز دەداتە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی. بە رێژەی سودی 5%. ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی رافیدەینی عێراقی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بڕی 150 ملیۆن دینار قەرز بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەدات. ئاماژەی بەوەشداوە، قەرزەکە پزیشکی ددان و ڤێتەرنەری و دەرمانساز و خاوەن تاقیگەکانی شیکاری نەخۆشی و کۆگاکانی دەرمان و کیمیاییەکان و تەکنەلۆجیای پزیشکی و ئەوانەی لەو بوارانەی باسکران خانەنشینکراون دەیان گرێتەوە. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، رێژەی ئەو سودەی سەر قەرزەکە 5% دەبێت و لەسەرجەم لقەکانی بانکەکە لە هەموو پارێزگاکانی عیراقدا دەدرێتە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی.
هاوڵاتى بابا ڤانگا، پێشبینیکەری بولگاری، لەناویاندا پێشبینی ئۆپەراسیۆنی سەربازی روسیا لە دژی ئۆکرانیای کردووە و رایگهیاند:" کەس ناتوانێت روسیا بوەستێنێت ". بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی زە سەن-THESUN، بابا ڤانگا، پیرێژنە فاڵگرەوە و نابینا و پێشبینیکەرەکەی بولگاریا پێشبینی ئەوەی کردووە کە سەرۆکی ئێستای روسیا، ڤلادیمێر پوتن، دەبێتە سەرۆکی هەموو جیهان. بابا ڤانگا، پێشبینیکەری بولگاری، کە بەوە ناسراوە پێشبینی زۆرێک لە روداو و کارەساتە مێژوویەکانی کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نووسەری روسی "ڤالانتینا سیدۆرۆڤ" باسی لەوە کردووە، کە رووسیا لە دوای ساڵی 1979وە بەسەر جیهاندا زاڵ دەبێت. لەو چاوپێکەوتنەدا بابا ڤانگا بە دڵنیاییەوە وتویەتی: "هەمووان وەک سەهۆڵ دەتوێنەوە، تەنها یەک کەس بەبێ زیان دەمێنێتەوە، شکۆ بۆ ڤلادیمێر پۆتن، شکۆ بۆ روسیا." لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا جەختی کردۆتەوە لەوەی: "قوربانیەکی زۆر دەهێنێت، کەس ناتوانێت رووسیا بوەستێنێت، هەمووان لەسەر ڕێی لادەبرێن و نەک تەنها دەمێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە گەورەی جیهان." ڤانگيليا بانديفا غوشتيروفا ناسراو بە داپیرە ڤانگا یان بابا ڤانگا ئافرەتێکی نابینای نەخوێندەوار بوو لە ساڵی 1911 لە وڵاتی بولگاریا لە دایک بووە، لە خێزانێکی ھەژار پەروەردە بووە و نەچووەتە خوێندنگە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا توشی روداوێکی سەیر بوو کاتێک بۆ ماوەی چەند رۆژێک ديار نامێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، دوای دەرکەوتنی گێرایەوە کە توشی گێژەڵۆکە و گەردەلولێکی گەورە بووە و خۆڵێکی زۆر چووەتە چاویەوە و بووەتەھۆی کوێربوونی، لەو کاتەوە بووەتە پێشبینیکەر و فاڵگر، بەوهۆیەشەوە ناوبانگی جیھانی دەرکردووە هەر بەو جۆرە ماوەتەوە تاکو لە ساڵی 1996 لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
هاوڵاتى وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند:" لەمانگی رەمەزاندا جگە لەناوچە گەشتیارەییەکان کە رێگەیان پێدەدرێت خواردنگە و چێشتخانەکانیان کراوەبن ئەویش بەمەرجی رووپۆشکردنی بەشی پێووەیان بە پەردە، سەرجەم چێشتخانە و فڕۆشگاکانی خواردنەوە کحولییەکان دادهخرێن". ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئاداری 2022، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عیراقی لە راگەیەنراوێکیدا رێنماییەکانی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، خواردن و خواردنەوە لە شوێنەگشتییەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا بەهەموو شێویەک قەغەکراوە. ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم و کۆگا و فرۆشاکانی خوارندەوە کحولییەکان بە درێژایی مانگی رەمەزان بە داخراوی دەمێننەوە. هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، سازکردنی هەموو جۆرە ئاهەنگ و بۆنەیەک کەلەگەڵ مانگی رمەزاندا ناگونجێت مۆڵەتییان پێنادرێت و نابێت ساز بکرێن. دەشڵێت، لەگەڵ خۆرکەوتن تا کاتی خۆرئاوابوون سەرجەم چێشتخانە و خواردنگە و ئەو شوێنانەی خواردنیان لێدەفرۆشرێت دادەخرێن. لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، شوێنە گەشتییارییەکان کە لەسەر رێگای دەرەوەی شارەکانن و دەتوانن بەدرێژایی مانگی رەمەزان کراوەبن بەمەرجی داپۆشینی بەشی پێشوەی شوێنەکان بە پەردە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو چێشتخانە و خواردنگانەی پلەیەکیان هەیە لەناوشارەکاندا دەتوانن لە مانگی رهمەزاندا کراوەبن بەمەرجی داپۆشینی رووکاری پێشەوەیان بە پەردە. لە کۆتایی رەگەیەنراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاردا هاتووە: هەرکەس پابەندی رێنماییەکان نەبێت و سەرپێچی بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
هاوڵاتى وتهبێژی فهرمی كۆمهڵی دادگهری كوردستان رایگهیاند:" نەریتی بارەگا سوتاندن پارتی دایھێنا و خۆزگە لە کاتی پەلاماردانی بارەگاکانیش لە هەرێمی کوردستان هەڵوێست و کاردانەوەی وەک بارەگاکەی لە بەغدا بوایە و تەقەی لە خۆپیشاندەران نەکردایە". محهمهد حهكیم، له فهیسبوكی خۆی بابهتێكی لهسهر سووتاندنی بارهگای لقی پێنجی پارتی له بهغدا بڵاوكردووهتهوه و دهڵێت: "دەرکەوت لە عیراقدا بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، مەرجەعیەت لە سەروی ھەموو پیرۆزیەکانەوەیە، بەداخەوە رۆژانە لەم وڵاتە بێڕێزی بە خودا و پێغەمبەر و ھاوەڵانی دەکرێت و ھیچ ھەڵوێستێکی جەماوەری و فەرمی نابینرێ بەرانبەری". ئهوهشی وتووه: "ئەو كاردانەوە توندەی بەرانبەر تویتەكەی كادرەكەی پارتی هاتە ئاراوە، بەشێكی پەیوەندی بەو رێككەوتنەی پارتیەوە هەیە لەگەڵ رەوتی سەدر و سوننەكان و هەر لەوێشەوە گرێدراوتەوە بە بۆچوونەكەی موقتەدا سەدر و باوباپیرانی كە پێی وایە (مەرجەعیەت دەبێت عیراقی بێت) پەرچەکردارو كاردانەوەی نەیارانی ھاوپەیمانێتی سێقۆڵیی، تەنها بە سوتاندنی بارەگایەكەوە بوەستێت ھەر باشە". محەمهد حهكیم ئهوهشی نووسیووه: "ئهمەی روویدا دەرخەری کاریگەریی سۆشیال میدیایە و ئەوەش دەسەلمێنێت کە تویت و پۆست و کۆمێنتی کادرێک چەند بەزەرەر بەسەر لایەنەکەیدا دەشکێتەوە". وتهبێژهكهی كۆمهڵی دادگهری كوردستان دهڵێت، "وێرای ھەموو سەرنج و تێبینیەكان، رەوا نیە بارەگای پارتی بەرانبەر تویتی کادرێکی بسوتێنرێ و ئیدانەی ئەکەم". "گەرچی نەریتی بارەگا سوتاندن پارتی دایھێنا و خۆزگە لە کاتی پەلاماردانی بارەگاکانیش لە هەرێمی کوردستان هەڵوێست و کاردانەوەی وەک بارەگاکەی لە بەغدا بوایە و تەقەی لە خۆپیشاندەران نەکردایە"، وتهبێژی كۆمهڵ وای نووسیوه. ئهوهشی وتووه: "خۆبەریکردنی حزب لە کادرەكانی، لە کاتی ھەڵەو کەم وکورتی لەم جۆرەدا، خراپە و قێزەون و باوەرپێ نەکراوە، باشتربوو کارەکەی سەرکۆنە بکرێت و لە قسەکانی خۆبەری بکرێت، نەك لە خودی كادرەكەو حاشا لێكردنی، كە بە ئاشكرا و لای هەمووان روون و رۆشن بوو كە نایف كوردستانی كادری پارتی دیموكراتی كوردستانە". ئەمەش لە كاتێكدا هەر دوای چەند كاتژمێرێك نایف كوردستانی پۆستەكەی سرییەوە و داوای لێبوردنی كرد و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی دەستگیركردنی دەركرد و رایگەیاند:" رادهستی یاسا كراوه".
هاوڵاتى نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت:" دوایین مامەڵەی خراپی سوپای پاسداران بریتیبوو لە هێرشەکەی سەر هەولێر". راشیگەیاند، بەرپرسانی ئێران زۆر باش ئەوە دەزانن بابەتی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە دەرهێنانی سوپای پاسداران لەنێو لیستی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە نییە. رۆبەرت ماڵی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رۆژی یەکشەممە 27-3-2022 لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحەدا وتی، سوپای پاسداران لە چواچێوەی یاسای ئەمریکادا بە سزادراوی دەمێنێتەوە و وتیشی، سیاسەتیان بەرامبەر بەو سوپایە نەگۆڕدراوە. رۆبەرت ماڵی وتی، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە هەمان ئەو تێڕوانینە نەرێنیەیان بەرامبەر سوپای پاسداران هەیە کە واشنتن هەیەتی، ئەوەش بەهۆی ئەو مامەڵە خراپەیە کە جێبەجێی دەکات و دوایینی ئەو مامەڵە خراپانەش بریتیبوو لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەری شاری هەولێر. رۆژی یەکشەممە 13ى ئاداری 2022، هێرشى مووشەکى کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، دواتر سوپاى پاسدارانى ئێران بەرپرسیارێتیى خۆى لەو ھێرشە راگەیاند. هێرشەکە، بەپێی پاسداران، لەڕێگەی 12 مووشەکی جۆری فاتیحی دوورمەودای بالیستیی زیرەک ئەنجامدرا، هەشتیان بەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی، سەرمایەداری کورد و خاوەنی کار گرووپ کەوتن. هێرشەکە کاردانەوەی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی لێکەوتەوە؛ رۆژی دووشەممە 14ى ئادارى 2022، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆی وڵاتەکەی چوونە هەولێر و سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کرد. لە نیسانی 2019دا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سوپای پاسدارانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆرە و سوپای پاسدارانیش بەشدارە لەو هەوڵانەی کە پەرە بە تیرۆر دەدەن. هاوكات کەمال خەڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە کە لە ساڵانی 1997 تاوەکو 2005 وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بوو، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحەدا لە قەتەر وتی: "سوپای پاسداران بریتییە لە هێزێکی نیشتمانی و ناکرێت هێزێکی نیشتمانیش وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکرێت؛ هەربۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمە قبووڵکراو نییە؛ بەلای ئێرانییەکانەوە زۆر گرنگە کە سوپای پاسداران لەنێو ئەو لیستەدا دەربهێندرێت". کەمال خەڕازی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران سازش لەوەدا ناکات کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو هەنگاوە بنێت و سوپای پاسداران لەنێو ئەو لیستەدا دەربهێنێت کە وەک تیرۆریست ناسێندراون. دەقی قسەکەی رۆبەرت ماڵی، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران "رێککەوتنێکی باشتر دەبوو، بەڵام بەو جۆرە نییە. ئەم رێککەوتنە نەیتوانی وەڵامدەرەوەی پرسەکانی دیکە بێت، لەوانەش ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێرانەوە هەیە. ئەوەی کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، پێتان دەڵێم کە سزاکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و ئەمە رێککەوتنێک نییە کە بیەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکات. ئومێدەوارین ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر وڵاتی ناوچەکە بەو جۆرە سەیری سوپای پاسداران دەکەن کە ئێمە سەیری دەکەین و دواجاریش هێرشەکەی سەر هەولێرمان بینی. ئێمە دەزانین کە ئەمە رێککەوتنێک نییە وەڵامی ئەم پرسە بداتەوە. هەربۆیە پێتان دەڵێم کە سوپای پاسداران لە چوارچێوەی یاسای ئەمریکادا بەسزادراوی دەمێنێتەوە و بۆچوون و تێڕوانینیشمان بەرامبەر سوپای پاسداران نەگۆڕدراوە".
هاوڵاتى لەدوای سوتانی بارەگای پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدەوە پارتی راكەیاندراوێكی بلاوكردەوە و دەڵێت:" كادیر و ئەندامانیشیان ئامۆژگاری كردووە، رێز لە مەرجەعیەتە ئیسلامی و ئایینەكانی دیكە بگرن". شهوی رابردوو كادیرێكی پارتی بەناوی نایف كوردستانی، لە تویتێكدا باسی لە مەرجەعیەت كردووە، ئەویش لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە و بارەگای لقی پێنجی پارتی لەبەغدا سوتێنرا. پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوەكەیدا ئیدانه و سەرزەنشتی ئەو تویتەی كردووە و دووپاتیشی دەكاتەوە، كە ئەو كەسە پەیوەندی بەو حزبەكهیانهوه نییە. جەخت لەوەشكراوەتەوە، ئەو تویتە تەنیا گوزارشت لە رای تایبەتی خودی كەسەكە دەكات و بەهیچ شێوەیەك هەڵوێستی پارتی نییە. دەشڵێت: "پارتی بڕوای راستەقینەی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە تەواوی بیروباوەڕە ئایینی و مەزهەبییەكان هەیە". ئەمەش لە كاتێكدا هەر دوای چەند كاتژمێرێك نایف كوردستانی پۆستەكەی سرییەوە و داوای لێبوردنی كرد و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی دەستگیركردنی دەركرد و رایگەیاند:" رادهستی یاسا كراوه".
هاوڵاتى وەزارەتی بەرپرسی ئۆكرانیا بلاویكردۆتەوە سەرۆكی ئۆكرانیا درکی بەوەکردووە کە ناتوانێت دەوڵەتی ئۆکرانیا بەتەواوەتی قوت بدات، بۆیە گریمانەی زۆر ئەوەیە کە هەوڵبدات سیناریۆی نیمچە دورگەی کۆریا دووبارە بکاتەوەو ئۆکرانیاش بۆ دوو بەش دابەشبکات". ژەنەراڵ کیریلۆ بۆدانۆڤ لەلێدوانێكدا كه وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە گواستوویەتییەوە وتویەتی:"ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆکی ڕوسیا درکی بەوەکردووە کە ناتوانێت دەوڵەتی ئۆکرانیا بەتەواوەتی قوت بدات، بۆیە گریمانەی زۆر ئەوەیە کە هەوڵبدات سیناریۆی نیمچە دورگەی کۆریا دووبارە بکاتەوەو ئۆکرانیاش بۆ دوو بەش دابەشبکات". سەرۆکی هەواڵگری ئۆکرانیا باسی لەوەشکردووە، ڕوسەکان دەیانەوێت ناوچە داگیرکراوەکان بۆ قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتی بگۆڕنو ڕووبەڕووی ئۆکرانیای سەربەخۆی بکەنەوە.
هاوڵاتى شەوی رابردوو لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی پێنجی پارتیان لە بەغدا سوتاند، ئەوەیش دوای تویتێكی كادرێكی پارتی كە باسی لە ئەوە كردبوو لایەنگرانی حەشد مەرجەعیەتی هندی و فارسین". چەند كاتژمێرێك بەر لە سوتانی بارەگای پارتی د.نایف كوردستانی كە كادرێكی پارتییە، لە پۆستێكی تویتەردا دەنوسێت :" من لەگەڵ "مەرجەعیەتی هیندی، فارسی و ئەفغانی دا" نییم. ئەو کەسە کە وەکو "کادیری پارتی" ناسێندراوە پۆستەکەی سڕییەوە و داوای لێبووردنی کرد و گوتی، "بەهەڵە تێگەیشتن هەبووە." پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تویتی ئەو کەسە گوزارشت لە رای کەسیی خۆی دەکات و "پارتی باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن هەیە." وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کورستانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە و رادەستی لایەنی دادوەرییان کردووە. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، ئازادیی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایێت کە دەستدرێژیی بکرێتە سەر هێما ئایینی و نیشتمانییەکان، هەر قسە کردنێک بەتایبەت لەسەر پێگەی مەرجەعیەت قبووڵکراو نییە و بێدەنگ نابن لەسەری. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ئەو پۆستە گوزارشت لە بیروڕای گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.
هاوڵاتى وهزیرى دادى حكومهتى ههرێم رایگەیاند:" ئەو تەفسیراتەی کە دادگای فیدراڵی پشتی پێبەستووە، لەڕووی زمانەوانیو شکڵیشەوە، بەلای ئێمەوە لەهەرێمی کوردستان، پەسەندنین". فرسهت ئهحمهد وهزیرى دادى ههرێم ڕایگهیاند، "هەرچەندە ڕێزمان بۆ ئەو دادگایەو بڕیارەکانی هەیە، بەڵام پێمانوایە بەدەرکردنی ئەو بڕیارە وەکو ئەوە وایە سەرلەنوێ دووبارە جارێکی تر دەستوور نووسرابێتەوە، چونکە مادە دەستوورییەکانو ئەحکامەکانیان لەناوەڕۆکەکانیان دەرهێنراون، بەوەش زیانێکی زۆر بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت". ئهوهشخراوهتهڕوو، "ئەگەربێتو مادەکان لەڕێگەی تەفسیرکردنیانەوە بێنەگۆڕین، ئەو تەفسیراتەی کە دادگای فیدراڵی پشتی پێبەستووە، لەڕووی زمانەوانیو شکڵیشەوە، بەلای ئێمەوە لەهەرێمی کوردستان، پەسەندنین". ڕۆژى 15ى شوبات، دادگاى فیدڕاڵى عێراق ڕایگهیاند، بونى یاساى نهوتو غازى ههرێمى كوردستان نادهستوریه.
هاوڵاتى ئهندامێكى سهركردایهتى پارتى ڕایگهیاند:" پارتى دانى پێدادهنێت سهركهوتوو نهبوون لهئهنجامندانى ڕیفراندۆمو تهنها یهك پرسیاریان لهخهڵك كرد دینیا بهوشێوهیه دژى ههرێم وهستایهوه". ئارى ههرسین ئهندامى ئهنجومهنى سهركردایهتى (سلێمانى ـ ههڵهبجه)ى پارتى ڕایگهیاند: "پارتى دانى پێدادهنێت سهركهوتوو نهبوون لهئهنجامندانى ڕیفراندۆمو تهنها یهك پرسیاریان لهخهڵك كرد دینیا بهوشێوهیه دژى ههرێم وهستایهوه بۆیه كاریان بهپلانى جێگرهوه كرد كه ڕۆیشتن بوو بهرهو بهغدا". وتیشى:"پارتى ڕێگهى ترى لهبهردهم ئهوهبوو چهك ههڵبگرێت دژى بهغداو شهڕبكات كه ئهوه عێراقى هاوشێوهى ئۆكرانیا لێدهكرد، بهڵام چونه بهغداو دهڵێت:"ئهوانى تر 1000 ساڵه بهڕێگهى بهغداوهن با ئێمهش بچین".
هاوڵاتى سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند:" دەوڵەت پێویستی بە یاسای زیاتر هەیە بۆ پاراستنی ژنان و کچانی رزگاربووی دەستی داعشی و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوەی روویدا". دەڵێت، "بە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەڵێم، هاووڵاتی بەرپرسیارێتیمانە، نیشتمان بەرپرسیارێتیمانە، پێویستە لەپێناو وڵات کاربکەین". ئەمڕۆ یەکشەممە بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەسندکردنی یاسای کچان و ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لیژنەی دیالۆگ و ئاشتیی کۆمەڵایەتی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری رزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM"، کۆنفڕانسێکی لە بەغدا بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی رێکخست. مستەفا کازمی لە وتارێکدا رایگەیاند: "ئەو تاوانەی دەرهەق بە کچ و ژنانی ئێزدی کرا پەڵەیەکی گەورەیە بە مێژووی چەتەکانی داعشی تیرۆریست و هەموو گرووپە تاریکپەرستەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بەو بیرۆکانە فەرمانڕەوایەتی دەکەن کە کاتیان بەسەرداچووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر مەترسیی بیری یەکلاییان و پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەوەی روویدا". هەروەها وتی، "پێویستە رێز لەو کەسانە بگرین کە رزگاریان بوو و خۆڕاگربوون و تاوانەکانەیان بۆ گێڕاینەوە، هەروەها ئەوانەشی کە دووپاتیان کردەوە ئەو گرووپە چەتەیە ئایینییان وەکو پاساوێک بەکارهێناوە بۆ بەدیهێنانی ئامانج و پڕۆژەگەلێک کە عێراق و ناوچەکە و جیهانی پێوێران دەکەن، ویستیان ئاین بەکاربهێنن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانیان و ئایین لێیان بێبەرییە". مستەفا کازمی راشیگەیاند: "ئەو تاوانە رکابەرایەتییەک بوو بۆ هەڵوێستی مرۆییانەی جیهانی، نەوەک بە تەنها لە عێراق، بەڵکو هاوسۆزی و کارلێکێکی مرۆیی جیهانی لەگەڵ نەهامەتییەکان ئەو تاوانە هەبوو". بەپێی نوێترین ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی لە ساڵی 2014دا شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرابوون، سێ ھەزار و 548 یان کچن و دوو ھەزار و 869 یان کوڕن، سێ ھەزار و 552 ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون کە ھەزار و 207یان کچ و ئافرەتن، 339یان پیاون، ھەزار و 50 یان کچن و 956 دیکەیشیان کوڕن. سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتیشی: "حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی بەردەوامن دژ بەهەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لەو تاوانە کردووە و توانیومانە بگەینە ژمارەیەکی زۆر لەو تاوانبارانە، ئێستا بەشێکیان لە گرتووخانەکاندان و هەندێکی دیکە سزایان بۆ دەرچووە و حکومەت راوەدوونان و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی سووکایەتییان بە خوێنی عێراقییەکان کردووە لەهەرکوێیەک بێت لە عێراق بێت یان لە دەرەوەی خستووەتە ئەستۆی خۆی". دەشڵێت، "دەوڵەت پێویستی بە یاسای زیاتر هەیە بۆ پاراستنی ژنان و کچانی رزگاربوو و رێگەگرتن لەوەی روویدا". سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا لەبارەی رەوشی عێراقیشەوە قسەیکرد و وتی، "داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم کاربکەن و بەخێراترین کار حکومەت پێکبهێنن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی و لەنێویاندا رزگاربووانی ئێزدییەکان، رێزگرتنی وادە دەستوورییەکان رێزگرتنی دەستوور و رێزگرتنە لە لۆژیکی دەوڵەت و رێزگرتنی پێویستییەکانی خەڵک". هەروەها دەڵێت، "پێویستە بەدوای چارەسەری لۆژیکی بگەڕێن کە وێنای پێگەیشتووی سیاسیی هەمووان وێنا بکات، هەروەها نیشاندەری ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکان بێت بەرامبەر بە ئەرکەکانیان و بوونیان لە پەرلەمان بێت یان لە دەرەوەی پەرلەمان". سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پرسە سیاسییەکانی عێراق قسەی کرد و لەو کۆنفرانسەدا وتی، "پێویستە لەسەر هێزە سیاسییەکان بەخۆیاندا بچنەوە بۆ ئەوەی ئەو قوناخە تێپەڕێنین، ئەمڕۆ قەیرانێکی جیهانی هەیە کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکانی جیهان هەیە، لەپاڵ ئەو قەیرانە، ناوچەکەمان زۆر قەیران و کێشەی ئاڵۆزی تێدایە، بەڵێ ئەم دیمەنە تاریکە، بەڵام ئومێد هەیە و دەتوانین کە دیمەنەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن و دەرفەتیش هەیە، ئەم دەرفەتە ناکرێت بەشێوەیەکی کردەیی بە حکومەتی کاربەڕێکەر جێبەجێ بکرێت". لەکۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "قەیرانی ئێستا سیاسییە، کرانەوەی سیاسی واتە کرانەوەی حکومەتیش، بەو پێیە پێویستە حکومەتێکی بەرهەمداری کاریگەر پێکبهێنرێت کە خزمەتی هاووڵاتی بکات لەم قۆناخەدا و بتوانێت ئاسایش و ئاسایشی خۆراک بونیادبنێت". سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رووی دەمیشی کردە سیاسەتمەدران و دەڵێت، "بە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەڵێم، هاووڵاتی بەرپرسیارێتیمانە، نیشتمان بەرپرسیارێتیمانە، پێویستە لەپێناو وڵات کاربکەین و بڕۆین بۆ قۆناخێکی نوێ لەپێناو ئایندەی عێراق و رۆڵەکانی و نەوەکانی".
هاوڵاتى زیندانیانی شیڵادزێ لهنامهیهكدا رایانگەیاند:" ڕهوشی تهندروستیان زۆر خراپهو بهشێك لهزیندانیانیش دوچاری نەخۆشی پێست بوونو جهستهیان بریندارەو بەدروشمی "یان مردن یا ئازادی" دەستیان بەمانگرتن کردووە". دهشڵێن:"لەسەرەتای ڕفاندنمان لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بەتوندی ئەشکەنجدراوینو لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێکردوینو ڤیدیۆ کراوینو بڵاویشى دەکەنەوە". "تکایە فریامان کەون، لەژێر ئازارا خەریکە لێرە دەمرین" "زیندانیانی شێلادزێ رهوشی تهندروستيان زوور خراپه بهشێك له زيندانيان دوچاری نەخوشی پێست بوون و جهستهيان بریندارە و بە دروشمی یان مردن یا ئازادی دەستیان بە مانگرتن کردوە و داوای بەھانەوە چونیان دەکەن" بۆ/ ڕای گشتی دوای تێپهربونی زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگ زياتر لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەلکی شێلادزێن ماوهی ٢٠ رۆژە و چواریشیان ماوەی ٣ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردوە لە خواردن و دۆخیان زۆر خراپە و رونکردنەوە و داواکاریان لە زیندانەوە بۆ رای گشتی دەخەینەروو: (رونکردنەو داواکاری زیندانیان وەک خۆی دادەنێم) یەکەم: لەسەرەتای ڕفاندنمان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشدەکەنەوە. دووەم: بێ جگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت. سێیەم: لەکاتی لێکولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە. چوارەم: ئەمجەد رێکانی ماوەی ٢٠ رۆژە و ئێمەش ماوەی ٣ێ رۆژە دەستمان بە مانگرتن کردوە لە خواردن، دۆخی تەندروستیمان و بەتایبەتی ئەمجەد زۆر خراپە. لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین و داواکارین لە UN، رێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەلکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواکارین: یەکەم: بە زووترین کات رێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەکانمان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنمان دیاری بکرێت. دوهم: نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی بێن لە نێزیکەوە سەیری دۆخەکەمان بکەن. ناو و رۆژی رفاندنی کچالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون مەحمود ناجی صديق (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠ کوڤان طارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠ یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠ ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠ نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠ بۆ مێژوو و ڕای گشتی تەحەدا دەکەین زیندانیانی شێلادزێ و بادینان یەک تاوانیا نیە و ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازادبکرێین تەنیا تاوانیان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێکی مەدەنی بوە، بویە تکایە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان ناشیریتر مەکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن . تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین. گروپی کەسوکاری زیندانیانی بادینان ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٢