هاوڵاتی لە پێنجەمین كۆنگرەی ئاسایی هەدەپەدا هەریەك لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بە هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە و 43 كەسیش وەك راوێژكاری ئەو پارتە هەڵبژێردران. ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، پێنجەمین كۆنگرەی ئاسایی هەدەپە بە دروشمی "ئێمە چارەسەرین" بە بەشداریی هەزاران ئەندام و لایەنگری پارتەكە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە كۆنگرەكەدا هەریەك لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بە هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە. هەروەها 43 ئەندام لە توێژە جیاوازەكان وەك ئەندامی راوێژكاری هەدەپە هەڵبژێردران كە ئەمە یەكەمین هەنگاوی ئەو حزبەیە بۆ گۆرینی هەیكەلی كاری حزبایەتی كە دەستەیەكی راوێژكاری دابەمزرێنن و لەرێی كۆنگرەوە دەنگیان پێبدرێت. مەحفوز گولەریوز، هاوسەرۆكی كاروباری ڕێكخستنی هەدەپە لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانی كۆنگرەكەدا وتی:" بەڵێن دەدەین ناوەندی فاشیزمی ئەنقەرە بگۆڕین بۆ ناوەندێكی دیموكراسی". پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لە ساڵی 2012ـدا دامەزراوە، سێیەم گەورەترین فراكسیۆنە لە پەرلەمانی توركیا و زۆرترین دەنگدەری هەدەپە كوردن.
هاوڵاتی ئەندامێكی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە ڕایگەیاند:"بە هەموو هێزمانەوە بەرخۆدانی مێژوویی دەكەین و پیلانەكانی دەوڵەتی تورك تێكدەشكێنین". ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز لەبارەی كۆبوونەوەی ٢٩ی حوزەیرانی ناتۆوە، ڕایدەگەیەنێت، كە ئەو سازشانەی بۆ توركیا كراون و ئەو بڕیارانەی لەو كۆبوونەوە باڵایەدا دراون، بەشێكن لە چەمكی دژ بە گەلی كورد، راشیگەیاند:" ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا جارێكی دیكە لەسەر پێداگریی دەوڵەتی تورك لە دژی داواكارییە ئازادییەكانی گەلی كورد یەكدەگرن، لە بنەڕەتیشدا بە پێچەوانەی داواكاری و خواستەكانی دەوڵەتی تورك دەجوڵێنەوە، ئەوانەی ئەم بڕیارە دەدەن خۆیانن و نایانەوێت دۆزی گەلی كورد سەربكەوێت، هەروەها دەوڵەتی تورك وەك ئامرازێك بۆ شەڕكردن لە دژی گەلی كورد بەكاردەهێنن". هەروەها دەشڵێت:" ئەگەر دەوڵەتی تورك پشتگیرییەكی كارای لە ناتۆ وەرنەگرتایە، ئەوا ئێستا گەلی كورد لە دۆخێكی جیاوازدا دەبوو، داخوازییان بۆ ئازادیی بەدیدەهات و جێبەجێ دەكرا. بە واتایەكی تر ناتۆ لە ساڵانی ١٩٨٤ەوە لە دژی بزووتنەوەی كورد شەڕ دەكات و دەیەوێت گەلی كورد لەناوببات، ئەمەی كردووە بە پێوانە و دەستوور و یاسای بنەڕەتیی خۆی، كە هەموو وڵاتان بەشداریی بەشداریی پێبكات بۆ لەناوبردنی كورد". " ناتۆ بۆ بەشداربوونی سوید و فینلاند لە ڕیزەكانیدا، بڕیاری خۆی نوێدەكاتەوە و وتی: وڵاتانی ناتۆ بە سویدیان وت ‘مادام تۆ دەتەوێت بێیتە ناو ناتۆوە، ئەوا ئێوەش مۆر و ئیمزای خۆتان لە ژێر ڕێككەوتنی شەڕی دژ بە كورد بدەن، ئەویش قبوڵی كرد و بەشداربوو، ئاڵدار خەلیل وا دەڵێت. ئاڵدار خەلیل لە بەردەوامیی قسەكانیدا ئەوەشی وت:" ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەكی دیموكراتییە كە داوای ئازادیی گەلی كورد دەكات، هەرگیز مرۆڤایەتیی بێزار نەكردووە، بەتایبەتی هێزەكانی ڕۆژئاوا لە دژی داعش وەستاونەتەوە و شەڕیان كرد، كە لەو كاتەدا هیچ كەسێك نەیدەتوانی شەڕی داعش بكات، ئەو خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە، ئەوان لە دژی گەورەترین تیرۆر و لە دژی فاشیزم شەڕیان كرد، هاوكات شۆڕشێكی دیموكراتییان ئەنجامدا". لەبارەی هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ داگیركردنی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش، ئاڵدار خەلیل وتیشی:" دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە پێداگرن و دەیانەوێت تەواوی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر بكەن، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە ئاشكرا نەخشەیەكی بە قووڵایی 30 كیلۆمەتری نیشاندا، كە تەواوی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە ئامانج گرت و وتی “هەموو ئەم ناوچەیە بۆ من دەبێت”، كەس لەوێ دەنگی نەكرد و ئەمە مانای ڕەزامەندییە، لەگەڵ بڕیارەكەی سوید و فینلاند لە ڕێگەی ناتۆوە، وڵاتانی زلهێز “بەڵێ”یان دایە دەوڵەتی تورك و گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساند". ئاڵدار خەلیل باسی لەوەشكرد:"بۆ ئەوەی ئێمە پێكەوە دەستكەوتەكانمان بپارێزین، پێویستە بە هەموو هێزمانەوە بەرخۆدانی مێژوویی بكەین و پیلانەكانی دەوڵەتی تورك تێكبشكێنین، هاوكات پێویستە ناوچە داگیركراوەكان ئازاد بكەین و تاوەكو دەوڵەتی تورك لە خاكەكەمان دەربكەین".
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا تاوتوێ دەكات. ئەمڕۆ یەكشەممە 3 ی تەمموزی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ كارل هاریس جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كرد . بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، لە دیدارەكەدا دوایین پەرەسەندنەكانی شەڕی تیرۆر و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی عێراق و سوریا تاووتوێ كرا و جەخت لە گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق. هاوكات، چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانیان بووە.\
هاوڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" وەعدێكمان بە خەڵكی كوردستان داوە كە خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بین". ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای كردنەوەی دوو نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی، رایگەیاند:"سوپای وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەكەم نەك تەنها بۆ كردنەوەی ئەم دو نەخۆشخانەیە، بەڵكو بۆ ئیدارەدانی دۆخی تەندروستی سەرەڕای ئەم هەمو فشارانەی كە كەوتونەتە سەر هەرێمی كوردستان كە لەسەردەمی كۆرۆناوە بیگرە تا قۆناغەكانی دوای كۆرۆنا". ناوبراو راشیگەیاند:" ئێستا كێشەی كۆلێراو سكچونی هاتوەتە سەر لە هەمو ئەم تەحەدایانە كەرتی تەندروستی لەسەر پێی خۆی وەستا و توانی روبەڕوی ئەو هەمو تەحەدیاتانە ببێتەوە، كە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و كارمەندانی تەندروستی". فوباد تاڵەبانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە "سەرۆك وەزیران، بەندە، وەزیری تەندروستی، بریكاری وەزارەتی و هەمو ئەوانەی كە بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە وەعێدێكمان بە خەڵكی كوردستان داوە كە خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بین و گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی بەشێكە لەو بەڵێنە، كە ئێمە دەبێت خزمەت بگەیەنین بە هاوڵاتیان". هاوكات، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی روونكردەوە كە ژێرخانێكی بەهێزی تەندروستی هەیە لە هەرێمی كوردستان و سلێمانی، سەرەڕای ئەو فشارە داراییانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە بەڵام نەبوەتە رێگر لەبەردەم پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی.
هاوڵاتی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بە بەشداری 50 هەزار كەس دەستیپێكرد و زیاتر لە سەد شاندی نێودەوڵەتی بەشدارن لە كۆنگرەكەدا. ئەمڕۆ، یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، پێنجەمین كۆنگرەی گەورەی ئاسایی هەدەپە لە هۆڵی وەرزشی لە ئەنقەرە بە دروشمی "ئێمە چارەسەرین، بەڵێنمان هەیە" دەستیپێكرد. نزیكەی 50 هەزار كەس بەشداری كۆنگرەكە دەكەن و زیاتر لە سەد شاندی بیانی و پارتە توركی و كوردییەكان بەشدارن، جگە لە مەهەپە، ئاكەپە و پەدەكە. هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو لە كەساتی سیاسی، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكانی ژنان بەشدارن. سەرەتای كۆنگرەكە بەخولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرە هەڵبژێردران، كە لە پێنج كەس پێكهاتوون و سێ ژن و دوو پیاون. مەحفوز گولەریوز، هاوسەرۆكی كاروباری ڕێكخستنی هەدەپە لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانی كۆنگرەكەدا وتی:" بەڵێن دەدەین ناوەندی فاشیزمی ئەنقەرە بگۆڕین بۆ ناوەندێكی دیموكراسی". لە كۆنگرەكەدا هەزار و 50 ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە و یەك ڕۆژ دەخایەنێت، تێیدا جگە لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی گشتیی هەدەپە، ئەنجومەنی هەدەپەش هەڵدەبژێردرێت. هاوكات لە كۆنگرەكەدا بڕیارە دەستەیەكی ڕاوێژكاریی گەورە پێكبهێنرێت، كە نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی بازنە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت.
هاوڵاتی تەقینەوەیەك لە ریستۆرانتی كەستانەی شاری سلێمانی لە سەهۆڵەكە روویداوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بەهۆی تەقینی غازەوە بووە و تا ئێستا دوو كارمەندی كافتریاكەو سێ كارمەندی بەرگری شارستانی بریندارن. لە سەرەتای كردنەوەی كافتریاكەدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ریستۆرانتەكە گرفتی سیستمی غازیان هەبووە، پاشان نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن. دواتر داوایان لەو كەسانە كردووە كە لە ریستۆرانتەكەدا بوون شوێنەكە جێبهێڵن و خۆیان هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەیان داوە. ئەوەشی خستەڕوو، پاشان گرفتەكەیان پێچارەسەرنەكراوە و بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازەكەوە دوو كارمەندی ریستۆرانتەكە برینداربوون و بەشێكی جەستەیان سووتاوە و سێ كارمەندی بەرگری شارستانی سلێمانیش تووشی هەناسەتەنگی بوون.
هاوڵاتی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لەهەرێمی كوردستان دیاری كراوە بۆ مانگی رابردوو كە پارێزگای دهۆك 19 بۆ 20 هەزارو هەولێر 18 بۆ 20 هەزارو سلێمانی 15 هەزارو 500 بۆ 17 هەزارو 500 دینارە. ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، لیژنەی سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بۆ هەژماركردنی نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان كۆبونەوە و بەپێی نرخی گازوایل و كاتژمێرەكانی كاركردن نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی رابردو (حوزەیران) لە نێوان (15.500) دینار بۆ (17.500) دینار دەبێت، بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدەكان لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە، نرخەكان جیاواز دەبێت. هەروەها لە پارێزگای هەولێر یەك ئەمپێر كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لەنێوان 18 بۆ 20 هەزارو پارێزگای دهۆك 19 بۆ 20 هەزار دیناردایە. پاش 31 ساڵ لە حكومرانی و 9 كابینەی حكومەتی هەرێم، نەیتوانیوە پێدانی كارەبا بكاتە 24 كاتژمێری و لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان بە مۆلیدەی ئەهلی كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان.
هاوڵاتی هێزێكی زۆری میلیشیاكانی نزیك سوپای توركیا بە چەك و تانك و زرێپۆشەوە رەوانەی سنووری شارۆچكەی تەل رەفعەت كراون بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان. ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022ن ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی توركی كە سەر بە حزبەكەی ئەردۆغانە بڵاویكردووەتەوە كە "كاروانی سەربازیی هێزەكانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" میلیشیاكانی سەر بە ئەردۆغان لە شارۆچكەی عەزاز باكووری سووریاوە بەڕێكراوە، چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، مووشەكهاوێژی فرەلوولە و تۆپی هاوەن لەخۆ دەگرێت. ئامادەكاریان كردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی. دوای ئەوەی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیا داگیركرا، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شارەكە ئاوارە بوون و بەشێكیان لە تەل رەفعەت نیشتەجێبوون. پێشتر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەنجومەنی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار تەل رەفعەت لەلایەن تۆپخانەكانی توركیا تۆپباران كراوە و هێزەكانی سوریای دیموكرات وڵامیان داونەتەوە. چەند جارێك ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازییان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كردووە و جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڵێنی داوە كە وانەیەك بدەنە سوپای توركیا و بەرگری لە خاكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بكەن.
هاوڵاتی فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند كە هێزەكانی سوپای عێراق ویستویانە لەسەر رێگای سەرەكی قادر كەرەم - دوزخورماتو بازگە دابنێن، بەڵام پێشمەرگە رێگریی لێكردون. محەمەد چەوری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەناحیەی قادر كەرەم رایگەیاند، هێزێكی سوپای عێراقی هاتونەتە سەر رێگای سەرەكی (قادر كەرەم - دوزخورماتو) لەنزیك نەوجول، ویستویانە لەنزیك هێزەكانمان بازگە دابنێن، بەڵام پێشمەرگە رێگەیان پێ نەداوەو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كردووە كە بۆچی هاتونەتە ئەو شوێنە." هەروەها راشیگەیاند:"هێزەكەی سوپای عێراق لەوەڵامدا وتویانە، دەیانەوێ بازگەیەك دابنێن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە رەتیان كردووەتەوەو پێیان راگەیاندون نابێت بازگە لەنزیك هێزەكانی پێشمەرگە دابنێنو رێگەپێدراو نییە. فەرماندەكەی هێزی پێشمەرگە ئەوەشی دووپاتكردەوە هێزەكەیان ناچار بەكشانەوە كردووە.
سەركۆ جەمال پەنجا ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك تێدەپەڕێت، هاوسەری پێنجەمی بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» هەموو گۆرانیەكانی بۆ من وتووە». كاتێك باس لەهونەری میوزیك و گۆرانیی كوردی دەكرێت، حەسەن زیرەك بەیەكێك لەئەستێرە هەرە درەوشاوەكانی هونەری كوردی دادەنرێت كە تائێستاش گۆرانییەكانی بە زیندوویی ماوەتەوە. حەسەن زیرەك لە 29ی تشرینی دووەمی 1921 لە دایكبووە، دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی زێدی ئەو هونەرمەندە هەیە، یەكێكیان بۆ بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی دەگەڕێننەوە، ئەوی دیكەشیان بۆ گوندی هەرمێلەی سەقز. جگە لەوتنی، حەسەن زیرەك تێكست و ئاوازی بۆ گۆرانیەكانیشی داناوە، بەهۆی دەنگە خۆش و هونەرە بەرزەكەیەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان ناسراوە، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان. ئەو هونەرمەندە لەتەمەنی منداڵییەوە گۆرانی وتووەو بەهۆی ئەوەی لێهاتوو بووە، بەزیرەك ناسراوە، بەهۆی رووداوێكەوە رووی كردووەتە باشووری كوردستان، لە 1953 دەچێتە بەغداو هونەرمەند عەلی مەردان دەبینێت، بۆ یەكەمجار دەنگی لە رادیۆی بەغدا تۆمار دەكرێت، دواتر چەندین بەرهەمی دیكەی لەو رادیۆیە تۆماركردووە و ئەوەش هۆكارێكی دیكەی بەناوبانگبوونی بووە. هونەرمەند حەسەن زیرەك لە 1958 گەڕاوەتە ئێران و لە رادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز گۆرانی وتووە، هەر لەو ساڵەدا، میدیا زەندی، میدیاكاری كورد دەناسێت و ژیانی هاوسەری لەگەڵدا پێكدەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت. زیرەك شیعری بەشێك لەشاعیرانی كوردی لەبەرهەمەكانیدا بەكارهێناوە، لەوانە نالی، وەفایی، پیرەمێرد، هێمن، سەید كامیل ئیمامی، كوردی و هەردی. لەبەرهەمە بەناوبانگەكانی ئەو هونەرمەندە، «نەورۆز»، «وەك قومری»، «كەتانە»، «هەی نار»، «كرماشان شاری شیرینم»، «ئەمان دكتۆر» و «ئەسمەر» ن. حەسەن زیرەك لە 26 حوزەیرانی 1972 بۆ دواجار چاوی لێكنا، بەڵام هونەرەكەیی هەر زیندووە، پاش كۆچی دوایشی لەبۆكان بەخاكسپێردرا. لەرۆژهەڵات و باشوری كوردستان بەگۆرانی و میوزیك و گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی 50 هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەك بەرزڕاگیرا. لەسلێمانی لەچەند شوێنێك لەیەك كاتدا یادی حەسەن زیرەك كرایەوە، رابیعەخان هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك، لەیەكێك لەمەراسیمەكان ئامادەبوو، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» حەسەن زیرەك، لەزەماوەندێكدا منی ناسی و عاشقم بوو دواتر ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا، ئەو قوتابخانەیەكی جوانی بۆ تەواوی جیهان جێهێشتووە، بە نەخوێندەواری خۆی ئەو گۆرانیە جوانانەی وتووە، هەموو كەس لێی رازی بووە». هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك كە بەوتەی خۆی كۆتا هاوسەری بووە، داوا دەكات ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە لەیاد نەكرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت هیچ كوڕێكی نەبووە، تەنها دوو كچی هەیەو ئەوانیش لەتارانن. وەك رابیعەخان دەڵێت:»حەسەن زیرەك هەزار و 800 بەرهەمی هەبووە، ئێستاش زیاتر لە 800 بەرهەمی بەتۆماركراوی ماوەتەوە». هەروەها وتیشی:» حەسەن زیرەك تەنیا دەفێكی جێماوە تاخۆم بمێنم بە كەسی نادەم». لەوەڵامی پرسیارێك كە ئایا حەسەن زیرەك هیچ گۆرانییەكی تایبەتی بۆ وتووە، رابیعەخان وتی:» ئەرێوەڵا تا بەیانی گۆرانی بۆ دەوتم، وەكو كراس رەشێ و لەسیلەی قەبران و هەموو گۆرانیەكی بۆ دەوتم هیچ گۆرانیەكیم لەیادناچێت». «من پێنجەم هاوسەری حەسەن زیرەكم، ئەو كەسایەتیەكی زۆر ئاغا بوو، رێزی بوو لەهەموو جێگایەك كەس لێی ناڕەحەت نەدەبوو، منیش هەمووكات لەخزمەتی بووم و نەمهێشتووە بەتەنیا بێت، منداڵەكانی لای من نەبوون، لای دایكی خۆیان بوون، سێ بۆ چوار مانگ نەخۆش بوو، كۆتا قسەی وتی رابە گیان دوای پرسەكەم بچۆرەوە ماڵی باوكت و زوو زوو بێرە سەر گۆڕەكەم»، رابیعە وای وت. هاوكات، هونەرمەند سەڵاحی خزری بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە زیرەك نازناوێكی زۆر شیاو بوو بۆ حەسەن زیرەك، یەكێك لەبەختەوەرترین گۆرانیبێژانی كورد بووە، ئەو خۆی خۆی پێگەیاندووە لەسفرەوە هەتا سەد، لەگەڵ گەورەترین ئۆركێستراكانی ئەوكات گۆرانی وتووە، هەمیشە شانازی بەكوردبوونیەوە كردووە پێویستە كوردیش شانازی پێوەبكات. هاوڕێ كوڕی رابیعە خان، هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك ئەوەی خستەڕوو كە ماڵی سۆفی كەریم هەموو ساڵێك یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە لەڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان هەمیشە یاد دەكرێتەوە، وتیشی:»زۆر گۆرانی حەسەن زیرەك هەیە بڵاونەكراونەتەوە و لای ئەو بنەماڵەو شوێنانەن كە تێیدا تۆماركراوە، ئەوەی تائێستا تۆماركراوە زیاتر لەهەزار گۆرانی تۆماركراوی هەڵگیراوە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوەندەی زانیاریم هەیە حەسەن زیرەك تەنیا پێنج جار هاوسەرگیری كردووە.
هاوڵاتی بانكی ناوەندی عێراق پێشبینی دەكات یەدەگی دراوە بیانیەكانی لە 70 ملیار دۆلارەوە بگەیەنێتە 90 ملیار دۆلار و ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە ناتوانن بەهای دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار دەستكاری بكەن. ئەمڕۆ شەممە 2ی تەموزی 2022، عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە ئێستادا یەدەگی دراوە بیانیەكان زیاتر لە (70) ملیار دۆلارە و پشبینی دەكەین تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە (90) ملیار دۆلار". هەروەها راشیگەیاند:" لە ئێستادا ناتوانن نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بگۆڕن و هیچ بیانویەك نییە بۆ گۆڕانكاری كردن و دەستكاری كردنی". خەڵەف ئەوەشی دووپاتكردەوە كە دابەزاندنی نرخی دۆلار پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە و ئەگەر دایبەزێنن ئابوری وڵات دوچاری داڕمان دەبێت و ئەو بابەتە پەیوەستە بە سیاسیەتی نەختینەی وڵاتەوە. لەنێو پەرلەمانی عێراق هەوڵێكی پەرلەمانتاران هەیە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی. لە كانونی یەكەمی 2020 بە بڕیاری بانكی ناوەندنی حكومەتی عێراق نرخی سەد دۆلاری ئەمریكی لە 120 هەزار دینار بەرزكرایەوە بۆ 145 هەزار دینار.
هاوڵاتی ترس و تۆقین لە قەناسی گەریلا وای لە سوپاكەی ئەردۆغان كردووە بە فرۆكەو تەكنەلۆژیای پێشكەوتووش ناتوانن تەرمی سەربازەكانیان كۆبكەنەوە. گەریلاكان لە ئەشكەوتی برینداران ڕایانگەیاند نزیكەی ٢٠ ڕۆژە بەلانیكەمەوە تەرمی بیست سەربازی سوپای توركی داگیركەر لە بەردە كون لە هەرێمی زاپ بەجێماون و سوپای تورك لە توانایدا نییە كۆیان بكاتەوە. لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، لەوكاتەوە تائێستا جەنگێكی قورس لە نێوان گەریلاكانی ئازادیی كوردستان و سوپای داگیركەری توركدا بەڕێوەدەچێت. "سەربازانی سوپای تورك بە هەڵدانی چەتر و لەبەركردنی جلوبەرگی دژە باران، هەوڵیاندا لە ناوچەكە ڕابكەن بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی هێزەكانی گەریلا، بەڵام سەربازانی تورك نەیاندەزانی چەتر لە جەنگدا بەكاربهێنن و كاتێكیش ڕایاندەكرد، دەبوونە ئامانج، راگەیاندنی هەپەگە وا دەڵێن. هەروەها ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە "سەربازانی سوپای تورك كوژراوەكانی خۆیان بەرەو بەردە كون برد، لە شوێنێكی دوور لە زنجیرە چیاكان، كە تونێلی جەنگیان تێدا دروست كراون، ناچاربوون بڵاوە بكەن". گەریلاكان لە ئەشكەوتی برینداران ڕایانگەیاند، لە بەردە كون زیاتر لە ٢٠ تەرمی سەربازان هەیە، كە بە حەسیر و جلوبەرگی دژە بارانی شاردونیانەتەوە تاوەكو لە سروشتدا بە ئاسانی نەبینرێن. بەهۆی ئەوەی گەریلاكان ڕێگەیان نەدا هەلیكۆپتەرە سكۆرسكییەكان بچنە ناوچەكە، ماوەی ٢٠ ڕۆژە تەرمی سەربازەكان لە ناوچەی بەردە كون بەجێماون. "سوپای تورك نەیدەوێرا لە ناوچەكە پێشڕەویی بكات و تەرمەكانی بباتەوە و لە هەوڵەكانیدا شكستی هێنا، بۆیە جەردەوانان (جاش)ەكانی بۆ كۆكردنەوە و بردنەوەی تەرمی سەربازەكانی خستە كار، بەڵام هەرچەندە هەوڵیدا جەردەوانەكانیش نەیانتوانی تەرمەكان ببەنەوە و لەوەشدا سەركەوتو نەبوون". سوپای تورك لەبارەی چارەنووسی ئەو سەربازانەوە هیچ لێدوان و ڕاگەیاندراوێك بڵاوناكاتەوە، كە هێناونی بۆ ناوچەی ئەشكەوتی برینداران لە زاپ، بە پێچەوانەوە بۆ شاردنەوەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی لە ناوچەكە، هەمیشە هەواڵی ساختە بڵاودەكاتەوە.
هاوڵاتی عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" ئێستا گازوایلی لاناز ڕۆژانە ڕەوانە توركیا دەكرێت، بۆ ناوخۆش لە ڕۆنی پاشماوەی ئۆتۆمبیل و چەند ماددەیەكی كیمیاوی مەترسیدار لە گۆڕەپانە بێمۆڵەتەكان (گازوایل ) دروستدەكرێت". عەلی حەمەساڵح لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی گازوایلی لانازەوە ئەمڕۆ یەكشەممە ئەمڕۆ شەممە 2ی تەموزی 2022، بڵاویكردەوە، "پاڵاوگەی لاناز، بە كوالێتیەكی زۆر باش بەنزین و گازوایل بەرهەمدەهێنێت و نەوتی خاو لە سوریاو عەینزالەوە دابین دەكات، واتا، نەوتی خاو نرخێكی گران ناكەوێت لەسەری.. تا بەرهەم بە بازرگانی بفرۆشێت". هەروەها دەشڵێت:" ئێستا گازوایلی لاناز ڕۆژانە ڕەوانە توركیا دەكرێت، بۆ ناوخۆش لە ڕۆنی پاشماوەی ئۆتۆمبیل و چەند ماددەیەكی كیمیاوی مەترسیدار لە گۆڕەپانە بێمۆڵەتەكان (گازوایل ) دروستدەكرێت بەوەش گرانی گازوایل لە نێوخۆو خراپی كوالێتی مەترسییەكی گەورەیە". عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستۆتەروو كە لاناز، ئێستا بەنزین بەرهەمدەهێنێت، بە كوالێتی باش، ئەم بەنزینە بە بازرگانی و بەنرخێكی گران دەفرۆشرێت ئەمڕۆ لیترێك بە كۆ” جوملە” دراوە بە هەزارو 210 دینارو حەوت ملیۆنی فرۆشتووە.
هاوڵاتی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت:" پێویستە پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسایەك بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێكبخات، نەك تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو لەنێوان هەموو پارێزگاكان كە بەرهەمی نەوتیان هەیە". مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی وەفدی میسڕیدا رایگەیاند:" ئەگەر حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، كاتێكی زۆرمان بۆ دەگەڕایەوە و زۆربەی كێشەكانیش چارەسەر دەبوون". هەروەها راشیگەیاند:" هێز هەیە كار بۆ ئەوە دەكەن یاساكە بەشێوەیەكی نیشتمانی و بە كۆكبوونی هەموو عێراقییەكان دانەڕێژرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بابەتەكە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی." مەسعود بارزانی بەپێویستی دادەنێت كە پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسایەك بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێكبخات، دەشڵێت:" نەك تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو لەنێوان هەموو پارێزگاكان كە بەرهەمی نەوتیان هەیە". هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دۆخی ئێستای عێراق سەختە، دووچاری قەیرانێكی قوڵ بووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دروستبووە.
