هاوسەرۆکی پژاک کە بە پارتێکی نزیک لە پەکەکە دادەنرێت رایگەیاند، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و ئەوان چەک دانانێن.   ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کەناڵی (ئاریەن تیڤی)دا باسی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ئەو قۆناخەی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە ئێمە بە گرنگ و ئەرێنی دەزانین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".   پژاک هەمان ئایدۆلۆژیا و سیستمی بەڕێوەبردنی پەکەکە پەیڕەو دەکەن و ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دەزانن. هاوسەرۆکی پارتەکە لەبارەی داوای ئۆجەلان بۆ چەکدادان لە پەکەکە و پەسەندکردنی داواکەی گوتی: "بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڕیاری خۆیانە وەکو پارتێک، بڕیاری پژاک لەو بارەیەوە جیاوازترە و ئێمە ناگرێتەوە".   ئەمیر کەریمی گوتی: "ئێمە وەکو پژاک نە چەک دادەنێین، نە خۆمان هەڵدەوەشێنینەوە، ئەوە بە ئاشکرا دەڵێین".   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی پژاک، کە وەکو خۆیان دەڵێن خەباتی ئەوان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانە، گوتی: "ئێمە لایەنگری ئەوەین هەموو کێشەی کورد بێتە مەیدانی سیاسەتەوە لە هەموو ناوچەکاندا، ئەو چەکەی لەدەستماندایە چەکی خۆپاراستنە نەک شەڕکردن".   بە گوتەی ئەمیر کەریمی: "پژاک بنەما ستراتیژییەکەی خەباتی چەکداریی نەتەوەیی کلاسیک نییە و لەپێناو خۆپاراستنی رەوادایە؛ بەرنامەشمان نییە هێرش بکەین و لە 2011ـەوە ئاگربەستمان راگەیاندووە و گوتوومانە، هێرشمان لەسەر نەبێت چالاکی ناکەین".   قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک لەکاتێکدایە، 12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە.   دوای کۆنگرەکە پەکەکە رایگەیاند، "لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد".  

رۆژنامەی (المدی) لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە لایەنە شیعەکان پێیانوایە  هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ بەهار یان هاوینی (2026)دوادەخرێت بەهۆی پێشهاتی كتوپڕ کە ڕەنگە بەم زووانە رووبدات. بڕیارە وایە لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی  هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن كۆتوبەند بکرێن. مانگی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا پێش کۆتایی ساڵ بەڕێوەدەچن. بەڵام لە پشتی پەردەوە زانیاری لەسەر "دابەشبوون" لە نێوان دوو دیدگادا دزەپێدەکرێت، یەکێکیان نوێنەرایەتی تیمەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دەکات، ئەوی تریان بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق. سودانی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو رایگەیاند، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. بەڵام بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، رەنگە مانەوەی ئەم وادەیە وەك خۆی قورس بێت بەهۆی ئەو پێشهاتە كتوپڕانەی کە لە دوای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە روودەدەن. بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە چوارچێوەی شیعەکان، پێشهاتە كتوپڕەكان لەگەڵ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ خۆ کاندیدکردنی بەرپرسانی حكومەت روودەدات. مەرجەکان بریتین لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان لە پۆستەکەیان (4 یان 6)مانگ پێش هەڵبژاردن. بڕیارە هەوڵەکان بۆ دواخستنی دانیشتنەکە لە دوای ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستپێبکات، کە پەرلەمان دوای پشووی یاسادانان کۆدەبێتەوە. لایەنگرانی محەمەد شیاع سودانی لە پەرلەمان توانیان دانیشتنەکان پەکبخەن و نیسابی یاسایی بشکێنن، بە وتەی نەیارەكانی، بۆ ئەوەی رێگری لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکەن. پێشتر محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەكە،  پێشبینی کردبوو کە وادەی هەڵبژاردن چەند مانگێك دوابخرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا روویدا، کاتێک وادەی هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە دواخرا. ئەگەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەربکرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەبێت پلانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخە نوێیەکە دابڕێژێت، ئەمەش بە مانای دواخستنی هەڵبژاردنەکان لانی کەم بۆ ماوەی شەش مانگ. لە ماوەی دواخستنەکەدا رێگە بەو بەرپرسانە دەدرێت کە دەیانەوێت خۆیان بۆ کاندید بکەن، دەست لەکاربکێشنەوە لە پۆستەکانیان، ئەمەش حکومەت دەگۆڕێت بۆ حکومەتێکی كاربەڕێكەر. لە رووی یاساییەوە حکومەت لە ماوەی كاربەڕێكەریدا بە توندی سنوردار دەکرێت لە خەرجکردنی پارە و بڕیاردان. بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، لایەنە شیعەکان باڵا دەستەكان كە کۆنترۆڵکردنی پۆستە جێبەجێکارەکان و زۆرینەی پەرلەمانیان كردووە گلەیی ئەوە دەکەن کە پۆستەکانی حکومەت کاریگەرییان لەسەر کێبڕکێی دادپەروەرانە لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی توانای دەوڵەت كراوە بە بەشێك لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.

  جەمیل بایک ڕایگەیاند، نەک تەنها ئەرکەکان بەڵكو پێویستە مەترسییەکانیش ببینین و بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیمان مەترسییەکان ببینین و لەناویان ببەین، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕێزێک بۆ کوردان هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردووە. دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٥ تا ٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بڕیارەکانی کۆنگرە لە ١٢ـی ئایار بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە، لە کۆنگرەکەدا جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هەڵسەنگاندنی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە: سەرەتا گرێدراوبوون و ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش دەکەم و هەروەها لە کەسایەتی هەڤاڵ فوئاد و ڕەزا دا یادی هەموو شەهیدانی پەکەکە و شەهیدانی ئازادیی و دێموکراسی بەڕز ڕادەگرم و ڕێز و حورمەتی خۆمیان پێشکەش دەکەم. ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتەکانی رێبەر ئاپۆ لە جیهاندا شوێنی خۆی گرتووتەوە هەموو ئەنجامی مانیفێستی یەکەمە، کێشەی بنەڕەتی ئێمە لە ئێستادا بێ گومان تێگەیشتنە، رێبەر ئاپۆ بە دەست پێکردنی کۆنگرەوە مانیفێستێکی پێشکەش کردین، سەرەڕای هەموو کەموکورتی و هەڵەکان، ئەو مانیفێستەمان بەرەو پێشەوە برد و ئەنجامێکی زۆمان بەدەستهێنا، ئەمە ڕاستییەکە کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، هەموو کەسێکی هۆشیار دەزانێت کە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ژنانی جیهان ئەنجامێکی وەهای بەدەست هێناوە و زۆر گرنگن. لەو هەلومەرجەدا و بەو مانیفێستەوە پەکەکە دامەزرا و تێکۆشان دەستیپێکرد و ئەوەش ڕاست بوو، ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بوو بە شوناسێک، ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد، ژنانی کورد و ڕێبەر ئاپۆ و سیاسەتەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و هەموو لایەک ئیلهامی لێ وەردەگرن و بە هیواوە سەیری دەکەن، ئەوا ئەنجامی ئەو مانیفێستەیە و له ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەدا هاتووە. ئەم بزووتنەوەیە لە کات و سەردەمێکدا کە دامەزرا بە دروستی دامەزرا و تێکۆشانی دەستپێکرد، بێگومان کەموکوڕی و هەڵەکان ناشارمەوە ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئێمە مێژوویەکی پر لە سەربەرزیمان هەیە، ئەم مێژووە بە هەموو کەموکورتی و هەڵەکانییەوە بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی موعجیزە و بەهایەکی گەورەی خوڵقاند ئەمە ڕاستییەکە دەبێت هەموو کەس ئەمە بزانێت. ئێستا هەموو تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چی بوو؟ بۆ ئەوە بوو گەڵیک لە هەموو هەلومەرجێکدا خاوەندارێتی لە ئازادیی خۆی بکات، تێکۆشان بکات، ڕێبەر ئاپۆ بە قوربانیدانی مەزن، بە ئازاریی مەزن، بە تێگەشتنە مەزنەکانی پەکەکە ئەمە بە دی هات، بۆ ئەوەی پرسی کورد و ڕاستی گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە بخاتە پێش هەمووکەسێک، ویستی لەسەر ئەم بنەمایە پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەت و دیموکراتیکەوە چارەسەر بکات، بۆ ئەمەش پەرەی بە چەندین هەنگاودا، بەڵام هەم لە ناوخۆی پەکەکە و دەرەوەی پەکەکەدا بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانەی نراون پێشنەکەون زۆر دەستوەردان کرا. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هەڵە، کەم و کورتی و تاوان وەستا، هەندێک زیاتر لە ناو پەکەکەدا وەستا، تێکۆشانی بنەڕەتی لە ناو پەکەکەدا پەرەپێدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کورد، مرۆڤی کورد، داگیرکەرانی پشت ئەم سیتەمی سەرمایەدارییە، ناتۆ کۆمەڵگەیەکی چۆن، مرۆڤێکی چۆنیان دروست کرد باش تێگەشتن، ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی دیاریکرد لەسەر ئەو بنەمایە، تیۆر، فەلسەفە، ئایدولۆژی، ڕێکخستن، جەنگاوەری ئەم کۆمەڵگەی پەرەپێدا تاوەکو بتوانێت لە شوێنێکی وەک کوردستان تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسی پەرەپێبدات. بۆ ئەمەش پێویست بوو لە کۆمەڵگەی کورد و مرۆڤی کورددا گۆڕانکاری دروست ببێت، ئەگەر لە زیهنیەت و کەسایەتی کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری دروست نەبوایە، مەحاڵە دەبوو تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییەکی وەها پەرەی پێبدرێت و ئەم تەڤگەرە هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ مرۆڤایەتی بوو بە هیوا، بۆ ئەمەش هەر لە سەرەتاوە فیدایی و ئیرادەی بە بنەما گرت، لەسەر ئەم بنەمایە ئەم تێکۆشانە پەرەی سەند، لە ئەنقەرەوە تاوەکو ئیمراڵی لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەدەبات، لە ئیمراڵییش وتی، تەنها لە هەلومەرجی مندا گۆڕانکاری بکەن، وەکتر دەرفەتی تیۆری و پراکتیکم هەیە بتوانم ئەم پرسە لەسەر زەمینەی ئاشتیی چارەسەر بکەم. ئەم تەڤگەرە تەڤگەرێکی ئیرادە و فیداییە، بە تەواوەتی خۆی خستۆتە خزمەتی ڕێبەر ئاپۆ و بەشدار بوون لەسەر ئەم بنەمایە دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بەوجۆرە بەشداری ئەم تەڤگەرە بووین، بەشداربوونمان بەشداربوونە لە ڕێبەر ئاپۆ، مادام بەشداری ڕێبەر ئاپۆ بووین، پێویستە نەک لە هەندێک لایەنی ئەمەوە لە هەموو لایەنێکەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ یەکێتی بونیاتبنێین. ئێستا ئەرک لە پێشمانە، چۆن بتوانین ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو لایەنێکەوە بگەیەنینە جیهان؟، بە تێگەشتنی ڕێبەر ئاپۆ سۆسیالیزم لە جیهان پێش دەخەین، چونکە ئەو ئاستەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە نەک تەنها لە مانیفێستۆی یەکەمدا پەرەی پێداوە، بەڵکو لەگەڵ مانیفێستۆی دووەمدا ئیدی دەبێت بە گەردونی، پێویستە ئەمە زۆر باش تێبگەین، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پرسەکانی ناو بزوتنەوەکە و ناو کۆمەڵگەی وەک پرسی خۆی دەبینێت، دەیخستە ئەستۆی خۆی کە چۆن ئەم پرسانە چارەسەر بکات، لە خۆییدا ئەوشتانەی چارەسەر کرد. دووژمن چەندە ویستی ڕێبەر ئاپۆ ڕەش بکات، ئەگەرچی نەیتوانی ئەوە بکات و بەڵکوو تا دێت خۆشەویستی بۆ ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەبێت، کە ئەمڕۆ لە جیهان بڵاوبووتەوە، ئەو پڕۆسەی کە ڕێبەر ئاپۆ خستیەپێشمان، چۆن ڕاست پەرەی پێبدەین من لەسەر ئەمە دوەستم، ئەگەر تەڤگەر جارێکی دیکە هەڵە و کەم و کورتی ژیان نەکات، بە تایبەت من و هەڤاڵان کە بەشداری کۆنگرەکە بووین، تەواوی ئێمە دامەزرێنەری پڕۆسەی نوێین، پێویستە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان نەک وەک خۆمان وەک ڕێبەر ئاپۆ پێی داوین تێبگەین و لەسەر ئەمە پراکتیزە بکەین، بۆ پراکتیکی ئەمەی لە پێشمانە بە ڕاستی زۆر گرنگە، وەک دامەزرێنەرانی کۆنگرەی یەکەمین نییە، واتە ئەرکی زیاتر لە پێشمان دایە. مەترسیش هەیە، نابێت تەنها ئەرکەکان ببینین، پێویستە مەترسیەکانیش ببینین، ئەم مەترسییانە بە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان دەتوانین ببینین و لە ناوی ببەین، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئامانجی دووژمن ئەوەیە کە پەکەکە بە ناوی کورد و کوردستان چیکردوە بە تەواوی لە ناوی دەبات، ئێستا ئەم تەڤگەرەی ڕێبەر ئاپۆ قازانجی بە کورد دا، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ کوردان ڕێزێک هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردوە. ئێستا لەسەر ئەو دەستوەردانە مێژووییە، دەستوەردنێکی مێژووی مەزنتر و قوڵتر پەرەپێدەدات، بەو پارادایم و مانیفێتسۆی کە دەستمان پێکرد، ویستی کە پرسی کورد نیشانبدات و هەمووکەسێک تێبگەیەنێت، لەسەر ئەم بنەمایە چارەسەری پەرەپێبدات، دەتوانم بڵێم هەموو ئەو کەم و کورتیانەی دروستبوون، ئێستا ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمی نوێ و مانیفێستۆی دووەم دەیەوێت پرسی مرۆڤایەتی ئازادیی و دیموکراسی چارەسەر بکات، هەربۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان زۆر مەزنبوون، پێویستە بۆ ئەوەش ببینە وەڵامگۆ، ئەو بانگەوازەی ڕێبەر ئاپۆ کردی، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ کۆنگرە سەرکەوتن دەخوازم.

  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە دەدات، دەشڵێت: هەوڵ دەدرێت لەرێگەی دیپلۆماسییەوە بەر بە برسێتی و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بگیرێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاویکردەوە، جەنگێکی قورس و سەخت لە غەززە لە ئارادایە، بەڵام بەرەوپێشچونی گەورە بەدەست هاتوە. دەشڵێت: سوپای وڵاتەکەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە دەست پێکردوە و وتیشی: سەرکەوتنی کۆتایی پێویستی بە پیداگری و ملنەدان هەیە. نەتانیاهۆ ئاماژەى بەوەش کردوە، پێویستە لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری دیپلۆماسی، بەر بە برسێتی و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بگیرێت. لێدوانەکەی نەتەنیاهۆ لە کاتێکدایە، کە بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، شەپۆلێکی نیگەرانی لەناو کۆمەڵگەی جیهانی و ولاتانی ناوچەکە لێکەوتوەتەوە و سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکانیش هۆشداریی لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە مرۆیی و کۆمەڵکوژیی لەو ناوچەیە دەدات...

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، كە دوێنی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانی كرد دەڵێت: ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەکەدا بەدەست هاتوون، هیچ كێشەیەك لە ئارادانیەو کۆبونەوەکەمان زۆر باش بوو. بوڵدان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: پشتگیری لە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەکەن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم لیژنەیە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە پەرلەمان، باشترە پێش کۆتایی ساڵی یاسادانانی ئێستا پێکبهێنرێت. باخچەلی داوای کردووە لیژنەکە لە ئەندامانی ئەو (١٦)پارتە سیاسییە پێكبهێنرێت، کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان هەیەو لە (١٠٠) ئەندام لە خۆبگرێت. پەروین بوڵدان راشیگەیاندووە: باخچەلی روونی کردەوە کە پێویستە چی بکەین، لیژنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە پەرلەمان، چونکە دەبێت ئەم بابەتە لە پەرلەمان بە جددی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لیژنەکە تەنها بەم شێوەیە کاردەکات، دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵی یاسادانانە پێکبهێنرێت. لەبارەی بانگەوازەكەی باخچەلی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش كە زمانی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن، بوڵدان وتی: ئێمەش وەک بەڕێز باخچەلی بیر دەکەینەوە، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت لەو زمانەی بەكاریدەهێنێت، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەهەر دەربڕینێک کە هێرشبەرانە یان سووکایەتیکردن بێت، نابێت ئەو وشانە بەکاربهێنرێن کە ئەم مانایەیان هەیە، کەش و هەوایەکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە ئێستا.

  یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودییە بەڕێ کەوت. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیش دووپاتی دەکاتەوە، ڕێکارەکانمان توند کردووە و کەس ناتوانێت حەجی نایاسایی بکات.  بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، یەکەم کاروانی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەددەی عەرەبستانی سعوودییە بەڕێ کەوت کە 144 کەس بوون.  هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، کاروانێکی دیکەی حاجییان کە ژمارەیان 144 کەسە، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەرەو سعوودییە بەڕێ دەکەوێت.   پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی توندکردنی ڕێکارەکانی حەج، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، ڕاگەیاند "ساڵی ڕابردوو لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک هێنرا و ئەمساڵ هیچ کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی حەج بکات. هاوکات حکوومەتی سعوودییەش ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریی لە حەجی نایاسایی توندتر کردووە." وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش دا "ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک کەس دوور لە ڕێنماییەکانمان حەجی نایاساییان کرد؛ بەداخەوە زەحمەتییان بینی و هەندێکیان گیانیان سپارد. هیوادارین ئەمساڵ هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکانمان بن و کەس بە نایاسایی حەج نەکات." لەبارەی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی حەج، پشتیوان سادق باسی لەوە کرد "ئەمساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی حەج تەرخان کردووە و بڕی پاڵپشتییەکە لە ساڵی ڕابردوو زیاترە. ئەمساڵ شوێنی مانەوەی حاجییانی کوردستان لە کەعبە نزیکترە و پێویستییان بەوە نابێت بە پاس یان ئۆتۆمبێل بچنە حەرەم، هەر بە پێ دەچن. لە کاتێکدا حاجییانی عێراق دەبێت بە پاس بچن." بە گوتەی پشتیوان سادق "تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک لەگەڵ حاجییان دەبن؛ شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و خواردنەوە و هەموو پێدوایستییەکانیان بۆ دابین دەکەن و شەو و ڕۆژ لە خزمەتیاندا دەبن. سوودمان لە کەموکوڕییەکانی ساڵی ڕابردوو وەرگرتووە و دڵنیام لە ڕووی ئامادەکارییەوە، پرۆسەی حەجی کوردستان لە بەشێکی زۆری وڵاتان باشتر دەبێت." پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە؛ ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 هاووڵاتیی لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەتوانن حەج بکەن.  

  سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایار سەردانی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەکات، پێشبینی دەکرێت لەبارەی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پەیامێک بڵاوبکاتەوە.   بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە 19ی ئایاری 2025 کە یادی ئەتاتورک و جەژنی وەرزش و لاوانە لە تورکیا، لە کێڵگەی نەوتی چیای گابار بەرنامەیەکی تایبەت رێکدەخات.   لەسەر بانگهێشتی ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکات و لەگەڵ گەنجان کۆدەبێتەوە.   کورتوڵموش و نزیکەی 50 پەرلەمانتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکەن و پێشبینی دەکرێت کورتولموش دەربارەی ئەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت پەیام بدات.   لە ساڵی 2021 لە چیای گابار نەوت دۆزرایەوە و ئێستا رۆژانە زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.

  پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 120 پرۆژەیاسای گرنگ ماون لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت و دەکەونە خولی داهاتوو. محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ هیوایەک بۆ کارابوونی پەرلەمان لە چەند مانگی داهاتوودا نییە، بەڵکوو ئەو پرۆژەیاسانەی ماون و دەنگیان لەسەر نەدراوە، دەکەونە خولی داهاتوو. ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوەش داوە، نزیکەی 120 پرۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمان ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، لەم خولەدا تێناپەڕێنرێن و خراونەتە خولی داهاتوو. محەممەد عەنوز ڕاشیگەیاندووە، پەرلەمان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ڕووی سیاسییەوە مردووە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی و جیاوازییەکانەوە. پێشتریش مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕوانگەی کاری پەرلەمانی ڕایگەیاندبوو، لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە تێکڕا 200 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەبوون، هەروەها لەم خولەدا تەنها 10 پرۆژەیاسا لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکەش کراون. ساعیدی باسی لەوەش کردووە، لە کۆی 32 کۆبوونەوەی ئەم وەرزەی پەرلەمان، تەنیا 10 کۆبوونەوە کراون، هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان و ئامادەنەبووانی بڵاو نەکردووەتەوە، ئەمەش پێشێلکاری یاساییە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.

  لەمیانەى گفتوگۆکانی ئەم دواییەى نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەى مەسەلەى پیتاندنی یۆرانیۆم، مەجید تەخت ڕوانچى، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران دووپاتی کردەوە که وتووێژە ناوەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا شکست دەهێنن ئەگەر ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ته واوی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆی دووشەممەدا ئەو بەرپرسەى ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر واشنتن پێداگری بکات لەسەر ئەو مەرجەی بەتەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ئێراندا ڕابگرێت، ئەو دانوستانانە سەرکەوتوو نابن. هاوکات  دوێنێ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، جا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بکرێت یان نا، لە وەڵامی لێدوانەکانی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا، لە ئەکاونتی X ی خۆیدا بڕگەیەکی کتێبی "دانوستاندن"ی بڵاوکردەوە. رۆژی هەینی، دیپلۆماتە باڵاکانی ئێران لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆبوونەوە.   تاران چوار خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ واشنتن ئەنجامداوە، کە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەیارە بووە لەوکاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشایەوە.   دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی 2018 لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ، بە کشانەوەی تاکلایەنە و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوت و کەرتی بانکیی ئێراندا، رێککەوتنەکەی پووچەڵکردەوە.   سێ زلهێزە ئەورووپییەکە، کە لە رێککەوتنەکەی 2015 بەشداربوون، تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ میکانیزمی "سناپباک" (گەڕانەوەی خێرا) کارا بکەن یان نا. 

  میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سەرۆککوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەزە دەرکرد. میدیاکانی ئیسرائیل، سەبارەت بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەزە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بەم شێوەیە زانیارییان بڵاوکردەوە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئیسرائیل سەرۆک کوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەزە دەرکرد. دەشڵێن: ئەو فشارانەی ئەمریکا دەیخستە سەر ئیسرائیل، بووە هۆی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە، کە ماوەی دوو مانگ و نیوە بەردەوامە. ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی بڕێکی سنووردار لە خۆراک دەدرێت بۆ هاووڵاتیانی غەزە، ئەمەش بۆ ئەوە ڕێگریی لە قەیرانی برسییەتی بگیرێت. هاوکات، ڕێگەدان بە ناردنی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ کەرتی غەزە لەلایەن ناتانیاهۆوە ناڕەزایەتی زۆری بەشێک لە ئیسرائیلییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە. جێگای ئاماژەیە، لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ ـەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر غەزە دەستپێكرد، بەو هۆیەوە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون.

  لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران و دەڵێت، هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی مووچەخۆران نییە و بەتەواوەتى مسۆگەرکراوە. حسێن موئنیس، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، دۆخی دارایی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، چونکە حکومەت چەندین بژاردەی لەبەردەمدایە و توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانى ئێستای هەیە، دۆخی ئێستاش جێگەی مەترسی نییە و مووچەش مسۆگەرکراوە. دەشڵێت، ئەوان نیگەرانن لە دواکەوتنی ناردنى خشتەی بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان، چونکە نەناردنى خشتەی بودجە ئاماژەیەکى خراپە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو  گۆڕانکارییە ئابوورییانەى بەرۆکى جیهانی گرتووە، بەتایبەت دابەزینی نرخی نەوت. ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار لەچوارچێوەی بودجەدا، شتێکی ناڕاستە و دەبێت بەپشتبەستن بە بۆچوونى پسپۆڕان دەستکاری ئەو نرخە بکرێت. گوتیشی، لیژنەی دارایی هەوڵێکی راستەقینەی هەیە بۆ چارەسەری کورتهێنان و هەموارکردنەوەی خشتەکان، چونکە کورتهێنانی بودجەی ئێستا گەیشتووەتە 63 ترلیۆن دینار.

  لە ڕێگەی شاندی دەم پارتییەوە عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیامێکی نوێی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی پێویستمان بە پەیمانێکی نوێ هەیە، ئەوەی کردوومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری و پارادایمێکی گەورە دەکات، سرووشتی پەیوەندییەکانی تورک و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێ دەگات ئەو پەیوەندییەیە. ئەمڕۆ پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان و پارێزەری ئۆجەلان ئۆزگور ئیرۆل سەردانی ئیمراڵیان کرد و دیداریان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامدا، پاش دیدارەکە شاندەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و نوێترین پەیامی ڕێبەر ئۆجالانیان بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان: “پەشیمانم لەوەی کە دوایین جار قسەم لەگەڵ سیری سووریا ئۆندەر نەکرد. ئەو بیرەوەرییەکی بەنرخە. پێویستە بیژێنینەوە، کەسێکی زانا بوو بۆ تورکیا ئێمە هەست بە بۆشاییەکەی دەکەین.” “لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی پێویستمان بە پەیمانێکی نوێ هەیە.” “ئەوەی کردوومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری و پارادایمێکی گەورە دەکات.” “ سرووشتی پەیوەندییەکانی تورک و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێ دەگات ئەو پەیوەندییەیە.” “خوشک و برا شەڕ دەکەن، یەکێکیان بەبێ ئەوی تر ناتوانێت بژی. ئێمە ئەو تەڵە و بۆمبانەی کە ئەم پەیوەندییە لەناو دەبەن، یەک بە یەک پاک دەکەینەوە، هەموو ڕێگاوبانە تێکچووەکان و پردە داڕماوەکان چاک دەکەینەوە.” “لە ڕێگەی شاندەکەمەوە، سوپاسی خۆم پێشکەشی ئەو نامە و پەیامانەی بۆ پشتیوانیکردن لێم و پەیوەست بە قۆناغی ئاشتیی و خوشک و برایەتییەوە هاتوون، لەگەڵ نامەی ڕۆشنبیران لە کەسایەتی ئالاین بادۆو و سلاڤۆی ژیژەک دەکەم، بە خەباتی هاوبەش و نێونەتەوەیی و سۆسیالیست یەکتر دەبینینەوە.” ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٥

  ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، واشنتن ڕێگە بە تاران نادات 1٪ی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم بەدەستبهێنێت. ئەمەش لە کاتێکدا بەرپرسانى ئێران ئەوە دووپات دەکەنەوە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوەش بەمافى خۆیان دەزانن. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. ڕۆژی یەکشەممە ستیڤ ویتکۆف لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوز وتی "ئێمە هێڵێکی سووری زۆر ڕوونمان هەیە ئەویش پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئێمە ڕێگە نادەین ئێران تەنانەت ٪1 ی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت و هەموو شتێک لە هەڵوێستی جێگیری ئێمەوە دەستپێدەکات، هەر ڕێککەوتنێک کە ئەگەری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا نەبێت و ئێمە ناتوانین ڕێگە بەوە بدەین، چونکە پیتاندنی یۆرانیۆم دەبێتە هۆی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی." ئەو بەرپرسەى ئەمریکا ئەوەشى خستەڕوو زۆر ڕێگا هەیە بۆ ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، دەشلێت: ئێمە لەو باوەڕەداین کە هەفتەی داهاتوو لە ئەوروپا کۆدەبینەوە و هیوادارین ئەنجامی ئەرێنی بەدەست بهێنێت. لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێرقچی وەڵامی لێدوانەکانی ویتکۆفى دایەوە، دەڵێت: پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم لێدوانانە بەتەواوی دوورن لە واقیعی ڕەوتی دانوستانەکان. لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا عەباس عێراقچى، ئاماژەى بەوەدا ئەگەر ئەوان حەز دەکەن دڵنیابن لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، ئەوا ئێمە ئامادەین هاوکاری بکەین لەو بارەیەوە، بەڵام ئەگەر داواکاری ناواقیعیان هەبێت، ئەوە ئاساییە جێبەجێ ناکرێن. ئەمەریکا و ئێران بە ناوبژیوانی عومان چوار گەڕی دانوستانیان ئەنجامدا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ناوکیەکەی ئێران. یەکەم کۆبوونەوە لە 12 ی نیسان لە مەسقەتی پایتەخت و دووەمیان لە 19 ی نیسان لە ڕۆما و سێیەم و چوارەم لە 26 ی نیسان و 11 ی ئایار لە پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.

  نووسەر و سیاسەتمەدارى دیارى هەرێمى کوردستان ئەبوبەکر عەلى کاروانى، ڕایدەگەیەنێت دۆخەکە پێویستی بەخۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیخوانە، چوونکە ئەو ڕێکخراوە بەوبارە مێژووییە گرانەی سەرشانی، ئەو وێنا شێواو وێرانەی لێی گیراوە ناتوانێت هیچی تر بەشێوەیەکی بەرهەمدارانە درێژە بە خۆی بدات. ئەو نوسەرە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو، ئیخوان هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەمدا نەماوەو رۆڵی پێچەوانە بەئەرکەکانی لە ئێستادا بگێرێت، بۆیە لێپرسراوێتی ئیسلامی و ئەخلاقی و سیاسی داوای ئەوە لە سەرکردەو بریاربەدەستەکانی دەکەن، بریارە عەقڵانی و ئازایانەکە بدەن و کۆتایی بە کۆمەڵ و ڕێکخراوەکە بێنن و بەفەرمی هەڵی بووەشێننەوەز ئەبوبەکر کاروانى دەشلێت: دابران لەگەڵ رابردوو درووست بکەن، بۆ ئەوەی ئەندام و جەماوەرەکەی بە بیرو هەناسەو دیدێکی نوێوە لە فۆرمی جۆراوجۆری سیاسی یاخوود مەدەنییدا یان هەردووکیان خۆیان ڕێکبخەنەوەو کۆتایی بەو بازنە داخراوە پەنگخواردووە بێنن تیایدا دەژین. ناوبراو لەکۆتاییشدا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات لە دوێنێشەوە خەریکی بابەتێکم بەزمانی عەرەبی دەربارەی ئەم باسە خوا حەزکات لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە.

  نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەیەک کاتدا هەرێمى کوردستانیان بەجێهێشتووە چونەتە درەوە، یەکەمیان، بەمەبەستى بەشداریکردن لە کۆڕبەندێک سەردانی تارانى پایتەختى ئێران، ئەوەى دووەمیش بۆ پرسی وزە و پێشمەرگە چووەتە واشنتنى ئەمریکا. سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە بانگهێشتێكی فەرمییە بۆ بەشداریكردن لە دیداری تاران بۆ گفتوگۆ كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕێكدەخرێت ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەچوو. لەبەشێکى ئەو کۆڕبەندەدا بارزانى قسەیکردو له‌ تارانیش له‌گه‌ڵ مه‌سعود پزشكيان سەرۆک کۆمار کۆبووەتەوە. سەرۆکى هەرێم لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە دەلێـت: جه‌ختمان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى دوو لايه‌نه‌و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، دوايين پێشهاته‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌‌مان به‌گشتى تاوتوێ كردو هاوڕا بووين له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش. لەلایكی دیكەوە، دوێنێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكاى کرد. سەرۆك وەزیرانی هەرێم پرسەكانی وزە، كارەبا و پێشمەرگە لەگەڵ بەرپسانی باڵای ئەمەریكا تاوتوێ دەكات. دوو وەزیری حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یاوەریی مەسرور بارزانی دەكەن. پرسی پێشمەرگە یەكێكە لەو دۆسیانەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمەریكییەكان تاوتوێی دەكات، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یەكێكە لە شاندەكەی مەسرور بارزانی.  جگە لە وەزیری پێشمەرگە، كەمال موحەمەد، وەزیری كارەبا و سەرچاوە سروشتییەكان یەكێكی دیكەیە لە ئەندامانی شاندەی حكومەتی هەرێم بۆ واشنتن. بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە گەشتەکەیدا. لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی، وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە دەبێت. ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە کاتێک دایە، ئیدارەی نوێی ترەمپ چەند مانگێکە دەست بەکاربووە، ئەمەش گرنگی خۆی هەیە کە سەرکردەیەکی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگەکانی سەرەتا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان کۆ ببێتەوە. نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئێران دڵنیا دەکاتەوە کە هەرێم نابێتە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە، رەخنەش لە عێراق دەگرێت کە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێم لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدراڵیدا نییە. نێچیرڤان بارزانى لە چوارەم سەردانیدا بۆ ئێران لەساڵى رابردووەوە تا ئێستا و لەمیانەى بەشداریکردنى لە کۆڕبەندى تاران بۆ دیالۆگ باسى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران و پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا کرد. سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند،  ئەگەر دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، زۆرینەی ئەو کێشانەى لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن چارەسەر دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکى هەرێم جەختیکردەوە کە عێراق شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدراڵی نییە و هێشتا دوورە لەو سیستمەوە، لەکاتێکدا چەندینجار داواى گفتوگۆى راستەوخۆ و راشکاوانەیان لە عێراق کردووە بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکان.