حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نیسانی 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "شاندێکی فەرمیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی." بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، شاندەکە پێکدێت لە: بەرپرسانی فەرماندەیی هێزەکانی سنوور لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتەکانی نەوت و بازرگانی و دەستەی دەروازە سنوورییەکان. یەکێک لەو پرسە گرنگانەی شاندی عێراقی لەگەڵ بەرپرسانی سووریا تاوتوێی دەکەن، "لێکۆڵینەوەیە لە ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی خاکی سووریاوە بۆ بەندەرەکانی دەریای سپی نێوەڕاست." نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، شاندی عێراقی لەگەڵ لایەنی سووری هاریکاری لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاسایشی سنوور و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەردوو لا دابێت. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گفتوگۆکانی شاندی عێراقی لە دیمەشق، "جەختکردنەوە لەسەر پشتگیری عێراق و پابەندبوونی بە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریا، و گرنگی سەقامگیری سووریا بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراقی و ئاسایشی ناوچەکە، لەخۆدەگرێت." رۆژی 26-12-2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەوە یەکەم شاندی عێراقی بوو سەردانی شام بکات.
لە کاتێکدا کە بڕیارە سبەی شەممە، سێهەمین خولی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە سوڵتانیای عومان بەڕێوە بچێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو شاری مەسقەت بەرەو مەسقەت دەچێت. ئیسماعیل باقائیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ عەباس عێراقچى بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی و تەکنیکی، تاران بەرەو مەسقەت بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا. هاوکات وتەبێژەکەى ئاماژەی بەوەشکرد، "هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتمەند بە تەکنیکی کە هاوکات دەبێت لەگەڵ ئامادەبوونی دانوستانکاری باڵای هەردوو وڵات، عێراقچى و نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف. ناوبراو زیادی کرد: بە پێی ئەو ڕێکخستنانەی میوانداری عومانی کردوویەتی، سبەی کۆبوونەوەی تایبەتمەند و دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان وەزیری دەرەوە و نێردەی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا پێویستی بە نیەتپاکی و جددی و واقیعبینی لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە هەیە"، بە ئاماژەدان بە ئەمریکا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیا ناوخۆییەکان. ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە گەڕی دووەمی دانوستانی تاران و واشنتن لە رۆما، پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڕی دووەمی دانوستان، خواستی وڵاتەکەی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی دەربڕیوە. بەڵام ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتوویەتی، واشنتن نایەوێت لەم کاتەدا گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی کاتییەوە بکات. ویتکۆف جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی لەم کاتەدا جەخت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون دەکاتەوە، لە ماوەی شەست رۆژدا، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوایکردووە. ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە 60 رۆژدا نەگەنە رێککەوتن، ترەمپ فەرمان بە سوپای وڵاتەکە دەکات ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، یان هاوکاری ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە.
تورکیا فرۆشتنی کارەبای بە عێراق ڕاگرت کە لە ڕێگەی تۆڕێکی 300 مێگاواتییەوە بۆ عێراقی دەنارد. هۆکاری ڕاگرتنی فرۆشتنی کارەبا بە عێراق بۆ ئەوە گەڕێنراوەتەوە کە بەغدا بڕێک قەرزی بە تورکیا نەداوەتەوە کە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت؛ هەر بۆیە نزیکەی هەفتەیەکە تورکیا هەناردەکردنی کارەبای بۆ عێراق ڕاگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە عێراق دەیویست هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ دوو هێندە زیاد بکات. بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە هەرێمی کوردستان کە قسەی بۆ ئاژانسی ئەلمۆنیتەر کردووە، عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کارەبای زیاتری بۆ بنێرێت و لە نرخەکەشدا داشکانی بۆ بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق ڕێگری لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و کێشە بۆ دابینکردنی موچە درووست دەکات. تورکیا پێشتر لە دواخستنی دانەوەی قەرزەکان هۆشداری دابوو بە عێراق و پێی ڕاگەیاندبوو کە پێدانی کارەبا بە عێراق کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو بازرگانییە و پێویستە بەغدا پارەکە بدات. ڕاگرتنی هەناردەی کارەبا لە کاتێکدایە، وەرزی گەرما لە عێراق دەستپێدەکات و پێویستیی عێراق بە کارەبا زیاتر دەبێت. هاوکات عێراق تەنیا 60%ـی پێداویستیی ناوخۆی بۆ کارەبا بەرهەم دێنێت و بۆ پڕکردنەوەی بەشـەکەی دیکە پشت بە کارەبای هەرێمی کوردستان دەبەستێت و لە ساڵی ڕابردووشەوە لە تورکیاوە کارەبا هاوردە دەکات. هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'ڕووناکی' بۆ کارەبای 24 کاتژمێری دەستپێکردووە کە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی هەشت مانگی داهاتوودا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو ببن. هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو کارەبایەی کە بۆ عێراقی دەنارد، ئێستا بۆ تۆڕە ناوخۆییەکان و پڕۆژەی ڕووناکی تەرخان بکات. ئەمەش عێراق ڕووبەڕووی کەمیی کارەبا دەکاتەوە.
کەناڵى حەدەس رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن فەرەنسا هێزەکانى لە سوریا زیاد دەکات دوورە لە راستییەوە و فەرەنسا وەک ناوبژیوانێک لە سوریا دەمێنێتەوە و بە شێوازی دیکە پشتیگیر هەسەدە دەکات. کەناڵەکە لەبارەى دەنگۆى زیادکردنى هێزەکانى فەرەنسا لە سوریا دەڵێت، سەرەڕاى ئەوەى فەرەنسا هێزەکانى لە رۆژاڤاى کوردستان زیاد ناکات، بەڵام بیر لە رێگایەکى دیکە بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم هەنگاوەى فەرەنسا لە بەرامبەر هەنگاوەکەى ئەمریکایە کە بەنیازە ژمارەی سەربازانی لە رۆژاڤاى کوردستان کەمبکاتەوە. کەناڵەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، فەرەنسا لە هەنگاوى یەکەمدا هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش چڕتر بکاتەوە لە رۆژاڤاى کوردستان و لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، هاوکات، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشەوە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان دەکات. هەروەها کەناڵى حەدەس دەشڵێ، فەرەنسا لە سوریا، وەک ناوبژیوانێک لە نێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سوریا و تورکیا مامەڵە دەکات.
لەمیانی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعودیە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک ڕایگەیاندوە، ئەمەریکا پاکێجێکی گەورەی سەربازی بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بۆ سعودیە ئامادە دەکات و ترەمپ لە سەردانەکەیدا واژوی لەسەر دەکات. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردوە ئەو پاکێجە لە کاتی سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سعودیە کە بڕیارە لە مانگی پێنجدا بچێتە ئەو وڵاتە واژوی لەسەر دەکرێت، لەوبارەیەوە بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی سعودیە تا ئێستا ئامادە نەبون بە فەرمی هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدەن. ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، پێدەچێت کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییە گەورەکانی ئەمەریکا لەوانەش کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی سەربازی و موشەک و ڕادار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا چالاکن، ڕۆڵێکی سەرەکی لەم پاکێجەدا بگێڕن. هەروەها باس لەوە کراوە کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری ئەمەریکا پلانیان هەیە لە چوارچێوەی شاندێکی بازرگانی-سەربازیدا گەشت بۆ ناوچەکە بکەن. ئەمە لەکاتێكدایە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ لە نێوان 13 بۆ 16ی ئایاردا لە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا گەشت بۆ سعودیە بکات .
هەرچەندە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هەڵەبجە بەهۆی گۆڕینی بۆ پارێزگا دۆخێکى هێناوەتە ناو هاوکێشە سیاسییەکانەوە، هەنگاوێک کە پێویستی بە کردنەوەی ناوەندێکى جیایە چاودێران بەدەروازەی هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردنى دەزانن. رۆژى دووشەممە 14-04-2025 لەپەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاند، "جێبەجێکردنی یاسای گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگارییەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی بڵاونەکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق". ئومێد محەممەد دەشڵێت، "خستنەڕووی شارەکە لە پلانی هەڵبژاردنەکاندا وەک پارێزگارییەکی سەربەخۆ پێویستی بە ڕێوشوێنی دیکەش هەیە، دیارترینیان دیاریکردنی ڕووبەری جوگرافی و ئیداری پارێزگاکە، کە ئەمەش بابەتێکە پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە". دامەزراندنی هەڵەبجە وەک ناوەندێکى هەڵبژاردن پێویستی بەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری ئیداری خۆی دیاری بکات، پڕۆسەیەک کە هێشتا تەواو نەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە پێشوەختەیە، بە گوتەی نوێنەران، کە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەو بابەتە بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردن دوابخرێت. ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەدەخاتەڕوو، یاساکە دەسەڵاتی دیاریکردنی سنووری جوگرافی و ئیداریی هەڵەبجەی وەک پارێزگابە کابینەی هەرێم بەخشیوە، ئەم کۆبوونەوەیە هێشتا نەکراوە، واتە تا ئێستا یاساکە بە کردەوە جێبەجێ نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخرێت، واتە دۆخی ئێستا لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە". لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ٧٦ هەزار دەنگدەر لە هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەبووە، کە ٤٨ هەزاریان لە ناوەندی قەزاکان و ٢٨ هەزاریان لە قەزاو ناحیەکانى بیارە و خورمال و سیروان دابەشکراون، بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان. ھەڵەبجە كە بە هەڵەبجەی شەهیدیش ناسراوە، ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35–36 پلەی باكوور و 83 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %39٬9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێكدەھێنا. هەرچەندە ئاماری نوێ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
ئەندامێکی کۆنگریس لە کۆمارییەکان بەتایبەت داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و شەرعیش داوای لابردنی سزاکانی کردوە لەسەر وڵاتەکەی، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل. لە راپۆرتێکی ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکەدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە هاتوە؛ کە کۆری میڵز ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا دوای گەڕانەوەی لە سەفەری ئەم دواییەی لە دیمەشق رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئەحمەد شەڕع سەرۆکی کاتی حکومەتی سوریا، باسیان لە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل کردوە ئەندامەکەی کۆنگرێس وتوشیەتی؛ "ئەم گەشتە بە تەواوی کەسی بوە و هیچ پەیوەندییەکی بە شاندی فەرمی کۆنگرێسەوە نەبوە" و ئامانجی سەرەکی من بۆ ئەم دیدارە گوێگرتن بو لە بۆچونەکانی سەرۆکی کاتی سوریا ڕاستەوخۆ سەبارەت بە ئایندەی سوریا و پەیوەندییە دەرەکییەکان. ناوبراو باسی لەوەشکردوە؛ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شەرعدا، سەرۆکی کاتی سوریا بە ڕونی ڕایگەیاندوە کە ئەگەر مەرجی گونجاو دابین بکرێت، سوریا ئامادەیە بچێتە پاڵ "پەیماننامەی ئیبراهیم"، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت دەرگای نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دەرچون لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بکاتەوە. کۆری میڵز، ئەوەشی خستوتە ڕو، لەبارەی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆسەر سوریا ئەحمەد شەرع پێی وتوە، زۆرێک لەو سزایانە ئاستەنگێکی گەورەن لە بەردەم باشترکردنی دۆخی ئاووری سوریا و هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەکرێت بەشێک بێت لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەندامەکەی کۆنگرێس ئەوەشی ئاشکرا کردوە شەڕع نامەیەکی تایبەتی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا پێدام، کە بەنیازم ڕاستەوخۆ بیگەیەنم بە ترەمپ. ئەمە لەکاتێكدایە میڵز ئەندامی لیژنەکانی کاروباری دەرەوە و خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە و ڕۆژی هەینی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبوەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین. لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە. شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن. ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.
وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکە هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکە باشترکردنی هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالانە و پێویستە لەم بارەیەوە بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاو بنرێت. ئەمڕۆ، لە وەزارەتی دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یەڵماز تونچ، وەزیری داد بەڕێوەچوو و ماوەی دوو کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەکە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبووە کە وەزارەت دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند، پێم خۆشە ڕایبگەیەنم کە سەرەتاییترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لە ئیمرالی دایە و بە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کورد کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجالان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین. گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانە، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی ڕێکخستنێکی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد. هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەستنیشانی کرد، کە ئەوان ڕێکخستنی یاسایی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بۆ مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجدار کە دەرکرابوو بەڵام “تاوانە ڕێکخستنییەکان” لەوە بەدەربوو، ئێمە لەوێ وتمان کە پێویستە ئەو بابەتەی تاوانە ڕێکخستنییەکان لە دەرەوەی یاسا دەهێڵێتەوە چارەسەر بکرێت و یاسایەکی یەکسان بێت، وەک ئێوەش دەزانن دادگای دەستووری تاوانی ‘هەرچەندە ئەندامی ڕێكخستن نەبێت بەڵام بە ناوی ڕێکخستنەکە تاوانی کردووە’ـی گەڕاندبووەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، بەداخەوە پەرلەمان بە هەمان شێوە ئامادەی کرد و پەسەندی کرد، هەندێک زانیاری گەیشتە دەستمان کە دیسان دەیخەنە پاکێجی نوێوە، پێویستە ئەم بابەتە بەبێ بیانوو هەڵبگیرێت، داوامان لێکرد کە ڕێکخستنێک بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری ئامادە بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕاشیگەیاند، یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بوون کە ڕێگر دەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دووەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد، باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کران و وتی: ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیاری “وەڵامی وەزیر چی بوو دەربارەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و ئەو دەستکارییانەی داوا دەکەن لە یاسای لێبوردن؟”، گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: دەرفەتمان هەبوو کە هەموو ئەمانە بە دووقۆڵی باس بکەین، بەڕێز وەزیر بە وردی تێبینی هەموو ئەمانەی کرد، بەڕاستی هەندێک بابەتی دەستکاری یاسایی هەیە کە لەلایەن هەموومانەوە هاوبەشن، هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندین دەستکاری یاسایی نادادپەروەرانە، ناهەق و دژی یەکسانی هەن، بۆ نموونە، کاتێک یاساکە دەرچوو، پەتای کۆرۆنا تەنها بەندکراوانی مەدەنی دەگرتەوە، مەترسی بۆ هەمووان هەبوو بەڵام تاوانی ڕێکخستن لەدەرەوەی ئەمە جێهێڵدرا، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئەمە نادادپەروەرانەیە و قبوڵ ناکرێت، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەوان بە وردی تێبینی هەر بابەتێک دەکەن کە ئێمە باسمان کرد و پشتڕاستیان کردەوە کە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن و لە داهاتوودا بە دووقۆڵی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین. هەڵسەنگاندنمان دەرباری دۆسییەی کۆبانێ و چەند بابەتێکی دیکەش کرد.
لە ١٥ی ئازارەوە ئەمریکا ڕۆژانە بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن و هەڕەشەی زیاتریان لێدەکات. هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ کەناڵی ABC News ئاشکرای کردوە کە ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکان لە ١٥ی ئازارەوە بۆ نزیکەی ٧٥٠ هێرش بەرزبووەتەوە. هەروەها ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، حوسییەکان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان MQ-9 Reaper ی هێزی ئاسمانی ئەمریکایان خستۆتە خوارەوە، کە شەش فڕۆکەیان لە 15ی ئازارەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەفتەی ڕابردوودابووە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 Reaper زانیاری چاودێری و سیخوڕی لە کاتی ڕاستەقینەدا دەدەن و لە دیاریکردنی ئامانجەکان بۆ هەڵمەتەکان زۆر گرنگن. بەپێی ئاماری خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، هێزی ئاسمانی ئەمریکا نزیکەی ٢٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaper لە کۆگاکانیدا هەیە، کە هەریەکەیان نزیکەی ٢٨ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریایی F/A-18 ئەنجام دراون کە لە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ناوچەکەوە هەڵدراون، هەروەها 12 فڕۆکەی جەنگی دزێوی B-2 لە دیێگۆ گارسیا کە دوورگەیەک لە زەریای هیندستانە. هاوکات، تێچووی هەڵمەتە ئاسمانییەکە زیادی کردووە، بەهۆی گواستنەوەی سەروەت و سامانی زیادە بۆ ناوچەکە، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، کە ڕایانگەیاندووە، تێچووی تەقەمەنی لە سەرەتای مانگی نیساندا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە لە تەقەمەنی و پێشبینی دەکرێت بەم زووانە تێچوونەکانی بۆ یەک ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.
پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی باس لەکشانەوە دەکەن، ئەمریکا لەم مانگهدا (نیسان) ڕەوانەکردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زیادکردوە. سەرەڕای زیادبونی لێدوانەکان سەبارەت بەنیازی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، پێشهاتەکانی سەر زەوی ئاماژەی بەپێچەوانەوە دەدەن، بەوپێیەی گەیاندنی هاوکاریی سەربازییو لۆجستی بۆ بنکەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەپارێزگاکانی حەسەکەو حەلەب لەم مانگهدا زیادیانکردوە، ئەوەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ڕوانگەكه لەڕاپۆرتێکدا پوختەی جوڵە سەربازییو گەیاندنی هاوکارییە سەربازییو لۆجیستییەکانی ئەمریکای بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەمانگی نیساندا بڵاوکردوهتەوە کە بهگوێرهى ئەوە، ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەوەی لەمیدیاکاندا باسی لێوەدەکرێت، بونی سەربازیی خۆی لەڕۆژئاوای کوردستان بەهێزترکردوە، بەمشێوەیە: 1ـ بەهێزکردنی بونی سەربازیی: لەم مانگەدا هاتنی 7 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازییو 279 بارهەڵگری پڕ چەکو هاوکاریی لۆجیستیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەخۆوە بینیوە، کە سیستەمی ڕادارو ئامێری سەربازیی پێشکەوتوو و زرێپۆشو مۆلیدەی کارەباییو تانکەری سوتەمەنییان گەیاندوە. 2ـ بەهێزکردنی ئەو بنکانەی پێشتر بەئامانج گیراون: بەهێزکردنەکان زیاتر فۆکەسی لەسەر بنکەکانی خەراب جیر، قەسرەک، شەدادی، غوەیران بوە، جگە لەبنکەکانی ڕەققەو کۆبانێ. 3ـ ئاسایشی ئاسمانییو چاودێریی: هێلیکۆپتەرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەیاوەری زۆرێک لەکاروانەکان بون، لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان لەکاتی پڕۆسەکانی دابەزاندنی هاوکارییەکان. 4ـ سیستەمی ڕادارو چاودێریی: هەندێک بنکەکان بەئامێری چاودێرییو موشەکیی دژە فڕۆکەو کامێرای گەرمیی خوێنەوە تەیارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەکی گریمانکراو. 5ـ لێدوانی دژبەیەک: سەرەڕای بەردەوامی بەهێزکردنەکان، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەنیازی ئەمریکیەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازییان لەڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێشتنەوەی چەند بنکەیەکی سنوردار لەشەدادیو قەسرەکو ناوچەکانی باکوری حەلەبو ڕەققە. لێدوانەکان سەبارەت بەکەمکردنەوەی بونی سەربازیی لەگەڵ چالاکییە ڕاستەقینەکانی سەر زەویدا ناگونجێت، ئەمەش پرسیار لەسەر ستراتیژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەسوریا لەماوەی داهاتودا دروستدەکات، چ لەڕوی جێگیرکردنو چ لەڕوی ئامانجە سەربازییو سیاسییەکانەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، لەگەڵ ئێران ناگەنە ڕێککەوتن، ئەگەر ئەو وڵاتە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت لەگەڵ واشنتن ڕێکبکەوێت، پێویستە لەسەری دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، بەپێچەوانەوە هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت. وەکوو ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی کرد "ئەگەر ئێران ئامانجی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە، دەتوانێت وەکو وڵاتانی دیکە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دەرەوە هاوردە بکات نەک خۆی بیپیتێنێت." لەبارەی ئەوەی گفتوگۆکانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشتن و تاران گەیشتوونەتە چ ئاستێک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا "هێشتا لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر دوورن، بەڵام دەخوازن بگەنە ڕێککەوتن." لە 12ـی نیسانەوە ئێران و ئەمەریکا دووجار بە ناڕاستەوخۆ کۆ بوونەتەوە و دانوستانیان لەسەر چەکی ئەتۆمی کردووە، یەکەمیان لە عوممان و دووەمیشیان لە ڕۆما بووە. وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاندووە، سێیەم دانوستان لە 26ـی نیسان لە مەسقەت بەرێوە دەچێت.
شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يهكڕيزى و تهبايى لهنێو هێز و لايهنه كوردييهكانى سووريا دا" کردەوە. دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: شهوى ڕابردوو 2025/4/23 لە هەولێر، بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له بهڕێز جهنهراڵ مهزلووم عهبدى، فهرماندهى هێزهكانى سوورياى ديموكرات كرد. له كۆبوونهوهيهكدا دوايين پێشهاتهكانى دۆخى سووريا و پهيوهندييهكانى هێزهكانى سوورياى ديموكرات و لايهنه سياسييه كوردييهكان له سووريا لهگهڵ حكوومهتى سووريا تاوتوێ كران و دهربارهى مهترسييهكانى تيرۆر و بهرهنگاربوونهوهى ههڕهشهكانى داعش، بيروڕايان گۆڕييهوه. ههردوولا جهختيان له گرنگيى هاوبهشى و بهشداريى كورد و تهواوى پێكهاتهكانى سووريا له دهسهڵات و بهڕێوهبردنى وڵاتهكهدا و مسۆگهركردنى مافهكانى ههمووان كردهوه، ههروهها هاوڕا بوون لهسهر كارى هاوبهش و پێكهوهيى لهنێو پێكهاتهكانى سووريادا بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و بهرهنگاربوونهوهى مهترسى و ئاڵنگارييهكان. پێويستيى يهكڕيزى و تهبايى لهنێو هێز و لايهنه كوردييهكانى سووريادا وهك گارانتييهك بۆ بهديهێنانى داوا و مافه ڕهواكانى كورد لهو وڵاته، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى له سووريا بۆ ڕووبهڕووبوونهوهى داعش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
شەپۆلێکی خۆڵبارین شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، کەشناسیی عێراق پێشبینیدەکات، سێ رۆژ بەردەوامبێت، دواتر باران ببارێت و پلەکانی گەرما دابەزێت. دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کردووە، دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت، هەروەها خۆڵبارینەکە بەو رادەیە چڕ نابێت مەترسی دروستبکات، بەڵام گرنگە هاووڵاتیان دەمامک بەکاربهێنن. عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کەشوهەوای گشتیی وڵات جۆرێک لە ناسەقامگیری بەخۆیەوەدەبینێت و ئەم حاڵەتە لەم مانگەدا باوە. جابری دەڵێت، شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە سعودیەوە بەرەو باشوور و رۆژئاوای عێراق هاتووە، ئاستەکەی هێشتا نەگەیشتووە بەوەی هۆشداری لەسەر بدرێت و هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروستناکات، بەڵام گەر دۆخەکە خراپتر بوو داوا لە دامەزراوەکان و هاووڵاتیان دەکرێت رێوشوێنی پێویستیی خۆپارێزی بگرنەبەر.
لیژنەی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریا"، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، سەرجەم رێوشوێنەكانی تەواوکردووە، لە ئەمڕۆوە بانگهێشتنامەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا دەنێردرێت. عەبدولوەهاب خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری كۆنفرانس، بە ئاژانسی "نۆرس پرێس" وتووە، دوێنێ چوارشەممە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کۆبووەتەوەو بڕیاریداوە بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئەو ئەندامانە بكات کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەستنیشانکراون، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە. رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ناوی ئەو ئەندامانەی ناردووە کە هەڵیبژاردووە بۆ لیژنەی ئامادەکاری، ئێمەش لای خۆمانەوە بانگهێشتیان دەکەین. ئاماژەی بەوەشداوە، نوێنەری لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن. پێشتریش، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا راگەیاند، زیاتر لە (300)کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، ئامادەبون سنوردار دەبێت بۆ ئەوانەی ئێستا لە (رۆژئاوا) باکوری سوریا نیشتەجێن. لە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا، بڕیار دەدرێت بە پێکهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی كورد بە ئیدارەی دیمەشق، هەر لە كۆنفرانسەكەدا ناوی وەفدەكەو ژمارەی ئەندامەكانی دیاری دەكرێن. جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو رایگەیاند، کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی کورد لە سوریا لە (٢٦)ی نیسان بەڕێوەدەچێت.